دوای ڕیفراندۆم چی ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 665 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ماوەی ٣ مانگ زیاترە ھەموانمان سەرقاڵی باسوخواسی ڕیفراندۆم بووین بۆ سەربەخۆی کوردستان و ھەموانمان لە ترس و دڵڕاوکێدا دەژیاین، پێکەوەش لە کەشوھەوایەکی گەرمی بەرەی بەڵێ و نەخێردا تۆمەت و ناوزڕاندن و ھەندێکجاریش تۆوی دووبەرەکی و..ھتدمان. بە ئگادایی یان بێئاگایی دەچاند. و لەناوخۆدا ئەوەی کە پێویست بوو بکرێت لە پێکەوەنانی بەرەیەکی ناوخۆیی یەکگرتوو و پتەو لە یەک دەنگی و کۆدەنگیدا نەتوانرا چێ بکرێت، لە دەرەوەی ھەرێمیش لەناوچەکە و دونیاشدا بەرەیەکی دژی ڕیفراندۆم و خواستەکانی کورد ئامادەگی گەرموگوڕ و جدیان ھەبوو بەوەی کە دوابخرێت یان نەکرێت و تەنانەت لەلایەن وڵاتانی دراوسێی و داگیرکەرانی کورستانیشەوە جۆرەھا ھەڕەشە و گوڕەشەی سیاسی و ئابوری و سەربازیان لێدەکردین بۆ پەشیمانبونەوە لە چێکردنی ڕیفراندۆم.
بۆیە بەڕاستی کەشوھەوای سیاسی و دەروونی ئەم ٣ مانگەی ڕابووردوو زۆر مەترسیدار و نائارام و ترسێنەر بوو.بەڵام کورد چی کرد؟
بۆ یەکەم جارە سەرکردایەتی سیاسی کورد بەو پەرشوبڵاوی و ڕاڕایی و جیاوازی بۆچوون و ڕێکنەخستنی نێوماڵی خۆیدا، کە ھیچ مژدەبەخش نەبوو بۆ سەرگرتن و سەرخستنی پڕۆسەیەکی وا گرنگ و چارەنوسساز ،بەڵام توانی بەسەر ھەموو جیاوازیەکاندا بازبدات و بتوانێت بڕیارێکی نەگۆڕو کۆنکرێتی بدات بە بەرژەوەندی چێکردنی ڕیفراندۆم و سەرخستنیشی،سەرەڕای بەڵێن و پێشکەشکردنی ھەندێ جێگرەوەی زارەکی لەلایەن گەورەترین وڵاتانی دونیا و نەتەوە یەکگرتوەکانیشەوە. بۆیە ئەم بڕیارە و سەرخستنی پڕۆسەکە بەخاڵێکی زۆر ئەرێنی حساب دەکرێت بۆ ئەو سەرکردە و حیزبە سیاسیانەی کە ڕابەرایەتی و پشتیوانی و بەگەرمی ھەڵسوڕاو بوون بۆ سەرخستنی ئەم ڕیفراندۆمە و بەلاپەڕەیەکی ڕۆشنیش بۆیان حساب دەکرێت، بەپێچەوانەشەوە ھەموو ئەو حیزب و سەرکردە و لایەن و گروپانەشی کە دژی ڕیفراندۆم بوون ئەوا بەدڵنیایی دەچنە بەرەی دژ بە بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی گەل و نیشتیمان و نەتەوەوە و لەمێژووشیاندا بە لاپەڕەیەکی ڕەش تۆمار دەکرێت.
لەئێستادا و دوای سەرکەوتنی پڕۆسەکە و بەدەستھێنانی ڕێژەیەکی بەرزی دەنگی ((بەڵێ)) بۆ ڕیفراندۆمەکە، ئەرکی کورد چیە؟ و دەبێت ھەنگاوەکانی ئایندەی چی بێت؟ و چۆن ئەم دەنگی بەڵێ یە وەبەربھێنێت بۆ بەرژەوەندیەکانی کورد و کوردستان ؟ و سەربەخۆیی کوردستان چۆن ھەنگاوی بۆ بنرێت؟
کورد و سەرکردایەتی سیاسی و حیزبە باڵادەستەکانی ھەرێم چەند ئەرکێکی گرنگیان دەکەوێتە ئەستۆ، کە ئەرکی سەخت و دژوارن لەبەرامبەر قۆناغی پێش ڕیفراندۆمدا و پێویست بە پشوودرێژی و نەرمی نواندن و گوێگرتن بۆ ھەموان و وازھێنان و دوورکەوتنەوە لە عینادی سیاسی و ڕقوکینەی کۆن و پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و کەسی خۆیان و لەسەروو ھەمووشیانەوە دوورکەوتنەوەیە لە غرورو سەرمەستی بەھۆی سەرکەوتنی پڕۆسەکەوە.
