بۆچی هەرێم بێپشتیوان مایەوە…

لەلایەن ستاندار Posted on 747 جار بینراوە

بایز ڕەشید ئەمین

دوای ئەوەی کە بارزانی و بەشێکی ناو یەکێتی و چەند پارتێکی تر، پرسی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆییان لە باشوری کوردستان وروژاند ،گۆرەپانی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکەو جیهان نەک هەر پشتیوانی لێنەکردن ، بەڵکو لە زۆر ناوەندەوە روبەروی سەرزەنشت و هەڕەشەی پەلاماردان بونەوە . ئەمەش دەرخەری ئەوەن کە سیاسەتی ناتەندروستی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەزەرد و سەوزیەوە لە ماوەی رابردودا نەیتوانیوە دۆست و لایەنگیر بۆ پرسی نەتەوەیی کورد ئامادە بکات .کە ئەمەش پەیوەندی بەو سیستەمە ناپەسەندەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە هەیە کە لەسەر ئاستی ناوخۆو ناودەوڵەتی بەشکستخواردوترین حوکمڕانی دادەنرێت .
بارزانی و پارتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەگشتی لە ماوەی چەندین ساڵی حوکمڕانی رابردویاندا بە پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی سەردەم کە خۆی لە چەسپاندنی کاپیتالیزمی دیموکراتیکدا دەبینێتەوە هەڵسوکەوتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان لەسەر ئاستی ناوخۆو ناودەولەتی ئەنجامداوە. کە ئەمجۆرە سیستەمە لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە تاوەکو ئێستا مەرجی پشتیوانی ئەمریکاو رۆژئاوا بوە بۆ نەتەوەکان .
بۆیە دەبێت كۆی‌ ئامانجه‌كانی‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كاپیتالیزمی‌ دیموكراتیك بێت كه‌ دواجار چه‌سپاندنی‌ ته‌واوی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه و دەوڵەتی خۆشگوزەران بەرجەستە دەبێت. لەبەرئەوە لە سۆنگەی هەڵسەنگاندنی رەوشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە باشوری کوردستان ، پێناچێت به‌م زوانه‌و له‌چه‌ند ساڵی‌ داهاتودا لەسەر بنەمای ئه‌م سیسته‌مه‌ی‌ ئێستای‌ هه‌رێم ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان لەم هەرێمە دروستببێ‌.

ئه‌ڵبه‌ته‌ پایه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌وڵه‌تداری‌ له‌ ویلایەتە یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مەریكا به‌ تایبه‌ت و رۆژئاوا به‌گشتی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ كاپیتالیزمی‌ دیموكراتیك دامەزراوە، كه‌ خۆی‌ له‌زیادبونی‌ داهاتی‌ تاك و زیادكردنی‌ به‌رهه‌می‌ گشتی‌ وڵاتدا ده‌بینێتەوە، هه‌روه‌ها فه‌راهه‌مكردنی‌ توخمە سەرەکیەکانی تر وەک بازاڕی‌ ئازاد، ئازادی‌ سیاسی، ئازادی‌ راده‌ربڕین و مافه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی‌ تر. بۆیه‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و وڵاتێك ئامانجی ئەوە‌ بێت له‌ناو ژینگەی سه‌رمایه‌داری‌ و دیموكراسیدا جێگه‌ی‌ بێته‌وه‌، پێویسته‌ هه‌مو ئه‌و فاكته‌رانه‌ فه‌راهه‌م بكات كه‌ له‌گه‌ڵ بنەماکانی‌ سه‌رمایه‌داری‌ دیموكراتیك کۆکن.

به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌كی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ سەرمایەداری دیموکراتی دروستكردنی‌ یه‌كێتی‌ و هاوپه‌یمانیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ په‌یڕه‌وی‌ له‌شێوه‌ سیسته‌مێك ده‌كه‌ن كه‌ دواجار ده‌بێته‌ هۆكاری‌ به‌ره‌و پێشبردن و گه‌شه‌كردنی‌ ئابوری‌و زیادبونی داهاتی تاک. کە له‌ده‌ره‌نجامدا كه‌ڵه‌كه‌بونی‌ سه‌رمایه‌ و ئاشتی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌چه‌سپاندنی‌ بنه‌ما دیموكراتیه‌كان دێته‌دی‌ كه‌ خۆی‌ له‌ ئازادی‌ سیاسی‌، ئازادی‌ راده‌ربرین و بازاڕی ئازاد و هەلی یەکساندا بەرجەستە دەکات . لەم نێوەندەدا هه‌لی‌ یه‌كسان، هه‌لبژاردنی‌ ئازاد، بونی‌ شه‌فافیه‌تی‌ سیاسی‌ و ئابوری، بونی‌ دادپه‌روه‌ری‌ و نه‌بونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ وڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و به‌هێزكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی پایە سەرەکیەکانی دامەزراندنی ئەو جۆرە سیستەمەن .‌

