مەرجێک لەنێوان بێمەرجیدا

لەلایەن ستاندار Posted on 561 جار بینراوە

ئامانج هەرتەلی

بزووتنەوەی گۆڕان کاتێک داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات بەبێ مەرجی، مەبەستی بزووتنەوەی گۆڕان لەم بێ مەرجیە ئەوەیە کە پەرلەمان دەست بەرێ بۆهەموویاسایەک و هیچ یاسایەک هێڵی سورنەبێت، هەموو ئەو هێڵە سورانە بکرێنە هێڵی سەوز، ئەم هێڵانە هێڵی گەلن، هەموو هێڵێکی گەلیش شایەنی دەستکاری کردنە لەپێناو ژیانێکی باشتر، دەستکاری بکرێ لەپێناو گەیشتن بە شارستانیەتی، گەیشتن بەگەلانی جیهانی هەنگاو نان بۆ دیاری کردنی ئایندەی ڕوون بۆگەلەکەی، ئەوگەلەی بەهەزاران هەزار قوربانی داوا لە پێناو گەیشتن بە خەونی سەربەخۆی.

بەڵام کاتێک پارتی دەڵێ دەمانەوێت پەرلەمان کارابکرێتەوە بێ مەرج، لەکاتێکدا پێشتر نەک ڕازی نەبوون بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەڵکو داوای گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانی دەکرد و دەی وت دکتۆر یوسف هێڵی سورە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ڕازیە پەرلەمان کارابکرێتەوە و دکتۆر یوسفیان قبوڵە لە ئێستادا؟ پرسیارەکە ڕونە چونکە دەزانێ هیچ کاتی لەبەردەستدا نەماوە تا پێداگری لەسەر گۆڕینی بکات، ئێستا ناچارە ڕازیبی بە دکتۆر یوسف، بەڵکو ریفراندۆمی بۆ بەشەرعی بکرێت.

کاتێک پارتی ئێستا توشی پاڵەپەستۆ بوە، پاڵەپەستۆی بێ یاسای ڕیفراندۆم و پاڵە پەستۆی ناشەرعی بارزانی، دەیانەوێت ئەم پاڵە پەستۆیە لەسەر خۆی نەهێڵێت بە بیانوی ئەوەی کە مەرجی نیە بۆکاراکردنەوەی پەرلەمان بەستافی ئێستای، ئەمە خۆی لەخۆیدا مەرجە بۆ ڕازیکردنی گۆڕان تا گوشاری سەر دڵی پارتی نەهێڵێ، بۆیە بێ مەرجی پارتی خۆی لەخۆیدا مەرجە بەسەر پەرلەماندا.

ئەم مەرجە بۆ ئەوەیە پەرلەمان دەنگ بدات بە یاسای ریفراندۆم، شەرعەنەی بێ یاسایی بە یاسا بکات، بەڵام دەست بۆهیچ یاسایەکیتر نەبات، بەتایبەت ئەوانەی لای پارتی هێڵی سورن، بەتایبەتیش یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، دەیەوێت پەرلەمان ببێتە ناوەندی بێکاری دەست لەسەر سنگ بۆ ڕازیکردنی دڵی هەموو ئەوانەی کە بازرگانن. مافی هەمووگەل بکاتە دیاری بۆکەسێک،

کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان بۆ ریفراندم، ئەو ڕیفراندۆمەی زەڕەیەک خزمەت بەگەلی چەوساوەناکات، بەڵکو درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی ستەمکاریە، ئەو ریفراندۆمە هاوشانە بە ۳۱ی ئاب، ئەو ۳۱ی ئابەی خزمەتێکی گەورەی بەپارتی کرد، لەدەست گرتن بەسەر هەموو جومگە گرنگ و ستراتیجیەکانی هەرێم، لە ئێستادا حساب نەبۆ گەل نە بۆهیچ هێزێکی هەرێم دەکات، بەڵکو تەواوی هێزەکان جگە لە گۆڕان کۆمەڵ، ئەوانەی تر بونەتە بەشێک لەپارتی و ئەجندای پارتی جێ بەجێ دەکەن.

پارتی بەم ڕیفراندۆمە ئەوەی لە ۳۱ ئاب کە نەی توانیوە بەدەستی بێنێ دەیەوێت بەریفراندۆم بۆخۆی بەرجەستە بکات، ئەویش دەستگرتن بەسەر سلێمانی لەلایەک و بێدەنگ کردنی خەڵکی نوخبەی ڕۆشنبیر لەلایەکیتر، واتە داخستنی سلێمانیش وەک هەولێر و دهۆک لە بلۆکی بێدەنگی و ڕازی بەهەمووشتێ، بۆیە پاڵپشتی ڕیفراندۆم لەم زەمینە ناسازدا، کە سازە بۆ ڕیشەکێش کردنی نەیارەکان و دەنگی ئازاد.

ئەوەی گرنگە و جێگای دڵخۆشیە ڕازینەبوونی گۆڕانە بەمەرجی بێمەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە، ئەم ئامادەکاریانەش لەلاین هێز گەلێکەوە کە پەرلەمانیان پەک نەخستوە هەوڵی کاراکردنەوەی دەدەن مەترسی گەورەیە، ئەوان دەیانەوێت بیکەنە دەسکەوت بۆخۆیان، بەڵام زەمەنی پەکنەخستنەوەیان پێ نیە ئەگەر یەکەم کاری پەرلەمان هەمواری سەرۆکایەتی هەرێم بێت.

مەرجەکانی پارتی ڕوونن بۆ بێ مەرجیەکەی، لەکاتێکدا هەمو کارەکانی پارتی لەخزمەت بەخۆیەتی و دەیەوێت لایەنەکان بخاتە ژێر ڕکێفی بەرژەوەندیەکانی خۆی و دژی گەل بەکاریان بێنێ، بەتایبەتیش ڕەتکردنەوەی مەرجی چاک کردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان، کە زۆر لە ریفراندۆمی ناساز باشترە.

پارتی و بارزانی ئەگەر بیزانیایە میللەت سوودمەندی یەکەمە نەک قسەی لێوەندەکرد بەڵکو ئەوانەشی تەخوین دەکرد کە باسیان بکردایە، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی لەمەسالحی خۆیەتی هەموو ڕێگایەکی گرتۆتە بەر بەس بۆ بەشەرعی کردنی بڕیاری نایاسای ریفراندۆم. کردنی ریفراندۆم لە دۆخی ئێستا و گوێ نەدان بە دۆست و دوژمن لەسەر خراپی دۆخی ریفراندۆم لەئێستادا.

ئێستا هەرهێزێک لەگەڵ بەڵێ یان نەخێری ریفراندۆمدابێ ئەوا شەرعیەتدانی ڕون و ڕەوانی بارزانیە بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بۆیە ڕەتکردنەوەی ریفراندۆم و بایکۆت کردنی پێش هەمووشتێ پاراستنی مافی دەنگدەری کورد و ڕێگری کردنی کودەتایە بەسەر شەرعیەتی دەنگدەری خۆیدا.

ئەو بێ مەرجیە مەرجێکی پڕ مەترسی گەورەیە، فێڵێکی مەترسیدارە لە هاوڵاتیانی کورد و خۆ دەرباز کردنێکی ڕوونیشە لەوشەرمەزاریەی توشی هاتون، هەرلایەنێک قبوڵی بێت لە ڕووزەردی زیاتر هیچیتری بۆنامێنێتەوە لە نێوان گەل و مێژوودا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.