قاڕنێ ھێمایەک بۆ کۆمەڵکوژی کوردان ؛ خاڵێک بۆ ڕسواکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران

لەلایەن ستاندار Posted on 794 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

گوندی قاڕنێ
قوربانیانی گوندی قاڕنێ
کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەیشتنی بە دەسەڵاتەوە تاکو ئێستا سەدان و ھەزاران تاوانی بە دژ بە تاک و کۆمەڵی گەلەکەمان لە رۆژھەڵاتی ئەنجام داوە کە تیایدا دەیان ھەزار ھاووڵاتی سڤیل بونەتە قوربانی, ئەمەش تایبەتمەندی سستەمی دیکتاتۆری و ئیستبدادی ڕژێمەکەیە, ھەرچەندە زۆرجار وڵاتە بەناو دیموکراتەکان لە وڵاتانی دی ڕێگە خۆشکەر یان ئەنجامدەری تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جەنگ و کۆمەڵکوژی و ژینۆساید بوونە , لەم بارەیەوە نموونەمان زۆرە, لاپەڕەی مێژووش پڕە لە پەڵەی رەشی وا.

لە تاوانی قاڕنێ گروپێک لە مرۆڤەکان دەکەونە بەر شاڵاوی قڕ کردن ژمارەیان لە دەوروبەر ٦٨ ھاووڵاتی لە منداڵ , پیر , پەککەوتە , ئافرەت پێک ھاتوون وەک لە رۆژنامەی کەیھانی ٢٧-١١-١٩٧٩دا بڵاو کراوەتەوە, چەند ماڵێکی گوندەکە ئاگریان تێبەردەدرێت, تەرمی قوربانییەکان لەت لەت دەکرێن وەک لە رۆژنامەی ئیتلاعاتی ٧-١٢-١٩٧٩ دا ھاتووە, ئەم گروپە بە بڕیار لە دەستەی باڵای دەسەڵاتەوە لە پایتەخت دیاری نەکراون بە کوشت و بڕی بە کۆمەڵ, ئەگەر کرابێتیش بەڵگەی وا تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە, وەک چۆن لە ئەنفالدا بە بڕیاری ٤٠٠٨ ی سەرکردایەتی شۆڕشی پارتی بەعس دیاریکران , یاخود جووەکان …. , ھەرچەندە رژێم پێشتر لە ٢٨ گەلاوێژ ١١ ھاووڵاتی پاوە,٢٩ی مانگ ٧ کەسی دیکەی ھەمان شار و ٣ی خەرمانان ٩ کەسی مەریوان و ٥ی خەرمانان ١١ی سنە و ٦ی خەرمانان ٢٠ کەسی لە سەقزی ئیعدام کرد, کە ھەموو ئەم تاوانانە لە دەوروبەری تاوانی قاڕنێن.

نەخشەی کوشت و بڕی گوندی قاڕنێ لە ئورمێ و نەغەدەوە داڕێژرا نەک لە تارانەوە, وەلێ فتواکانی ئیمام خومەینی بۆ جیھاد لە کوردستان کە تەنھا ١٥ رۆژ پێشتر دەرچوبوو, لە رۆژنامەکانی کەیھان و ئیتڵاعاتی ھەمان رۆژ بڵاو کرانەوە,کە تیایدا فەرمانی بە جیھاد دا دژ بە خەڵکی کوردستان, پەیامەکانی بەنی سەدر و کردارەکانی خاڵخاڵی ھەموو ئاماژەن بۆ بڕیارێکی ڕانەگەیەنراو بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژ بە کورد .

تاوانی قاڕنێ
قاڕنێ ھەڵکەوتووی ٧ کم شاری نەغەدەیە کەوتۆتە سەر چوار ڕیانێک باشووری رۆژاوای شاری نەغەدە , لە سنووری شاری شنۆو لاجانە, ژمارەی ماڵەکانی لەوکاتە نزیک ٧٠-٨٠ ماڵێک بوو, ئەم گوندە سەر بە ناوچەی سوندسە, دەڤەرەکە زیاتر لە ٤٠ گوندی ئازەری زمانی تێدایە, لە پاڵ دوو ئەوەندە گوندی کورد نشین , ئازەرییەکان تورکی زمانی شیعە مەزھەبن , ڕژێم بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی نانەوەی دووبەرەکی دەدا لە ناوچەکە لە نێوان کورد و ئازەرییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە جیایی زمان و مەزھەبیان, بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بەھێز بکات .

