ناو کۆڕەکانی مەسعود بارزانی و چەپڵەڕێزانی ئامادەبوانی

لەلایەن ستاندار Posted on 679 جار بینراوە

حەمە ئازاد بەرزنجی

لە میانەی خەڵک گردکردنەوەو چاوپێکەوتنەکانی بەڕێز کاک مەسعودبارزانی ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، بۆ هەڵمەتی بانگەشەی دەنگدان بەڕیفراندۆم . لەگەڵ چەندان توێژولایەن کۆبونەوەی کردووەو چەندان کەسیان بۆ کۆکردۆتەوە .

جائەوەی جێگەی سەرنجە ، ئەو خەڵک کۆکردنەوەیە و بەو ژمارەیەو لەو هۆڵەگەورانەدا ، تەنها پیشاندنی ڕەزامەندی ئامادەبوان و دەرپەڕاندنی چەندان وشەو پەیڤ و دەستەواژەی حەماسیە بۆ چەپڵەلێدان . چونکە گەر بۆ وەرگرتنی ڕای جیاواز و بیروڕاو ئامۆژگاری خەڵکی و هەلسەنگاندنی باری ناوخۆیی و دەرەکی و باری ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئامادەیی کوردستانیان بیت. ئەوا پیویستی بەو قەرەباڵغییە نەدەکرد و دەبوایە لە ڕێگەی چەندان لیژنەی تایبەت و پسپۆڕ بە بابەتەجۆراوجۆرەکان بوایەو ماوەیەکی زۆر پێش ئێستاش بوایە .

لەوانەش سەرنج ڕاکێشتر هاژە و هاڕەی شەپۆلێ چەپڵەی قاییم بو، کە بێ ئەوەی کاک مەسعود لە واتای هەندێکیان تێبگات بەسەریا گوزەری کردوتێپەڕین . چونکە زۆر جار چەپڵەو هەندێ هەڵسوکەوتی تر هەمویان یەک واتایان نییەو هەریەکەیان لەکات و شوێنی تایبەتی خۆیدا واتای تایبەتی خۆی هەیە . جا هەرم بۆ نمونە هەندێکیان دەخەینە ڕو .

لە قۆنا‌غی منداڵیماندا بەتایبەتی لە قوتابخانەکاندا چەپڵە هەبو چەپڵەی نینۆکیش هەبو . بۆ سەرکەوتوەکان چەپڵەی ئاسایی و بۆ تەمەڵ و سەرنەکەوتوەکان چەپڵەی نینۆک لێدەدرا .

یەکێکی دی لەوانە کابرایەک هەبو بە فیکە توڕە دەبو . ( لەو بڕوایەدام ئەمەیان لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بەدی دەکرا ) . پێیان دەوت بابە بۆ توڕە دەبی، خەڵکی وا هەیە هەر لە خۆیەوە فیکە لێدەدا ، تۆ دەبێ هەر لەخۆتەوە ئاوا خۆت توڕە بکەیت . کابرایش دەیوت بابە هەر لە خۆمەوە توڕە نابم من لە فیکەی خۆم دەگەم و فیکەی خۆم دەناسم .

