نەبەز گۆران
هەر لەسەرەتاوە یەكێتیی نیشتیمانی و یەكگرتووی ئیسلامی، بەو مەرجە چوونە ناو ریفراندۆمەكەی (بارزانی)ییەوە، هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت. بەپێی راپرسییە نهێنیەكانی دەزگاكانی هەڵبژاردن، هەردوو حیزب لەرووی دەنگدەرەوە لەدۆخێكی باشدا نین، هۆی باش نەبوونەكەیان دەگەرێیتەوە بۆ ئەو هەوڵە سیاسییە ناتەندروستەی گروتویانەتە بەر و، گورزێكی كوشندەی لە جەماوەرەكەیان داوە.
ئێستا كە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بەیاننامەی بڵاوكردوەتەوە باس لە هێرشی سوپای عێراق و حشدی شەعبی دەكات، ئەم بەیاننامەیە پێناچێت راستییەكی تێدابێت.( ئەمریكیەكان و نەتەوەیەكگرووەكان، باس لەوەدەكەن هیچ شەرێك روونادات) ئەم بەیاننامەیە تەنها زەمینە سازكردنە بۆ فەزایەكی دیكە، كە هەڵبژاردنەكان دوابخرێن. بە پێی زانیاری ناو كۆبوونەوەكەی ئەمرۆی مەجلیسی حیزبەكان باس لەوە كراوە: “سەرەتای ئەم هەفتەیە، هەریەك لە فراكسیۆنەكانی یەكێتیی نیشتیمانی و یەكگرتوو و پارتی، لەپەرلەمان پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردن بخەنە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان. پاشان پێشنیازەكە بخرێتە ناو بەرنامەی كارەوە و پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێك ئەنجام بدات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.” لەرووی یاساییەوە پەرلەمان تەنها دەتوانێت دوومانگ دوای بخات. (بەڵام یاسا چ مانایەكی هەیە لێرە!) كەچی لە دانیشتنی مەجلیسە حیزبییەكەی ئەمرۆدا بریاری دواخستنی لە شەش مانگەوە، بۆ ساڵێك دراوە. ئەم بریارە حیزبییەی ناو مەجلیسەكە بۆ سەرلەنوێ كودەتایە بەسەر سەرجەم دامەزراوە یاسایی و دیموكراسییەكاندا.
دۆخی ئێستای هەرێم دۆخێكی قفڵدراوە. دۆخێكە بەتەواوەتی كۆی دامەزراوەكانی كەوتونەتە ژێر پرسیارەوە. بەم دواخستنی هەڵبژاردنە لەرووی جیهانی دەرەوە، هێندەی دیكە كورد دەكەوێتە ژێر پرسیار و ئیدی گوماندەكرێت بتوانرێت لەم گەڕانەوە بۆ خاڵی سفرە، هەنگاوی باش بەرەو ئایندەی روون بنرێت.
پێناچێت ئەم حیزبانە زۆر باكیان لەوەبێت دۆزی كورد وەك حوكمرانێكی بچوك لەم ناوچەیە، چۆن دەكەوێتە ژێر پرسیار، گرنگ ئەوەیە ئەو تاقمە سیاسییە دەسەڵاتدارە لەشوێنی خۆیان بمێنن. بە دواخستنی هەڵبژاردنەكە لەسەر داوای یەكێتیی نیشتیمانی و بەكگرتووی ئیسلامی، هیچ لە بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەریان ناگۆڕێت و، بە پێچەوانەوە چاوەرواندەكرێت بەم هەنگاوەیان ئاستی جەماوەریان خراپتربێت. بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە بۆچی دوو هێزی سیاسیی پاڵپشتیكەری سەرۆكایەتییەكی بەسەرچوو، پاڵپشتیكەری پێشیڵكردن و وێرانكردنی دامەزراوە یاسایی و دیموكراسییەكان، رێگا بەخۆیان دەدەن لەبەر خاتری لاوازی ئاستی جەماوەرییان، هەرێمی كوردستان بخەنە ژێر پرسیاری گەورەوە؟ كاتێك كە پارتی بەم داوایەی ئەم دوو هێزە رازی دەبێت، پێویستە ئەوەیان بیرنەچێت سبەینێ لەشوێنی دیكە دەبێت باجەكەیان لێوەربگرێتەوە. یانی ( پارتی دەڵێت: من بە دواخستنی هەڵبژاردن رازیم، سبەی ئێوەش بە چوارساڵ دانیشتن لەسەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ من رازی بن.)
دۆخی سیاسیی و یاسایی و ئابووری ئەم هەرێمە لە ئێستادا بەم جۆرەیە. كاتێك دۆخێك بگاتە ئەم ئاستە كە هێزەكان خۆیان دینەمۆی وێرانكردنی دامەزراوەكان بن، خۆیان كاربكەن بۆ ئیفلیج كردنی بنەما پتەوەكانی حوكمرانی تەندروست، خۆیان رووبەرێك دروستكەن بۆ تێكدانی ئابووری هەرێم، بۆچی دەبێت بیانەوێت بە بەیاننامەی پوچ دوژمنی داتاشراو دروست بكەن، لەكاتێكدا خۆیان دوژمنە راستەقینەكانی یاسا و دامەزراوەكان و دیموكراسی و مافی هاوڵاتیان و بخۆری مافی خەڵكین.