دیارە ئەم پێکھاتە نەتەوەیی و مەزھبیە ئاڵۆزەی ناوچەکە, لە میاندوابەوە بۆ نەغەدە و ورمێ و …. لە داھاتوو لوغمێکی لە کەرکووک مەترسیدارترە بۆ تەقاندنەوەی شەڕی نەتەوەیی و مەزھەبی لەو ناوچەیە, بە تایبەت لە کاتی یەکلاکردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی ناوچەکە لە ڕوی جوگرافیاییەوە, ئەوکاتەی ئێران دەبێتە بەڵکانێکی دی , بۆیە وا پێویست دەکات لە ھەنووکەوە کێشەکە بە جدی وەربگرترێت بۆ ئەوەی نەکەونە تەڵەی شەڕی نەتەوەییەوە.

شوێن بەرزاییەکانی نزیک پادگانی دوو ئاوێیە, کات مانگی خەرمانان و کاتی خەرمان ھەڵگرتنەوەو کارو کاسبی جوتیارانە, ڕۆژ ١٠ی خەرمانانی ساڵی ٥٨ دەکاتە ١ ی سەپتەمبەر, دوو پێشمەرگەی حدکا یەکیان بەناوی محەمەد عەلی پیرێژنە, بۆسەیەک بۆ ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنێن, لە ئەنجامدا ١٦پاسدار دەکوژن و دووی دیکەش بریندار دەکەن , دوواجار یەکی دیکە لە بریندارەکان دەکوژرێت و محەمەد عەلیش گیانی بەخت دەکات .

رێکەوتی ١١ خەرمانان ١٣٥٨ ھەتاوی بەرانبەر بە ٢ سیپتامبەری ١٩٧٩ زایینی ھێزەکانی ڕژێم لە سوپای پاسداران لە نەغەدەو جەڵدیانەوە ھێرش دەکەنە سەر گوندی دووئاوە, لەوێ دووبرا بەناوەکانی ” عەبدواڵلە خاڵنە و مینە خاڵنە” ی تەمەن ٦٥-٧٠ ساڵە شەھید دەکەن .

لە کاتی گەڕانەوەیان بە قاڕنێیا کاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ, لەسەر ڕێوە, ٣ منداڵی بەرخەوان دەبینن , لە کاتێکا ئەو منداڵانە لە ترسی پاسدارەکان زارەترووک ببون و باوەشیان بە یەکدا کردبوو , لە لایەن پاسدارەکانەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولەو شەھید دەکرێن , دوانیان ناسراون بە ناوەکانی ” ڕەحمان ڕامینی , خاتوو زین ڕامینی ,….(ناوی سێیەم نەزانراوە) ” .

دوای ئەو منداڵانە , سەرەتا دەگەن بە ٣ شوان , ھەرسێکیان شەھید دەکەن بە ناوەکانی ” ئەبو بەکر مستەفا زادە , سەید ئیسماعیل تاھیری , حەسەن … ” ھاوکات دوو شوانی دیکەش بریندار دەکەن, ئەوان لە ترسا خۆیان دەشارنەوە.

مەعبودی کە لە کاتی شادا سەرمایەدار بوو و دوکانی فرۆشتنی تراکتۆری ھەبوو , وە لە کاتی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتداری باڵا بوو لە ناوچەکە ” زۆربەی دەسەڵاتدارانی سەردەمی شا لە کاتی خومەینی مانەوە “, پەیمان بە خەڵکەکە دەدات پارێزراون , ئەوەی شایانی وەبیر ھێنانەوەیە حاجی عەزیم مەعبودی و موراد قەناری دوو عاملی ئەساسی بوون لە خۆشکردنی شەڕی نەتەوەیی لەتێوان کوردو ئازەرییەکان, پێویستە ئەم ناوانە پارێزراو بن بۆ مێژوو, وەلێ ھەرچی تاوانی گوندی قاڕنێ بە بڕیاری ئەم چوار کەسە جێبەجێکرا((“معبودی” و “سرگرد نجفی” و “عزیز قادری” و مەلا “حسنی “غلام رچا حسنی امام جمعۀ ارومیە””)).

