گەڕان بە دوای جێگرەوەی داعشدا

لەلایەن ستاندار Posted on 264 جار بینراوە

حەسەن ئەبوبەكر صدیق

هاتنی داعش و هەڵتۆقینی بەو شێوە لەناكاوەدا و داگیركردنی پانتایەكی زۆری خاكی عێراق و سوریا و لە ناویشیاندا زۆربەی پارێزگا عەرەبیە سونییەكان و پەلكێشانیان بە هەموو لایەكدا، بوو بە جێی سەرنجی هەموو دونیا و دەیان پرسیاری لەگەڵ خۆیدا هێنا،لە نمونەی ئەم پرسیارانە:-ئەمانە چۆن هاتن؟ و كێ‌ هێنایانی؟ و چۆن توانیان بەو خێراییە ئەو هەموو شوێنە بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە؟ و بۆ كەس هەستی پێیان نەكرد؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری دیكە كە تاوەكو ئێستا هەندێكیان هەر بێ‌ وڵامن، بەڵام ڕاستیەكەی ئەوەیە كە ئەم هێزە لەگەڵ ئەوەی زۆر دڕندەیە و لەو بوارەدا كەس شان لە شانی نادات و سەرچاوەی ڕاستەقینەی دروستبونی هەر ناڕوونە و وێڕای ئەو هەموو كوشتن و وێرانكاریەی لە ماوەی مانەوەی لەو جێیانە ئەنجامی دا بەڵام ببوە بەردی گۆشەی پەیوەندی هەموو هێزە كۆك و ناكۆكەكان.

ئەم هێزە بەربەریە كە لەماوەی مانەوەی لە ناوچەكەدا هیچ جۆرە تاوانێك نەما نەیكات، لە كوشتن و داگیركردن و دیل كوشتن بە شێوازی وەها كە بەخەیاڵی هیچ شەیتانێكیشدا نایێت و هەوڵدان بۆ قڕ كردنی چەند كۆمەڵە مرۆڤێك وەك ئێزدیەكان و كرستیانەكان و بە كۆیلەكردنی مرۆڤەكان و دونیایەك تاوانی دیكە و پیشاندانی ئەم هەموو تاوانانە بە پێشكەوتوترین شێوازی تەكنەلوجی وای كرد كە هەموو هێزەكانی ناوچەكە و تەنانەت وڵاتە زلهێزەكانیش لە سەرەتادا یەكتری بە دامەزراند و پشتگیری كردنی ئەم ڕووەكە شەیتانیە تۆمەتباربكەن و سەیرەكەش لەوەدایە هەموو لایەنەكان بەڵگەی پێویستیان بۆ ئەو تۆمەتباركردنە دەخستە ڕوو.

دواتر لەبەر ئەوەی ئەم تاقمە تاریك پەرستە كەسیان نەبوێرا لە تاوانەكانیان و درێغیان نەكرد لە ئەنجام دانی تاوان بەرامبەر بەكەس، وایكرد لە جوڵەیەكی زۆر خێرادا زۆربەی ئەو هێز و وڵاتانە چەند هاوپەیمانیەك پێك بهێنن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم هێزە نەگریسە و هەمووان بە گژیا چونەوە و هەركەس لە لای خۆیەوە دەستی كرد بە لێدانیان و ڕاستە وەك دەردەكەوت لەم شەڕەشدا هەمووان یەك دوژمنیان هەیە بەڵام هێڵی بەرەجیاوازەكانی تۆختركردەوە و بەگشتی هێزەكانی بەسەر دوو بەرەی سەرەكی دابەشكرد:-

بەرەی یەكەم ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی وەك وڵاتە ئەوروپی و وڵاتانی كەنداو .
بەرەی دووەم ڕوسیا و ئێران و سوریا .

لە نیوان ئەو دووبەرەیشدا عێراق بە پێی بارودۆخ بەم لاولادا دەكەوت و پێگەی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە وەك هێزی زەمینی شەڕی ئەم گروپەی دەكرد بەڵام بە هۆكاری دابەشبوونی حیزبی و جوگرافیاوە شوێن و پێگەی زۆر ڕوون نەبوو و لە ژێر كاریگەری سەرجەم بەرەكاندابو و بەڵام تاڕادەیەك لەكاتی شەڕەكاندا بەلای ئەمریكاو هاوپەیمانانیدا دەكەوت چونكە زۆربەی یارمەتی وپشتگیری سەربازی و لۆجیستی لە لایەن ئەوانەوە بۆ دەهات.

وڵاتیش هەبوو وەكو توركیا كە لەو گۆڕەپانەدا یاری تایبەتی بە خۆی دەكرد و لە دووتوێی ئەو شەڕەدا شەڕی سەربەخۆی دەكرد كە زۆر جار لەو هێزانەی دەدا كە شەڕی داعیشیان دەكرد و وەك هێزە كوردیەكانی سوریا نمونەی پەیەدە و یەپەژە و دەستی بە قەندیلشدا ڕادەگەیشت كە ئەوانیش هاوشێوەی پێشمەرگەی باشور شەڕی زەمینیان لە دژی داعش دەكرد بی گومان لەگەڵ جیاوازیەكی جەوهەری لە نێوان ئەو هێزانەو هێزەكانی باشور، چونكە ئەوان كاری خۆیان زیاتر بە بێدەنگی ئەنجام دەدا و ئامانجیان ڕوونتر بوو و هەوڵەكانیشیان لەو پێناوەدا كاریگەرتربوو.

