دوای ڕیفراندۆم…

لەلایەن ستاندار Posted on 858 جار بینراوە

ستارە عارف

ڕونە گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێت و بارزانی وەک ئەوەی دەرزیەک بە میزەڵدانێکدا بکەیت، ئاوا فش دەکرێتەوە و لەکەف و کوڵ و دروشمی هەرزەکارانە دەخرێت، بەڵام لەمەولا ناکرێت ڕێگە بە سەرۆک خێڵێک و تاقمێک لەهەردو بنەماڵە بدرێت، بۆ مەرامی تایبەتی یاری بە ژیان و چارەنوس و ئاسایشی میللەتێکەوە بکەن، ئەم خۆ گیڤکردنەوەی بارزانی بۆ ڕیفراندۆم بە ناوی سەربەخۆیەوە و دژایەتی ڕای گشتی نێودەوڵەتی، باشترین زەبر وەشاندنە بۆ لەباربردنی هەلی ڕاستەقینەی دەوڵەت و سەربەخۆیی، بۆیە دەبێت سنوری بۆ دابنرێت.

ئەگەر لەڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانیشەوە نەبێت، ئەوا ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو لایەن و کەس و ڕێکخراوانەیە، کە خاوەن هەڵوێستن و خۆیان نەفرۆشتوە، بە تایبەتی گۆڕان تا ئێستا ڕاستگۆیانە لەسەر هەڵوێستەکانی پێداگربوە و نوێنەری ڕاستەقینەی خواست و مافەکانی میللەتە، هەنگاوی زیاتر بۆ سنوردار کردنی زێدەڕۆی و ستەمکاریان هەڵبگرن، چونکە ئەوەی بە پشتیوانی وڵاتانی بەرەی داعش تورکیا و سعودیە و یەک دو دەوڵەتیتری عەرەبی بە ناوی ڕیفراندۆمەوە دەیکەن، یاریکردنە بە چارەنوسی گەل و ئەو هەمو شەرمەزاریەی بە ناوی کوردە وە تۆماری دەکەن، بە پیلانی ئەوان بۆ شێواندنی زیاتری ناوبانگی کوردە، بە تایبەتی لەم پارچەیەدا.

گۆڕان دەتوانێت بە پیر بڕیارەکەی کۆشکی سپی و نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بچێت، بۆ ڕاگرتنی ڕیفراندۆم و بە فەرمی لەو ناوەندە گرنگە جیهانیانە داخوازیەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی لەڕێگەی یاسا و دام و دەزگای متمانەپێکراوە پێشکەش بکات، ئەو پێشنیارەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ بارزانی وەک بەدیل بۆ ڕیفراندۆم باسیانکردوە و ڕایانگەیاندوە، کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت دەکەین، بە سەربەخۆی گەلی کورد یەکێکە لەو دەرفەتە باشانەی دەتوانن لەڕێگەی بەڵگە و دۆکیۆمێنتەوە سودی لێوەربگرین و کورد وەک نەتەوە بناسێنن، کە تا ئێستا کورد لەئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان هەروەک بەشێک لەدانیشتوانی عێراق دەناسرێن.

بێتەم و مژ بە گەل بڵێن، ئەم گاڵتەجاڕیە بە ناوی ڕیفراندۆمەوە لەئێستادا و لەئایندەیشدا ئامانجی سەربەخۆی کوردستان نیە و مەرامەکانی پشت ئەو یاریە بێ ئەندێشە و دو دڵی لەڕابردو و ئێستا و داهاتوی ئەم تاقمە ئاشکرا بکەن.

لەڕێگەی جوڵاندن و پشتبەستن بە ئیرادەی گەل لەهەمو شوێنێک، فشار لەبارزانی و ئەو تاقمەی هەردو بنەماڵە بکەن، دەستەڵات چۆڵ بکەن و کار بۆ چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەت بە کردار بکەن، لەم پرسەدا گرنگە پشتیوانی دنیا و نەتەوە یەکگرتوەکان بە دەست بهێنینەوە، ئەگەر وا نەکرێت هەر دەبێت ئەم دەستەڵاتە تاڵانچیە لەدەستەڵات دوربخرێنەوە و گۆڕان و هێزەکانیتر ئامادەسازی حکومڕانیەکی دامەزراوە و خاوەن سەروەری یاسا و لێپرسینەوە بکەن، مانەوەی ئەم تاقمە و بارزانی بە تایبەتی مەترسیدارە و پاش ڕیفراندۆمیش لەهەمو ڕەوشێکدا ئەگەری دوبارەکردنەوەی ئاشبەتاڵێکی تازەیان دژی کورد بە دەستەوەیە، لەوێنەی ئاشبەتاڵەکەی ساڵی١٩٧٥ی مەلا مستەفا، کە خۆیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن، کوردیش دەمێکە وتویەتی (گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە).

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.