نەوزادی موھەندیس
• ئاشکرایە کە مافی چارەی خۆنوسنیی گەلان مافێکی یاسایی و دەستوری و سەرەتایی ھەموو گەلێکە کە سیفاتەکانی گەل یان نەتەوەی تیادا بێت لە بوونی بنەما ھاوبەشەکان لە خاک و دانیشتوان و کەلتور و ئابوری وزمانێکی ھاوبەش کە بنەمای پێکەوە نانی دەوڵەتی سەربەخۆشن، ئەم مافە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دانیپیادانراوە و یاسا نێودەوڵەتیەکان و دونیای دیموکراسیش ڕێز لە ئیڕادە و ویستی سەربەخۆی گەلان دەگرن. ئاشکرایە مافی چارەی خۆنوسین لە لامەرکەزیەتی ئیداریەوە دەستپێدەکات بۆ ئۆتۆنۆمی و دواتر فیدڕاڵی و دواتریش کۆنفیدڕاڵی و لە کۆتا ئاستیشدا بریتیە لە ڕاگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.جا دیاریکردن وھەڵبژاردن و پیادەکردنی ھەر شێوازێک لەو شێوازی خۆبەڕێوەبردنانە دەوەستێتە سەر ھەلومەرجە نێوخۆی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان و ئامادەسازی ئەو گەلانە بۆ مقاوەمەتکردن و توانای خۆبەڕێوەبردنیان و بەردەوامیدان بەگەشە و پێشکەوتنی ئەزمون و دەسەڵاتی حوکمڕانیەکانیان.
• ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە کە کورد لەم قۆناغەدا و دوای ١٠٠ ساڵ لە خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری لەھەر چوار بەشەکەی کوردستانی داگیر و دابەشکراودا و بەتایبەتیش لەم بەشەی کوردستانی باشووردا، کە شێوازەکانی لامەرکەزیەت و ئۆتۆنومی و فیدڕاڵیەتی تاقیکردۆتەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی دروستکراودا لەساڵی ١٩٢٠وە و بەدرێژایی دەسەڵاتی پادشایی و کۆماریەکانەوە، بەداخەوە لەھیچ کام لەو سیستەمانەدا کورد نەگەیشتۆتە ماف و داواکاریە ڕەواکانی و ھەستی بە پاراستنی ئەمنیەت و بوون و گەشە و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی نەکردوە لەسایەی عەقڵیەتی خێڵەکی و دواکەوتویی و دۆگما و شۆڤێنیەتی عەرەبیەوە،بگرە ڕووبەڕووی توندترین و ترسناکترین سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردنیش بۆتەوە بەمەبەستی سڕینەوەی مێژوو و جوگرافیا و زمان و کەلتور و بوونیشی لەسەر زەوی. ھەربۆیە لە ئێستادا و دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٤ ساڵ بەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ێدامیدا لەساڵی ٢٠٠٣وە و ھەستکردنی کورد بە تەریککردن و پەراوێزخستن و پێشێلکردنی مافەکانی و تێڕوانینی وەک غەریب و نامۆ نەک وەک شەریک و دامەزرێنەری ئەم عێراقە نوێیە، بۆیە بڕیاری چارەنوسسازی خۆیدا بە چێکردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧دا بەمەبەستی وەرگرتنی ڕای جەماوەری میلەتەکەمان بۆ پێکھێنانی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لەگەڵ ناوچە دابڕێنراوەکان یان مانەوە لەچوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا بەو شێوەیەی کە ھەیە، ئەنجامیش خۆشبەختانە ٩٢%ی جەماوەری کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیدابوون.
• لەئێستاداو دوای ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و دەستپێکردنی داگیرکارانی کوردستان لە عێراق و تورکیا و ئێرانەوە بەھەڕەشە و گەمارۆی سیاسی و ئابوری و سەربازی و لەباربردنی ئەم قۆناغە بەمەبەستی پاشەکشەکردنی کورد لەداخوازی سەربەخۆیی، بیرۆکەی ئەوە ھاتۆتە پێشەوە کە کورد بەشێوەی یەکێتیەکی کۆنفیدڕاڵی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی ناوەندیدا پێکەوە بمێننەوە و درێژە بە ژیان و مانی ئەم دەوڵەتی عێراقە بدەن، جا لە ئێستادا پرسیار ئەوەیە ،کە کورد لەنێوان کۆنفیدڕاڵی و سەربەخۆییدا کامیان ھەڵببژیرێت؟ و کامیان قازانج و سوودی گەورەی پێدەگەیەنێت ؟
• بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ،گەرەکە کەمێک باس لە جۆری سیستەمی فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵی بکەین و ھەریەکەیان بناسین و کەموکوڕی و باشیەکانی ھەریەکەشیان دەربخەین و جیاوزای نێوانیشیان پیشان بدەین، ئەوکات بڕیار لەسەر ھەڵبژاردن و دیاریکردنی باشترینیان بدەین.
