بایز رەشید ئەمین
تاڵەبانی ویڕای ئەوەی کە زیاترلە شەست ساڵ تەمەنی لە خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەپارێزیدا بەخشی و بەشداری چالاکانەی لە دو گەورەترین حزبی کوردیدا کردوە. وە هەروەها خۆی لە دامەزراندنی حزبێکی گەورەی وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا بینیەوە. پاشان لەسەر ئاستی عێراق پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ ماوەی هەشت ساڵ، بەدەنگی زۆرینەوەی ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق بە کورد وعەرەب و نەتەوە جیاوازەکانی تر بەدەستهێنا. تاڵەبانی بەگوتەی زۆرێک لە میدیا ناوچەیی و جیهانییەکان بە سەرکردەیەکی سەرکەوتو هەژمار کراوە.
تاڵەبانی بەهۆی ئەوەی کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق بوە، دەکرا مەراسیمی ماڵئاوایی تاڵەبانی لە سەرئاستی سەرۆک کۆمار مامەڵەی لەگەڵدا کرابا، بەشێوەیەک کە سەرۆکی وڵاتانی بیانی بەشداریان کردبا. کە ئەمەش تەنها لەبری ئەوەی کە یەکێتی و بنەماڵەکەی بەم کارە هەڵسن، ئەم ئەرکە پێویست بو، بخرێتە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ. لەم رێگەیەوە لە سەر ئاستی عێراق دەتوانرا لێکنزیکبونەوەیەک لە نێوان هەرێم و بەغداد دروست بکرێت .هەروەها لەسەرئاستی ناودەوڵەتیش چەندین سەرۆکی بیانی بەشداری مەراسیمەکەیان دەکرد و زەمینەی گفتوگۆ دەڕەخسا.
دواجار لە مەراسیمی کۆچکردنەکەیدا، تاڵەبانی لەبری ئەوەی وەک سەرکردەیەکی گەورەی عێراقی مامەڵە لە گەڵ پرسەکەیدا بکرێت، مەراسیمی کۆچکردنەکەی لەبری بە نیشتیمانیکردن و کردنەوەی دەروازەکانی گفتوگۆ لەگەڵ ناوند و ناوچەکە و جیهان پرۆسەی مەراسیمەکەی لە چوارچێوەیەکی تەسکی لۆکالی و حزبی و خانەوەدییدا بەرجەستەکرا.
بەڵام وەک هەمیشە لێکدانەوەی بیری دەسەڵاتدارانی هەرێم و ستراتیجیەتی کارکردنیان ئەوەندەی لەسەر بەدەسەتهێنانی دەنگی مێگەلی ناوخۆیی بوە ، ئەوەندە بیر وهۆشیان بەلای دیبلۆماسیەتی ناودەوڵەتیدا نەڕۆیشتوە ، سنوری سیاسەت و دیبلۆماسیەتیان لە چوارچێوەی هەرێمدا چڕکردوەتەوە. بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەلی ئەوەیان بۆ رەخسا بو لە رێگەی تەرمی تاڵەبانیەوە دیبلۆماسیەتی دیالۆگ بخەنە گەڕ، بە شێوەیەک دەکرا میوانداری بۆ تەواوی لایەنە عێراقی و بیانیەکان رێکبخرێت وەک سەرەتایەک بۆ گفتوگۆکانی ئایندە و دەربازکردنی هەرێم لە قەیرانە کەڵەکەبوەکانیدا..
