دەوڵەت یان لەدەستدانی خەون و خاک!

لەلایەن ستاندار Posted on 701 جار بینراوە

رزگار موستەفا

بەدرێژایی حوکمڕانی چارەگە سەدەی دەسەڵاتی کوردی، نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتی باشور، ھەمیشە بەشێوەی تاک لایەنەو بەرژەوەندخوازییانەی حیزبی بڕیاری سیاسییان گەڵاڵە کردووە، بێگوێدان بە ئاکام ودەرھاویشتەکانی دووای بڕیارەکە، ھەمیشە کۆمەڵگاو خوێندەوارو ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بەشێوەی پیاوی بێگانەو دوژمنی ئەزموونەکە سەیرکراوە، تەنھا گوێ لەو ڕاوێژکارو خوێندەوارانە گیراوە کەبۆچوونیان تەریب بووە لەگەڵ ئامانجەکانی دەسەڵات!

ئەگەر لەسەرەتای پڕۆسەی ئازادکرنی عێڕاقەوە، حکومەتی ھەرێم کۆمیتەیەکی لەکەسانی شارەزاو پسپۆر لەبواری دانیشتووان و کێشەی نەتەوە دامەزراندبا، بەشێوەیەکی کرداری ئەرکی کێشەکانی تایبەت بەنەتەوەو دانیشتووان بەم کۆمیتەیە سپێردربا، ئێستا بەرچاو ڕوونییەکی گەورەترو ڕوونتریان دەبوو، دەربارەی خوێندنەوەی ڕاستەقینەی بیروبۆچوونی ھاونیشتیمانیانمان، لەلایەک، وە لەبەرامبەردا ئاشنایی زیاترمان دەبوو، دەربارەی ھاوڵاتیانی غەیرە کورد و دراوسێدا.

لەغیابی ئەم بەرچاوڕوونی و ئاشناییەدا، گومانی تێدا نییە کەدەسەڵات ناتوانێت ئەو ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەی ھەمانە، تەنھا بەبڕیارێکی سیاسی و سیاسییانە بھێنێتەدی، چونکە گومانی تێدا نییە، کێشەی نەتەوە ئەوەندەی خوێندنەوەی زانستی و ئەکادیمی دەتوانێت بەرەوپێشی بەرێت بەئاڕاستەی باشدا، ئەوەندە بڕیاری سیاسی ڕۆڵی نابێت.

فەرامۆشکردنی زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی زانستیمان، غیابی ڕاوێژی خەڵکانی پسپۆڕو شارەزا لەدەرەوەی بەرژەوەندی دەسەڵات، وایکردووە ھەمیشە بڕیارەکانی دەسەڵاتی کوردی، بەدرێژایی ماوەی حکومڕانی ڕابردوو، کەمترین ئامانج و ھەدەف بپێکێت، لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لەو بەروارو شێوازەدا، بەڕوونی غیابی خەڵکانی پسپۆڕو لێھاتووی پێوە دیارە، سەرەڕای نەبوونی یەکێتی ناوخۆیی و پاڵپشتی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەستەمە ئامانجە نەتەوەییەکەمان بھێنێتە دی!

بەڵگەی ئەم بۆچوونەش دروستبوونی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمە، کەلەم دوواییانەو لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا سەریانھەڵداوە، ھەرچەندە ئاماژە تازەکان گوزارشت لەئەنجامنەدان و دوواخستنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەکەن، بەڵام لەحاڵەتی ئەنجامدانیشیدا، ھیوای سەرکەوتنی زۆر لاوازەو ئەگەری لەدەستدانی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم زیاترە، لەئەگەری بەدی ھاتنی خەونی دێرینەمان و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ! سەرەڕای بوونی ئەگەری گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.