رۆشنبیران ویژدانی گەل و پارێزەری شوناس و کەلچەری نیشتیمانین

لەلایەن ستاندار Posted on 552 جار بینراوە

 

عەبدولحەکیم زراری
ئەگەر ویستت لە واقیعی ژیاری و مۆرالی کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەکان ئاشنابی و چاودێریی داھاتووەکەی بکەیت، ئەوا دەبێ بەدوای واقیعی رۆشنبیری و دۆخی رۆشنبیران و داھێنانی فیکری لەو کۆمەڵگەیەدا بگەڕێیت، لە رووی ئازادی بیروراو گوزارشت کردن و لە رووی تۆڕی پارێزگاری کردن و سەلامەتی دەستەبژێران کە سیستمە یاسایی و دەستووریەکان دەستەبەری دەکەن. بەلێ کۆمەڵگە پێویستی بە سوپا و پیاوی ئاساییش و پیاوی کار و جوتیار و بازرگان و پیشەوەر و پزیشک و سیاسەتمەدار و سەروەت و سامانی ماددی و مرۆیی و……… ھتد ھەیە، بەڵام ئەمانە بە تەنھا شارستانییەت بونیاتنانێن و نەتەوە ھەڵناستێننەوە، ھەرچەند ئەگەر لە مێژوو و واقیعی کۆمەڵگە پێشکەوتوو و سەقامگیرەکان رابمێنین، دەبینین کە پەیوەست بوونێک ھەیە لە نێوان بووژانەوەی ئاوەدانی ئابووری نەتەوە لەلایەک و داھێنانی رۆشنبیری و ھێزی ئامادەگی رۆشنبیران و داھێنەران و بیرمەندان لەلایەکی تر.
ھە‌ڵبەت دیارە رۆشنبیر بە کەسێک دەوترێت کە پێگەیەکی مرۆیی خۆی ھەیە و بکەرێکی کارایە و لەسەردەم و مێژووی کۆمەلایەتی خۆی بەئاگایە و ئەم بەئاگابوونەشی ھەستی بەرپرسیارییەتی پێ دەبەخشێ و بەئاگایانە ھەست بە بەرپرسیارییەتی دەکات.
ھە‌مدیس رۆشنبیر ئەو کەسەیە کە لە سەردەمی گۆڕانی کۆمەلگەدا ئەو دۆخەی کە مرۆڤایەتی تێیکەوتووە و یەخەی دەگرێت دەتوانێت ھەستی بەربرسیاریەتی و بەئاگابوونەوەی بزووتنەوەی فیکری و بەرپاکردنی ھۆشیاری راستە قینەی کۆمەلگە بکات.
رۆشنبیرانی راستەقینە لە بیرمەند و فەیلەسوف و نووسەران….. لەناخی خەڵکەوە سەریان ھەڵداوە و دروشمی نوێ و وزەی نوێیان لەناو ویژدانی کۆمەلگەدا چاندووە،و گەورەترین ئەرکیان ((بەخشینی خۆئاگایی))یـە بە مرۆڤ چونکە بێ ئاگایی چینی چەق بەستووی دواکەوتوو دەگۆڕَیت بۆ یەکەیەکی زیندوو کە دواجار تاکی قارەمانی مەزن و پڕ لە شکۆ لە کۆمەڵگەکەیدا دەھێنێتە بەرھەم، لەوەوە دەردەکەوێت کە ئەرکی رۆشنبیر لەکۆمەڵگەکەی خۆیدا سەرقافلەیی کردنی کۆمەلگەیە کە بریتی یە لەگەیاندنی پەیامێک بۆ چینەکانی خەڵک و ھاواری بەئاگا ھاتنەوەیە بۆ ئەو کەسانەی کە چاوەکانیان لە بینینی ناڕەحەتی و ناسۆرییەکانی خەڵکی داخستووە و گوێچکەکانیشان لە ئاست دەنگی حەق کەڕ کردووە.