سەرکەوتنی دیبلۆماسیەت لەوەدایە کە بتوانرێت، هەلەکان بە شێوەیەک بقۆزرێنەوە کە ئاشتیانە ناکۆکی و ململانێکان بەسودی پرسە نیشتیمانیەکان یەکلاییبکرێنەوە. بۆیە پرسەی تاڵەبانی پێویست بو راستەوخۆ لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە سەرپەرشتی کرابایە و تەواوی گەلی عێراق بەشداریپێکرابا . بەشێوەیەک بەغداد دەیتوانی میوانی زیاترو لە سەرئاستی باڵا سەرۆک وڵاتان بانگهێشتبکات و فرۆکەخانەی سلێمانی بۆهاتنی شاندەکانی میوان بکاتەوە، سەردانی شاندی بیانی دەرفەتی گفتوگۆی واڵا دەکرد بۆ چارەسەری زۆربەی کێشەکان . بە نمونە محمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین سەرەرای ناکۆکی و گەمارۆی ئیسرایل بۆ سەر گەلی فەلەستین ، لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی شەمعون پیریزدا لە ئۆرشەلیم بەشداریکرد. لەم رێگەیەوە لەگەڵ نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ئسرائیل گفتۆگۆیان ئەنجامدا ، کە دواجار بە سودی فەلەستینیەکان شکایەوە.
لێرەدا نازانرێت بۆچی ئاستی مەڕاسیمی ماڵئاوایی تاڵەبانی وەها بچوککرایەوە کە لە کاتێکدا دەکرا دەیان سەرۆک وڵات بەشداربن و هەرێم جارێکی تر بە دیبلۆماسیەتی ناودەوڵەتیەوە گرێبدرێتەوە. چەندین دیدار دەتوانرا سازبکرێن، بۆیە بەم شێوە بەلۆکالیکردنەی مەراسیمی تاڵەبانی هەم لەسەرئاستی نیشتیمانی کورد هەلێکی گەورەی لە دەستخۆیدا لە هەمانکاتیشدا پێگەی تاڵەبانی تەواو بچوککرایەوە لە سەرۆک کۆماریەوە بۆ سەرۆکی شارێک وپارتێک.
مەڕاسیمی دانانی تاجەگوڵینە تەواو پێچەوانەی داب و نەریت و ئەتەکێتی دیبلۆماسی بو، بەشێوەیەک رێزبەندیەکە لەسەر بنەمای پۆست و پێگەی وڵاتان رێکنەخرابو، بەتایبەت باڵوێزی ئەمریکا پێگەی سەرۆکی ئەمریکای هەیە لە دەرەوە ، بەڵام لە مەرسیمەکەدا ئەوە رەچاونەکرا کە ئەمەش شێوەیەک لە ئیستفزازکردنی تیادا بەدیدەکرا، لە هەموی نەشیاو تر بەشداریکردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وسکرتێری پەرلمان لە مەراسیمی تاجەگوڵینەداناندا کە پێویست بو سەرۆکی پەڕلەمان بە تەنها ئەم مەڕاسیمە ئەنجامبدات.
پێچانەوەی تەرمی تاڵەبانی بە ئاڵای کوردستان جگەلە لەپەیداکردنی چەند دەنگێک لە سەرئاستی ناوخۆ هیچیتری لێسەوزنابێت ، بەڵام لە سەر ئاستی رایگشتی عێراقی بەزیان دەوستێتەوە لەکاتێکدا تاڵەبانی سەرۆککۆماری هەمو عێراقیەکان بوە ، لە بننچینەدا بە زۆرینەی دەنگی عەرەبەکان هەڵبژێردراوە. فەرامۆشکردنی ئاڵای عێراق لە کاتێکدا کە هەرێم بەپێی دەستورسەر بە عێراقە، شێوازێکە لە ئستفزازکردنی شەقامی عێراقی و دواجار دەبێتە هۆی هەڵوەرینیی تەواوی ئەو دۆستانەی کە تاڵەبانی بۆ پرسی نەتەوەیی کورد فەراهەمی کردبون.
بەکورتی تاڵەبانی وێڕای کۆی کەمو کوڕیەکانی، لە بەغداد توانیبوی چەندین دۆست و پشتیوان بۆ گەلی کورد دابینبکات. بەڵام هەمو ئەو دۆست ولایەنگرانەی کە لە سەردەستی دیبلۆماسیەتی تاڵەبانی لە شەست ساڵی خەباتیدا بۆ پرسی نەتەوەیی کورد بنیاتنران، لە ماوەی چەند کاتژمێرێک لە مەراسیمەکەدا بەهۆی دەمارگیری و بیرتەسکی و نەزانیەوە لە لایەن بەرپرسانی ئەم هەرێمەوە لەباربران.