بەریەک کەوتنەکانی کورد لەگەڵ ڕوسیا و ئەمریکا

لەلایەن ستاندار Posted on 711 جار بینراوە

بکر جۆڵا

ھاوکێشەی سیناریۆکانی دەوڵەتی کوردی بەجۆرێکن کە دەرک کردن و پەی بردن پێیان لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزی دەوێت, ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتێکی ناڕونی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی, لە ھەڵسانگاندنی من بۆ بارودۆخی ڕیفراندۆم و بەرەو سەرەبەخۆیی ئەوەی کە باس ناکرێت ئەوەیە ئێمە سەر بەکام بەرەین لە دەوڵەتداری, کە بەگشتی جیھان خەریکە بە سەر دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش دەبن و ھەریەکەیان دەیەوێت ھەژموونی خۆی زیاتر پیشانی جیھان بدات ئەوانیش ڕوسیا و ئەمریکان.

گەرچی لێدوان و کاردانەوە نێو دەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ دەگەڕێتەوە بۆ پارتۆکراسی لە ناو ھەرێم کە دەسەڵاتێکی مۆنادییان پەیڕەو کردووە کە کەسانێکی تایبەتمەند موستەفید بوون لە خێرو بێری ئەم وڵاتە ئەمەش وەرچەرخانێکی بۆ دروست کردون دەسبەردار بوون تەنیا لەژێر دەسەڵاتێکی پلۆرالیزمی ستۆپ بەمان دەکات.

لەلایەکی تر نەگەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان و جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ ی عێراق و قەرەبوکردنەوەیان نەبووەتە ژینگەیەکی تەندروست و زەمینەساز بۆ سنورێکی دیاری کراوی کە دەسەڵاتی ناوچەکە لە ژێر پڕەنسیپ و ستراتیژیەتێکی بەھێز بۆ گۆڕانی ڕیشەیی و سترەکچەری پەرژەوەندییە باڵاکان دور لە تەنگژە و پەرتەوازەیی بێت و وە دیاری کردنی سنوری ھەرێمی کوردستان و ڕیکخستنەوەی ئەو نەتەوانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتەوە وەک پێویست ئاوڕ لە چارەسەری گرفت و پێشھاتەکان و بەرنامە ڕێژییەکی بۆ نەکراوە کە ئەوان ئامادەگییان بە ئاشکرا بۆ دەوڵەتێکی کوردی ڕابگەیەنن.

لێکدانەوەی ھاوکێشەی ئەودیو نەوتراوەکان و دوربین و کاردانەوەکانی و پەرچە کردارو کردارەکان لە پەیوەندییە نھێنییەکانەوە, لە بۆردێکی نیشتیمانییەوە دەر نەچوون و پڕاکتیزە نەکراون بەڵکو تەنیا وەک ھەلومەرجێکی تایبەت و عورفێکی خۆیان ئاگاداری پەیوەندییەکانن نەک وەک ڕوانگەیەکی نیشتیمانی و شکۆی وڵات پەیوەندییەکانیان ڕون و شەفاف نین بەدەر لەوەی تەواو وابەستە بوون بە وڵاتانی دراوسێ و کار ئاسانی بۆیان جۆرێک لە ئیستیواجییەت دروست دەکات و ناڕونی لەو پەیوەندییانەدا کاردانەوەی نیُگەتیڤی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە, ئەگەرچی زەرورو پێویستە پەیوەندی ھەبێت لە پێناو گەشەسەندن و بەرەو پێشبردنی وڵات لەسەر پڕۆتۆکۆلێکی ئاشکرا لەپێناو گەشانەوە و بوژاندنەوەی وڵات.

زۆر تێڕوانین و ئایدیا ھەن لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی کوردیەوە سەر ھەڵدەدەن ئەگەر بێت و دروست ببێت دواتر بەشێک لە بەرپرسانی باڵای دەوڵەت دەکەونە بەر لێپرسینەوەی یاسا و دادگا نێودەوڵەتییەکان ئەگەر ھاتوو تێوەگلان لە فەسادی ئابوری وڵات و ھاندان و بە باڵا بوونی ئەو کەسانەی بەپێی بەرژەوەندی خوازی مامەڵە دەکەن.

ئەوەی جێگەی پرسیارە لێرەدا ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە قەرارە دروست بکرێت دەکەوێتە ژێر کاریگەری کام دەوڵەت؟ یان دەتوانێت بەشێوەیەکی ھەماھەنگ و باڵانس لەنێو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و و ڕۆژھەڵات ڕابگرێت و خۆی لە کاریگەریەکانی ئەوان بپارێزێت, لە تێڕوانینی منەوە لە بەر زۆری بەریەک کەوتنی دەسەڵاتدارانی کورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەپێی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوانەوە.

ئەوەی کە ئەمریکای نیگەران کردووە لەم ماوەیەدا کە دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بێت چەند جارێکە ئەمەی بەڕوونی بە دەسەڵاتدارانی ھەرێم وتووە لەپای ئەوەیە دەرک بەوە دەکات کە ھەرێم پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ ئێران و تورکیادا ھەیە کە لە بازرگانی و ئابوری و سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە, وا ھەست دەکەم لەدوای چەندین جار لەم ئاگادارکردنەوەیەی ئەمریکا, سەرکردایەتی کورد کەوتۆتە خۆی بۆ ئەوەی لەژێر ئەم تەوجیھانە, خۆی بێنێتە دەرەوە بەجۆرێک کە ھاوتەریب بێت بە تێڕوانینی ئەمریکا بەڵام بەدیل چییە بۆ ئەم کارەیان؟ پێموایە لە ئێستادا جۆرێک لە بێدەنگی ھەیە لەم بارەیەوە یان سەرکردایەتی کورد جۆرێک لە دڵنیایی بە ئەمریکیەکان دەدات لە ئەگەری کردنی ڕیفراندۆم و سەبەخۆییدا.

