بۆ یەکەمجار پارتی وەڵامی ڕەخنەکانی تورکیا لەبارەی ریفراندۆم دەداتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 558 جار بینراوە

ستاندەر
لەچەند رۆژی رابردوو سەرۆک کۆماری تورکیا بە توندترین شێوە ھێرشی کردە سەر سەرکردایەتی ھەرێم و بەنەزان و تێنەگەیشتوو لە سیاسەت وەسفی کردوە بەڵام تاکو ئێستا بە فەرمی ھیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە، بەڵام بۆ یەکەمجار بەرپرسێکی میدیایی پارتی وەڵامی جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیای دایەوە.
سەرۆک قادر کە بەرپرسیاریەتی لە میدیای پارتی ھەیە لەنوسینێکدا دەڵێ دەبێ عیبرەت لە مێژوو وەربگرێ ئێوەن، نەک ئێمە. دوای سەد ساڵ جیھان شاھیدی بۆ ماف و ئینسانییەت و مەزڵومییەتی ئێمە دەدات، بەڵام خۆت دەزانی ئێوە لەبن قورسایی مێژوودا چۆن چەماونەتەوە.

نوسینەکەی سەرۆ قادر بخوێنەوە

بۆ جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا

با ھیچمان بە ئاگر نەسوتێین کەواتە یاری پێ مەکە

بەکر بۆزداخ کە جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیایە، ڕایگەیاندوە گوایە تورکیا ڕێگا نادات ڕیفڕاندۆم بکرێت. ئەو قسانەی ناوبراو جاری چەندەمە کە لێپرسراوانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەیکەن و لوت بەرزییەکی زۆر ناشایست نیشان دەدەن. ئەوەش لە دۆستایەتی و ھاوکاری لەپێناو بەرژەوەندی ھاوبەش دوورە. ناوبراو دەڵێت ئێمە ڕێگا بە بارزانی نادەین و لەو ئاگرەدا دەیسوتێنین کە یاری پێدەکات. لەوە زیاتریش دەڕوات و دەڵێ ئەوانەی لایەنگری بارزانیش دەکەن لەو ئاگرەدا دەسوتێن.
من حەز دەکەم بەبیر بەڕێز بۆزداخ بێنمەوە کە ئێمە میللەتێکی کۆنی ئەم سەرزەمینەین و وەک ھەر میللەتێکی تر مافی خۆمان ھەیە و ئیرادەی خۆمان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانمان بەکاردێنین. وێدەچێ بوزداغ ئاگای لە مێژوو نەبێت کە ئێمە سەد ساڵە ھەوڵ و تێکۆشانمانە بۆ شەراکەت و برایەتی لە عێڕاقدا، کەچی ھەمیشە وەڵامی پێچەوانە و دوژمنکارانە دەبیستین. ئیدی بە ئەندازەی پێویست تەحەمولمان کردوە و گلەییمان لەسەر نەماوە. کاک بوزداغ ئێوە لە و لوت بەرزییەتانەوە ئەم دواییە گەف و گوڕتان زیاد بووە! کە تۆ ھەڕەشەیەکی ناھەق دەکەی گوایە دەمانسوتێنی، دەبێ بزانی تەبیعەتی ناوچەکەمان وایە ھەر ئێمە ناسوتێین، ئەوەی ئاگر لەبەرامبەر ئاشتیخوازێتی ئیمە بەکاربێنێ لەوانەیە لەپێشەوە ئەو بسوتێت. کەواتە لەپێناوی سەلامەتی خۆتان کەمتر زمان لە ئاگر بدە. ئێمە چاوەڕوانی بەردەوامی ھاوکاری و بەرژەوەندی ھاوبەش و چەسپاندنی ئاشتی لە ئێوە دەکەین نەک ببنە کورەچی و دراوسێکانتان بسوتێنن کە شەو و ڕۆژ باسی برایەتی و ئامۆزایەتی لەگەڵمان دەکەن.
ئەوەی دەبێ عیبرەت لە مێژوو وەربگرێ ئێوەن، نەک ئێمە. دوای سەد ساڵ جیھان شاھیدی بۆ ماف و ئینسانییەت و مەزڵومییەتی ئێمە دەدات، بەڵام خۆت دەزانی ئێوە لەبن قورسایی مێژوودا چۆن چەماونەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.