سوپا سەرەتا بە خۆیان و چەکی قورسیانەوە لە تانک و زرێپۆش بەرزاییەکانی گوندەکە دەگرن و ئابلوقەی دەدەن , دواتر بە بڵندگۆ بانگ لە خەڵکەکە دەکەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە, چونکە لەو کاتە ھەموو لەسەر کار بوون و وەرزی بەرھەم بوو , لە ناو قاڕنێ سەرەتا ھێرش دەکەنە سەر ماڵ حاجی ڕەحمان شەریفی ئازەر, ئاگر لە ماڵەکەیان بەردەدن , لە کۆی ٦ کەسی خێزانەکەیان, ٥یان شەھید دەکەن” زیندووەکەش خۆی کردبوو بە مردوو ” بۆیە ڕزگاری ببوو, کوڕێکیشی پێشتر لە گەڵ شوانەکان بریندارببوو.

ناوی بەشێک لە قوربانیانی گوندی قاڕنێ , جگە لەوانەی لە سەرەتا نایان ھاتووە :
١- حاجی ڕەحمانی شەریفی ئازەر
٢- ئامینە چاوشین “ھاوسەری ”
٣- عوسمان شەریفی ئازەر “کوڕی”
٤- خالید شەریفی ئازەر “٢٧ساڵە”
٥- ڕەحیم سلێمانی “٢٠ ساڵە”
٦- سەید فەتاح تاھیری “٣٠ ساڵە”
٧- ڕەحمان سلێمانی
٨- کەریم سلێمانی
٩- ڕەحیم سلێمانی
١٠- وەستا مەحمود “٦٥ ساڵە”
١١- سەید قادر تاھیری “٦٥ ساڵە”
١٢- سەید فەتاح تاھیری “٣٠ ساڵە”
١٣- سەید ئیسماعیل تاھیری “٤٠ ساڵە”
١٤- سەید عەلی تاھیری “٧٠ ساڵە”
١٥- سەید ڕەحمان تاھیری “٥٠ ساڵە”
١٦- سەید محەمەد تاھیری ” ٣٥ساڵە”
١٧- عوسمان مستەفا زادە “٢٧ ساڵە”
١٨- جەعفەر مستەفا زادە “١٧ ساڵە”
١٩- ئەبو بەکر مستەفا زادە “٢٠ ساڵە”
٢٠- ئەحمەد ڕامینی “٢٠ ساڵە”
٢١- ڕەحمان ڕامینی
٢٢- عومەر بێواسی “٥٠ ساڵە”
٢٣- جەعفەر بێواسی ” ٢٥ ساڵە”
٢٤- مستەفا سیدی “٢٠ ساڵە”
٢٥- محمد عەزیز “١٨ ساڵە”
٢٦- مستەفا عەزیزی “٢٢ ساڵە”
٢٧- شەریف ئابروشین “٧٥ساڵە”
٢٨- محێدین ئابروشین ” ٤٠ ساڵە”
٢٩- ڕەحیم خوسرەوی “٧٥ ساڵە ”
٣٠- ئەبو بەکر خوسرەوی ” ٤٠ ساڵە”
٣١- عەبدواڵلە خوسرەوی “٣٠ ساڵە”
٣٢- عەلی ” خەڵکی گوندی دووئاوە لە قاڕنێ شوان بوو ”
٣٣- ئیبراھیم گیەر”٥٥ ساڵە”
٣٤- ڕەحمان ئابزەند “٦٥ ساڵە”
٣٥- ئیبراھیم ڕەسوڵی ” ٦٠ ساڵە لاڵ بوو ”
٣٦- سەید کەریم ئەروەندی “٣٠ ساڵە”
٣٧- سلێمان ھەمزە پوور “١٩ ساڵانە ١ لاقی ھەبوو ”
٣٨- مەلا مەحموودی بێھترزادە “٦٠ ساڵانە”
٣٩- سەید عەلی تاھیری .

مەلا مەحموود, مەلای گوند ناسراو بە ((مەلا مەحموودی مەستوورزادە )), لە کاتێکدا قورئانی گرتبوو بە دەستییەوە و ھانای بۆیان ھێنا بۆ ئەوەی دەست لە کوشت و بڕی ئەو خەڵکە ھەڵبگرن , ئازایانە بەرەو ڕویان ببووەوەو وتبووی : ئێوە لە تەرمەکانیشمان دەترسن, بەڵام ھەر دەگەین بە ئاواتەکانمان. دوای ئەوەی قورئانەکەی لەدەست وەردەگرن و فڕێی دەدەن ئەوجار سەری دەبڕن وەک پاداشتێک, لەبەر خاتر قورئانەکە مەڵا سەر دەبڕن بۆ ئەوەی ئازاری نەبێت وەک ئەوانی دیکە, پاشان چەند فیشەکیش دەنێن بەمێکیشیەوە, مخابن سەری مەلا ون دەبێت ” بڵاو دەبێتەوە لەشکری ئیسلام سەری مەلا دەبەن”, ئێستا مەلا بەبێسەر نێژراوە.

