یەکێتی و گۆڕان لە ئاسۆی ڕێکەوتنی ڕابردوو و پەیامی ئێستاییاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 550 جار بینراوە

یاسین نادر ڕەحمان

باوەڕناکەم ھیچ چاودێرێکی سیاسیی یان کەسانێک کە چاودێڕی پڕۆسەی سیاسی دەکەن، ڕێکەوتن و ئاڵوگوڕی لە نێو حیزبەکانی یەکێتی و گۆڕانیان لە ١٧ / ٥ / ٢٠١٦ بیر چووبێت کە تیایدا لە ١١ بەش و بیست وحەوت مادەدا گەر ھەڵەنەبم، ڕێکەوتنێکیان واژوو کردو بەو ئەنجامە گەیشتن کە ڕێکەوتنی دوو حیزبیی ھەرێم، یەکێک مافخواراو و بێبەشی زۆرە ملێ بەھۆی حکوومەتداری حیزبی کوردستانەوەو یەکێکی تر ھاوبەش لە حکوومەت و بێدەنگ تا ڕادەیەک، پاش چەند ساڵێک کە سەردەمێک دوژمن ئاسا پەلەماری شەڕی ساردێتیی یەکتریان دەداو مەلەفەکانی سەرو ژێر و تاڵان و ناتاڵانی یەکتریان دەخستە ڕوو، بە ئەنجامگەلی باش لە ڕیکەوتنێکدا لە دەباشان و لەماڵًی سەرکردەی ڕۆحی یەکێتییەکان مام جەلال و بەحزووری نەوشیران موستەفا بگەن و واژوویەکی ئەرکدارانە لە یەکگرتنێکی ھەتاھەتایی و سەرانسەری بۆ ئەدای حیزبیی و کاری سیاسیی ھاوبەش لە ئاستی ناوخۆی ھەرێم و دەرەوە بکەن تا ھیچ نەبێت بۆشایی سیاسیی ھەمدیسان تەڕەفێک لە ناوچەیەکی ھەرێم داگیر نەکات و تەڕەفی تر ئەدای سیاسیی حیزبی خۆی لە مەبەستی زاڵدارێتی حیزبیدا بەسەر حکوومەت و ھاوڵاتیانی ھەرێمدا فەرز بکات.
ئەوکات ھەموان دەزانن سەرکردەکانی گۆڕان دەیانگووت ئەم ڕێکەوتنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمەو دەنگی ناڕەزایی ھیچ کەسێکی لەگەڵدا نییە، ھەروەھا ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیش بە مەکتەب سیاسیشەوە خۆیان ئاماژەیان بەوە کرد لە کۆی ٤٤ ئەندامی بەشداربوومان دەنگی ناڕەزایی نەک نەبووە، بەڵکوو ھاو ئامانجییان لە سەرخستن و پابەند بوون بەم ڕێکەوتنە ھەر لەو ساتەدا ئاسۆدار و ڕووناک دەبینییەوە.
ھەر ئەوکات حیزبی پارتیش ئەمەلێکی ھەمدیسان بۆ دروستبوویەوە کە ھاوبەشی حکوومەتی چەند کابینەیی ھەرێمی(یەکێتی)، دەتوانی دڵی گۆڕانیان و تاڕادەیەک لایەنەکانی تریش ڕازی بکات تا بەکاراکردنەوەی پەرلەمانی وەستێنراو، کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، چوونکە وا شەڕی داعش ئەو سنوورانەی ھەرێمی کە گیری بەدەست نەگەڕانەوەیان خواردبوو، بەھۆی شکستی سوپای عێراق خستە بەردەمیەوەو دەیتوانی چیتر خۆی فەرمانڕەواییان بکات.
بۆیە ئەم ھەل قوستنەوەی ڕێکەوتنەوەو ئەم جەنگە قازانج خوازییە بۆ کورد، سەودای ئاوازێکی باشی بۆ کورد بەھۆی لایەنە کۆک و ناکۆکەکانی دەیتوانی لە قەڵەم بدایا.
