هەڵۆکانی ئەم شارە لە لە لوتکەدا نەبن ئۆقرە ناگرن

لەلایەن ستاندار Posted on 711 جار بینراوە

حەمە ئازاد بەرزنجی

هەر لە گواستەوەی پایتەخت ، لە قەڵاچۆلانەوە بۆ سلێمانی ، بابانەکان پێشتر بیریان لە دروستکردنی شارکردۆتەوەو پلانیان هەبوە .بۆیە لەشارەکانی دی کوردستانەوە کەسانی دەستڕەنگین و وەستای شارەزایان هێناوە . بە پلان بون بۆشیوازی خانوەکان وشوێنی نیشتەجی بون و دروستکردنی کوچەو کۆڵان ، قەیسەری و بازاڕ، قوتابخانەو حوجرەو مزگەوت، بۆحەمام و خان و سەرقەبران و چەندان و چەندانی دی .
لە دیاریترینیان مزگەوتی گەورە بوە کە شوێنی تەقواو تەکیەو مەڵبەندی زانستی ئەوکاتە بووە .کە لەلایەن ( شێخ مارفی نۆدێ ) ەوە بەڕێوە براوە . کاتێ شێخ کۆچی دوایی دەکات ، وەک منەوەرێک و ڕابەرێکی ئایینی لە گردێکی بەرز لە نزیک شار بەخاکی دەسپێرن . کە ئیستا هەر بەناوی خۆیەوە ناو زەددەکری ، کە بە شێکە لە گردی سەیوانی گەورەو مەزن .
ئێستاو ئەوسا بوە بە دیاردەو کلتورێکی باو ، چ لە کوردستاندا بێت بە گشتی و چ لە سلێمانی ناوچەکانی چواردەوریدا بێت بە تایبەتی، بۆ ڕێزلێنانی زیاتر لە مردوەکان و گەشمردەکان و نەوجەوانان و کەڵە پیاوان ، بە خاکسپاردن لە گردەکان و شوێنە بەرزەکاندا بەڕێوە دەچێت . جابۆیە لامان سەیر نەبی کە گردەکانی سلێمانی لە پێشەوە دەبنە ئارامگە و دوا مەزڵگەی منەوەران و پیر و شێخانی تەریقەت و شاعیران و هونەرمەندان وشۆڕشگێران و کەڵە پیاوانی سیاسی و ڕوناکبیرەکانمان .
دیارە ئەم کەڵە بەرزانە هەڵۆ ئاسا هەر لە لوتکەو دوندا نەبێ ، ئارام ناگرن و ڕۆحیان ئۆقرە ناگرێ . دەبا سەیرکەین ئەوە گردی سەیوان ، گردی شەهیدان ، گردی گاوران ڕەمز و جێنزرگەی کەریمی عەلەکە ، گردی شێخ محێدین، گردی جۆگە ، گردی شیخ فەتاح و شێخ ئەحمەدی هندی و شێخ هەباس ، گردی سەلیم بەگ و کانی شەکرا و گردی گوڵان ( گردی مامەیارە ) .
هەر بۆیە ڕۆحیانەتی مام جەلالیش ، هەڵۆ ئاسا لە کەلکانی بناری کۆسرەتەوە دای لە شەقەی باڵ و سەری دابان و قەندیل و سەفین و هەیبەت سوڵتان و هەمو دوند و لوتکەی شاخەکانی کوردستانی تەی کردو گەڕاو گەڕا تا لە دامێنی چیای ئەزمەڕ و گۆیژەدا ، لەنگەری گرت ولە گردی دەباشان بەرامبەر پیرە مەگرو نی جێنزرگەی ( تۆفیق وەهبی ) وشاخی بەرانان هەڵکورما .
ئەم هەڵفڕین و هەڵکورمان ونێشتنەوانە، نامۆ نین بەم شارە . ئەی دوێنێ نەبو هەڵۆ یەکی دی سەرباڵ نیللی گەردن سەوز ،( کاکە نەوەکەی هاوڕێ و هاو خەباتی مام جەلال ) لە گردی زەرگەتەدا ئارامی گرت . ئەی نابینن پیرە پیاوە بیرمەندە ڕیش سپیەکە ( پیرەمێردی فەیلەسوف )لە گردی گوڵانەوە لە تەنیشت مامەیارەوە هاوار دەکات ، بۆ ئەوبەر خۆی لە گرد سەلیم بەگ دەڵێ هۆ کاکە ( بلە) ی ڕۆماننوس ، خاوەنی شیرین بەهارە ، بۆ جاری سەرێ ناکێشی بۆ نێو ئەم هەوارە ، بۆ گردەکەی مامە یارە ، تا بزا نی چەند شیرین و چەند نازدارە .
هەر لەوبەرەوە لە گردی سەیوانەوە بێکەس و گۆران و مەستورە خان ، دەست لە ناو دەست لەگەڵ گەشمردەکانی گردی شەهیدان ، هاواردەکەن لەپارکی ئازادی و دەڵێن کاکە شێرکۆ تۆ بۆ بێدەبگی دەهەستەوە ، دەهەستەوە ، لاوکێ ، حەیرانی بۆ ئەم کۆستە بهۆنەوە ، و ڕوبکەرە قاپی مزگەوتی گەورەو لای کاک ئەحمدی شێخ نزایەک بکەو بەمەلیکی کوردستان بڵێ ، شێخی نەمر ، لە منارە بەرزەکەوە بانگی ئازادیمان بۆ بدە ، با لەم خەوە بێدار بینەوە ..
دەڵین کاتی خۆی مێجەر سۆن حاکمی عەسکەری ئینگللیز لەسلێمانی ، جارێک چوە بۆ گردی سەیوان ، لەو بەرزیەوە سەیری ناو شار دەکات . دیمەنێکی زۆر جوانی بوە ، هەمو ماڵەکانی سلێمانی لێوە دیار بوە. وتویەتی ئێوە شوێنی مردوەکانتان لە شوێنی دانیشتنی خۆتان زۆر بەرزتر و خوشترە . دیارە ئێوە مردو پەرستی زیند و کوژن . پێیان وتوە ، ئاخر قوربان ئیمە زۆر لە مردوەکانمان کاتی مردنیان نەبوەو هە بەلاوی شەهید بون و گەشمردەن ، یان کەڵە پیاو وڕۆشنبیرو بە نرخ بون ، لەکاتی خۆی ، خودی خۆیان لە ئێمە زۆر ڕێزدارتر بون . کەڵی سەردەمی خۆیان بون . ئاخر ئێمە حسابی مردو بۆ ئەوانە هەرگیز ناکەین . ئەونە تەنها بەلاشە مردون بە بیر ماون ، ڕیبازەکانیان لەگەڵ ئێمەدا بەردەوامن .
ئیمەی خەڵکی ئەم شارە نەوەی بابانین. نەوەی شێخ مارف و کاک ئەحمەدو نالی و سالم و کوردیین. ئیمە نەوەی پیرەمێردو بێکەس و گۆرانین. نەوەی زێوەرو شیخ نورری و شێرکۆو مستەفا پاشاو ئەمین زەکی و برایم ئەحمەدو مام جەلال و کاک نەوشیروانین . لای ئێمە ئەمانە پیر مانن ، شێخمانن ، گەورەمانن، موقەدەسمانن. دەست لە یەخەیان بەر نادەین و هەر هەمو کاتی لە یادمانن، لەگەڵمانن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.