مەسعود و سەدام

لەلایەن ستاندار Posted on 306 جار بینراوە

مەسعود و سەدام
کەرکوک و کوەیت!

بەھرۆز حمەخورشید – سوید

لەدوای شەڕی ھەشت ساڵەی قادسیەی دۆڕاو، عێراق تووشی قەیرانێکی دارایی گەورە بوەوە.
بەھۆی زۆری قەرزی سەردەمی شەڕ، و بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە، سەدام، عیزەت دوری نارد، تا وڵاتانی عەرەبی کەنداو، لە قەرزەکانیان خۆش بن.
بەڵام لەکۆبونەکاندا، دەمەقاڵە دروستبو، بەجۆرێک نوێنەری کوەیت، فایلەکەی بەردەمی کێشا بەسەروچاوی عیزەت دوری. لەوەڵامدا سەدام لە شەوو ڕۆژێکدا بڕیاری داگیرکردنی کوەیتی دا و ڕاگەیاندنی بەعسیش، وای بەگوێی خەڵکی عێراقدا، کە گڵۆپی سەوزی لەئەمریکاوە ھەیە.
لەسەروبەندی داگیرکۆریەکەدا، دەرکەوت نەک ھەر گڵۆپی سەوزیان نەبوو، بەڵکو زۆربەی کۆمەڵگای دەولی لەدژی بوون.
بۆماوەکی باش پەیتا پەیتا نوێنەری وڵاتانی جیھان، دەھاتنە بەغدا و تکاو ڕجایان دەکرد تا سەدام لە کوەیت بکشبێتەوە، سەدامیش بە پێچەوانەوە، شێلگیرتر دەبوو، زیادەڕەوی دەکرد و ھێزی سەربازی زیاتری کۆدەکردەوە.
سەرەنجام کار گەیشتەئەوەی لە یانوەری ٩١ دا، ھاوپەیمانان پەلاماری عێراقیاندا، لە چەند سەعاتێکدا، نەک ھەر کوەیتیان لێ سەندەوە بگرە ھێزەزەبەلاحەکەی سەدامیان بۆناو قۆڵایی عێراق ڕاونا.
بەڵام ئەو شکستە پڕ شەرمەی سوپای عێراق، کاردانەوەی ناو سوپای لێ کەوتەوە، بۆیەلە کاتی پاشەکشێی سوپا، تانکێکی سەربازی لە شاری بەسرە، لولەی تۆپەکەی دەکاتە وێنەیەکی گەورەی سەدام و تێک و پێکی دەشکێنێ.
ئەو گوللە تۆپە یەکەم بڵێسەی ئینتفازەی شەعبانی بوو لە باشووری عێراق و دواتریش ڕاپەڕینی ئازاری کوردستان.
ئێستاش ھەمان سیناریۆ لە ھەرێمی کوردوستان دەبنرێت.
مەسعود بارزانی، لەسەر لەکار لابردنی ھۆشیار زێباری خاڵی،لەسەر دۆسێی گەندەڵی، کەوتە قین لەبەغدا و بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دا.
ئەگەرچی ھەموو دونیا داوایان لێکرد، کە ئەو کارە نەکات، مەسعود گوێی نەدایە و ڕاگەیاندنەکەشی وایان بە گوێی خەڵکدا دا، کە گڵۆپی سەوزی ئەمریکاو ئیسرائیل و سەعودیەو ئیمارات و تورکیای ھەیە.
بەڵام ئەوەی لێرەدا جیاوازە، ھێزی چەکداری کوردی بوو، کە نەیتوانی وەک سوپای عێراق بێت.
دەبوو شانزەی ئۆکتۆبەر لەکاتی پاشەکشێدا، ھێزی پێشمەرگە ڕووی لولەی تفەنگی بکردایەتە ئەو سەرۆکی شکۆی سەد ساڵەی کوردی نغرۆکرد و بەوەش شۆڕشی پاکسازی بەرپا کردایە و پارێزگاری لە ناوی بەرزی خۆی بکردایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.