ترەمپ سیاسەتی بەرامبەر ئێران دەگۆڕێت

لەلایەن ستاندار Posted on 246 جار بینراوە

بایز رەشید ئەمین

دوای ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکای گرتە دەست، راشکاوانە سیاسەتی دەرەکی حکومەتەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتو راگەیاند کە خۆی لە کۆتایی پێهێنانی رێکخراوی داعشدا بینیەوە، لەهەمانکاتدا مەیلی هەڵوەشاندنەوە یان پێداچونەوەی بە رێککەوتنی ناوەکی نێوان ئێران و پێنج کۆ یەک بەدورنەزانی. بەڵام گۆڕانکاریەکان لەناوچەکە، ئەگەری دەسکاری هاوکێشەکە و بڕیارەکان دەکرێت بەتایبەت سیاسەتە دەرەکیە روبەروبونەوەکانی روسیا هەر لە رۆژهەڵاتی ئەورپاوە لە جۆرجیا و ئۆکرانیاوە تاوەکو سوریاو عێراق و بۆشایی خستنە نێوان ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لە باکوری ئەفریقاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرۆکەکەی ئەمەریکا ناچار دەکات کە سیاسەتی دەرەکی لە هەمبەر تاران لەبری دروستکردنی گرژی بە ئاڕاستەی لێکنزیک بونەوە بگؤڕێت.

ترەمپ هەر لە گەڵ وەگەڕخستنی ئەجیندای سیاسەتی دەرەکی ئەمەریکا لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا، راستەوخۆ هێزی زەمینی لە سوریاو عێراق لە دژی داعش خستەکار، ئەم هەنگاوەی لە سوریادا بەشێوەیەکی دیار یارمەتی کوردەکانیدا کە لە لەباکوری سوریادا سەرەرای فشارەکانی تورکیا جێ پێی خۆیان پتەو بکەن و سیستەمی حوکمڕانی خۆجێیی لە ناوچەکانی ژێر دەستیان بچەسپێنن. بەهەمانشێوە لە عێراقیشدا پشتیوانی تەواوی حکومەتەکەی عەبادی و هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد کە لە روبەروبونەوەی داعش و دواتر لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ و حەویجەدا هاوکار و پشتیوانی راستەوخۆ بو.

ترەمپ لە سیاسەتی روبەروبونەوەی لە بەرامبەر داعشدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت کە ماوەیەکی زۆر ناخایەنێت، کۆتایی بەچالاکیەکانی داعش دەهێنرێت بەتایبەت لە چوارچێوەی سنوری عێراقدا، بۆیە دروستبونەوەی حکومەتێکی بەهێزی عێراقی چاوەڕواندەکرێت کە پشتیوان و لایەنگیری ئەمەریکا بێت بەتایبەت کە ئەمەریکا بەشێک لە دۆستەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە داست داوە، بەئاسانی دەسبەرداری عێراق نابێت بە نمونە بەهێزبونی پەیوەندیەکانی هەریەک لە وڵاتی میسر و تورکیا و شانشینی سعودی عەربی لە گەڵ روسیا، وادەکات کە پێگەی روسیا لە ناوچەکە بەهێز بێت. بۆیە عێراقێکی یەکپارچەیی لە سیاسەتی درەوەی ترەمپدا لە دوای نەمانی دەخرێتە پێشەوەی ئەجێنداکەیەوە.

لەبەرئەوە کۆی بڕیارەکانی هەرێم پێویستە خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەکی هەریەک لە ئەمەریکاو روسیا لە بەرچاوبگرێت و لەو رەهەندەوە بڕیارەکانی گەڵاڵە بکات. سیاسەتی دەرەکی ئەمەریکا سەقامگیری و دروستکردنی بازاڕە، لە بەرامبەردا سیاسەتی دەرەکی روسەکان روبەروبونەوە و گرژی دروستکردنە. بۆیە لەم دۆخەدا هەرێم پێویستی بە سەقامگیری و ئاشتیە و سیاسەتی روبەروبونەوە و گرژی دروستکردن لە بەرژەوەندیدا نیە. پێناچێت لە ئایندەدا روسەکان بەهیچ شێوەیەک لە عێراقدا روبەروی ئەمەریکا ببنەوە، زو یان درەنگ دەسبەرداری سیاسەتی روبەروبونەوەیان لەعێراقدا دەبن، کە دەسەڵاتدارانی هەرێم هیوایان لە سەر هەڵچنیوە.

