شێرزاد شێخانی
سەرباری رێكەوتنامەی واشنتۆنی نێوان پارتی و یەكێتی كە كۆتایی بە شەڕی ناخۆ هێنا، سەرەرای یەكخستنی هەردو ئیدارەی هەولێرو سلێمانی لەحكومەتێكی یەكگرتودا لەساڵی 2005، بەڵام سەپاندنی واقیعی دو ئیدارەیی و زۆنی سەوزو زەرد تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیەو، هیچكام لەم دو حزبە نەیانتوانی سنورەكانی دێگەڵەو پردێ كاڵبكەنەوەو راستی یەك ئیدارەیی بسەلمێنن. لەژمارەی رۆژی 26/12/2013 ی رۆژنامەی سەباحی بەغدادی واتە چوار ساڵ پێش ئێستا بابەتێكم بڵاو كردەوە بەناونیشانی ( هەرێمی بابان، واقیعێكی داسەپێنراو)،بۆ یەكەمجار لەوێدا باسی جیاكردنەوەی سلێمانیو بەرهەرێمكردنیم كردوەو، وتومە كەوا حوكمی تاكڕەویی پارتی و چونی بەرەو بەسوڵتانیكردنی دەسەڵاتی هەرێم، واقیعێكی تاڵی بەسەرمانا فەرز كردوە كەوا بیر لەجیاكردنەوەی سلێمانی ودامەزراندنی هەرێمێكی سەربەخۆ بكەینەوە..
دوای بڵاوبونەوەی بابەتەكەش لەگەڵ بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتیو گۆڕاندا ئەو بابەتەم وروژاند، یەكێك لەوانەش رەوانشاد كاك نەوشیروان بو، كە ئێوارەیەك لەخزمەتیا ئەو بابەتەم باسكردو باسی لایەنە باشەكانی ئەم بیرۆكەیەم بۆ كرد، لەوانەش ئەم هەرێمە ئەتوانێ هەر سێ پارێزگای سلێمانیو كەركوكو هەڵەبجەو هەردو ئیدارەی گەرمیانو راپەرینیش بەخۆیەوە بگرێ، بەپێی دەستوری عیراقیش هیچ رێگرییەك لەوەدانیە. ئەتوانین لەرێگەی پەیوەندی بە بەغداوە وایان لێبكەین كە لە بودجەی 17% هەرێمی كوردستاندا بەشی سلێمانی جیا بكەینەوە بەمەش ساڵانە نزیكەی 7-8 ملیار دۆلارمان بەرئەكەوێ ئەوسا ئەتوانین سلێمانی بەفیعلی بكەینە دوبەی دوەم. ئەوساو ئێستاش پێموایە كەوا هەڵكردنی خەڵكی سلێمانیو ناوچەكانی زۆنی سەوزو نیلی لەگەڵ حوكمداری پارتی شتێكی نەك ئەستەمە بەڵكو مەحاڵیشە لەبەر دو كلتوری زۆر جیاواز لەعەقڵی سیاسیو ئیداری و كۆمەڵایەتیش. هەروەها پێشموابوە كەوا پارتیش بەم جیابونەوەیە ئیسراحەت ئەكا لەو ململانێ سیاسیانەی لەگەڵ یەكێتی وگۆڕانو حزبەكان، بەجیا بونەوەی سلێمانیش ئازادتر ئەبێ لەراگەیاندنی حوكمی سوڵتانیو چەسپاندنی لەزۆنەكەی خۆیدا لەهەولێرو دهۆك. كاتێك ئەم بۆچونانەم خستە بەردەم كاك نەوەو هەوڵمدا قەناعەت بەفیكرەكەم بێنێ، لەوەڵامدا وتی” من ئێستا هیچم نەكردوە تاوانبارم ئەكەن بەشارچێتی، بەیانی داوای شتێكی وا بكەم تۆمەتی خیانەتی نەتەوەییشم ئەخەنە پاڵەوەو ئەڵێن كوردستانەكەمانی لەتوپەت كرد”.