١. سیستەمی فیدڕاڵی
فیدڕاڵی بریتیە لە یەکێتیەکی ئارەزوومەندانە لە نێوان چەند ولایەت یان ھەرێمێکدا،کە جیاوازبن لە ڕووی نەتەوەیی،ڕەگەزی،ئاینی،مەزھەبی،کەلتوریەوە. بۆئەوەی ببنە یەک کەسایەتی یاسایی یان یەک سیستەمی سیاسی،لەگەڵ پاراستنی بەشێک لەو کەسایەتیە یەکگرتوە بۆ تایبەتمەندی و شوناسی ھەرێمەکان خۆیان،دەسەڵاتێکی پێدروا ھەیە بۆ دەوڵەتی ناوەندی یەکێتیەکە کە لەدەسەڵاتە ھاوبەشەکانەوە ھەڵھێنجراوە، لەگەڵ ھێشتنەوەی ھەندێک دەسەڵات بۆ ولایەت یان ھەرێمەکان کە جۆرێک لە سەربەخۆیی دەستەبەر دەکات بۆ ھەرێم و لایەنەکانی ناو یەکێتیەکە.کە ئەمەش بۆخۆی خاڵێکی جیاکەرەوەی سیستەمە فیدڕاڵیەکانە.
• دەسەڵاتەکانی یەکێتی فیدڕاڵی:
١. ھەبوونی دەستور یان یاسای بنەڕەتی کە بەدەستوری فیدڕاڵی ناودەبرێت.کە بنەماو پایە سەرەکیەکان دیاریدەکات کە لەلایەن ھەرێم یان ولایەتەکانەوە کە ئەم یەکێتییەیان پێکھێناوە.
٢. پێکھێنانی قەوارەیەکی سیاسی و دیموکراسی لەھەرێمەکاندا، بەشێوەیەک کە ڕەنگ بداتەوە لە یەکێتیە فیدڕاڵیەکەدا بە تەواوەتی.
٣. دیاریکردنی دەسەڵات و پسپۆڕییەکانی حکومەتی ناوەندی سەرەڕای دیاریکردنی دەسەڵاتی ئابوری و ئیداریەکان بۆ ھەرێمەکان.
٤. دەسەڵاتەکان نابێت زیاد لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و یاسادانانەکانیان ببەزێنێت لە چوارچێوەی دەستوری فیدڕاڵیدا.
٥. حکومەتی ھەرێمەکان لەسەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانێکی بچوککراوە پێکدێت.
٦. پەڕلەمانی ھەرێمی ھەڵدەستێت بە چاودێری و سەرپەرشتی ئیشوکارەکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ سەرۆکی یەکە ئیداریەکان.
٧. ھەر ھەرێمێک پایتەختی خۆی دەبێت.
٨. ھەر ھەرێمێک دەبێتە خاوەنی سامانە مرۆیی و ئابوری و بەرھەمەکانی ناوخۆی خۆی.
٩. ھێزێکی سەربازی دەبێت لە پۆلیس و سوپایەکی چەکداریش بۆ پاراستنی سنوری ھەرێمەکان.
١٠. حکومەت و پەڕلەمانی ھەرێمەکان بەشێوەیەکی دیموکراسی و ئازاد ھەڵدەبژێردرێن.
١١. ھەرێمەکان مافیان نیە کە نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بگۆڕێتەوە لەگەڵ دەرەوەدا یان دانانی سەفارەت یان لیژنەی بەرژەوەندی ھاوبەش لەگەڵ وڵاتانی تردا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی.
• نمونەی وڵاتانی فیدڕاڵی
لەدونیادا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان ھەن کە پەیڕەوی سیستەمی فیدڕاڵی دەکەن،وەک ئەمریکا و کەنەدا و سویسرا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ھند و ئەرجەنتین و ئوستوڕالیا و فەنزەوێلا و مالیزیا و مەکسیک و ..ھتد.