رۆشنبیران ویژدانی گەل و نەتەوەن و پارێزەری رێبازی رۆشنبیری و شوناس و شکۆیانن، بەبێ رۆشنبیران کۆمەڵگە دادەماڵدرێت لەو رۆشنبیری و ناسنامەیەی کە جیای دەکاتەوە لە کۆمەڵگەکانی تر، چونکە ئەوە نوخبەی رۆشنبیرانی جیددین کە نەوە دوای نەوە کلتوور و شوناسەکانیان بۆ دەگوازنەوە و خەون و خۆزگەکانی تاکی کۆمەڵگا دەگەیەنن بە دەسەڵاتداران و رای گشتی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دەجووڵێنن، ھەمدیس گوزارشت دەکەن لە پرس و ئاریشە جەوھەرییەکانی لە رووبەرووبوونەوەی دەسەڵات و گەندەڵی و گەندەڵکاران، بە شێوازێکی مەدەنی و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان،و ھەروەھا لە رووبوونەوەی رکابەرە سەرسەخت و دوژمنە دەرەکییەکانی.
رۆشنبیران لە بێژەرانی پشت مایکرۆفۆنەکان،و پێشکەشکارانی تەلەفزیۆنی و ئاماداەکارانی ریپۆرتاژ، نووسەرانی تۆێژینەوە و بابەتە سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، ئەدیبان و شاعیران و مێژوونووسان، ھونەرمەندان بە ھەموو داھێنانەکانیان….. ھتد، ئەمانە ئەو کەسانەن کە گوزارشت لە خەون و خولیاکانی گەل و پرسە نیشتیمانییەکان دەکەن، جا ئەگەر بێدەنگیان ھەڵبژارد بەھۆی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییە کەسییەکان، یان بەھۆی دووڕوویی و رووپامایی کردنیان یاخود بە بوونی ترس و تۆقاندنەوە، خۆیان لەو ئەرکە پیرۆزە دزییەوە و داماڵران لە نۆرم و بەھا بەرزەکانی پیشەی رۆشنبیریان و بەدوای ماکیاج کردنی دەسەڵات و دەھۆڵ بۆ کوتانی بوون، لە حالەتێکی ئاوادا کە رۆشنبیران بەو جۆرە بەرخورد لەگەڵ پەیامەکەیان بکەن، کێ بێ گوزارشت لە پرسە گەورەکانی نیشتیمان و خۆزگەکانی گەل بکات؟
رۆشنبیران و ھاووڵاتیان بەشێوەیەکی گشتی، مافی خۆیانە مومارەسەی رەخنە بکەن لە گەندەڵی و گەندەڵکاران و فۆکەس بخەنە سەر کەموکوڕییەکانی سیستمی حوکمڕانی و ھەڵە و سنوور بەزاندنەکانی دەسەڵاتداران، یان بۆچوونیان جیاواز بێت لەگەڵ ھەر شێوزاێکی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە وڵاتدا، لەلایەن ئەو بەرپرسانەی کە لە شوێنی شیاو دانەنراون و شایستەی ئەو بەرپرسیارییەتە نین. ئەمەش کارێکی سروشتییە چونکە دواجار رۆشنبیر رەخنەگرێکی کۆمەڵایەتییە،و نابێ بە پاساوی بوونی چەند دەستکەوتێکی ماددی یان دووچار بوون بە ناڕەحەتی کردن و تەنگ پێھەڵچنینی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بێ دەنگی ھەڵبژێرێت و کڕو کپی لێ بکا و دەست لە چۆکان وەرینێ.
بۆیە ئەو رۆشنبیرانەی کە بەشدارییەکی کارایان ھەیە لە باڵا بوونی ئاستی رۆشنبیری گەلەکەیان بگرە بۆ سەراپای مرۆڤایەتی، پێویستە رێز و پێزانینیان ھەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.