پەیامەکەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی

لەلایەن ستاندار Posted on 532 جار بینراوە

 کارزان سەباح هەورامی

(ساڵی 1999 دایە (حەمایل)دایکی سەرۆک بارزانی، دوای گەڕانەوەی سەرۆک مەسعوود بارزانی و کۆچ کردوو سەرۆک تاڵەبانی لە واشنتۆن، هەردووسەرۆکی بۆ ماڵی خۆی بانگ کردوون، سوێندی داون کە چیتر ناکۆکی لەنێوانیان نەبێت)، تاڵەبانی، خۆی لەکۆچی دوای دایە (حەمایل) ئەو بەسەر هاتەی گێڕایەوە، دوای ئەو بەروارە، تا (سەرۆک تاڵەبانی) لەکایەییی سیاسی بوو، هیچ ناکۆکییەک لەنێوان هەردوو حزب نەبوو، تائێرە ئەم ئاشتییە بەزەقی باس نەکراوە، تا ئەو کاتەی لە مەراسیمی بەخاک سپاردنی تاڵەبانی، (سەرۆک بارزانی) بەئاشکرا گوتی: “هیچ کەسێک وە من هەست بەبۆشایی نەمانی مام جەلال ناکات، هەرکاتێک گرفتێک دەبوو بەتەلەفۆنێک یان ئەو بۆ منی دەکرد یان من بۆ ئەوم دەکرد و چارەسەرمان دەکرد”، قسەکانی بارزانی، بە جۆرێک بوو دەرخەری ئەو راستیەبوو کە تاڵەبانی، توانای جڵەوگرتنی سیاسی هەبوو، توانای بڕیاری هەبوو، بارزانی رەنگە دیووی دوەمی قسەکانی لەسەر ئەوەبێت کە تاڵەبانی، بۆ قۆناغی ئێستا زۆر گرنگ بوو، چونکە لەماوەی رابردوو لە بۆشایی تاڵەبانی، ئاستەنگێکی زۆر هاتنە بەردەم سەرۆک بارزانی، رەنگە هەندێک بریاری کاتی خۆی بە تەلەفۆنێک چارەسەر کرابێت، ئێستا دەیان کۆبوونەوەی دەوێت تا یەکلا دەبێتەوە.

بوونی قسەیەکی وا بۆ سەرۆکی هەرێم کەم نییە، رەنگە ئەزموونی هاوبەشی هەردوولا لەو تێگەیشتنەوە بووە، بۆ واقعی کوردستان، چونکە بەشێکی زۆری سەرکردەکانی دوای تاڵەبانی، پرسی واقعیان باش درک نەکردووە، (بارزانی) لە کۆتا ڕۆژەکانی بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سلێمانی دووپاتی ئەوەی کردەوە کە ئەگەر (تاڵەبانی) لەمەیدانی سیاسی بوایە ئێستا زۆرێک لەکارەکان بەسانایی دەڕۆیشتن بەرێرەوی خۆیدا، بۆ ئەوەی یەکێتییەکان دڵی مام جەلال ئاسودە بکەن، زۆر گرنگە یەکڕزی ناوماڵی خۆیان بپارێزن، هەرکەسێکیش شوێنی تاڵەبانی بگرێتەوە لە چوار چێوەی بیرکردنەوەی ئەو لابدات رەنگە دواجار یەکێتی تووشی گرفتی زۆر گەورەببێت، کە بینیمان چۆن تووش بوو.

لێدوانی دووەم لە کاتی کۆچی دوای سەرۆک تاڵەبانی درا لەلایەن (قوباد تاڵەبانی)ەوە بوو، ئەو لەسەر گڵکۆی باوکی گوتی: “وەک وەفایەک بۆ تاڵەبانی دەبێت یەکڕزی ناو یەکێتی بپارێزرێت”. هەڵبەتە پەیامی بنەماڵەی تاڵەبانی، دواجار بۆ خودی یەکێتییەکان بوو کە دەبێت لەدوای کۆچی دوای تاڵەبانی یەکێتییەکان هەست و درک بە هەستیاری قۆناغەکە بکەن، چونکە بوونی یەکێتی گرنگە بۆ ئارامی و پاراستنی خاکی کوردستان، تەنیا هەردوو بنەماڵە لە گرنگی هاوبەشی راستەقینەی پارتی و یەکێتی تێدەگەن، زۆر گرنگە کەسی دوای تاڵەبانی دووشت لەبەر چاوبگرێت، یەکەم: یەکێتی بەرپرسیارە لە داهاتووی کوردستان، دووەم: قۆناغی دوای سەرۆک مام جەلال قۆناغی نوێ دەبێت یەکێتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە. رەنگە هەڵکشان و داکشانی سیاسی وای کردبێت ئاراستەی قسەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی یەک بگرنەوە، لە خالێدا ئەویش پاراستنی یەکڕیزی کوردستانە، بەپێچەوانەوە رەنگە ئەگەرێک خۆی بەهێز بکات بەسەر کوردستاندا کە دواجار هەموویان تێیدا زەرمەند دەبن وەک ئەوەی لەماوەی رابردوو بینرا بۆ تەفرەدانی هێزە کوردییەکان لەناو خۆیداندا و لەناوبردنی تەوافوقی نیشتیمانی وەک ئەوەی لەبەغدا و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بیرنرا، پرسیاری جددی ئەوەیە؟ دوای کۆچی سەرۆک تاڵەبانی، یەکێتی دەست دەگرێت بەو پەیامەی تاڵەبانییەوە؟.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.