بۆ دۆخی هەرێم چەک یا دەنگ چارەسەرە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 628 جار بینراوە
پێشڕەو بابەشێخ

وەک دەبینین دۆخی هەرێم تادێت بەرەو خراپی و ئاڵۆزی دەچێت , لەڕوی ئابوری و سیاسی , تەنانەت کۆمەڵایەتیش . دروستکەری ئەم دۆخە ئەم دەسەڵاتدارانەن کە لە ٢٦ ساڵی ڕابردوو تا ئێستا حوکمی ئەم هەرێمەیان کردوە , بەشێوەیەک نا تەندروستانە ! دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان لە قۆرخکاری سیاسی و کەسی و بنەماڵەیی و ئابوری و چەکداری لە حوکمڕانی چەسپاندوە .

ئەوەی من لێرە مەبەستمە بەراوردکاری و خستنەڕوی چەند قۆناغێکە , لە ڕابردویەکی زۆر نزیکی پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەکانن لە هەرێم . قۆناغی جیاواز و بێ ئەرزشکردنی دەنگی دەنگدەر : یەکەم/ دەتوانرێت سەرەتای نەوەدەکان و یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە قۆناغی زێڕینی دەنگدەری کورد دابنرێت , بۆ هەڵبژاردنی لیستێک یا کەسایەتیەک کە جێگای متمانەی بوە . کە جۆرێک بوە لە بینینی شۆڕشگێڕی و بیری تەسکی حیزبی نەک شتی تر .

ئەم قۆناغە بە باڵای زێڕینیەکەی بێ ئەرزشکردنی دەنگدەری لێکەوتەوە , بە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی و زاڵبونی هێزی چەک لە جێگای هێزی دەنگ . هێنانی دەبابەی بەعس بۆ تەلاری پەرلەمان لە ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ ترۆپکی ئەو بێ ئەرزشکردنە بوو. دووەم/ قۆناغی دانیشتن و دانوستان یا خولی گرێدان وگەڕانەوە بۆ پەرلەمان , بەڵام بە بێ گەڕانەوە بۆ بەهای دەنگی دەنگدەر و بەخشینی ئومێد بە تاکی کورد . لەو سەردەمەدا پەرلەمان بوو بە دابەشکاری جوت حزبی و بونی پڕۆژە بێ گفتوگۆی یاساییانە , پەرلەمان تەنها بۆ جوان کردن و پەردەپۆشکردن بوەو هیچی تر. سێ یەم / قۆناغێکی تر بریتی یە لە یەک لیستی و یەک بەرنامەیی جوت حزبی , بەجۆرێک هەوڵدراوە دەنگدەری کورد لە بێ ئومێدی بەهای دەنگ , بگەڕێندرێتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان بە بیانوی جیاواز ! لە ڕێژەی بەشداریکردن و ئەرکی نەتەوەیی بەرامبەر حکومەتی عێراقی و بەستنەوەی بە رێژەی ١٧% ی پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق . لەگەڵ هێنانە کایەی فۆڕمی خۆراک و موچە و شتی تر .

لەم قۆناغەدا دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ هێزو لیستێکی بەهێز لە بەرامبەری خۆیان نابیننەوە , نەبونی ترس لە هێزێک بۆ دژایەتی قەڵای گەندەڵی هانیان دەدات هەوڵبدەن ڕێژەی بەشداریکردن بەرزبکەنەوە . چوارەم / قۆناغی گەڕانەوەی شکۆو ئیرادەی دەنگدەر . ئەم قۆناغە بە دەرکەوتنی هێزێکی گەورەی دژە گەندەڵی و قۆرخکاری دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ٢٠٠٩ جیادەکرێتەوە , کە ڕێک پێچەوانەی قۆناغی سێ یەم لە لایەن دوو حزبەوە هەوڵدەدرێت کەمترین ماف و ئازادی ڕادەربڕین و دەنگدان بە دەنگدەر بدرێت , بە هەڕەشەو ڕێگریکردن و لەشوێن دەنگدان و نانبڕین , تاکی کورد لە مافی دەنگدان بێبەش بکرێت .

