پاڵنەرەکانی پێکەوەژیان لە کۆمەڵگەدا

لەلایەن ستاندار Posted on 4972 جار بینراوە

نێچیروان شوانی

پێکەوەژیانی چەند نەتەوە و ئایین و زمان و کولتوورێکی جیاواز لە یەک کۆمەڵگە (وڵات, شار) دیاردەیەکی سروشتیی کۆمەڵایەتییە و ڕیشەیەکی مێژوویی ھەیە. بەگشتی ئەم دیاردە جڤاکییە لە زۆربەی کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکانی جیھاندا ھەستی پێ دەکرێ و لە کوردستان و عێراقیش بەتایبەتی دەبینرێ و ڕەنگی داوەتەوە.
جیاوازیی نێوان تاکەکانی مرۆڤ لەڕووی ئایین و زمان و نەتەوە و کولتوور…ھتد لە سەرەتاکانی پەیدابوونی مرۆڤایەتییەوە ھەبووە و مێژوویەکی چەندان ھەزار ساڵی و بگرە زیاتریشی ھەیە. ئەم جیاوازییە, جیاوازییەکی سروشتی و گەردوونی و ئاساییە و بەدرێژایی قۆناغەکانی مێژوو تا ئێستا ھاتووە. جا کاتێ کۆمەڵگە بەرەو ڕووی ئەم جیاوازییە دەبێتەوە, دوو ڕێگەی لە بەردەمدا دەبێ:
١_ ڕەتکردنەوەی یەکتری و پەنابردنە بەر ناکۆکی و سڕینەوەی یەکتر و ئەمەش نابووتکردنی ژین و ژیاری لێ دەکەوێتەوە.
٢_ یەکدی بە جیاوازییەکانییەوە قبووڵ بکەن و بە تەبایی و تەناھی وێکڕا بژین.
لە مێژوودا ھەر دوو ڕێگە ئەزموون کراوە.. ھەرچی ڕێگەی یەکەمە مرۆڤە شەڕانگێزەکان لە دێرین زەمانەوە مرۆڤە دەستیان بۆ بردووە و دژی بەرانبەرەکانیان تاقیان کردووەتەوە, بەڵام ئەنجامەکەی جگە لە خراپەکاری و دەستدرێژی و وێرانکاری ھیچی تر نەبووە. سەبارەت بە بژاردەی دووەم دوای ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە فرە ڕەھەندەکان بۆیان دەرکەوت ناتوانن بە زۆر و بە شەڕ و کوشتار یەکتری و جیاوازییەکانی یەکتری بسرنەوە. بۆیە بیریان لەوە کردەوە جیاوازییەکانی یەکدی قبووڵ بکەن و بە ئاشتی و ئارامی و ئازادی پێکەوە بژین. لەمەشدا کۆمەڵێ فاکتەر و ھۆکار ھەن, وا دەکەن مرۆڤە زمان و نەتەوە و ئایین و مەزھەب و کولتوورە جیاوازییەکان بەیەکەوە بژین..
١_ مرۆڤبوون چەقی پێکەوەژیانە: ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگە لە لایەنی زمان, ئایین, نەتەوە, ڕەنگ, کولتوور و ڕۆشنبیری…ھتد جیاوازییان ھەبێ, بەڵام دواجار لە خاڵێکدا ھاوبەش و ھاوتان, ئەویش ئەوەیە ھەموو مرۆڤەکان دروستکراوی خودان و نەوەی یەک دایبابن. مرۆڤبوون گەورەترین پێناسەیە بۆ مرۆڤ و مەزنترین خاڵی ھاوبەشی نێوان مرۆڤەکانە. پێویستە ھەموو دەم مرۆڤبوون ببیتە سەنتەری بەیەکەوە گرێدانی ھەموو جیاوازییەکانی مرۆڤ.
٢_ ئایین ھاندەری پێکەوەژیانە: ھەموو ئایینەکان سەرەڕای جیاوازییەکانیان لە دروشم و پەرستش, بەڵام لە چەند خاڵێکدا جۆرە ھاوڕەنگی و ھاودەنگییەک کۆکیان دەکاتەوە ئەویش ھاندانی ئایینە بۆ پەیڕەوکارانیان تاکوو بە تەناھی و دوور لە ئاژاوە و کێشە لەگەڵ پەیڕەوکارانی ئایین و ئاییزاکانی دی پێکڤە بژین. ھەرچەندە ھەندێجار ڕوو دەدات پەیڕەوکاری ئایینێ بەھۆی دەرمارگیریی توندی بۆ ئایینەکەی و بە ھۆکاری ھەڵە حاڵیبوون لە ئایینزاکەی بەرەو توندوتیژی لە بیر و گوفتار و کرداردا بڕوا و ئایین و ئایینزای ئەوانی دی ڕەت بکاتەوە, بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەمە ڕەفتاری تاکێکە و ھەڵسوکەوتی پەیڕەوکارێکە و نمایندەی کۆی ئایینەکە ناکا, چونکە ڕێنمایی و پەیامی ئایین بەگشتی ھاندەر و پاڵنەری وێکڕاژیان و لێبوردەییە.
٣_ نیشتمان ساباتی پێکەوەژیانە: نیشتمان ئەو خانە و لانە گەورەیەیە, کە دەبێتە ماڵە گەورەی پێکەوەژیانی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە تێکڕا و تەواوی جوداوازییانەوە, چون نیشتمان سەرزەمینی خۆشی و ناخۆشی و شادی و شیوەنی ھەمووانە, ھەر خۆشییەک ڕووی تێ بکا بەشی ھەمووانی پێوەیە و ھەر ناخۆشییەکیشی تووشی ھات بەرۆکی ھەمووان دەگرێتەوە بەبێ ھیچ ھەڵاواردنێکی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و ….کەوا بێ چەند جیاوازییە سروشتییەکانمان تۆخ بن, ئەوە دواجار نیشتمان ھەمووانمان لە ئامێز دەنێ.
