ئایا، ریفراندۆم لە وادەی خۆی ئەنجامدەدرێت ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 559 جار بینراوە

سەرتیپ قەشقەیی
دواین زانیاری لە بارەی ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم فشارەکان زیادیکردووە، کۆبوونەوە نھێنییەکان لەوبارەیەوە بەردەوامە، پارتی و یەکێتی بە تایبەت سەرکردە بڕیار بە دەستەکانیان لە دڵەراوکێدان، چەند رۆژی داھاتوو رۆژانی زۆر ھەستیارن دەبن لەبەردەم پارتی و یەکێتی، بۆئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن لە بارەی ئەنجامدان، یاخود ئەنجامنەدانی ریفراندۆم، چەندین زانیاری و پێشھاتی نوێ ھەن، کە رەنگە بەھۆیەوە بڕیارەکان گۆڕانکارییەکان بەسەردابێت، ئەوانیش بڕیتین لە :
١. ئەگەرەکانی ئەنجامدان، یاخود ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لەوادەی خۆی، لە نێوانی پەنجا بە پەنجایە، واتە نیوە بە نیوە، بەھۆی ھاتنە پێشەوەی چەندین پێشھاتی نوێ و زیادبوونی فشارەکان، بەڵام رووداوەکانی چەند رۆژی داھاتوو یەکلاکەرەوەدەبن، پێشبینیدەکرێـت بەرەو ئەنجامدانی پڕۆسەکە بڕۆین.
٢. ئەگەرێکی تری بەھێز ئەوەیە ریفراندۆم لە ھەرچوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، جگە لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان.
٣. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە رێگای ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و ئاسۆ ئەڵمانی، بارزانیان ئاگادارکردۆتەوە، لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە سنووری کەرکووک، مەترسی ئەوە ھەیە ئەو شارە لە دەستبدرێت، چونکە ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ئێستادا ئەوان ناتوانن فشار لەسەر پێکھاتەکانی تری کەرکووک بکەن بۆ دەنگدان بە بەڵی لە ریفراندۆم، بۆیە ئەگەری ھەیە ئەنجامەکەی بە نەخێربێت، بەمەش کەرکووک دەکەوێتە بەردەم مەترسی نەگەڕانەوەی یەکجاری بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.
٤. فشارەکانی تورکیا لە بارەی پرسی ریفراندۆم لە ھەمووان زیاترە، تورکیا بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە، لە ئەگەری ئەنجامدانی ریفراندۆم، ھەناردەکرنی نەوتی ھەرێمی کوردستان رادەگرن و سسنوورەکانیش دادەخەن، نێچیرڤان بارزانیش، ئەو پەیامەی گەیاندۆتە بارزانی مامی.
٥. رەنگە فشارەکانی تورکیا، بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، پارتی و ماڵباتی بارزانی و چەند سەرکردەیەکی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەسەر ھێلن، لە بارەی ھەرەشەکانی ئەو وڵاتەو، چاوەڕێی کۆبوونەوەی ٢٢ی ئەیلولی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە دەکەن.
٦. رەنگە فشارەکانی بەغداو ئێران و ئەمەریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانان، نەبنە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، چونکە بەلای ئەوان تەنھا تورکیا دەتوانێ کاریگەری ھەبێت لەسەر دواخستنەکە.
٧. ھەریەک لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دواخستنی ریفراندۆمن ، بۆ ئەمەش لە کۆبوونەوە تایبەتەکانی چەند رۆژی رابردوویان لەگەڵ بارزانی ھەوڵی رازیکردنی ناوبراویان داوە بە دواخستنی پڕۆسەکە.
٨. یەکێتی و پارتی چاوەڕێی پێشنیازو دەستپێشخەری نوێ دەکەن لەلایەن بەغداو وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەگەر لە چەند رۆژی داھاتوو بگەنە رێککەوتن، یاخود دەستەپێشخەریەک، کە نەبێتە ھۆی شکانی کوردو بارزانی و تارادەیەکیش ببێتە بە دیلێک بۆ ریفراندۆم، ئەوا ئەگەر زۆری ھەیە بڕیاری دواخستنەکە بدەن.
٩. تاوەکو ئێستا تەنھا مەسعود بارزانی، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، جگە لەوەش یەکگرتووی ئیسلامیش پێیانوایە، پێویستە بارزانی پەشیمانەبێتەوە.
١٠. لەگەڵ بوونی ھەموو ئەگەرەکان، بانگەشەکان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بەردەوام دەبێت، چوارشەممە پارتی و یەکێتی پێکەوە لە سلێمانی بانگەشە دەکەن، ھەینیش لە ھەولێر سەرجەم لایەنە بەژداربووەکانی کۆبوونەوەی ٧ی حوزەیران بەژداردەبن، بەڵام ھەموو چرکەیەک ئەگەری دواخستن ھەیە، چونکە مەسەلەکە زۆر ھەستیارەو فشارەکانیش جدین.
١١. پارتی و یەکێتی رێککەوتوون لە حاڵەتی ئەنجامدان، یاخود ئەنجامنەدانی ریفراندۆم، دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی پەڕلەمان ھەڵبژێرنەوەو تەمەنی پەڕلەمانی بۆماوەی دووساڵ درێژبکەنەوە، ماوەیی یاسایی سەرۆکی ھەرێمیش بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی شوورا وەک خۆی بمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.