لەوڵاتە عەرەبیەکانیشدا یەکەم وڵات بریتیە لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و لە ئێستاشدا عێراق یەکەم وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە کە سیستەمی فیدڕاڵی پیادە دەکات بە پێی ھەڵبژاردنی دیموکراسی و ئازاد بە پێی دەستوری نوێ.
٢. سیستەمی کۆنفیدڕاڵی
بریتیە لە کۆبونەوەیەک لە نێوان دوو وڵات یان زیاتر(( نەک ھەرێم )) لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی دیاریکراودا.یان ڕێکەوتنێکی گرێبەستیە کە ئامانج لێی دامەزراندنی دەستەیەک یان کوتلەیەکی سیاسی،ئابوری ،سەربازی ھاوبەشە. کە ھەندێ تایبتەمەندی سیاسی و ئابوری یان ئاینی کۆیان دەکاتەوە و لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی ھەر وڵاتێک بە سیاسەتە تایبەتەکان بە خۆیدا بۆ ئامانجێکی ئابوری وەک ئەوەی لە یەکێتی ئەوروپادا ھەیە ،یان ئەوەی لە ھاوپەیمانێتی ناتۆدا ھەیە بۆ ئامانجێکی سەربازی. و ھەوڵێکیشە بەرەو یەکگرتن یان بەواتای ڕێکەوتن و پێکگەیشتنە لەسەر سیاسەتی لانی کەم. بەھەمان شێوە بۆ وەدیھێنانی ئامانجەکانیانە کە ناتوانن بەتەنھا وەدەستی بێنن.
دەوڵەتی کۆنفیدڕاڵی پێکدێت لە یەکگرتنێک کە ئەندامەکانی وڵاتانی سەربەخۆن و خاوەن سەروەرین کە بە پێی ڕێکەوتنی پێش وەختە ھەندێک لەدەسەڵاتەکان دەدرێتە دەستە یان لیژنە ھاوبەشەکان بۆ ھەمئاھەنگیکردنی سیاسەتەکان لەھەندێک بواردا،ئەمە بەبێ ئەوەی ئەم کۆبونەوەیە ببێتە ھۆی پێکھێنانی دەوڵەتێک یان قەوارەیەکی نوێ،ئەگەر ئەوە ڕوویدا ئەوا دەگۆڕێت بۆ شێوازێکی تری حوکمڕانی کە پێی دەوترێت سیستەمی فیدڕاڵی.
• دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی کۆنفیدڕاڵی
١. یەکێتی کۆنفیدڕاڵی پێکدێت لە ژمارەیەکی ھەمیشەیی لە وڵاتانی خاوەن سەروەری بۆ کاری ھاوبەش پەیوەست بە وڵاتانی ترەوە.
٢. یەکێتی کۆنفیدڕاڵی سەرەتا بە ھاوپەیمانێتیەک دەستپێدەکات و دواتر پشت دەبەستێتە سەر دەستورێکی ھاوبەش.
٣. یەکێتی کۆنفدیراڵی ڕێز لە سەروەری نێودەوڵەتی ئەندامەکانی دەگرێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکانیش دروست دەبێت لە ڕێگەی ڕێکەوتنامەیەکەوە کە ھەموارناکرێت بەبێ کۆ دەنگی ئەندامەکانی.
٤. سیستەمە کۆنفیدڕاڵیەکان پێکدێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلە ھەستیارەکاندا،وەک بەرگری ھاوبەش و کاروباری دەرەوە یان دراوی ھاوبەش.
٥. ئەرکی حکومەتی کۆنفیدڕاڵی بریتیە لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ ھەموو ئەندامەکانی.
٦. سروشتی پەیوەندی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە سیستەمی کۆنفیدڕاڵی جیاواز دەبێت لەگەڵ ئەنجومەنی ھاوبەشدا دەربارەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوانیاندا.
• نمونەی وڵاتانی کۆنفیدڕاڵی
١. لە وڵاتانی کۆنفیدڕاڵی نوێ یەکێتی ئەوروپایە.
٢. لە نمونەی وڵاتانی کۆنفیدڕاڵی لە مێژوودا:
• ئیرۆکواس،کۆمەڵێک لە ئەمریکیە کۆنەکان، لەناوچەی دەریاچە مەزنەکان،لەسەدەی دوانزھەمدا یەکیان گرت و کۆنفیدڕاڵیەکیان پێکھێنا.
