ستاندەر
د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، گەورەترین خزمەت کە بارزانی بەرامبەر گەلەکەی بیکات لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و وازهێنانە، كه به شێوه‌ی شه‌رعی و ناشه‌رعی وا بۆ دوانزه ساڵه له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه.
دەقی پەیامەکەی یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
هاوڵاتیانی خۆشەویست، کوردستانیانی ئازیز
بە داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆرەوە، ئەم نەوەیەش وەک نەوەکانی پێشوو، رووبەرووی نسکۆیەکی تاڵ کرایەوە، لە لایەن هەمان چینی سیاسی نا بەرپرس و ناکارامە.
پێشه‌كی سه‌ری ڕێز و نه‌وازش داده‌نه‌وێنم بۆ هه‌مو ئه‌و شه‌هیده قارهمانانەی لە به‌ره‌به‌یانی ١٦/ ١٠ شه‌هید بون، به ڕاستی له ناخی دڵمه‌وه خه‌مبارم بۆ دوباره شه‌هید و بریندار بون و ون بونی سه‌دان ڕۆڵه‌ی قاره‌مانی گه‌له‌كه‌م. له ناخه‌وه خه‌مبارم بۆ خێزان و خانه‌واده‌كانیان، هه‌ر لێره‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆمیان ئاراسته ئه‌كه‌م، داوا له خوای گه‌وره ئه‌كه‌م سه‌بوریی هه‌مو لایه‌كمان بدات. هیوای زو چاك بونه‌وه بۆ برینداره سه‌ربه‌رزه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی قاره‌مانه ون بو و دیله‌كان ئه‌خوازم.
ئەمڕۆ گەرچی ڕۆژێكی تراژیدییه بۆ هەموو کوردستانیان، نەک تەنها لە باشوری کوردستان بەڵکو لە پارچەکانی تری کوردستانیش کە هیوایەکی گەورەیان لەسەر ئەزمونی ئێمە هەڵچنی بو،بەڵام نابێت تەنهاخەمناک و دڵتەنگ بین. ڕۆژی لەم جۆرە، لە مێژووی هەموو گەلانی جیهاندا بوونی هەبوە و بوونی دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە لە خەڵكانی تر جودا ئەکاتەوە ئەوەیە کە ئێمە ئایا ئێمە ئەتوانین بەجۆڕێک خۆمان و هوشیاریمان و واقیعمان بگۆڕین کە جارێکی تر نسكۆی وامان بە سەرماندا نەیەتەوە و، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەستینەوە؟ ئێستا ئیتر ئەمە سەنگی مەحەکە: ئایا ئێمە درێژە دەدەین بەهەمان مۆدێلی شکستخواردو یان دەتوانین مۆدێلێکی سەرکەوتوی نوێ دروست بکەین.
هاوڵاتیانی خۆشەویست، ئەم ڕۆژە، وەک ڕۆژی ڕوناک دیاربوو لای هەر کەسێکی بە ئاگا و بەرپرسیار و خاوەن ویژدان. ئێمە و خەڵكانی تر دەمێکە دژ بەو بنەمایانەین کە ئێمەیان بەم ڕۆژە گەیاند.
دەزانم کە ئاسانە بە بەهانەی جیاواز خۆمان لەم ڕۆژە بدزینەوە، بەڵام ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی و کوردیانە، هەروەها بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە خەڵک و خاک و نەتەوە، ناچاری ئەوەمان دەکات کە ڕاستیە تاڵەکان بە ڕاشکاوی بخەینە ڕو.
چەند ساڵێکە ئێمە لە کوردستان دەسەڵاتێکی لەرزۆکمان هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە. دەسەڵاتێک کە تەنها لە ئازاردان و قەیران دروستکردن و خۆ تەرخانکردن بۆ بەدیهێنانی خەونی شەخسیدا چالاکە. نەک هەر له لایه‌ن خەڵكی کوردستان کە بەدەستیەوە دەیناڵاند بەڵکو هەتا دێت لە دونیادا ناشیرینتر و تەریک دەبێت.