سەبارەت بەئێرانیش کە ترەمپ لە ئەجێنداکەیدا لە قۆناغی دوەم دوای لاوازکردن یان نەهێشتنی داعش روبەروی بێتەوە بە تایبەی لە پرسی هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی ناوەکی، پێدەچێت گۆڕانکاری بەسەر دابێت بە هۆی ئەوەی گۆڕانکاریەکان لە ناوچەکە و هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە، جەمسەربەندیەکان ئاڕاستەکانیان رویەکی تریان وەرگرتوە. لەهەمانکاتدا ئەمەریکا هیچ جێگرەوەیەکی لە ئێراندا دەستناکەوێت، کە شوێنی ئەم دەسەڵاتە بگرێتەوە. هەروەک جۆرج بوش لە ساڵی (2003) دوای روخاندنی عێراق لە بەرنامەیدا بو، کە ئێرانیش بڕوخێنێت، بەڵام بەهۆی نەبونی هێزی جێگرەوە و ئۆپۆزسیۆن لەناوخۆی ئێراندا نەیتوانی دەست بۆ پرسی روخاندنی ئێران هاوشێوەی ئەفغانستان و عێراق بەرێت.

هاوکات نزیکبونەوەی ئەمەریکاو عێراق زەمینەی ئەوە دەڕەخسێنێت کە ترەمپ بە سیاسەتی دەرەکی خۆیدا بچێتەوە لەبری دژایەتیکردنی ئێران، لە رێگەی عێراقەوە پردی دیالۆگ فەراهەمبکات و دۆستایەتی یەکتر بکەن. ئێران وەک زلهێزی ناوچەکە و تەنانەت دەوڵەتی خاوەن چەکی ناوەکیش قبوڵبکات.

وێڕای ئەمانە لۆبی ئێرانی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا لەسەرئاستی ئابوری و ئەکادیمی لەئاستێکی وەها بەرزدان، کە لەتوانایاندایە هەمو گرژیەک لە نێوان تاران و واشنتۆن زۆر بەئاسانی لەرێگەی رێکخراوی بەناو ئەنجومەنی ئێرانی_ ئەمریکی کە زۆربەی ئەکادیمیست و رۆژنامانەنوس و مامۆستایانی زانکۆ و پیاوانی کاری لە خۆگرتوە خاوبکەنەوە. ئەم رێکخراوە کار لە سەر پتەوکردنی دۆستایەتی ئەمریکی- ئێرانی دەکات کەهەر هەمان ئەم رێکخراوە بو رۆڵی لە یەکنزیکردنەوەی حکومەتەکەی ئۆباما و ئێراند بینی، کە دواجار بە رێکەوتنێکی مێژویی کۆتاییهات کە ئێرانیەکان سودمەندی سەرەکی بون. بۆیە هەر بڕیار و خوێندنەوەیەک لەسەر بنەمای دروستبونی گرژی لە نێوان تاران و واشنتۆن هەڵەیەکی گەورەیە کە دەکرێت بە زیانی هەرێم کۆتاییبێت.

ئێرانیەکان لە ئەمەریکا لە ریزبەندی بیست نەتەوەکانی یەکەمدان کە خاوەن کارن لەم وڵاتەدا. کە نزیکەی لە سەدا بیستی بواری ئابوری ئەمریکا لە دەست ئەواندایە و لە سەدا بیستویەکی خاونکارانی ئەمەریکا پێکدەهێنن کە بە بەرهەمهێنانی ساڵانەی (2500) ملیار دۆلاری ئەمەریکی بەشدارن لە پێکهێنانی داهاتی گشتی ئەمەریکادا. ئەوە جگە لەوەی کە لە ناوندەکانی راگەیاندن و سیاسەتدا لە ریزبەندی یەکەمی نەتەوەکاندان، ژمارەی ئێرانیەکان لە ئەمریکادا خۆی لە ملیۆنێک تێپەر دەکات نیوەی ژمارەی کارکەرانیان لە پێشەی بەرێوەبەریدا کاردەکەن بەمەش دەچنە پێش کۆی نەتەوەکانی تر لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا. یەک لە سەر چواری ئێرانیەکان لە ئەمریکادا هەڵگری بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆران کە بەمەش ٦٧ نەتەوەی نیشتەجێی ئەمریکایان لە ریزبەندیەکەدا خستوەتە دوای خۆیان. کۆی ئەم فاکتەرانەی سەرەوە گەلانی ئێران و ئەمریکا بەیەکەوە گرێدەدەن و دەبنە پشتیوانی یەکتر.