• ئەرکی سەرکردایەتی کورد لەناوخۆدا بریتیە لە:
• ھەوڵدان بۆ سەرخستنی پڕۆسەیەکی ئاشتەوایی نیشتیمانی سەرتاسەری لەگەڵ ھەموو سەرکردە و پارتە سیاسیەکاندا.
• گڕوتینی جەماوەر خاو وسارد نەکاتەوە و ئەو متمانەیەی کە تاڕادەیەک دروستبۆتەوە لە نێوان جەماوەری میلەتەکەمان و سەرکردایەتیدا بەگەرموگوڕی بھێڵریتەوە و متمانەیان لەق نەکات و توشی بێئومێدی و دڵڕەنجاویەکی تریان نەکاتەوە.
• ھەوڵ و کاری جدی بکات بۆ بەدامەزراوەیکردنی سەرجەم ئۆرگانەکانی حوکمڕانی لەھەرێمداو ھەوڵی دووبارەکردنەوەی ھەڵەکانی ڕابووردوو نەدات دژی دامەزراوە شەرعیەکانی حوکمڕانی لە کوردستاندا. بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی ژێرخانی حوکمڕانی دەوڵەتە سەربەخۆکەی ئایندەمان.
• تابتوانێت دەستبگرێت بەبنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوەکارکردن و ڕێزگرتن لەمافی کەمینەکانی ناو ھەرێمی کوردستان.
• ھەوڵی جدی بدات بۆ دامەزراندن و پێکەوەنانی حکومەتێکی ڕەشید کە بتوانێت داھات و سەروەت و سامانی وڵات بخاتە خزمەتکردنی جەماوەر و دووربکەوێتەوە لە گەندەڵی و ناشەفافیەت و ھەوڵی خۆشگوزرانی و خزمەتکردنی ھاونیشتیمانیان بدات.
• ھەوڵی نوسینەوەی دەستورێکی مۆدێرنانە بدات بۆ ھەرێمی کوردستان بەھێمنی و لەسەرخۆ و دوور لە دروستکردنی بارگرژی و ھەستیاری لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە ،بەپێچەوانەی ئەوەی کەلە ڕیفراندۆمدا کردمان.
• ئەرکی سەرکردایەتی کورد لە گەڵ بەغداد بریتیە لە:
• دەستکردن بە گفتوگۆیەکی ھێمنانە و لێپرسراوانە و جدی لەسەر ئەنجامی ڕیفراندۆم و چۆنێتی دانانی پلانێکی ھێمنانەی دوور لە گرژی و ئاڵۆزی نانەوە بۆ خۆ ئامادەکردنی ھەردوولا بۆ ئایندەیەکی نوێ و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابونەوە، و دەکرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تازە سەربەخۆ یان ھەلومەرجی جیابونەوە و ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانیەکان بدرێت لەدونیادا.
• پێویستە گفتوگۆیەکی بوێرانە و ڕوون و ئاشکرا بێت لەسەر ھەموو مەسەلەکانی (( سنور و نەوت و پێشمەرگە و داھات و ئاو و ئاسمان و ..ھتد.) کە ھەموو ئەمانە پایەی گرنگن بۆ بەردەوامی دەوڵەتە سەربەخۆکەی ئایندەمان. کە ھەموو ئەم ئەرکانە زۆر سەخت و دژوارن و پێویست دەکات تاتبتوانرێت دوور لە جەنگ و پێکدادان بکرێت.و لە ژێر سایە و چاودێری زلھێزەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانیشدا ئەنجام بدرێت،چونکە عێراق و دەسەڵاتدارانی عەرەبی بە سانایی دەستھەڵناگرن لەم ھەرێمی کوردستانە.
• ئەرکی کوردە کە لە دەسەڵاتدارانی بەغداد بگەیەنێت کە کورد و دەوڵەتەکەی ئایندەی دەبێتە دراوسێیەکی باش، نەک بەم شێوەیەی ئێستا نەشەریک و نە بەشدار و نە خاوەن ماڵ و نە دراوسێیەکی باشە بەڵکو ھەردوولا لە جەنگ و ململانێیەکی نەبڕاوەدا دەبن کە بە زیانی گەورە بۆ ھەردوولا دەشکێتەوە.
• ئەرکی سەرکردایەتی کورد لەبەرامبەر وڵاتانی داگیرکاری کوردستان لەناوچەکە و ئەوانی تریشدا بریتیە لە:
• دەبێت ھەموان تێبگەیەنرێت کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ئایندەدا بریتیە لە دراوسێیەکی باش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەسەروەری ھەردوولا و پەیوەندی باشی دراوسێیانە و ئەم دەوڵەتە نابێتە مایەی ھیچ ھەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی ئەوان ، بەڵکو دەبێتە ھاوکار و پشتیوانی ھەموان لەگەشە و پێشکەوتنی ناوچەکە و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ وڵات و گەلانی ناوچەکە .و ھەموانیش لەناوچەکەدا ھەمان چارەنوس و مەترسی و ئاڵنگاری بەرەو ڕوویان دەبێتەوە و پێویستیشە ھەموان پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان. ھەموو ئەم کارانەش دوور لە زمانی ھەڕەشە و بەکارھێنانی چەک و جەنگ و گەمارۆو گەلەکۆمەکی دوژمنکارانە دەبێت .