یەکێکی دی لەوانە کە بۆی گێڕاینەوە نوسەر و وەرگێرو دۆستی کەلەپورو ئەندازیار خوالێخۆشبو ( جەلال تەقی ) بو . کاتێ فەرمانبەر بوین لە ئەشغالی سلێمانی بەڕیزی وتی : کە کاتی خۆی کە خوێندکار بوە لە مۆسکۆی پایتەختی یەکێتی شورەوی ئەوسا ، چون بۆ یەکێ لە هۆڵەکان کە ڤیسیڤاڵی ساڵانەی لاوانی جیهانیی تیاداکراوە ، کەبۆ مۆسیقاو گۆرانی تەرخان کرابو. هەر نەتەوەو ولاتێ گۆرانی مۆسیقای خۆی پێشکەشدەکرد . سەرە هاتە سەر عێراق وکۆمەڵی گۆرانی خۆشیان پێشکەشکردو جێگەی ڕەزامەندی ئامادەبوان بو . بەڵام لە پڕدا سەرە هاتە سەر مەقام بێژێک ، بەڕێزی وتی وابزانم یوسف عمر بو . ( بێگومان لەگەڵ ڕێزماندا بۆ یوسف عمر و مەقامی ئیراقی هەموشمان دەزانین کە چ هونەریکە و لە چ ئاستێکی بەرزدایە بەڵام هەمو شتێ کات و شوێنی تایبەتی خۆی دەوێ ) . دەستی کرد بە مەقام چڕین و زیاد لە چارەکە سەعاتێ هەر نەیدەبڕیەوە . دوبارە بەڕێزی وتی وردە وردە خەڵکەکە بێزاربون و چەپڵەی قایمیان بۆ لێدەدا بۆ ئەوەی تەواوی بکات و بڕوات ئەو زیاتر گەرم دەبو تومەس جەنابی بە پێچەوانەوە تێگەیشتووەو ، لەو وایە چەپڵەی هاندانە و زیاتر خۆی گیڤ دەکردەوە . تا کار گەیشتە ئەوەی چەند کەسێ لە ناو هۆڵەکەدا هەستانە سەر پێ و بە دەنگی بەرز هاواریان کرد ( شکرا کافی . شکرا کافی، شکرا کافی ) . ئەوسا جەنابی تێگەیشت کە چەپڵەکان بەواتای ( بەسە و بیبڕەرەوەو سەر شانۆکە بەجێ بهێلە ) .

جا لەو کۆڕانەی کاک مەسعودیشدا لە دو شوێن و دو کاتی جیاوازدا دو چەپڵەی زۆر قایمیان بۆ لێدا . جانازانم کاک مەسعود چەپڵەی خۆی دەناسێ یان نا و لە فیکەی خۆی تێدەگات یان نا !

لە یەکێ لەو کۆڕانەدا بەڕێزی وتی : ( ئەگەر کێشەکە من بم ئەوە من ئامادەم جارێکی دی بۆ سەرۆکی هەرێم خۆم هەڵنابژێرمەوەو خۆم کاندید ناکەم ) . هاڕەی چەپڵە هۆڵەکەی کاس کرد . واتە ( شکرا کافی ) و واتە ڕازین بە خۆهەڵنەژاردنەوەت . لە جاری دوهەمیشدا لەگەل مامۆستایانی زانکۆی هەولێردا بو . لەکاتی گفتوگۆدا کاک مەسعود بەڵێنی دا کەلیژنەیەک دروستبکات ، دوای ئەوە مامۆستایەکی دی هەستاو وتی ؛ بەڕیز کاک مەسعود ئەو لیژنەیەی دروستی دەکەیت من پێشنیار دەکەم با ئەندامەکانی لەدوای ڕیزی چوارهەمی دانیشتوی ئەم هۆڵەوە بن . چونکە تا ڕیزی چوارهەم پیسبون نوێنەری ڕاستەقینەی ئێمەنین و هەمویان گەندەڵن . ( بێگومان دانیشتوەکانی ڕیزی پێشەوە حزبیەکان و سەرۆک و سەرۆک بەشی زانکۆکان و کوڕەکەی وکاک فەرەیدون و کاک ئازاد جوندیانیشی تێدا بو ) . دوبارە هاڕەی چەپڵەیەکی قایم هات . جانازانم کاک مەسعود لەم فیکەیەش تێگەییشت یان نا ئەوە چەپڵەی ڕازیبون نەبو بە بەڵی بۆ ڕیفراندۆم . ئەوە چەپڵە بو بۆ وشەی گەندەڵی و بێمتمانەیی ، کە وەک خۆرە داویەتیە ڕیزەکانی پێشەوە ، ئەوسا تەنها یەک ڕیز بو ئێستا لەسایەی سەری جەنابتان و حکومەتە نیشتمایەکەماندا گانگری گەندەڵی تا ڕیزی چوارهەمیش ڕۆیشتوە . بەڕێز ئەوە مشتێکە لە خەروارێک میللەت کە چەپڵەت بۆ لێدەدا پێت دەڵێ (شکرا کافی ، شکرا کافی ) .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.