• شانشینی ئاراگۆن ١١٣٧-١٧١٦
• وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێش ھاوپەیمانیە کۆنفیدڕاڵیەکان ١٧٨١-١٧٨٩
• سویسرا کاتی خۆی کۆنفیدڕاڵی بوە لە نێوان ١٢٩١ و ١٨٤٨ تاگۆڕانی بۆ سیستەمی فیدڕاڵی بەڵام ناوەکەی ھەروەکو خۆی مایەوە بە کۆنفیدڕاڵیەتی سویسرا.
• ئەڵمانیا دوای دروستبوونی ئیمپراتۆریەتی پیرۆز و یەکخستنی لە ١٨٠٦ و ١٨٤٨.
• کۆنفیدڕاڵی ڕاین(١٨٠٦-١٨١٣) کە نەسەرۆکی دەوڵەت و نە سەرۆکی حکومەتی نەبوو.
• یەکێتی وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست وەک سلڤادۆر و پەناما و کۆستاریکا و نیکاراگوا و ھندۆراس و جامایکا و ھایتی و دۆمەنیکان و گرینادا لەساڵی ١٨٢٥دا.
• یەکێتی سۆڤێتی جاران کەلە ساڵی ١٩١٧دا دامەزرا.
• یەکێتی دەوڵەتانی ھندی ڕۆژئاوایی وەک دۆمەنیکان و گریناداو…ھتد. کەلە ساڵی ١٩٦٧دا دامەزرا.
• کۆنفیدڕاڵی سنیگال و گامبیا ١٩٨٢-١٩٨٩
• یۆگۆسلافیا کە لە یەکێتی کۆمارەکانی ێربیا و کرواتیا و سلۆڤینیا و مەکدۆنیا و جەبەل ئەسوەد و بۆسنە و ھەرسک و کۆسۆڤۆ پێکھاتبوو.
• یەکێتی ێربیا و جەبەل ئەسوەد لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢-٢٠٠٦.
• کۆماری عەرەبی یەکگرتوو لە نێوان میسر و سوریادا لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦١.
• کەموکوڕیەکانی سیستەمی کۆنفیدڕاڵی
١.نەبوونی میکمانیزمێک لەلایەن ئەنجومەنی ھاوبەشەوە بۆ وەدیھێنانی پابەندبوونی ئەندامەکان بە ئەرکەکانیانەوە.لەم سیستەمەدا لەکاتێکدا ئەندامێک پابەند نابێت بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیەوە.کە لەزۆرێک لە حکومەتە کۆنفیدڕاڵیەکاندا ڕوویانداوە و بەناوبانگترینیان لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بو لە ساڵانی ١٧٧٦-١٧٧٨داکاتێک کە وڵاتەکان دژی پێدانی باجەکان بوون بە حکومەتی ناوەندەوە.کە ھەرئەمەش بوە ھۆی شکستی حکومەتە کۆنفیدڕاڵیەکە.
٢.لەکاتی شکستھێنانی حکومەتی ناوەندیدا،ئەو حکومەتە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم یەکگرتنی ئەندامەکانیدا و تێکەڵبونیان وەک کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی.
٣.لە حکومەتی کۆنفیدراڵیدا ،ئەنجومەنی ھاوبەش ناتوانێت ھیچ کارێک بکات بەبێ رەِزامەندی ھەموو ئەندامەکانی.
٤.لە سیستەمی کۆنفیدڕاڵیدا ھەر وڵاتێک دەتوانێت پاشەکشە بکات لەو کۆبونەوەیەدا ھەرکاتێک ویستی،بە پێچەوانەی یەکێتی فیدڕاڵی کە ئەندامەکان یان ھەرێمەکان ناتوانن لە یەکێتیەکە دەربچن ھەرکاتێک ویستیان.
• جیاوازیەکانی نێوان سیستەمی فیدڕاڵی وکۆنفیدڕاڵی
١.لە یەکێتی کۆنفیدڕاڵیدا ،ھەر وڵاتێک کاروباری سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی فعلی خۆی پیادە دەکات.بەڵام لە فیدڕاڵیدا،ھەرێمەکان مافی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوەیان نیە و تەنھا لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدایە.
٢.وڵاتانی ئەندام لە سیستەمی کۆنفیدڕاڵیدا مافی ڕاگەیاندنی جەنگیان ھەیە،بەڵام لە فیدڕاڵیدا ھەرێمەکان ئەو مافەیان نیە و تەنھا لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدایە.
