لە ئێستادا كۆنفیدرالیەت بەدیلی گونجاوە

لەلایەن ستاندار Posted on 764 جار بینراوە

هيواسەید سەلیم

لە دوا كۆبوونەوەی نێوانی بارزانی و شاندی یاوەری لە گەڵ هەریەك لة برێت مەكگورگ و باڵوێزەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كە لە ناوچەی سحێلا كە بارەگای سەرەكی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی لێیە ئەنجامدرا بە ئاشكرا باس لە هەڵوێستی ئەو وڵاتانە كراوە سەبارەت بە دژایەتیان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.

برێت مەكورگ كە دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنانەنووسی باسی لە هەڵوێستی ولاتەكەی كرد زۆر بەڕاشكاوی بەناوی سەرجەم وڵاتانی ناو هاوپەیمانیەتی لە شەری داعش سەبارەت بە ریفراندۆم ووتی :

ریفراندۆم شتێك نیە كە لەلایەن وڵاتەكەی(ئەمەریكا) پشتیوانی لێبكرێت، هەروەها ووتی،  ریفراندۆم لە لای ئەوان وەك تەواوی ولاتاني ناو هاوپەیمانی هیچ پشتیوانیەكی لێناكرێت و پرۆسەی ریفراندۆم بەشەڕعی ناناسن.

شاندی وڵاتانی زلهێز لە كۆبوونەوەیان لەگەل بارزانی پرۆژەی بەدیلیان ڕادەستی بارزانی كردووە و بارزانیش لە ڕاگەیەندراوێك كە بەناوی سەرۆكایەتی هەرێم بڵاوكراوەتەوە باس لەوە دەكات كە بەدیلی ریفراندۆمیان لەو وڵاتانە وەرگرتووەن بەڵام نە مەكگورگ نە بارزنی باسیان لە بەدیلەكە نەكردووە.

 لە رۆژی دیاریكردنی وادەی ئەنجمدانی ریفراندۆمەوە كە بە كۆبوونەوەی حەوتی حوزەیران ناسراوە چاودێران ترسیان لەوە هەیە كارتی ریفراندۆم بە ئاسانی لەدەست كورد دەربێهنرێت یان خودی كورد سەوداو مامەڵەی خرابی پێبكات.

لە ئێستادا كە قسەوباس لەسەر دواخستنی ریفراندۆم گەرمە جێگای خۆیەتی كە بزانین كورد دەبێت بەچ بەدیلێك رازی بێت، ئەگەر رازی دەبێت وە ئەگەر رازی نابێت ئایا هەرێم ئامادەیە بەرگەی هەموو ئەو فشارانە بگرێت كە لە لایەن وڵاتان بە تایبەت وڵاتە زلهێزەكان دەخرێتە سەری.

كورد لە هەرێمی كوردستان ئەگەر لە  تاقیكردنەوەی ریفراندۆم سەد دەر سەد سەركەوتنی بەدەست نەهێنابێت ئەوە لەوە سەركەوتوو بووە كە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانی كردە پرسێكی ئاشكرا و نیمچە نێودەوڵەتیش.

بۆ گفتوگۆكردنیش لەسەر جێگرەوەی ریفراندۆم دەبێت كورد ئەمجارەیان بە پڕۆژە رەزامەندی لەسەر دواخستنی بدات، باشترین پرۆژەش لە ئێستا ئەوەیە كە كورد داوای كۆنفیدرالیەت بكات، بە تایبەت كە دووترێت كۆبوونەوەی هەرێم و بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەدیلی ریفراندۆم لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان دەبێت و وڵاتانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكەن.

كۆنفیدرالیەت كە سیستەمێكی دەوڵەتداریە بۆ ئێستای كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێم گونجاوە و چارەسەریشە بۆ كێشە سیاسی و ئابووریەكانی هەرێم و ئەو هەستیاریش لەبەرچاودەگرێت كە بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی لەبەرامبەر سەربەخۆیی كوردستان هەیانە .

بەدەر لە بەدیلی كۆنفیدرالیەت هەر رێگاچارەسەری تر ئەگەر هەرێمی كوردستان پێی رازی بێت سووتاندنی كارتی ریفراندۆمە كە ماوەیەكە هەرێمی كوردستان كاری بۆدەكات و تا ئێستاش لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەزنەبۆتەوە.

كەوایە هەرێم یان نابێت لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشكەزبێتەوە كە ئەمەشیان ئاسان نیە چونكە فشارە دەرەكیەكان زۆرن و پێشنبینی كراو نەبوون، یان ئەوەتە لە ئێستاوە كار بۆ بەدیلی گونجاو بكات و بە پرۆژە وەڵامی ئەو وڵاتانە بداتەوە كە داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكەن،  لەهەردوو حالەتیش بەرەی ناوخۆ و چارەسەری كێشەكانی ناوخۆ دەتوانێت فشارە دەرەكیەكان كەم كاریگەر بكات بۆیە درێژەدان بە دۆزینەوەی رێگاچەرەی كێشە ناوخۆیەكانمان رێگایەكی گونجاوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.