با لەبیریشی نەکەین ھەندەک بۆچوونی پەرلەمانتار و سیاسەتوانی پارتیش لەو کات و ساتەدا ئەوە بوو ڕێکەوتنەکەی گۆڕان دژی بەرزانییەو خزمەتی عێراق دەکات، یانیش ئاماژەکان وا دەریان دەخست بەبێ پارتی شتی وا مەحاڵە، سەردانکردنی سەران و سیاسییەکانی عێراق و پێشوازیکردنی گۆڕان و یەکێتی لەوان لەوکاتانەشدا، کەم کەم ئەم قەناعەتەی وەخت بوو بە بەتەواوی لە ھزری پارتیدا بەرەو جێگیری دەبرد.
ئەمانە سەرنجێکی خێراو ڕیزپەڕ لە گووتەو کاردانەوەکانی پاش ڕێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی بە باش و خراپیەوە بوو کە ماوەی نزیکەی وا ساڵ و چەند مانگێکی وەختە بەسەر دا تێپەڕ دەبێت، گەر نەشڵێم خاڵەکانی ئەم ڕێکەوتنە پاش ئەم ڕێکەوتنە نەک جێبەجێنەکرا، بگرە لە گەمەیەکی سیاسیی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک و سیاسی و چاودێران و ڕاگەیاندنەکان ھاتە بەرچاو، کە ساتی ڕێکەوتنەکە ئاھەنگ گێڕانێکی لەلایەن ئەم چین وتوێژانەوە بەدواوە بوو کە بینییان پاش ئەم ماوەیە وا دەرنەچوو و ئەوانیش شروڤەو خۆشحاڵیی ھەمان ساتییان بۆ کردو ھەڵەبوون و عاقیبەتیان وا نەزانی وای بەسەر بێت. ڕوونکردنەوی زیاتریش لەم قسە گووتەو بۆچونانەی سەرەوەش با لە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکاندا بەراوردێک بەمشێوەیە بکەین:
** بەراوردێکی کوورت بە سەرنجدانی ڕێکەوتن لە مانگی ٥ی ٢٠١٦ و پەیامی ئێستا ھەمدیسانەوە بۆ ڕیکەوتنێکی تر لەمانگی ٩ی٢٠١٧دا **
= لە ٢٠١٦دا لە بەشی دووەم و مادەکانیدا بەکوورتی لە ڕێکەوتنەکەدا گووترا ھەر دوولا پابەندبن بە پێویستی سیستەمی پەرلەمانی لە کوردستان، کە مەسەلەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و بەکارخستنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان و دەستووری دیموکراتی مەدەنی و چاکسازی سیاسیی و یاسایی و ئابووری و کارگێڕی بە پشتبەست بە سەروەری یاساو داننان بەئەنجام و موستەحەقاتی حکوومی و حیزبی تاڕادەیەک لە پاش ھەڵبژاردنەکان و کۆتاییھێنان بە دوو ئیدارەیی(کە ڕەنگ و بۆنی ھەر بە زۆری مابوو) ڕوونکردبوویەوەو لەھەمانکاتدا چارەسەری کێشەی کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا و کۆتاش ئازادی ڕادەبڕینەکان و …..ھتر، ڕوونکرابوویەوە.
-لەبەشی سێیەم و گرنگی ڕێکەوتنی ٢٠١٦ی ھەر دووحیزبدا، باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ھەر لەو کاتیشدا کراو گووترا: کە ھەر دوولایەن کۆکبوون لەوەی مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی مافی گەلی کوردستانەو پێویستە ئامادەکاری ھەمەلایەنەی بۆ بکرێت بەئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە. ھەروەھا دەبێت لە ژێر چەتری پەرلەمان یاساو ڕیساو ھەنگاوەکانی لە بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە.
