ترس بۆچی لە ڕیفراندۆم

لەلایەن ستاندار Posted on 808 جار بینراوە

ئەیوب ئەحمد

ھیچ میللەتێک بوونی نیە دژی سەربەخۆیی نیشتیمانەکەی بێت , بە پێچەوانەوە , ئامادەی بەختکردنی ماڵ و گیانیانن لەو پێناوەدا , ئامادەی قوربانیدانێکی بێ ھەژمارن تا سنوری سورکردنی خاکەکیان بەخوێنی ڕۆڵەکانیان , وەک چۆن دەبینین لە ڕووپەڕی مێژووی وڵاتانی سەربەخۆدا کە چ ئازایەتیەکیان نواندووە و چۆن خەباتێکیان کردووە و چەندەش دان بەخۆداگرتوو بوون لە پێناو ھەڵکردنی ئاڵایەکی ئازاد و سەربەخۆدا , ئاڵایەک کە لەو سنورە بەدوا ئیتر ڕەنجکێشانی ھاوڵاتی تیادا فۆرمەلە نەکرێت و ھەریەک بە جۆرێک و بە شێوازێک لە ژێر سایەی حوکمی نوێدا نە چەوسێنرێتەوە .
ئەگەر لە ئاوێنەی مێژووەوە بڕوانین دەبینین وڵاتانێکی وەک ئەمریکا و ئەوروپا و تەنانەت ڕۆژھەڵاتی دووریش ھاو نیشتیمانیانیان لە ڕابەرەکانیان سوورتربوون لە سەر خەباتکردن بۆ سەربەخۆیی و ڕابەرەکانیشیان بەھەمان شێوە , بەڵام لەم پنتەدا سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان چەند پرسیارێکی جەوھەری بۆ کەسی لێکۆڵەر یان نوسەر دروست دەبێت کە پێویستە ھەر خۆشی خاوەن وەڵام بێت .
یەکەم : بەدەر لە ڕووی تیۆرییەوە ئایا ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی واقعیەوە دژی پرسی سەربەخۆییە ؟!
_ وەک چۆن لە سەرەتای وتارەکەمانەوە باسمان لەوە کرد کە ھیچ میللەتێک بوونی نیە دژی سەربەخۆیی نیشتیمانەکەی بێت , خوودی میللەتی کوردیش یەکێکە لەو میللەتانە و مێژووی دوور و درێژی خەباتی بزوتنەوە ڕزگاریخوازی کورد شایەتی ئەوەیە کە چەندە پرسی سەربەخۆیی لە پێشینەی ئامانجە بەرز و باڵاکانی ڕابەرانی بزووتنەوەکە و ھاونیشتیمانیان بووە بەڵام لە قۆناغی جیاواز و تێڕوانینی جیاواز بۆ ئەو پرسە .
دووەم : بۆچی دژی سەربەخۆیین ؟!
_ دژبوونی پرسی سەربەخۆیی پەیوەنی بە کاڵبوونەوەی ھەستی ناسیۆنالیستی تاکی کوردەوە نیە ئەوەندەی پەیوەندی بە بێ متمانەییەوەیە بە ڕابەران و بانگەشە کارانی پرسی سەربەخۆیی , واتە تاکی کورد , یاخود ئەو جوڵانەوە ناڕازییەی کە دژی ئەو پرسەیە بێ ئومێد بووە لەوەی کە چیتر ھیوا ھەڵچنێ لەسەر ھەوڵی ئەوان بۆ ھەر پرسێکی نەتەوەیی , بە مانایەکی تر وای دەبینێ کە ھەڵگرانی مەشخەڵی پرسی سەربەخۆیی کە ھەمان ئەو دەموچاوانەن کە ٢٦ساڵە حوکمدارن , ئەوان ئەو جۆرە مەعدەنەن کە سیخناخن لە نادادپەروەری و گەندەڵی و یاسا شکێنی , ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆڕان و شکستە یەک لە دوای یەکانەی کە بۆ ماوەی ٢٦ ساڵ توولی کێشاوە لە حوکمی نا جوانیی ئەوان .
سێیەم : ئاخۆ مەودای نێوان ڕابەران و ھاونیشتیمانیان سەبارەت بە بیرکردنەوە لە ماھیەتی سەربەخۆیی لە چ ئاست و ئەندازەیەکدایە ؟!
_ ئەو مەودایە ئەوەندە دوورە کە بەیەکگەیشتن تا ڕادەیەک ئەستەمە , ئەمەش دیسان مێژووی ئەو ڕابەر و حوکمدارانە ھۆکاری دووری نێوان ئەو دوو چینەیە کە تا سنوری پەککەوتن ژیانی ھاونیشتیمانیان نابووت کردووە , لە لایەکی ترەوە سەرکردەکان یان دەسەڵاتداران کە من ناوی دەنێم چینی ئەرستۆکراتی پاوان خواز , بۆ ھەر بارودۆخێک کەدێتە پێش ھیچ شتێکی نیە تا لە دەستی بدات , بەو مانایەی کە پێشتر زەمینە سازی کردووە بۆ ھەر مەترسیەک , یان بۆ ھەر بارودۆخێکی ناھەموار کە ھەڕەشە بێت بۆ سەر ھەرێم و لە ناویشیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی , بەرژەوەندییەکانیشی ئەڕاستەی دەرەوە کردووە وەک : بزنس بێت لە دەرەوەی ھەرێم یاخوود تەمویل کردنی پڕۆژەکانی دەرەوەی بێت یان ڕاستەوخۆ گواستنەوەی سەرمایەکەی بێت لە ھەرێمەوە بۆ دەوڵەتە ئارامەکان .
بەڵام ھاونیشتیمانی ترسی لە پرسێکی ئاوھادا لەوەدایە کە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی ھیچ یەکێک لەو شتانە نیە کە چینی ئەرستۆکرات خاوەنیەتی بگرە ئەو شتە بچوکانەشی کە ھەیەتی مەترسی لەناوچوونیان ھەیە , بەو مانایەی ترسی ھەیە کە زیاتر لەوە ژیانی نابووت تر بێت , ھەر ئەم خاڵەیە لێرەدا تێرَاوانینی جیاوازی ئەو دوو چینە دروست دەکات و مەودای نێوانیشیان زیاتر دوور دەخاتەوە .
چوارەم : ئایا زەمینە سازی ھەیە بۆ پرسی سەربەخۆیی ؟!
بێ گومان ئەگەر میللەتێکی خاوەن ئیرادە و نیەت پاک ھەبێت ئەوا ھەموو کات زەمینە سازی ھەیە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو پرسە نەتەوەییە , بەڵام گرفت لەوەدایە کە بەجۆرێک لەجۆرەکان و لەماوەیەکی درێژدا بە پرۆسیس ئیرادەی ملیللەت زەوتکراوە و نیەتێکی پاکیش لە نێوان لایەنە سیاسیەکان لە لایەک و میللەت و ئەوان لە لایەکی ترەوە ھەستی پێ ناکرێت , بۆیە بەر لەھەموو شتێک پێویستە بەکردار متمانە بۆ نێو چینەکانی کۆمەڵگا بگەڕێنرێتەوە تا بە ئیرادەیەکی بەرزەوە و بە یەکدەنگ ھاوارکەن بۆ سەربەخۆیی .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.