هەڵە ستراتیجییەکانی یەکێتیی

لەلایەن ستاندار Posted on 393 جار بینراوە

هەڵە ستراتیجییەکانی یەکێتیی

کەمال چۆمانی

یەکێتی سیاسەت بۆ رۆژ دەکات نەک بۆ دواڕۆژ، هەر بۆیە؛ رۆژ بەدەستدێنێت بەڵام دواڕۆژ لەدەستدەدات.

چەقی سیاسەتی ئێستای یەکێتیی هەوڵدانە بۆ هێشتنەوەی دۆخی هەنوکەیی، هەر بۆیە سازشی زۆر بۆ پارتیی دەکات. ئەو سازشانە هیچیان لە خزمەتی یەكێتیی و خەڵک و دیموکراسیی نین، تەنها سازشن لەپێناو بنەماڵەی تاڵەبانیی.

هەڵە ستراتیجییەکانی یەکێتیی:
١- یەکێتیی پێیوایە تورکیا لە پشت بانگەشەکانی دەوڵەتی سەربەخۆیە، بۆیە؛ پشتیوانیی دەوڵەتی سەربەخۆ و ریفراندۆم دەکات. تا لای هێرۆ ئیبڕاهیم ئەحمەد ئەو تێگەیشتنە دروستنەبو، یەکێتیی پشتیوانیی ریفراندۆم و دەوڵەتی نەکرد.
٢- یەکێتیی بە هۆی ئەو پشتیوانییە کوێرانەی لە ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، پێیوابو دەکەوێتە بەرەی تورکیا. ئەمە وای کردوە ئێران نیگەران بێت. هەر بۆیە لە دوا سەردانیدا بۆ ئێران، د بەرهەم ساڵح لەلایەن قاسمی سولەیمانییەوە دو پەیمانی گەورەی پێدراون؛ یەکەمیان، ئێران پشتیوانیی د بەرهەم دەکات چ لەناو یەکێتیی بێت و چ هێزێکی نوێ دروستبکات، دوەمیان، ئێران پشتیوانیی بەرهەم ساڵح دەکات لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق.
٣- یەکێتی پێیوایە ئەگەر دەوڵەت دروستبکرێت، ئێران قازانجێکی ئەوتۆی ئابوریی بە یەکێتیی و دەوڵەتی کوردیی نابەخشێت، بۆیە؛ وا باشترە بکەونە بەرەی تورکیا بەو پێیەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تورکیادا رەتدەبێت. هەروەها، سەرچاوەکان لە سنوری سەوزن [کەرکوک و چەمچەماڵ]، بەڵام ئیدارە و رێڕەوەی گەیاندنی بە بازاڕی نێودەوڵەتیی لەژێر کۆنترۆڵی پارتیی و تورکیان.
٤- یەکێتی دەزانێت بچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە توشی دۆڕانێکی گەورە دەبێت. بزوتنەوەی گۆڕانیش قبوڵی نەبو بە یەک لیست بچنە هەڵبژاردنەوە بە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکانی بە لیستی کراوەن. یەکێتی دەیەویست پێگەی خۆی بپارێزێت، یان بە سازشێکی گەورە بۆ پارتیی یان بە رێککەوتنی لیستی هاوبەش لەگەڵ یەکێتیی. سەرەڕای ئەوەی گۆڕان قبوڵینەبو بەو جۆرە بچنە ناو هەڵبژاردنەوە و پێشنیازی بەهێزتر یەکخستنی فراکسیۆنەکان بو، یەکێتیی پەلەی بو.
٥- لە ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، پارتیی ناوچەکانی تا رادەیەک پارێزراوتر دەبن، یەکێتیی ئەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ ئێران و شیعەی عێڕاق هەیە بەرەو لەناوچون دەچێت بە هۆی دروستبونی گرژیی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.
٦- دەرفەتێکی زۆر باش بو بۆ ئەوەی یەکێتیی وەک بەدیلی پارتیی لای ئەمریکییەکان خۆی نیشانبدات، بەڵام نەک بوە نەیتوانی، بەڵکو وەک پاشکۆ دەور دەبینێت. ئەو دەورەی یەکێتیی دەیبینێت، دەوری پاشکۆیەتییە نەک هێزێکی خاوەن گەورەترین مێژوی سەروەریی شۆڕشی رزگاریخوازیی گەلی هەرێمی کوردستان لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردو.

ئەوەی یەکێتیی راگرتوە، مانەوەی جەلال تاڵەبانییە. لە ئامادەبونی جەلال تاڵەبانییدا، یەکێتییە ناڕازییەکان بەرانبەر بنەماڵەی تاڵەبانیی نەرمیی دەنوێنن. تەمەنی تاڵەبانیی پێناچێت هێندەی مابێت، لە نەمانی تاڵەبانیی، نەیارەکانی ماڵی تاڵەبانی دو هێندە دەبن. ئەوکات، پارتیی ناتوانێت ببێتە هۆی پاراستنی یەکێتیی وەک ئێستا یەکێتیی بۆتە هۆی پاراستن و تەحقیقکردنی بەرژەوەندیی و ویستەکانی پارتیی.

یەکێتیی شەڕی دیموکراسیی و خۆشگوزەرانیی خەڵک ناکات، بەڵکو شەڕی مانەوە دەکات. ئەو شەڕە هێندەی تر لاوازی دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.