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌رێمدا به‌دیده‌كرێت ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ بنەما و به‌هاكانی‌ كاپیتالیزمی دیموكراتیكە ‌ كه‌ سه‌رمایه‌داری‌ جیهانی‌ شارستانیه‌ته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر بنیاتناوه‌. هەرێمی کوردستان لەروی ئابوریەوە تا دێت لاواز دەبێت و داهاتی تاکە کەس بەرادەیەک دابەزیوە کە خۆی لە هێڵی هەژاری نزیک دەکاتەوە. لە روی سیاسیشەوە بنەماکانی سیستەمی دیموکراسی بەتەواوی لەو هەرێمەدا خراواتە ژێر پێوە هەر لە نەبونی پەرلەمان و حکومەتەوە تا دەگاتە سەر گرتن و زیندانیکردن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان . لەبەرئەوە لۆبی سەرمایەداری رێگری دەکات کە ئەم نوخبەیەی بونەتە هۆکاری لەکەدارکردنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی دەوڵەت دابمەزرێن و ببن بە ئەندام لە کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی و خاوەنی بڕیاری سیاسی بن.
لەسۆنگەی دیدگای لۆبی‌ سه‌رمایه‌داری‌ دیموكراتیكەوە ناکرێت له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌واییه‌ك پێوه‌ندی‌ ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ببەسترێت . كه‌ كار لە سەر به‌ بنه‌ماڵه‌یی كردنی‌ سیسته‌می‌ سیاسی‌ و بە مڵکانەکردنی سیستەمی ئابوری‌ و بە خێڵگەراییکردنی سیستەمی کۆمه‌ڵایه‌تی‌ وڵات بکات .
پێكهاته‌ی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و کۆمەڵایەتی هه‌رێم خێڵه‌كیه‌و له‌ڕوی‌ ئابوریه‌وه‌ چه‌ندین كۆمپانیای‌ حزبی‌ و بنه‌ماڵه‌یی‌ دروستكراون،دەروازەکانی چالاکی ئابوری لە لایەن چەند بنەماڵەیەکەوە قۆرخکراوان و هاوڵاتی ئاسایی ناتواانێت لێیان نزیکبێتەوە . له‌ڕوی‌ سیاسی و دیپلۆماسیشەوە دەستیان بەسەر ناوەندەکانی بڕیاردا گرتوە ، دەستیان بە كورسی‌ دەسەڵاتەوە گرتوە و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بە هەند وەرناگرن .كه‌ له‌ پێناو درێژه‌دان و هێشتنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات هه‌مو رێچكه‌یه‌كی‌ نادیموكراسی‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و لەدەرەوەی رێکارە یاساییەکانەوە فەرمان دەردەکەن. له‌ڕوی‌ کۆمەڵایەتیشەوە به‌ شێوازی‌ جیاجیا له‌شێوه‌ی‌ فیستفاڵ و بۆنه‌كانی‌ حزب و رێکخراوە سێبەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بۆنه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌سته‌و گروپی‌ بنه‌ماڵچێتی پێكهاتون. بۆنمونە زۆربه‌ی‌ خێڵه‌كانی‌ هه‌رێم لەسەر داهاتی گشتی سه‌نته‌ری‌ تایبه‌ت به‌ خۆیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ دیارده‌ی‌ خێڵگەرایه‌تی‌ له‌ هه‌رێمدا ته‌واو تۆخكردوه‌ته‌وه‌.