٤_ مێژوو تۆمارێکی ھاوبەشە: ھەر کۆمەڵگەیەک خاوەنی دیرۆکی کۆن و تازەی خۆیەتی. جا ئەو مێژووە پڕ بێ لە دەستکەوت و سەرکەوتن یان نووشت و نوچدان و شکستی تێدا بێ, ھەر چۆن بێ, ئەو مێژووە تۆماری ڕابردووی ھەموو نەتەوە و زمان و ئایین و مەزھەبەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و ھەمووان کەم تا زۆر جێپەنجەی خۆیان لەسەر پەڕاوی مێژوو داناوە و پێکەوە مێژووی خۆیان نەخشاندووە. پێویستە نەتەوە و زمان و ئایین و مەزھەبە جوداوازەکانی ئەو کۆمەڵگە تێکەڵانە ئاوڕ بۆ ئەو مێژووە ھاوبەشە بدەنەوە و بیکەنە دەلاقەیەک بۆ ئەوەی لێیەوە سەیری ئێستا و ئایندەی خۆیان بکەن.
٥_ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی تانوپۆی چنینی کۆمەڵایەتییە: مادام مرۆڤ بوونەوەرێکی جڤاکییە و ناتوانێ بەتەنێ ھەڵبکا و دواجار ژیانی کۆمەڵایەتیی پێکڤەیی ھەڵبژاردووە. کەواتە چییەتی و چۆنایەتیی ژیانی ناو کۆمەڵگە وا لە تاکی کۆمەڵگە فرە نەتەوە و فرە ئایین و فرە کولتوور دەخوازێ تۆڕی پەیوەندییەکانی فراوانتر و ئاستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرەو سەرتر ببا و زۆرجار کەسانی ئایین جوایەز و کولتوور جیا دەکەونە ناو ئەو پەیوەندییانەوە. دروستی و بێگرفتی ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە پلەی پێشکەوتوویی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگەیانە نیشان دەدەن. ئەم پەیوەندییانە لە پەیوەندیی کار و پیشە و سەردان و بەسەرکردنەوە لە بۆنە و یاد و جەژنەکان…ھتد خۆی دەنوێنێ و ھۆکارێکی بایەخداری درێژەپێدەری پێکەوەژیانە.
٦_ بەردەوامیی ژیان لە پێکەوەژیانەوە سەرچاوە دەگرێ: ڕەوڕەوەی ژیان و بەردەوامبوونی بەرەوپێشچوونی زەمەن وامان لێ داوا دەکا نەتەوە و کولتوور و زمان و ڕەنگە جیاوازەکان پێکەوە بە تەناھی و ئاشتی و لێبوردەیی بژین, چونکە ئەوەی مرۆڤ بەدرێژایی چەندان سەدە و ساڵ لە شارستانییەت و بەرەوپێشچوونی ژیار بنیاتی ناوە کەم تا زۆر ھەموو نەتەوە و زمان و کولتوورە جیاوازەکان بەشداریان تێدا کردووە. لە ئێستاشدا بۆ بەردەوامبوونی ژیان و بەرەوپێشچوونی شارستانی و گەشەپێدانی ژیاردا پێویستی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئەو نەتەوە و ئایین و ئیتنیکە جیاوازانە ھەیە.
٧_ دەستوور و یاسا پێکەوە دەستەبەر دەکا: پاڵنەرێکی تری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایین و کولتوورە جیاوازەکان دەستوور و یاسایە. دەستوور_ کە دایکی یاساکانە_ دەستبەری مافەکانی نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان دەکا و یاساش لەسەر بنەمای دەستوور دادەرێژرێ و ڕەچاوی یەکسانیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەی کردووە و دەبێتە چەتری سەری ھەموو پێکھاتە جیاوازەکان. ھەبوونی دەستوور و یاسا دەبێتە پاڵنەرێکی گرنگی پێکەوەژیان, چونکە ھەموو پێکھاتەکان ھەست بە جۆرێ لە دڵنیایی و متمانە دەکەن بەھۆی یاسا و دەستوورەوە.
٨_ پێکەوەژیان ئایندە و چارەنووسە: ژیانی پێکەوەیی نێوان نەتەوە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەی چەندان ئایین و زمان و کولتووری جیاواز بووەتە چارەنووسی سروشتی ئەو کۆمەڵگەیانە و ھەڵاتن و ڕاکردن لێی نالۆژیکی و نەکردەیە. بۆیە پێویستە تاکە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگەیانە ئەو ڕاستییە حاشاھەڵنەگرە بزانن و لایان ڕوون بێ جگە لە پێکەوە ژیانی ئاشتییانە ھیچ بژاردەیەکی تریان نییە و چارەنووس و ئایندەی کۆمەڵگەکەیان و بەرەوپێشچوونیان بەھۆی پێکەوەژیانی ئاشتییانەوەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.