سەید عەلی تاھیری دوای ئەوەی چەند کەس لە خێزانەکەی شەھید دەکەن , دەستەکانی دەبڕنەوە ئەوجا شەھیدی دەکەن , دواتر تەواوی تەرمی قوربانیان دەبەنە سەر رێگای سەرەکی شار و رادەگەیەنن لە شەڕ لە گەڵ سەپای پاسداران کوژراون.

سەیدێکی دیکە بەناوی سەید ئەحمەد کە ٩ کەس لە بنەماڵەکەی لەو تاوانە گیانیان بەختکردبوو, بە چەک و چەقۆو قامە پانکردنەوە بە پێلەقە کوژرابوون, تەواو تاوانەکەی گێڕابوەوەو تۆمار کراوە لە رۆژنامەکانی ئەوکات .

ێادق خاڵخاڵی یەکێک لە گەورە تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی, دڵڕەقترین ئاخوندی ئەوکاتە, بەرامبەر بم تاوانە ھاتە قسە و لە نامەیەکدا بۆ خومەینی لە ٢٠-٦-١٣٥٨ دا ٩ رۆژ دوای ئەنجامدانی تاوانەکە نووسی ((کارەساتی دڵتەزێنی قاڕنێ دڵی ھەر مرۆڤێک دەھەژێنێت)), ئیتر بزانن چ دڵڕەقیەک کراوە, خاڵخاڵی, خاڵخاڵی سەربڕینی مەلا مەحمود لە راپۆرتەکەیدا دەنوسێت ” مەلا مەحمودی مستورزادە کە بە قورئانەوە چووە پێشوازیی خەڵکەکە، دارودەستەی مەعبودی و سەرگورد نەجەفی و عەزیز قادری و مەلا حەسەنی، (٦٥) کەسیان بە شێوەیەکی دەردناک کوشتووە. ئەگەر ئیمام لەو کارە دڵسوتێنەرە نەپرسێتەوە، دەبێ کام دەسەڵات لێی بپرسێتەوە. ” .

دوای بڵاو بونەوەی ھەواڵی تاوانەکە, خومەینی و مونتەزیری مەھدی بھاداران بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە دەنێرن بۆ کوردستان , لێکۆڵینەوەکەی لە رۆژنامەی ئیتڵاعاتی ١٧-٩-١٩٧٩ بڵاو کرایەوە, بە پێی راپۆرتەکەی تاوانباران لە لایەن دکتۆر چەمران, تیمسار زەھیر نەژاد, سەرھەنگ شەھبازیان وژمارەیەک فەرماندەی سوپاو ژاندرمەری پڕ چەک کراون, بەڵگەکانی دەریدەخەن کە مەعبودی((حاج عڤیم معبودی)) و سەرھەنگ نەجەفی و جوانمەرد( ئازەرییە توندڕەوەکان) تاوانەکەیان ئەنجامداوە, زەھیر نەژادیش پشتیوانی دەکات لە تۆمەتباران و رێگری دەکات لە دادگاییکردنی تاوانباران.

لای خۆیەوە رۆژنامەی ئینقلابی ئیسلامی کە بەنی سەدر سەرپەرشتی دەکرد لە ژمارەی ٦٥٢ی خۆیدا کۆمەڵە بە ھۆکاری تاوانەکە دەزانێت, ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵە دورو نزیک پەیوەندی بە روداوەکەوە نەبووە لەو رۆژەو رۆژی پێشتریش.

لە دوای تاوانەکە, تاوانباران تەرمی قوربانیان دەکەنە ناو ماشین و بە کەڵەکە کراوی لەسەر یەک , ئەوەشی جێگای نەبوەوە بە دوای ئۆتۆمۆبێلەکانیانا ڕایدەکێشن بەرەو نەغەدەیان دەبەن, لە نەغەدە تەنانەت سوکایەتی بە تەرمی ئەو منداڵە کەمتر لە ١٠ ساڵانەیە کراوە, ٥ تەرمی لە ژێر زبڵدانی شارەوانی دەشارنەوە, ئەوانی دی لە ڕۆخی شەقامەکان فڕێدەدەن , تاکو ئێستاش روفاتی ھەموو قوربانیان نەھێنراونەتەوە بۆ قاڕنێ .