• ئەرکی سەرکردایەتی کورد لەبەرامبەر وڵاتانی زلھێز و نەتەوە یەکگرتوەکانیشدا بریتیە لە:
• دەبێت کورد بەڵێن و پابەندبوونی خۆی دووپاتبکاتەوە بەوەی کە بەردەوام دەبێت لەبەرەی دژ بە تیرۆریستان و لە جاران زیاتر گەروموگوڕ تر و مکوڕتر دەبێت لە دژی داعش و ھاوشێوەکانی.
• ھیچ کات دژ بە پلانی ئەوان و بەرژەوەندیەکانیان ناوەستێتەوە .
• وەک دەوڵەتێکی یاسایی و ئەندامێکی کارا و ئاکتیڤی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامەڵە دەکات و خۆ دەپارێزێت لە توندوتیژی و زمانی زبر و ھەڕەشە.
• کاریش دەکات بۆ پاراستنی ژیان و مافی کەمە نەتەوە و ئاینی و مەزھەبیەکان لەکوردستاندا .
• دەشبێتە ئەندامێکی چالاکی نەتەوە یەکگرتوەکان و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا ھەڵسوکەوت دەکات.
بەم شێوەیە کورد لەئایندەدا دەبێت لەجاران زیاتر ڕووی پرشنگدار و دیموکراسیەت و ئازادیەکان و شارستانێتی خۆی پیشان ھەموان بدات و وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سیادە و چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکان خۆی نمایش بکات نەک وەک وڵاتێکی دەرچوو لەیاسا و ھەڵگەڕاوە لە خواست و یستە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان، پێویستە زیاتر پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی خۆی گەشەپێبدات لەگەڵ ھەمواندا.
بۆیە کور د و سەرکردایەتیەکەی لە دوای سەرکەوتنی ڕێفراندرمەوە ئەرکەکانی ئێجگار سەخت و دژوارتر دەبێت،چونکە گەر نەتوانرێت ئەم ئەنجامە دڵخۆشکەرەیەی ڕیفراندۆم وەک کارتێکی بەھێز وەبەربھێنرێت بۆ بەرژەوەندیەکانی ئایندە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ،ئەوا تەنھا وەک مەرەکەبی سەرکاغەز دەمێنێتەوە و بوون و نەبوونی وەک یەک وادەبێت.
بۆیە گرنگترین ھۆکار بۆ بەردەوامبوون لەسەرخستن و ھەنگاونانی زیاتر بۆ پێشەوە بریتیە لە یەکڕیزی نیشتیمانی و نەتەوەیی و کۆدەنگی و پێکەوەکارکردن و ئاشتەوایی نێوخۆیی و لەدەستنەدانی متمانەی زیاتری جەماوەری گەلەکەمان و ئامادەسازیش بکرێت بۆ ھەموو ئەگەرە چاوەڕوان نەکراوەکان کەلەلایەن وڵاتانی دەرودراوسێوە دژمان ئەنجام بدرێت،کە خۆشبەختانە ئەم سەردەمەی جیھان و بەرژەوەندیە ئابوریەکان ھێندە تێکچڕژاون کە ئاسان نیە وڵاتانێک پەلاماری سەربازی گەل و نیشتیمانێکی تر بدەن بە بەرچاوی زلھێزەکانەوە جەنگ و شەڕێکی نەخوازراو ھەڵبسێنن و بەتایبەتیش لە ئێستادا کە زلھێزەکان لەئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپیەکان ھێزی زۆر و زەوەند و ئامادەیان ھەیە لەناوچەکەدا.
بۆیە ھەموو ئەم ئەرکانە کاری جدی و لەخۆبووردن و پێکەوەکارکردنی زیاتری دەوێت دوور لە عینادی سیاسی و حساب بۆ نەکردنی یەکتری .دەبێت ھەموان ئەو ڕاستیەش لە بیر نەکەن کە ئەم سەرکەوتنەش بۆ ھەموانە و تایبەت بە کەس و حیزب و لایەنێکی دیاریکراو نیە،خۆئەگەر کۆدەنگیەکی باشتر و ئامادەسازیەکی لەبارتربکرایە ئەوا دەکرا ڕێژەی دەنگی(( بەڵێ ))کان بەرزتر و بەھێزتر بوایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.