لە ریفراندۆمدا چی گوزەرا و چ راستیەک دەرکەوت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 635 جار بینراوە

سەلاح زانا _ رانیە

بارزانی دوو بەرژەوەندی گەورەی لە ئەنجام دانی ریفراندۆمدا هەبوو یەکەم : راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بۆ ئەو ببێتە شانازیەکی کەسی لە مێژوودا دووەم : دەستەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەی توندتر بسەپێنێ بەسەر هەرێمی کوردستاندا .
هەڵەی گەورەی بارزانی لە پرسی ریفراندۆمدا لەوەدا بوو ، سەرکردایەتی کورد ئامادەسازی پێویستی نەکردبوو بۆ ئەم پرسە گرنگە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا . هەرچەندە چەندین لایەن و کەسایەتی بارزانیان لەوە ئاگادار کردەوە ، کە کاتەکە گونجاو نیە بۆ ئەنجام دانی راپرسی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی ، بەڵام بارزانی سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی .
یەکێتی نیشتیمانی و یەکگرتووی ئیسلامی ، بەبێ رەچاو کردنی خوێندنەوەیەکی بابەتیانە بۆ دۆخەکە ، پشتیوانی بارزانیان کرد لە پرسی ئەنجام دانی ریفراندۆمدا . بەمەش دەرکەوت کە ئەم دوو لایەنە ، تارادەیەکی زۆر لە رووی بەرژەوەندی سیاسیەوە ، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هەژموونی بارزانیەوە . دوور نیە ئەم هەڵوێستە سیاسیەیان ، بە رادەیەکی زۆر کار بکاتە سەر پێگە جەماوەریەکەیان .
بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە رووی پرنسیپەوە لەگەڵ ئەنجام دانی راپرسی نەبوون لە ئێستادا ، بەڵام کێشەی ئەوان زیاتر لەگەڵ کاریگەری رۆڵی ( بارزانی ) بوو لە پرۆسەکەدا ، کە دەیانەویست لە رێگەی ئەم پرۆسە نیشتیمانیەوە ، شکۆمەندی بۆ پەرلەمان بگەڕێننەوە . فشارەکانی ئەم دوو لایەنە و رەخنەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پەکخستنی پەرلەمان لە لایەن پارتیەوە ، بارزانی ناچار کرد رازی بێ بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە هەمان دەستەی سەرۆکایەتیەوە .
ئامانجی سەرەکی پارتی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان ، پێدانی شەرعیەتی یاسایی بوو بە بڕیاری ئەنجام دانی ریفراندۆم ، ئەم ئامانجەشی هاتە دی . هەروەها تارادەیەکی زۆریش ، رەخنەی پەکخستنی پەرلەمانی لەسەر خۆی لابرد .
کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان ، کە نەچوون بۆ نێو کۆمسیۆنی باڵای ریفراندۆم و لە پەرلەمانیش بڕیاری ئەنجام دانی پرۆسەکەیان پەسەند نەکرد ، ئەم هەڵوێستەیان گونجاو بوو لەگەڵ تێڕوانینیان بۆ پرسەکە ، کە پێیان باش بوو لە ئێستادا ئەنجام نەدرێ . بەڵام دوای ئەوەی کە پرسەکە بوو بە ئەمری واقیع ، پێویست بوو لە سەریان کە هەڵوێستی یەکلا کەرەوەی خۆیان رابگەێنن . کۆمەڵ توانی هەڵوێستی خۆی یەکلا بکاتەوە ، رایگەیاند لە ریفراندۆمەکەدا پشتگیری لە ( بەڵێ ) دەکەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان . بەڵام گۆڕان نەیتوانی هەڵوێستی خۆی یەکلا بکاتەوە ، وە ئەندام و لایەنگرانی سەرپشک کرد لە چۆنیەتی دەنگ داندا . ئەمەش شکستێکی سیاسی گەورە بوو بۆ گۆڕان ، چونکە رێکخراوی سیاسی پێویستە لە پرسە چارەنووس سازەکاندا ، بچێتە ژێر باری بەرپرسیاریەتی و هەڵوێستی سیاسی خۆی یەکلا بکاتەوە .