– بەشگەلی تر وگرنگی تریش وەک دەسەڵاتی دادوەری و دەستورو شێوازی حوکمرانی و پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ بەغداو فراکسیۆنەکان و تیمەکانی حکوومەت و کەرتی ئابووری وحکوومەت و ڕاگەیاندن لە مادەی تر لەو ڕیکەوتنەی ئەوساڵەدا ڕوون کرابوویەوە.

لە ٢٠١٧دا جیاوازی پەیامی یەکێتی بۆ گۆڕان لەمەساڵدا، کە کۆمەڵیشی لەمساڵدا بە ھەمان دەقە پەیام بۆ زیادکراوە، پاش سەردان و ئەملاولاو دڵەڕاوکێی ئەندام و سەرکردایەتی یەکێتی بە مشێوەیە دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی پێشوەختە لەگەڵ گۆڕاندا بۆ کارکردنەوەی پەرلەمان و ڕیفراندۆم لە ھەرێمدا ھەنگاو بنێن کە ئەویش بەمشێوە کوورتەی خوارەوەیە:
–ئاساییکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ٢- کۆتایی ھاتن بە پاشکەوت و زامنکردنی گەڕانەوەیان ٣- متمانە بەخشین بە سەرۆک و سندوقی داھاتی نەوتی و غازیەکان٤- ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن و دەستەبەری مافی دەنگدانی دانیشتوانی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەری ڕاستەقینەیان.
سەرنج و تێبینی یەکان:
-خاڵی ھاوبەشی ھەردوولای گۆڕان ویەکێتی لە ساڵانی (٢٠١٦-٢٠١٧) لە ڕێکەوتن و پەیامی کۆتایی و ئێستایی، لە دۆخی ھەرێمی و حیزبییاندا، بە ڕای ھەر ناوەندو چاودێرێکی سیاسیی و سیاسەتوان و ڕاگەیاندنی ناوخۆیی لە دەرەوە و ناوەوە، خۆزگا چ گۆڕانێکی بەسەردا ھاتووە، گەر دەبینین کە کتومت وەک یەکن و ھەر ھاوبەشن بەس خاڵە زەقەکان پێشخراوەو جەختی لێکراوەتەوە، کەواتە پرسیارەکان ئەمەن: بۆ لەوکاتەوە دوورودریژەی ساڵ و چەندێکە، کاری بۆ نەکرا و ھەر دنگ وفنگی پێوە کرا؟ ئێستاکە لەم ماوە کوورتە وەختە ھەڕەشەی قبوڵنەکردنیشی لە چەند ڕۆژی تردا بەدوا بێت و لەچاوەڕوانیشدایە، زۆر دوورە سەربگرێت و ھیچ ئەمەلێک و ئیجابیەتیش ڕەنگە وا بۆی دەچێت نەبینرێت.
– بەھەرحاڵ، یان بڕیاری حیزبەکان ھەڵە بووەو دەبێت لەکاتی خۆیدا دوابخرێت، یان دەبێت تەوافوقی سیاسیی کە باسی لێوە دەکەن جێبەجێ ببێت لە ئەدایەکی نیشتیمانی وا گەورەدا، یانیش گەر بڕیارەکە کەلام خوداییەو دەبێت ھەر لە ٢٥ی ٩دا، بکرَێت و جێبەجی ببێت و ئەم شتانەو قسەو ڕێکەوتن و پەیام و کۆبوونەوانە باچیتر خۆمان مەشغوڵ نەکەین و بیر لە پاشی ئەو بە سەرکەوتن یان نەکەوتنی ڕیفراندۆمەکەمان بکەینەوە، کە ھەر دوو حاڵەتدا من مەترسییەکە ھەر دەبینم و حەزەری زۆری حیزب و سەرکردەکان وڵاتانی دونیاو دراوسێش شتی باشی لێ نابینرێت ونایەتە بەرچاو.
ھەموو ئەگەرێکی تریش کە وابێت کراوەیەوەو لە پاشی ئەم وتارەش بە سەدان وتاردا دەتوانێت بگووترێت و بخرێتە ڕوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.