پێویسته دان به‌وه‌دا بنێین كه ئێمە ئەمرۆ شکستمان هێنا، خەڵکانێکی تایبەتیش بەرپرسن لەم شکستە، ئەرکی هەموشمانە هەڵوێستمان هەبێت. ئەرکی هەمومانە ئەو بنەمایانە هەڵتەکێنین کە ئێمەیان لە ڕابوردو و لە ئێستادا بەم دۆخە گەیاند.
هاوڵاتیانی بەرێز، خەڵكی کەرکوکی خێر نەدیو، هەمومان پێکەوە قوربانیی دەستی نوخبەیەکی سیاسین کە لە بری بەکارهێنانی سامان و خێری وڵات بۆ دەوڵەتداری و خۆشگوزەرانی و، بۆ هێنانەئارای بنەماکانی حوكمڕانییه‌كی سەردەمیانە، سامانی وڵات بە هەدەر دەبەن و تاڵانی ئەکەن و، بۆ گەورەکردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بەکاری دەبەن.
خوشک و برایانی ئازیز، به خوین و قوربانیی هه‌زاران شه‌هید و بریندار و گیان فیدایی ده‌یان هه‌زار پێشمەرگەی قارەمان، دونیا بوو بە دۆستمان. وێنەیەکی جوان و پر لە بەرخۆدانمان بۆ دروست بوو. بەڵام ئەم قوربانیدانە، نەکرایه بنەما بۆ حوکمدارییەکی شەرعی و دەستوری و سەردەمیانە، بەڵکو لە پرۆژەیەکی شەخسیی سەرلێشێواودا بەرەو ئاقارێک برا کە هەرزوو هەموو ڕەنجەکانمان وەلا خران و دونیا بوو بە تەماشاکەرێکی بێلایه‌ن لە کاتی په‌لاماردانماندا.
شکستی ئه‌مڕۆمان له ئه‌ستۆی ئه‌و ده‌سته‌بژێره حوكمڕانه‌یه کە دەزگا و یاسا و ڕای خەڵک و سیستەم و خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وەلاوە ناو و، دوای حه‌ز و خولیا و سه‌ركێشیی شه‌خسی كه‌وتن. به تایبه‌ت به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی كه به شێوه‌ی شه‌رعی و ناشه‌رعی وا بۆ دوانزه ساڵه له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه. ئەمڕۆ، گەورەترین خزمەتێک كه بەریز بەرزانی ده‌توانێت به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌ی بیكات، گرتنه ئه‌ستۆی به‌رپرسیارێتی و وازهێنانه. په‌یامی من بۆ كاك مه‌سعود ئه‌وه‌یه كه به‌ڕێزم سه‌رباری ئه‌وه‌ی جه‌نابتان و خانه‌واده به‌ڕێزه‌كه‌تان وه‌ك سه‌دان هه‌زار هاوڵاتیی گه‌له‌كه‌مان خاوه‌نی مێژویه‌ك له قوربانیدانن، به‌ڵام كاتیه‌تی دان به هه‌ڵه و شكسته‌كانتان بنێن كه قورس له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌مان كه‌وتون. لێگه‌ڕێن با گه‌له‌كه‌مان خۆی داهاتوی خۆی دیاری بكات، نه‌ك داهاتوهكهی ببه‌ستنه‌وه به حه‌ز و ویست و چاره‌نوسی خۆتانه‌وه.
بۆیە داوام دەخەمە پاڵ داوای زۆرینەی زۆری خەڵكی کوردستان، خەڵکی ئاوارەبووی کەرکوک، کەس و کاری شەهیدان، کاتی ئەوەیە کە دەستەبژێری حوکمڕانی هەرێم وازبێنن و، سەرەتایەکی نوێ دەست پێبکەین و سیستمێكی نوێ له ڕه‌گه‌وه دروست بكه‌ین. چونکە مۆدێلی حوكمڕانیی دوای ڕاپه‌ڕین و كاره‌كته‌ره‌كانی شكستیان خوارد و شکستیان بەسەر گەلەکەشمان هێنا.