بزوتنەوەی نەخێر لە ئێستادا بۆچوونی وابوو ، کە هەم ئەنجام دانی راپرسی لە ئێستادا گونجاو نیە و هەمیش ئامانجی بارزانی لە پرۆسەکەدا دروست کردنی دەوڵەتی کوردی نیە ، بڕیاریدا پشتگیری لە دەنگی ( نەخێر ) بکات . ئەم هەڵوێستەی بزوتنەوەکە مشتومڕێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا ، بەڵام سوور بوونی بزوتنەوەکە لەسەر هەڵوێستەکەی ، بوێریەکی سیاسی گەورە بوو . بە تایبەتی کە ئەوەیان راگەیاند ، نەخێرەکەی ئەوان بۆ بەگژا چوونەوەی خراپی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتە لە لایەن دەستەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ، نەک بۆ دژایەتی کردنی سەربەخۆیی کوردستان .
بەر لە ئەنجام دانی ریفراندۆم ، فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان زۆر زیادیان کرد لەسەر بارزانی ، بە ئومێدی پاشگەز کردنەوەی لە بڕیاری ئەنجام دانی پرۆسەکە . تورکیا و ئێران بە ئاراستە کردنی چەندین هەڕەشەی گەورە ، هەوڵیاندا سەرکردایەتی باشوری کوردستان لە ئەنجام دانی پرۆسەکە پەشیمان بکەنەوە . ئەمریکا و ( ئەنجومەن ئاسایش ) یش بە چڕی هاتنە نێو پرسەکە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجام دانی پرۆسەکە راگەیاند . ئەنجومەنی ئاسایش لە باری ئەنجام نەدانی راپرسیەکە ، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی وتووێژ لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیدا . بەڵام بارزانی کە بەرژەوەندی لەوەدا نەبوو لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا بگاتە رێک کەوتن لەسەر پرسەکانی بودجە و نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان ، ئەم پێشنیازەی نەتەوە یەکگرتوەکانی پشتگوێ خست کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانیەکی زۆری لێ دەکرا . فەرامۆش کردنی هەڕەشە و پێشنیازەکانی وڵاتانی هەرێمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لایەن بارزانیەوە ، هەڵەیەکی سیاسی زۆر گەورە بوو . چونکە سەرکردایەتی باشوری کوردستان ، بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ، هەرگیز ناتوانێ رووبەڕووی هەڕەشەکانی دەرەوەی خۆی بێتەوە . بە تایبەتی کە لە ئاستی ناوخۆدا ، لە رووی سیاسی و ئابوریەوە هەرێم لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە .
فشارە هەرێمی و دەرەکیەکان لەسەر یەکێتی نیشتیمانی ، بوونە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و دووبەرەکی لەنێو سەرکردایەتی حیزبەکە لەسەر پشتگیری کردن و رەت کردنەوەی پرۆسەکە . هەرچەندە چەندە رۆژێکی کەم بەر لە بەڕێوەچوونی راپرسیەکە ، مەکتەبی سیاسی یەکێتی داوایان لە بارزانی کرد بە پێشنیازەکەی ئەنجومەنی ئاسایش رازی بێ ، بەڵام دوای ئەوەی بارزانی بە پشتیوانی هەندێ لە سەرکردەکانی یەکێتی سوور بوو لەسەر ئەنجام دانی پرۆسەکە ، یەکێتی بە ناچاری پشتگیری لە راپرسیەکە کرد . ئەم رارایی و فرە هەڵوێستیەی سەرکردایەتی یەکێتی ، بەڵگەیە لەسەر لەرزۆکی سەرکردایەتی حیزبەکە لە پرسی بڕیاردان و یەکلا کردنەوەی کێشە سیاسیەکاندا .
وەک چاوەڕوان دەکرا لە راپرسیەکەدا ، ساختەیی و پێشێلکاریەکی زۆر ئەنجام درا لە لایەن دەستەڵاتی سیاسیەوە لە بەرژەوەندی دەنگی ( بەڵێ ) دا . ئەمەش بە مەبەستی شاردنەوەی رێژەی بەشداری نەکردنی دەنگ دەران و کەم کردنەوەی رێژەی دەنگەکانی ( نەخێر ) . سەرەڕای ئەمەش لە پارێزگای سلێمانی ، رێژەی بەشداری کردن لە پرۆسەکەدا ( ٥٠٪ ) بوو ، وە دەنگی ( نەخێر ) ( ۱۹ ٪ ) بوو . ئەمەش بەڵگە بوو لەسەر بێ متمانەیی خەڵک بەرامبەر بە پرۆسەکە و حیزبە سیاسیەکان .
ژمارەیەکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدا بوون ، کە بارزانی لە ژێرەوە رێکەوتنی هەیە لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان بۆ پشتیوانی کردنی راپرسیەکە . چونکە بەگژا چوونەوەی خواستە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لە لایەن بارزانیەوە ، بەبێ هەبوونی پشتیوانیەکی ژێربەژێر ، زیاتر ئاماژەیە بۆ خۆکوشتنێکی سیاسی و ساویلکەیی لە هەڵسەنگاندنی هاوکێشە سیاسیەکاندا .
دوای ریفراندۆم ، تورکیا و ئێران و عێراق ، بە شێوەیەکی فرەوان دەستیان کردوە بە ئامادەکاری بۆ جێبەجێ کردنی کۆمەڵێ رێکاری سزایی دژ بە هەرێمی کوردستان . کە ئەگەر ئەم رێکارانە بە تەواوی لە دژی هەرێم جێبەجێ بکرێن ، ئەوا ئایندەی حوکمڕانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا رووبەڕووی مەترسیەکی زۆر گەورە دەبێتەوە . لە بەرامبەر ئەم دۆخە ترسناکەی کە دروست بووە ، بارزانی و بانگەشەکەرانی ریفراندۆم بە دەنگێکی زۆر کز و شەرمنەوە کەوتوونەتە تکا و پاڕانەوە بۆ خۆ دەرباز کردن لەژێر کاریگەری هەڕەشەی وڵاتانی هەرێمی . وە بەردەوام ئەوە دووپات دەکەنەوە ، کە ئامانج لە ریفراندۆم راگەیاندنی سەربەخۆیی و دیاری کردنی سنور نیە . ئەمەش بەڵگەیە لەسەر راستی ئەو بانگەشەیەی نەیارانی ریفراندۆم لە کوردستاندا ، کە دەیانوت ئەم ریفراندۆمە بۆ دروست کردنی دەوڵەتی کوردی نیە . بێگومان لە کاتی شکست هێنانی ئامانجی ریفراندۆم و خراپتر بوونی دۆخی هەرێمی کوردستان ، بارزانی و سەرکردەی ئەو حیزبانە بەرپرسیار دەبن کە پشتیوانیان لە ئەنجام دانی راپرسیەکە کرد .
گەورەترین ئەو راستیەی کە بەهۆی ریفراندۆمەوە دەرکەوت ، ئەوە روون بوەوە کە بارزانی و حیزبەکەی تارادەیەکی زۆر توانای ئەوەیان هەیە کە ئیرادەی خۆیان بسەپێنن بەسەر هەرێمی کوردستاندا . وە سەرەڕای زۆری ئەو تێبینیانەی کە لە بارەیەوە هەیە ، دەرکەوت کە بارزانی بە هێزترین سەرکردەی سیاسیە لە باشوری کوردستاندا .
ریفراندۆم ئەم راستیەشی دەرخست ، کە پێگەی جەماوەری حیزبە سیاسیەکان بە رادەیەکی بەرچاو لاواز بووە . چونکە هەرچەندە حیزبەکان لەگەڵ دەنگ دان بوون بە ( بەڵێ ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، بەڵام هەم رێژەی بەشداری کردن بە پێی پێویست نەبوو ، هەمیش ژمارەیەکی بەرچاوی دەنگ دەران بە ( نەخێر ) دەنگیاندا . وە پێویستە ئەو راستیەش لەبەرچاو بگرین ، کە ژمارەیەکی زۆر لەوانەی کە دەنگیان بە ( بەڵێ ) داوە ، بەهۆی کەوتنە ژێر کاریگەری هەستی کورد بوونەوە بووە ، نەک بەهۆی پاڵنەری حیزبی .
وە تاکە سودی ئەم ریفراندۆمە کە هیچ مشتومڕێ هەڵناگرێ ، ئەوەیە کە کورد ویستی خۆی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگەیاند . وە لەمەو دوا هیچ حیزبێکی کوردی ناتوانێ لە ئامانجە سیاسیەکانیدا خواستی سەربەخۆیی فەرامۆش بکات . دەبێ دان بەو راستیەشدا بنێین ، کە لە ئێستادا رێبەری بانگەشەی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستاندا مەسعود بارزانیە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.