ئەم ڕوداوەش كە ئەگەر بشێت پێی بڵێن ڕووداو چونكە لە هەندێك قوناغی ئەو ململانێ‌ و شەڕەدا وادەردەكەوت كە ئەمانە هەمووی پلان بۆ داڕێژراوبوونە و كەم هێز هەیە لەو هێزە بەشداربوانەی ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا دەستێكی نەبێت لەو پلانەدا چونكە هەمووان لە میانەی ئەم واقیعە نوێیە كە لە ناوچەكەدا خوڵقابو هەوڵی جێبەجێ‌ كردنی ئەجێندای خۆیان دەدا و تارادەیەكیش وا دەردەكەوت كە هەمووان لەم دۆخە بە جۆری جیاواز سودمەندن( لێردا باسی سودمەندبوونی هێزەكان ودەسەڵاتداران و سەركردەكانیان دەكەم نەك هاوڵاتیان كە بە ڕەهایی زەرەر مەندبوون) و لەكاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی لەناوبردن و ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی كە داعش دەستی بەسەراگرتبوو جۆرێك لە ئارامی و بەڵانسی هێزی لە ناوچەكە و لە نێوان هێزە دژەكاندا هێنا بووە كایەوە و بە بیانوی ئەوەی لەناوبردنی داعش لە پێشینەی كاری هەمووان بوو بەركەوتنی ڕاستەوخۆ و گرژی ئەو هێزانەی كەم كردبووە بەڵكو بواری هەندێك هەم ئاهەنگی ئاشكراو نهێنیشی رەخساندبوو بۆیان ،تەنانەت وەك دەردەكەوێت بوونی ئەم گروپە بۆ مانەوە بەردوام بوونی هەندێك هێز پێویست بوو .

ئەو دۆخەی ئەو هێزە دڕندەیە هێنابویە كایەوە بە لەناو چوونی ئەو هێزە لە ڕووی سەربازی و گرتنی خاكەوە نەك وەك فیكرو هزر و بە لە بەر چاوگرتنی نەمانی ئەو بەڵانسەی نیوان هێزەكان كە لە ئاكامی بوونی داعشدا هاتبوە بەرهەم و بەنەمانی دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشای و ئەگەری بەركەوتنی ڕاستەوخۆی ئەو هێزە ناكۆكانە زۆرتردەكات و دەرفەتی پێكدادانیان بە هێزتر دەبێت كە ئەمەش مەترسی دروست دەكات بۆ سەر ئەو هێزانە بە تایبەتی زلهێزەكان كە بە نزیكەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە خۆیان لە بەركەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزن و ئەگەر ناكۆكیەكیشیان هەبێت لەگەڵ یەك لە گۆڕەپانی وڵاتی دیكە و لە ڕێی هێزی بە وەكالەت ئەنجامی دەدەن.

بۆیە بە دڵنیایەوە ئەو هێزانە لە پێناو پاراستنی تەرازووی ناسكی هێز و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیەكانیان زۆر بە جدی بە دوای جێگرەوەی داعشدا دەگەڕێن.
لە بوونی داعش و نەمانی و هەموو لایەك دەستی بەسەر دەستكەوتەكانی خۆیەوە گرت و هەوڵی پارێزگاریكردنیان دەدات تەنها كورد نەبێت كە بە دڵنیاییەوە لە ماوەی ئەو شەڕەدا زۆربەی قوربانیەكان ئەو بەخشینی و لە بەرامبەریشدا هەندێك دەسكەوتیشی بۆ فەراهەم كرد وەك ڕزگاركردنی پانتایەكی زۆر لە خاك و بەدەست هێنانی پشتیوانێكی نێودەوڵەتی و ناساندنی بە شێوەیەكی باشتر لە سەر ئاستی جیهان.

بەڵام هەر لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی تەواو بونی ماوەی ئەم دۆخە، كوردستانی باشور بە هۆی هەڵە پێشبینی كردنەوە و خراپ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە، ڕیسكی بەو دەسكەوتانەوە كرد و ڕیفراندۆمێكی بە پێچەوانەی ویستی هەموو هێزە هەرێمی و ناوچەی و نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دا و بەم شێوەیەش ئەو دەستكەوتانەی بە خوێن بە دەستی هێنابو خستیە ڕۆخی لە دەستدانەوە .

بەهۆی ئەو ڕەفتارەوە لە قۆناغی دۆزینەوەی بەدیلێك بۆ داعش دۆخی كوردی دووبارە ئاڵوزكردەوە و لە ناو جەقی ململانێكانەدا جێگیری كرد و دووبارە ڕووبەڕووی نادیاری كردۆتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.