رەنگە لەمەحسەڵەی ئەو هەمو كارەساتەی بەسەر میللەتەكەماندا هات دوای سیاسەتی فاشیلانەی ئابوری و نەوتی هەرێمو دوای ئەو ململانێ ناسیاسیانەی پارتیو هەوڵدان بۆ بەكوێخاكردنی خۆیان، وای لەكاك نەوشیروان كردبێت ئەویش بیر لەو فكرەیەی من كردبێتەوە، چونكە بەپێی سەرچاوەكان كاكە نەوە لەپێش وەفاتی پرۆژەیەك یا فیكرەیەكی وای تەرح كردوە بەڵام مەرگ رێگای پێنەدا بیكاتە ئەمری واقیع. ئێستا لەدوای ئەو كارەساتەی ریفراندۆمو دەرهاوێشتەكانی كاتی ئەوە هاتوە بەجیددی بیر لەو مەسەلەیە بكەینەوە، چونكە بۆ هەمو گەلی كورد دەركەوت كە پارتی تەنها بەدوای بەرژەوەندییە تەسكەكانی حیزبایەتیو بنەماڵەیی خۆیدایەو هیچ باكی بەئێشو ئازاری میللەتەكەی نیە، دوای ریفراندۆمە كارەساتبارەكەی دەركەوت كە ئەو هێزەش نیە پەرۆشی میللەتەكەی بێت لەناوچە دابڕاوەكاندا چ جای خەڵكی سلێمانی، ئێستا تەنانەت لەناو خۆشیاندا گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەوە كەوا سلێمانیو دەڤەری سەوز نیلی مایەی سەرئێشەن بۆیانو هیچكات نابنە بەشێك لەو ئیدارەیەی ئەوان بە تاكڕەویەوە بەڕێوەی ئەبەن.
پێموایە ئێستا باشترینو گونجاوترین كاتە بۆ جیاكردنەوەی ئەم دەڤەرە لەژێر دەستی پارتی، بەتایبەتیش ئێستا زروفی بابەتیو مەوزوعی زۆر لەبارە، عیراقیش ئامادەیە ئەم كارەمان لەگەڵدا بكات، بەڵام بۆ ئەوەی حیساب بۆ هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوەو هەرێمایەتی بكەین بەتایبەتیش بۆ ئەمریكا كە رەنگە تا ئاستێك پێی خۆش نەبێ كەوا هەرێمێكی سەربەخۆ لەسلێمانی دروستبێت و بكەوێتە ژێر هەژمونی ئێرانەوە بەتایبەتیش ئێستا ئەو لەگەڵ ئێراندا لەململانێیەكی توندایە، پێمباشە سەرەتا ئیدارەكەمان جیا بكەینەوە بەبێ راگەیاندنی هەرێم. واتە ئیداراتی سلێمانیو ناوچەكەمان لەهەولێر جیا بكەینەوە بیبەستینەوە بەبەغدا، ئەوسا بەغدا بودجەی پێویست بداتە ئیدارەی سلێمانی وتا كاتێكی گونجاو دێتە پێشەوە بۆ راگەیاندنی هەرێمی سلێمانی. لەدوای روداوەكانی ئەمدواییەی كەركوكو هەڵاتنی هێزەكانی پارتی لەبەرەكانی شەڕ لەسەرجەم ناوچەكان و یەكلابونەوەی یەكێتی لەگەڵ بەغداو رەفزكردنی حوكمی پارتیو بارزانی، ئێستا باشترین فرسەتە بۆ جیاكردنەوەی سلێمانیو دەڤەرەكەی لەحوكمی بنەماڵەی بارزانیو وەكو سەرەتایەك بۆ بەهەرێمبونی سلێمانی، چونكە وەزعەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێ بەتایبەتیش كەوا پارتیو حكومەتەكەی ئێستا كەوتونەتە ژێرباری سزایەكی قوڕسی بەغداوە لەوە ناچێ بتوانن تەنانەت ئەو روبعەی موچەیەش بدەنە خەڵك دوای دەسگرتن بەسەر سامانە نەوتیەكانو داخستنی سنورەكان، بۆیە لانیكەم پێویستە هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە لەكارەساتە چاوەڕوانكراوەكان دەرباز بكەین، هەركاتێك پارتیش دەستبەرداری حوكمی دیكتاتۆرییانەی خۆی بو لەهەولێرو دهۆكو حكومەتێكی تازەی نیشتمانی هاتە ئاراوە ئەوكات ئەتوانین جارێكتر هەمو كوردستان یەك بخەینەوەو وڵاتێكی دوور لەدیكتاتۆریەتی حیزبی و بنەماڵەیی سەرلەنوێ دروست بكەینەوە.