بە هۆکاری توڕەیی و تۆرانی دەنگدەری کورد لە شێوازی حوکمڕانی و بەش بەشێنەی حزبی و دەرکەوتنی یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەیەکی جەماوەری , ئەم قۆناغە بە کاریگەرترین و ترسناکترین قۆناغی ترس دادەنرێت بۆ دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم و پرشنگدارە لە مێژوی کاری پەرلەمانی باشوری کوردستان . پێنجەم / قۆناغی لەکارخستنی پەرلەمان , لەم قۆناغەدا دەنگدەر دوای ئەوەی ئومێدی بۆ دەگەڕێتەوە بە هەبونی بەهای دەنگی ,لەگەڵ ئەوەی دوبارە هەوڵدەدرێت دەنگی ناڕازی دوربخرێتەوە لەسندوقی دەنگدان و کۆسپ و ئاستەنگ لەبەردەم دەنگدەر دروست دەکرێت , دوای ئەوەی لەڕێگای ساختەکاری هەوڵدەدرێت دەنگی مردو و دەنگی زیندو هاوبەها بێت , بەڵام لەدواجاردا پەرلەمان دەکەوێتە دەست هێزی بەرەی گەل و کاردەکات بۆ گێڕانەوەی پەرلەمان بۆ مانا بنچینە ییەکەی خۆی و گێڕانەوەی قودسیەت و شەرعیەت , تەنانەت دەست بۆ گرنگترین پرسی یاسایی کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە , بەڵام ئەمجارە بەشێوازێکی جیاوازتر لەجاران بە بەکارهێنانی هێزی چەکدار ڕێگا لەسەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەگیرێت و دەرگای پەرلەمان دادەخرێت و پەرلەمان پەک دەخرێت . بەخوێندنەوەیەک بۆ ئەم قۆناغانە چی هەڵدێنجین ؟

١- حزب و هێزی دەسەڵاتدار کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ دەنگدەر , کە هەستی کردبێت هیچ جۆرە مەترسیەک لەسەر دەسەڵاتی کەسی و بنەماڵەو حزبەکەی نیە . ئەگەر بەپێشێلکردنی سەروەری یاساو دیموکراسیەتیش بوبێت.

٢- دەبێت گەلی ئێمە چاوکراوەتروهۆشیارانەتر , بڕوانێتە دەنگدان و بەهای دەنگی خۆی! چونکە سەردەمی ئێستامان دەنگ بایەخی خۆی هەیەو دەکرێت بەدەنگ ماف بەدەست بێتەوە .

٣- تاکی کورد باوەڕی بگەڕێتەوە بەدەنگدان و دورکەوێتەوە لە وتەی (گرنگ نیە کێ دەنگ دەدات , گرنگ ئەوەیە کێ دەیژمێرێت ) تەنانەت حزب لە دەنگی سەرتاسەری دەکات بە حزبێکی محەلی لە ڕوی کورسیەوە و زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمانی لەیەک ناوچە بەدەست دێنێت .

٤- بەچەک نەتوانرا هیچ شتێک بگۆڕدرێت , جگەلە ماڵوێرانی و ڕژانی خوێنی ڕۆڵەی کورد و بەهێزبون و وەک خۆ مانەوەی هەردوو هێزی دەسەڵاتدار لە ڕوی هێزی چەکدار

. ٥- هەڵبژاردن و دەنگدان لەگەڵ هەموو کەم و کورتی و هەڕەشەونانبڕین و ساختەکاری کاری خۆی کردوە , تەنانەت لە ٥٠ بە ٥٠ ی دوو هێزی دەسەڵاتەوە , ڕێژەی کورسیەکانیان بەئەندازەیەک کەمی کردوە , کە دەکرێت بڵێین لە داهاتویەکی نزیکدا ئەنجامی باشتر بەدەست دەدات .

٦- بۆیە بەگژداچونەوەی گەندەڵی و ٢٦ ساڵ حوکمڕانی نادروست و زۆرینەیی دەکرێت لەڕێگای دەنگەوە بێت نەک بەچەک . دەکرێت هێزگەلێک بێنە کایەی سیاسی ئیتر پێیان نەگوترێ ئەوان بەچەک هاتون دەبێت بەچەک بڕۆن .ئیتر دەبێت ئەوە بزانین دەنگێکی بوێر و نەخێرێک بۆ دەسەڵاتێکی برسیکەر و بنەماڵەیی و گەندەڵ , زۆر لەچەک گرنگتروکاریگەرترە کە هەم ڕشتنی خوێنی لاوانی کوردە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.