تەنانەت کەناڵی سپێدە بە پشتیوانی دەسەڵات بەرنامەیەکی تایبەتی تەرخانکردوە کە هەر هەفتەی جارێک لە گەڵ خێڵێک لەخێڵەکانی کوردستان لە دیوەخانێکدا بەرنامە سازدەکات .کە ئەم جۆرە بەرنامانە لە زۆربەی وڵاتاندا رێگەی پەخشیان پێنادرێت ، كه‌ ئەمە زیاتر له‌ شێوازی‌ قۆناغی‌ پێش سه‌رمایه‌داری‌ و ژینگەی سەدەکانی ناوەڕاست ده‌چێت کەتیایدا کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پەیوەندیە خێڵاگەراییەکان دامەزراوە.

جوتبونی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی نەتەوە له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داری‌ دیموكراتیك به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ بنیاتنانی‌ دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكا و رۆژئاوادا. ده‌بینین به‌ نمونه‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئیرانی‌ سه‌ره‌ڕای‌ چەندین ناكۆكی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكاو رۆژژئاوادا، لۆبی‌ سه‌رمایه‌داری‌ جیهانی‌ رێگری‌ ده‌كات كه‌ هه‌وڵی‌ جددی‌ بدرێت بۆ روخاندنی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پایه‌كانی‌ دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئێرانی‌، به‌ده‌ر له‌ روه‌ ئاینیه‌كه‌ی‌ ناكۆك نیه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می‌ سه‌رمایه‌داری‌ رۆژئاوا، كه‌ له‌ ڕوی‌ ئابوریه‌وه‌ هیچ زیانێك به‌ رۆژئاوا ناگه‌یه‌نێت و سیسته‌می‌ هه‌ڵبژاردن، بازاڕی‌ ئابوری‌ ئازاد، سیسته‌می‌ بانكی‌، شه‌فافیه‌ت له‌داموده‌زگاكانی‌ ئه‌م وڵاته‌ بونیان هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێرانی‌ پێكهاته‌یه‌كی ناخێڵه‌كیه‌ و زه‌مینه‌ی‌ ره‌خساوه‌ بۆ قۆناغی‌ سه‌رمایه‌داری‌. به‌گشتی‌ له‌ سیسته‌می مۆدێرن ده‌چێت كه‌ بۆ ئابوری‌ سه‌رمایه‌داری‌ هیچ كۆسپێك ناخوڵقێنێت.

كاپیتالیزمی‌ دیموكراتیك پشتیوانی‌ لە جۆرە سیستەمێکی وەک ‌وڵاتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەکات ،‌ بەتایبەت وڵاتەکانی وەک تایوان،کۆریای باشور ،هۆنگ کۆنگ ، سەنگافورە و مالیزیا ، کە بەهۆی بەرەو پێشچونی ئابوری و سیاسیانەوە بە پێنچ پڵنگەکەی ئاسیا ناوبانگیان دەرکردوە.ئەم نەتەوانە توانییان زۆرترین وەبەرهێنانی بیانی بۆ وڵاتەکانیان رابکێشن و وڵاته‌كا‌نیان‌ له‌وڵاتێكی‌ هه‌ژاره‌وه‌ بگه‌یه‌ننە ئاستی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی رۆژئاوا.‌ دونیا گه‌واهیان بۆ دەدات له‌په‌یڕه‌و كردنی‌ دیموكراسی‌، ئاشته‌وایی کۆمەڵایەتی، ئابوری‌ ئازاد، هەلی یه‌كسان و له‌هه‌موی‌ گرنگتر سفر گه‌نده‌ڵی.
بەڵام هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ خاوه‌ن حوكمڕانییەکی خۆماڵی‌ كوردیه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ڕوی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و کۆمەڵایەتییەوە مۆدێلێكی‌ سه‌ركه‌وتو له‌ دیموكراتیه‌ت نیشانی‌ كۆمه‌ڵگەی‌ دیموكراتی‌ ناوده‌وڵه‌تی‌ بدات. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بنیاتنانی‌ سیسته‌می‌ بنه‌ماڵه‌یی و خێڵگەرایی و ئۆلیگارشیان په‌یره‌وكردوه‌، كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ هه‌لی‌ دروستبونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان مه‌حاڵ دەکات ، چونكه‌ هه‌رێم شێوازی‌ حوكمڕانیه‌كه‌ی‌ و رایه‌ڵه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ تاك، كۆمه‌ڵگا، حکومەت و جەماوەر و كاری‌ حیزبایه‌تی‌ و رێكخراوه‌ییان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی‌ سیسته‌می‌ جیهانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌.

