حیکمەتی کشانەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 242 جار بینراوە

فەرمان ڕەشاد
سەیربکەن میدیاکانی پارتی و یەکێتی و نوسەر و دەربارەکانیان لە ئێستاوە خەریکی ھۆنینەوە و داتاشینی حیکمەتن بۆ ئەو شکست و نسکۆ گەورەیەی سەدەی ٢١ی کورد، ئەوەی ڕوویداوە بە ھەموو پێوەرەکان ترۆپکی شکستەکانی ٢٦ ساڵ حکومڕانی ئەو دەسەڵاتەیە، ھیچ شتێک ناتوانێ تەفسیری بکات جگە لەوەی ناوی بنێ ی ئاشبەتاڵی دووەم.

ئەو شەڕە میدیاییەی ئەو دوو لایەنە دەیکەن لەسەر ئەوەی کێ بەرپرسیاری شکستی ئەو جارەیە، درێژە پێدەری شەڕی مەلایی جەلالی نیو سەدەیە کە ئەو پارچەی کوردستانی پێ گیرۆدە بوە، لە کاتێکدا ئەو شکستە وەک چۆن پێشتر دەستکەوتیان ففتی بە ففتی دابەشکردوە ئەو شکستەش بەو شێوەیەیە و کەسیان ناتوانن خۆیانی لێ بێ بەری بکەن، لە ماوەی نیو سەدەی رابردوو ئەو دوو لایەنە ھەمیشە لەجێ ی دەرس وەرگرتن لە شکست و نسکۆکان خەریکی ئەوە بوونە چۆن بیسەلمێنن ئەوەی بەرپرسیاری شکستەکەیە ئەوی ترە و ئەو نیە، بۆیە سەیری ئەو مێژووە بکە خۆیان نوسیانەتەوە بەشێکی زۆری ئەو باسەیە.

لەوەش کارەساتتر ئەو نوسەرە دەربار و ماستاوچی و کڕدراوەیە کە لە ئێستاوە خەریکی ئەوەن حیکمەت بەبەر ئەو شکستە گەوریە دا دەکەن و، دەیانەوێ وا پیشانی خەڵک بدەن ئەوە حیکمەتی ئەوانە کە شکستەکە لەوەندەی وەستا ئەگەر حەکیمی سەرۆک و بەرپرسەکانی ئەوان نەبوایە زۆر گەورەتر دەبوو، لینین دەڵێ رۆشنبیر و نوسەرەکان لەھەموو خەڵکی تر خیانەتکار ترن چونکە باشتر دەتوانن پاساو بۆ خیانەت و شکست بھێننەوە، ئەوەی ئەو پاساو و لێکدانەوە بێ ئەرزشانە ھیچ لەو راستیە کەم ناکاتەوە کە ئەوەی ڕوویدا دەریخست کە ئیتر ئەوانە نەتوانای ئەوەیان ماوە لە ڕووی ئیداریەوە کوردستان بەرێوە ببەن و نە لەروی سەربازیەوە پارێزگای لێبکەن، بۆیە ھیچ پاساوێک دادیان نادات و خەڵکیش نابێت گوێیان بۆ بگرێت.

بەھەموو مانایەک سەردەمی ئەو فۆرمە حکومڕانیە کۆتایی ھاتوە نەک ئێستا لە ١٩٧٤ ەوە کورد دەبو قۆناغی مەلایی جەلالی تێپەرێنێت بەڵام بەداخەوە نەکرا، ئێستاش دانەوەی ھەر دەرفەتێک بەو گروپە شکستخواردوە دانەوەی خەنجەرێکی ترە پێیان بۆ ئەوەی باشتر جەستەی ئەو نیشتیمانە ھەلا ھەلا بکەن، ئێستا کاتی فۆرمی نوێ و خوێنی نوێ و بنیاتنانی ئەزمونێکی نوێ یە لەکوردستان بەپێچەوانەوە ئێمە ھەر لە دەوری ئەو بازنەیە دەخولێینەوە کە پڕ لە ئاشبەتاڵ و شکستە بۆ کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.