٣. ئەو جەنگانەی لە نێوان وڵاتانی ئەندامی کۆنفیدڕاڵیدا دروست دەبێت بە جەنگی نێودەوڵەتی دادەنرێن،بەڵام جەنگی نێوان ھەرێمەکان لە سیستەمی فیدڕاڵیدا بەجەنگی ناوخۆیی ناو دەبرێن.
٤. ھەر سەرپێچیەک لەلایەن وڵاتانی ئەندامی یەکێتی کۆنفیدڕاڵی بۆ یاسا نێودەوڵەتیەکان ڕووبدات ئەوا بەتەنھا خۆی بەرپرسیار دەبێت، نەک ئەندامەکانی تر،بەڵام لە یەکێتی فیدڕاڵیدا بە پێچەوانەوەیە و ھەموو ھەرێمەکان وەکو یەک بەرپرسیار دەبن لەئاکامەکانی.
٥.لەیەکێتی کۆنفیدڕاڵیدا دەستەی ھاوبەش یان ئەنجومەنێکی ھاوبەش سەرپەرشتی وڵاتانی ئەندام دەکات،بەڵام لە فیدڕاڵیدا حکومەتی ناوەند ئیدارەی دەوڵەت و ڕابەرایەتی سەرۆکایەتیەکانی دەکات.
٦.لەیەکێتی کۆنفیدڕاڵیدا مافی ھەر ئەندام و وڵاتێکە کە ھەرکات ویستی دەتوانێت پاشەکشە بکات چونکە خاوەنی سەروەری و وڵاتی سەربەخۆیە، بەڵام لە وڵاتی فیدڕاڵیدا ھەرێمەکان ئەو مافەیان نیە، چونکە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو وڵاتەن.(( بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ کورد و کوردستان ناشێت،چونکە دوو گەلی جیاواز و دوو کەلتور و زمان و خاکی جیاوازن،نەک وەک ھەرێمێکی عەرەبی لە باشوور یان ناوەڕاستی عێراقی عەرەبیدا کە ھەموو سیفاتەکانیان ھاوبەشن)).
٧.ھاوڵاتیانی دەوڵەتی کۆنفیدڕاڵی ھەریەکەیان خاوەنی ڕەگەزنامەی وڵاتەکانی خۆیانن نەک دەوڵەتە کۆنفیدڕاڵیەکە.بەڵام ھاوڵاتیانی دەوڵەتی فیدڕاڵی ھەموانیان خاوەنی تەنھا یەک ڕەگەزنامەی وڵاتە فیدڕاڵیەکەن.
٨.لە کۆبونەوەی کۆنفیدڕاڵیدا ژمارەی سەرۆکی وڵاتەکان بەھێندەی ژمارەی وڵاتە ئەندامەکانن،چونکە ھەر وڵاتە سەرۆکی خۆی ھەیە،بەڵام دەوڵەتی فیدڕاڵی تەنھا یەک سەرۆکی ھەیە،ھەربۆیە دەوڵەتی کۆنفیدڕاڵی بە وڵاتێکی یەکگرتوو دانانرێت،چونکە لە ژمارەیەک وڵاتی سەربەخۆ پێک ھاتوە. بەڵام دەوڵەتی فیدڕاڵی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەشدا حسابی یەک دەوڵەتی یەکگرتووی بۆ دەکرێت.
• بەم شێوەیە دەبینین کە یەکێتی فیدڕاڵی بریتیە لە وڵاتێکی توندوتۆڵ و یەک و یەکگرتوو ،کە بە ئاسانی ئەندامەکانی یان ھەرێمەکانی ناتوانن لێی دەربچن،بەڵام دەوڵەتی کۆنفیدڕاڵی بریتیە لە کۆبونەوەی چەند وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و کەسایەتی نێودەوڵەتی و ھەرکات ویستیان دەتوانن لەو یەکێتیە ئارەزومەندانە بێنە دەرەوە.
• بۆیە لێرەدا ئەو ڕاستیە دەردەکەوێت کە وڵاتێکی ئەندام لە دەوڵەتێکی کۆنفیدڕاڵیدا،بریتیە لە وڵاتێکی تەواو سەربەخۆ و دانپیادانراو لەلایەن وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکانە و ھەموو ڕێکخراوەکانی تریشە وخاوەنی سنوری نێودەوڵەتی و ئاڵاو کەسایەتی سەربەخۆی خۆیەتی.کەواتە ھیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان وڵاتێکی سەربەخۆدا یان وڵاتێک کە ئەندام بێت لە کۆمکارێکی کۆنفیدڕاڵیدا.