‌بارزانی و دەسەڵاتدارانی هەرێم و وابەستەکانیان له‌ گه‌رمه‌ی‌ ئه‌و جه‌نگ و ململانێیه‌ بەتایبەت لەکاتی شەری جیهانی لەهەمبەر داعشدا کاتێک زومی میدیاکان و چاوی سەرکردەکانی رۆژئاوا لە سەرکوردستان بو ، نەیانتوانی بیرۆكه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان تاوتوێبكەن و پایه‌كانی‌ دیموكراسی‌ بچه‌سپێنن و به‌ڵێنی‌ ناوده‌وڵه‌تی‌ مسۆگه‌ر بكەن. لەبری ئەوە پەرلەمانییان پەکخست و بەنایاسایی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمیان بۆ بارزانی درێژکردەوە و پاشەکشەیان بە گەشەی ئابوری هەرێم کرد و داهاتی ساڵانەی تاکیان بۆ ئاستێکی نزم دابەزاند .
بەو هۆیانەوە ‌ له گەڵ ‌ كۆتایی هاتنی‌ جه‌نگه‌كه‌ یان گۆڕانكاری‌ له‌ نه‌خشه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ دا ، پشتیوانیە ناودەوڵەتیەکان بەرەو لاوازی هەنگاو دەنێن ، هەروەک بینرا لە پرسی بانگەشەی ریفراندۆمدا ساردو سڕیەکی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی ناودەوڵەتیەوە هەستپێکرا . تەنانەت ئەوانەشی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەنایاسایی بە داهاتی فرۆشتنی نەوت مەستیانکردبون پشتیوانیان بۆ ریفراندۆمەکەی مانگی ئەیلول نیشان نەدا ،کە لە تازەترین لێدواندا زاڵمای خەلیل زادە راوێژکارەکەی بارزانی و دۆستەکەی تاڵەبانی ئاماژەی بە دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆم دا.‌
هەروەها بەهۆی شکستی حوکمرانی هەرێم لەناوخۆدا دەرگای لەبەردەم دیبلۆماسیەتی کوردی کڵۆمدا کە لەسەر ئاستی ناودەوڵەتی پشتیوانی لۆبی سەرمایەداری و کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی دابینبکات ، هاوشێوەی دیبلۆماسیەتی جوله‌كه‌كان کە له‌ گه‌رمه‌ی‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌مدا به‌ڵێنی‌ ده‌وڵه‌تیان وه‌رگرت و په‌یمانی‌ بلفۆریان مسۆگه‌ر كرد كه‌ دواجار ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی‌ ئێستای‌ ئیسرائیلی‌ لێكه‌وته‌وه. یان دیبلۆماسیەتی بۆسنیەکان لە گەرمەی ململانێی ئەمریکاو ئەورپادا لە بەرامبەر سربیادا توانیان پشتیوانی دروستبونی دەوڵەتی بۆسنیاو هەرسک فەراهەم بکەن.
بۆیه‌ تا وەکو بارزانی و پاشکۆ سەوزەکان و وابەستەکانیان لە سنوری سلێمانی دەسبەرداری سیسته‌می‌ خێڵگەرایی وقۆرخکاری نەبن و رێگای‌ مه‌ده‌نیه‌ت و دیموكراسیه‌تی‌ راسته‌قینه‌ نه‌گرنە به‌ر ، ئامادە نەبن پرسه‌ سیاسی‌، ئابوری‌ ویاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان به‌پێی‌ پێداویستی و به‌هاكانی‌ سه‌رده‌م و کاپیتالیزمی دیموکراتیک چاره‌سه‌ر بکەن. ئه‌وا باسكردنی‌ ریفراندۆم و ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ، نه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ناوده‌وڵه‌تی‌ پشتیوانیان لێناكات، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی‌ شه‌قامی‌ كوردیش هیچ پشتیوانیه‌كیان نابێت. هەربۆیە بانگەشەی ریفراندۆمەکەی هەرێم هەر لەسەرەتاوە لەسەر ئاستی ناوخۆو ناودەوڵەتی روبەروی شکستبۆوە کە خۆی لە نارەزایی ناوخۆیی و ناوچەیی و ناودەوڵەتیدا بینیەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.