بە گشتی سیاسەتی ئەمەریکا بە درێژایی مێژو هەروا بوە دەست بۆ هیچ دەوڵەتێک نابات تا ئەوکاتەی جێگرەوەیەک مسۆگەر نەکات، چونکە پشێوی لە بەرژەوەندی بازاڕی سەرمایەداریدانیە. بنەماکانی دیموکراسی لە پشێویدا زیاتر پێشێل دەکرێن بەنمونە بەهۆی نەبونی جێگرەوە لە کۆریای باکور سەرەرای هەڕەشەکانی دەست بۆ روخاندنی نابات بەهەمانشێوە لە ئێرانیشدا، هیچ جێگرەوەیەک بونی نیەو لە ئایندەیەکی نزیکیشدا نابێت، بۆیە ئێران وەک دەوڵەت و شارستانیەت لەسەر ئەم شێوازە حوکمڕانیە تا ماوەیەکی نادیار دەمێنیتەوە.

بۆیە روداوەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسیەکان وا دەخوازن کە هاوکێشەی پەیوەندیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریان بەسەردابێت. کە لێرەدا بەرەی ئێران و ئەمەریکا و عێراق لە بەرامبەر بەرەی سونە دەوەستنەوە. بە شێوەیەک لە ئایندەیەکی نزیکدا ترەمپ بەسیاسەتی دەرەکی خۆیدا سەبارەت بە ئێران دەچێتەوە، بەتایبەت کە هەریەکە لە تاران و واشنتۆن لە شەڕی داعشدا بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ یەکیانگرتوە، هەریەکەیان بە جیا شەڕی رێکخراوی داعشیان ئەنجامداوە. هەروەک محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ چارلی رۆس پێشکەشکاری بەناوبانگی ئەمەریکا رایگەیاند؛ کە ئەوە ئێرانیەکان بون بەریان بە هێرشەکانی داعش گرت لە هەریەکە لە ئیدلیب و دەیرزور و ناوچەکانی تر لە سوریا و راگرتنی پێشڕەویەکانی داعش بۆ سەر هەولێر لە کوردستانی عێراقدا، کە ئەمانە ئاماژەی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و ئێرانن.

وڵاتانی ناوچەکە بە پەیوەندیەکانی خۆیاندا دەچنەوە و هەریەکە لە قاهیرە و ئەنکەرە و ریاز لەڕێگەی چەندین گرێبەستی ئابوری و سەربازیەوە ئەم هەنگاوانەیان ناوە. ئەڵبەتە تارانیش لە درەنجامی رێککەوتنی ناوەکیەوە لە گەڵ کۆمپانیا رۆژئاواییەکانداچەندین گرێبەستی واژۆ کردوە. لەبەرئەوە نە لەئێستاو نە لەئایندەدا هێچ روبەروبونەوەیەکی سەربازی لەنێوان تاران و واشنتۆن رونادات. بۆیە لەم روەوە هەر گرژیەک لەنێوان هەرێم و بەغدا یان هەرێم و تاراندا روبدات ئەمەریکا پشتیوانی هەرێم ناکات. خوێندنەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ رودانی گرژی لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا گرەوکردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو.

بەکورتی هەرهەنگاوێکی سیاسی و سەربازی هەرێم میکانیزمی سیاسەتی دەرەوەی روسیاو سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەکەدا بەهەند وەرنەگرێت و خوێندنەوەی مێژویی و بابەتیان بۆ ئەنجامنەدات دەرنجامەکەی بەزیانی گەلی کورد تەواو دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.