ئەوەی شایەنی باسە پەنجە دەخەمە سەر ئەو مەترسیەی ئەمریکا لە ھاوکێشەی ئێران – تورکیا – ڕوسیا – کورد
لەم ماوەیەدا سەرۆکی سەربازی ئێران سەردانی تورکیای کرد و پەیوەندی نێوانیان و ئاڵوگۆڕی لێک تێگەیشتنیان بەرەو پێش دەچێت, پەیوەندی تورکیا – ڕوسیا وە ھەروەھا ئێران – ڕوسیا وە کورد لەگەڵ ئێران و تورکیا ھاوکێشەو پەیوەندییەکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و بە ھێزتر دەبێت, ئەمە جگە لەوەی کورد خۆیشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیا بەرەو پێش دەچێت نمونەی ئەم دواییانەی سەرۆکی حکومەت بۆ ڕوسیاو ھاندانی کۆمپانیای ڕوسی بێن بۆ ھەرێم گەواھیدانی ئەم ڕاستییەن.
ئێران ھاوپەیمان و دۆستی سەرەکی ڕوسیایە, ھەروەھا پەیوەندییەکانی ئێران و ڕوسیا ھەماھەنگن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرھەمھێنانی چەک ھەرچەند بەڕونی تەیدی ئەم ھەنگاوەی ئێران ناکەن و لەلایەکی ترەوە نەتەوە یەکگرتووەکان ھەمیشە لە ھەوڵی بەردەوامی زیاترکردنی سزا نێودەوڵەتییەکانن بۆسەر ئێران تا بەرنامە ئەتۆمیەکەی ڕابگرێت بەڵام ڕوسیا دژی ئەو ھەنگاوانەیە, لە ھەمبەر ئەو شەڕەی لە سوریاش دەگوزەرێت ڕوسیا و ئێران ھەماھەنگ بون لە پشتگیری کردنی سوریا وە راِیدەگەیەنن کە ڕەفتارەکانی ئەمریکا ساردیان ناکاتەوە لە پشتیوانیکردنی سوریا بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر و ئێران ئەوەی بۆ ڕوسیا دوپات کردوەتەوە کە دەتوانێت بنکە سەربازیەکانی بەکار بھێنێت.

تورکیاش بارگرژی و بەریەک کەوتنەکانی لەگەڵ ڕوسیا بەرەو کەناری چارەسەر دەچێت, نمونەی ئەم دواییانەی کوشتنی نوێنەری ڕوسیا لە تورکیا چاودێران تێڕوانینان وابوو گرژی نێوانیان بەرەو تۆخ بوون دەچێت, نوعمان قورتولموش جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا وتی نابێت کێشەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکە گەورە بکرێت و پەیوەندییەکان بەرەو لێک دورکەوتنەوە بڕوات و ناکرێت تورکیا و ڕوسیا ببنە قوربانی ئەو پرسە, ھاوکات وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا دیمتری وتی دەبێت تورکیا داوای لێبوردن بکات و قەرەبووی زیانەکانیش بکاتەوە, تورکیاش بەدەم ئەم داواکاییەوە چوو پەیوەندییەکانیان ڕووی لە ئاساییبونەوە کرد.
لەلایەکی ترەوە کوژرانی باڵوێزی ڕوسیا لە تورکیا , پۆلیسی تورکی ڕاستەوخۆ بکوژەکەی کوشتەوە و ئەردۆغان و پۆتینیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی تیرۆریان کرد و کاردانەوەی جەنگی بەدوای خۆیدا نەھێنا وەک چاوەڕوان دەکرا.
تورکیا ھەموو ھەوڵەکانی دەخاتە گەر بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیا, شایەنی باسە تورکیا لێڤڵی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ڕووی لە لاوازبوون کردووە.

ئێران و تورکیا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەیانەوێ ھەژمونی بەرفراوانتر بوونی ھاپەیمانییەتییەکەیان لە ناوچەکەدا ڕوو لە زیادی بکات, ئەوەنەی من وەک ئەمڕۆ بۆ دەوڵەتی کوردی لێی دەڕوانم بڕوا ناکەم دژ بە دەوڵەتێکی کوردی لە بەشێک لە خاکی عێراقدا بن, ئەوەی دەبینرێت ئێران بە ئاشکرا وتویەتی من دژ بە ڕیفراندۆم و دەوڵەتم بەڵام لە ستراتیژیەتی خۆی پشتگیری دەکات ئەوەی کە دەبینرێت تەنیا جۆرێکە لە ڕازیکردنی شیعەکان و کپ کردنی ئەو دەنگەی کە دەبێتە مایەی نیگەرانی شیعەکانی عیراق و ئێران, ئەگینا پاڵپشتن بە دەوڵەتێک کە ھەمان لایەنگری دەوڵەتدارییان ھەبێت, تورکیاش بەھەمان شێوە ئەمە جگە لەوەی کە کوردستانی عێراق کەلێنێکی گەورەی ئابوری ئێران و تورکیای پڕکردوەتەوە.
ھەموو ئەو ڕێکەوتنانەی لەنێوان ڕوسیا – تورکیا – ئێران دەکرێت لە ڕوی ئابوری و سامانی سروشتیی و چەکەوە دەکرێت بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییەکانیان بۆشاییەکی بۆ ھەرێمی کوردستان لەبەرچاوگیراوە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سامانە زۆرەی کە لەناوچەکەدا بوونی ھەیە بۆیە بەتێڕوانینی من کوردستانیش بەشێکە لە ھاوکێشەی ئەوان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.