خەڵکی کوردستان لە ماوەی ڕابوردودا دەرفەتی زێڕینیان لە دەستدا لە رووی ئابوری و سیاسی و دیپلۆماسیەوە. کوردستان دەیتوانی سود لە پێگەی ، لە سامانی ، لە هێزی، لە پێشمەرگە و، لە سەقامگیری وەربگرێت، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ بەرژەوەندی شەخس و حیزب بەکاربرا و، لە دواجاردا وەک بینیمان دژ بە خەڵكی کوردستان زۆر بە خراپی شکایەوە. پێش ریفراندۆم کورد دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هەڵکەوت کە کێشەکەی لە لایەن کۆمەڵگای نیودەوڵەتیەوە بناسرێت، نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەرفەتێک بوو كه له مێژوی سه‌د ساڵی گه‌له‌كه‌مان وێنه‌ی نه‌بو، قبوڵنەکردنی جگه له خۆپەرستی و بێباکی نەبێت بەرامبەر دۆخی خەڵک هیچ شتێکی تر نیه.
هاونیشتیمانیانی ئازیز، بڕوانن چۆن ئه‌مانه نه‌ك هه‌ر نه‌یانهێشت سود له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرین كه بۆمان هاته‌پێش، به‌ڵكو نه‌شیانتوانی له مه‌ترسیه‌كان بمانپارێزن و، خوێنی هه‌مو شه‌هیدانی جەنگی دژی داعشیان به‌فیڕۆدا و، هه‌مو ناوچه كوردستانیه جێناكۆكه‌كانیان دۆڕاند و هه‌رێمیان گه‌ڕانده‌وه بۆ پێش ساڵی ٢٠٠٣.
بێگومان به‌ڕێز بارزانی بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەرامبەر بە خەڵكی کوردستان بە تەنها نەبوو، سەرکردەی چەند حیزبێک و کەسانێکی تر ڕۆڵێکی خراپیان بینی لە هاندان و دواكه‌وتنی. ئەوانیش پێویسته به‌رپرسیارێتیی ئه‌م شكسته له ئه‌ستۆ بگرن.
نابێت کۆمەڵگای کوردستان بەرەو شەڕێکی تری ناوخۆیی و پەرتکردن ببرێت، یەکپارچەیی خاک و گەلی کوردستان، هێڵی سورە و دەبێت پارەزراو بێت. لێره‌وه بانگی هه‌مو ئه‌و هێز و گروپ و كه‌سایه‌تی و هاونیشتیمانیانه ئه‌كه‌م كه بڕوایان به سیستمێكی دامەزراوەیی و دیموكرات و مه‌ده‌نی و شه‌فاف و خه‌ڵك سالار و گه‌لپه‌سه‌ند هه‌یه وه‌ك به‌دیلی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته شكستخواردوه، ئه‌وا هه‌موان له ده‌وری پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانیی ئینتیقالی كۆببینه‌وه و له ڕێی حكومه‌تێكی ڕاگوزه‌ر گه‌له‌كه‌مان بگه‌یه‌نینه كه‌ناری ئارامی و سه‌قامگیر. پێویستە بە زوترین کات لە ڕێی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە، سەرکردایەتیەکی نوێ هەڵبژێردرێت و، لەڕێی دانوستانەوە کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێن.
ئەم نسکۆیە دەبێت سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ شێوازێکی نوێ لە حکومڕانی، لە سیستەمی سیاسی کوردستان.
له كۆتایی دا ده‌مه‌وێت به بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی برای ئازیزم د. شوان قه‌ڵادزه‌یی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستان، پرسه سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی خۆمان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بكه‌م.
د. شوان نمونه‌ی په‌رله‌مانتاری چالاك و گه‌لدۆست و دڵسۆز و فیداكار بو. بۆ من وه‌ك برا و هاوڕێ و هاوكار بو.
زۆر به داخه‌وه بۆ گیان له ده‌ستدانی.
خوای گه‌وره گه‌لی كوردستان بپارێزێت
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٧-١٠-٢٠١٧