• ھەربۆیە کورد لەدوای سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و وەدەستھێنانی دەنگی ((بەڵێ ))ی زۆرینە بۆ سەربەخۆبوون، دەتوانێت لەژێر دروشمی یان سایەی کۆنفیدڕاڵیدا وەک قۆناغێکی مافی چارەی خۆنوسین ببێتە خاوەنی وڵاتێکی سەربەخۆی خۆی بەبێ ئەوەی دروشمی سەربەخۆبوون بەرزبکاتەوە و ببێتە مایەی نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی و تێکچوونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرودراوسێشیدا.
• بەڕای بەندە لەم قۆناغەدا بەرزکردنەوەی دروشمی کۆنفیدڕاڵی چارەسەرێکی گونجاوە و دەمانگەیەنێتە مەبەست و ئامانجە ڕەواکەی کورد کە بریتیە لەسەربەخۆ بوون، و لەلایەکی تریشەوە مانەوەمان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی کۆنفیدڕاڵیدا لە گەڵ وڵاتی عێراقی عەرەبیدا دەبێتە مایەی پاراستنمان لەھەڕەشە و گوڕەشەی سیاسی و ئابوری و سەربازی وڵاتانی ناوچەکە.و دەتوانین بەردەوام بین وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و گەشە و پێشکەوتنی گەورەش وەدیبێنین،چونکە لەسیستەمی کۆنفیدڕاڵیدا دەوڵەتە فیدڕاڵیەکە دەبێتە ھاوبەش لەگەڵماندا لەھەموو ڕووە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانەوە و لەکاتی ڕوودانی جەنگ و ناکۆکیدا لەگەڵ دەرودراسێکاندا ئەرکێتی کە پشتیوانیمان لێبکات، بەڵام لەکاتێکدا کە دەربچین لەو کۆبونەوە کۆنفیدڕاڵیەدا و سەربەخۆیی خۆمان ڕابگەیەنین ئەوا لەبەرامبەر عێراقی عەرەبی و ھەریەکە لەتورکیا و ئێراندا وڵاتێکی بێھێز و بێپشت وپەنا دەبین و ھێرش و پەلامار و گەمارۆی سەربازی و سیاسی و ئابوری زوو کاریگەری دەخاتە سەرمان و ناتوانین بەرگەیان بگرین.
• ھەربۆیە لەم قۆناغی دوای ریفراندۆمەدا،سەرکردایەتی سیاسی کورد لەھەموو کات زیاتر پێویستی بە یەک و یەکگرتوویی نێوماڵی کوردی ھەیە و ھاوکاری و کاری ھاوبەش و پێکەوەیی دەبێت ببێتە دروشمی مەرکەزی و بەھێزکردنی ئۆرگانەکانی حوکمڕانیش گەلێک گرنگە و تەبایی و کۆدەنگی سیاسی و نیشتمانیش گەلێک پێویستەو متمانەی جەماوەریش بەسەرکردایەتیەکەی خاڵێکی گەلێک کاریگەرە . ھەربۆیە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەبێت بەھێمنی و بێدەنگی و دوورکەوتنەوە بەکارھێنانی زمانی زبر ولە بەرزکردنەوەی دروشمی گەورەی بێناوەڕۆک و ئیستیفزازکردنی وڵاتانی دەرودرواسێ بگرێتە بەر و ھەوڵی ھێورکردنەوەی ئاڵۆزیەکان بدات و بەنەرمیش کاری خۆی و ھەنگاو بەرەو ئامانجەکانی ڕیفراندۆم بنێت و ھیچ پاشگەزبونەوەیەک لەھەڵویسَت و گوتاریدا وێنا نەکات،چونکە کورد توانی بڕیاری گرنگ و چارەنوسسازی خۆی بدات و بەھەموانی سەلماند کە کاتی سەربەخۆبوون و جیابونەوە ھاتوە و دەبێت ھەموانیش بێنێتە سەر ئەو بۆچونەی کە کورد مافی پێکەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ھەیە،جا مەرج نیە کە لە شەووڕۆژێکدا ئەو دەوڵەتە لەدایک ببێتـ بەڵکو کاری جدی و بەردەوامی دەوێت بەئیڕادە و ئیدارەیەکی ژیر و پۆڵایین و لەسەر خۆوە.