خەڵکی قاڕنێ ئەوانەی ئەو چرکە ساتە لە گوند نەبوون و رزگاریان بوو لە کۆمەڵکوژییەکە , دوای تاوانەکە بۆ ماوەی مانگ و نیوێک گوندەکە چۆڵ دەکەن , لە گوندی کانی بۆداغ جێگیر دەبن .

ئەوەی شایانی ئاماژە پێدانە لەکاتی چۆڵکردنی گوندەکە ڕژێم جارێکی دیکە تاوانێکی دیکەی خوڵقاندەوە , دوو ڕۆڵەی دیکەی ئەم گوندەی شەھید کرد بە ناوەکانی :

١- عوسمان ڕامێنی .
٢- مستەفا ئابزەند .

چیکراوە بۆ ناساندنی تاوانەکانی ڕژێم بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل

تاوانی قاڕنێ یەکەم و دوا تاوان نەبوو بەرامبەر بە خەڵکی بێتاوان ئەنجام بدرێت , نموونەی لەو چەشنە لە گوندەکانی ئیندرقاش و قەڵاتان ” ٥٠ کەس ” , دیلان چەرخ ” ٤٠ کەس “خەلیفەلیان ” ٢١ کەس ” زۆرە .
وەک بینیمان لە کاتێکدا ڕژێم ناسنامەی ئیسلامی بوونی ھەڵگرتووە, کەچی مەلای گوند بە قورئانەوە و بە بەرچاوی خەڵکەوە سەردەبڕێت , ھەروەھا ئەگەر سەرنجی ورد بدەین ژمارەیەکی زۆری قوربانیان سەید و ئەھلی بەیت و لە نەوەی حوسێن و فاتیمەن کە گوایە لای ئەوان لە لوتکەی پیرۆزیدان.
مخابن ئەم تاوانانە لە لایەن پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژھەڵاتەوە تاکو ھەنووکەش گرنگی پێویستی پێنەدراوە , بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٦ وەک ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان کە ئەوکاتە سەرپەرشتیم دەکرد و یەکەم رێکخراوی فەرمی جینۆساید بوو لە کوردستان , پاش قسەوباسکردنمان لەگەڵ چەند کەسێک لە باڵەکانی ئەوسای دیمکرات, ویستمان ئەو یادە بکەینەوە , کەچی مخابن لە لایەکەوە ئەوان تووشی ھێرشی ناڕەوا بۆسەر کۆیە بوونەوە, لە لاکەی دییەوە ئێمەش لە ٣١ی ئابدا چارەنووسی خۆمان لە زیندان و ھەڕەشەلێکردندا بینییەوەو کارەکانمان راگرترا .
خۆشبەختانە لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ ئەو خەونە ھاتە دی , بە ئەنجامدانی کارو نووسین و بەیاننامە دەرکردن , بۆ یەکەمجار یادمان کردەوە لەو ساڵە” بە ھاوکاری کاک کەیوان فەلامەرزی و مستەفا بەھمەنی”, تا ساڵی ٢٠١٠, کاری باشکرا بۆ ئەوەی تاوانی قاڕنێ ببێتە سیمبولی کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان , وەلێ لەوساوە گرنگی پێ نەدرایەوە و ھەموو ھەوڵە سەرکەوتوانەکان مرێندرا.

لەم یادەدا کۆمەڵێک داواکاری دەخەمە بەردەست خەڵکی قاڕنێ و گوندە دەستە خوشکەکانی ئەوانەی تاوانی کۆمەڵکوژییان بەرامبەر کراوە و ھێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسەران و چالاکڤانانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان :

– یادی قاڕنێ بکرێتە ڕۆژی یادکردنەوەی دەیان ھەزار قوربانی گەلەکەمان , ڕۆژی کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە رۆژھەڵاتی کوردستان .
– ھەوڵبدرێت ھەموو ئەو تاوانانەی دژ بە گەلەکەمان لەو پارچەیەی کوردستان ئەنجامدراوە , بکرێت بە دۆکمێنت , سیناڕیۆ سەقەتەکانی باشوور دوبارە نەکرێتەوە لەو پارچەیەی کوردستان , بە ژمارەو ناو و وێنەی قوربانیان تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قاوبدرێت نەک بە گۆترە .
– ھەوڵبدرێت مۆنمێنتێک بۆ قوربانیانی قاڕنێ درووست بکرێت ” ئەگەر کرا لە گوندەکە , ئەگەریش نا ئەوە بەشێوەی کاتی لە کوردستان یان ھاندەران, ئەگەر مەلا مەحمود بکرێتە ھێما بۆ ئەو مۆنمێنتە باش دەبێت .
– تەرمی سەرجەم قوربانیان بھێنرێتەوە قاڕنێ و لە گۆڕستانێکدا لە پاڵ یەکتری بنێژرێنەوە .
– وێنەی سەرجەم ئەو قوربانیانە پەیدا بکرێت و ئەلبومێکیان بۆ درووست بکرێت .
– ناوی تەواوی تاوانباران و بەشداربووانی تاوانەکان یاداشت بکرێن و دۆکۆمێنتەکانی ئەوکات ئەرشیف بکرێن , سەرجەم ھەوڵەکان لە پەرتوکێکی دۆکۆمێنتاریدا چاپ بکرێت و وەریش بگێڕدرێتە سەر زمانە بیانییەکان.
– خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ تاوانەکان بکرێت و حەقیقەتی یاسایی تاوانەکان دەربخرێن.

سەرچاوە :
– سمینارەکانی مەلا برایم محێدین لەسەر قاڕنێ , ساڵانە بۆ ناوەندی چاک لە ھۆڵەندا دەیگێرا لە ماوەی ٨ ساڵدا .
– کارەساتی قاڕنێ لە زمانی دانیشتوانی گوندەکەوە, چاودێر ژمارە ٩٤ بەرواری ١١-٩-٢٠٠٦
– تونا کردنی ڕەگەزی کورد لە گوندی قاڕنێ کوشتنی سیاسی نەتەوەی کورد/ سەعید سەنەندەجی

ناوی گیانبە ختکردوانی گۆندی قاڕنی !
١- مەلا مەحمود بەھتزادە ٢- سەید ڕەحمان تاھری ٣- سید محەمەد تاھری ٤- سەید ئیسماعیل تاھری ٥- حاج سەید حەلی تاھری ٦- سەید قادر تاھری ٧- ئامینە شەریفزادە ٨- حاجی ڕەحمان شەریفزادە ٩- عوسمان شەریفزادە ١٠- مستەفا عەزیزی ١١- محەمەد عەزیزی ١٢- محیدین ئەبر ڕۆشەن ١٣- حاج شەریف ئەبر ڕۆشەن ١٤- ڕەحمان ئەبزەن ١٥- ڕەحمان سلێمانی ١٦- ڕەحیم سوڵتانی ١٧- کەرین سلێمانی ١٨- قادر سلێمانی ١٩- مستەفا ئەبزەن ٢٠- عومەر عەباسی ٢١- جەعفەر عەباسی ٢٢- مستەفا عەباسی ٢٣- محەمەد شەبڕەو ٢٤- سلێمان ھەمزەپور ٢٥- ئیبراھیم پویا ٢٦- ئیبراھیم ڕەسوڵی ٢٧- عەلی چوپان ڕوستا ٢٨- حەسەن نەوجەوان ٢٩- زێنەب ڕامین ٣٠- خاتوزین ڕامین ٣١- کەریم ڕامین ٣٢- ئەحمەد ڕامین ٣٣- ڕەحمان ڕامین ٣٤- عوسمان ڕامین ٣٥- ڕەسول خەسرەوی ٣٦- ڕەحمان خەسرەوی ٣٧- سەعید خەسرەوی ٣٨- عەبدوڵا خەسرەوی ٣٩- موراد خەسرەوی ٤٠- مستەفا خەسرەوی ٤١- عوسمان خەسرەوی ٤٢- خالید خەسرەوی ٤٣- ڕەحیم خەسرەوی ٤٤- ئەبوبەکر شیشمان ٤٥- جەعفەر شیشمان ٤٦- عەلی شیشمان ٤٧- عوسمان شیشمان ٤٨- ئەحمەد سەعادەتپوور ٤٩- عومەر دەروێشپوور ٥٠- سەید کەرین ئەروندی ٥١- عەلی مەلا ڕەحیم لە گوندی دووئاو ٥٢- حەسەن مام ڕەسول لە گوندی ئاڵیاوێ ٥٣- عەزیز مەرزەنگ ٥٤- ئیبراھیم کایەر ٥٥- عەلی گاتوری ٥٦- خەسرەو ئەفشین ٥٧- سەلاح عەلی زناوی ٥٨- ئەبوبەکر حەسەنپوور ٥٩- عوسمان ئەحمەدپوور ٦٠- عەبدوڵا ئەحمەدپوور.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.