سەركردەكان لە خۆتانەوە دەست پێبكەن

لەلایەن ستاندار Posted on 502 جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

لە بەڕێز حەمید دەروێشەوە دەستپێبکەین کە ٥٤ ساڵی تەواوە سکرتێری حیزبەکەیەتی لە رۆژئاوای کوردستان و کۆنترین سکرتێری کوردە, بگرە یەکێکە لە کۆنترین سەرکردەی حیزبەکانی جیھانیش, تا سکرتێری بچوکترین پارتی سیاسی کە بە کورسییەکەوە نووسا مەگەر مردن لێی دورخاتەوە یاخود لە پرۆسەیەکی بازرگانی سیاسی کورسیەکی لە دوکانێکی گەورەتر دەست کەوێت , لە کاتێکدا لە جیھاندا ژیانی سیاسی بە ئاستێک چۆتە پێشەوە, حیزبە سیاسییەکان بە رێگایەکی مۆدێرن بەردەوامن لە گۆڕینی سەرۆکەکانیان پاش ھەموو پاشەکشە سیاسییەکان و شکستەکانی ھەڵبژاردن و سکانداڵە ئەخلاقی و سیاسییەکان, تەنانەت ھەڵبژاردنی سەرۆکی پارت بەو شێوە نەرێتیەی لای خۆمان بە چەپڵە ئەنجام دەدرێت, یاخود لە رێگای کۆنگرەی چەند سەت کەسی یان کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی باوی نەماوە, ئەندامان راستەوخۆ بە کۆبونەوەی دەیان و سەدان ھەزاری سەرۆکی حیزبە بێدەسەڵاتەکەیان ھەڵدەبژێرن.

تا ئێستا لە کوردستان پاش ئەم ھەموو خیانەت و شکستانە سەرکردەمان نەبینی دەست لەکار بکێشێتەوە, دان بە راستییەکاندا بنێت و بەرەو روی لێ پێچینەوەو سزا نەبێتەوە, ھەمیشە بەھانە بۆ تاوان و شکست و گەندەڵییەکانیان دەھێننەوەو خۆیان بە سیاسییە پاکیزەکە دەناسێنن, مردن نەبێت لە کورسی جیا نابنەوە, دوای خۆشیان کورسی حیزب و مومتەلەکاتی حیزب بۆ مناڵەکانیان بەجێ دەمێنێت.

لەم چەند رۆژەی رابردوو پاش خیانەتە مێژوییەکەی ١٦ ی ئۆکتۆبەری کەرکووک , ھەڵمەتێک بۆ داخوازی دەست لەکار کێشانەوەی بارزانی دەستی پێکرد, تا ئێرە ئاساییە, چونکە ئەمە مافێکی سەرەتایی ھاووڵاتیانە, زۆر بێ مانایە بارزانی ٤١ ساڵە سەرۆکی حیزبەکەیەتی و ٢٦ ساڵە دەسەڵاتداری کوردستان و ١٢ ساڵە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە , لەو کاتەوە دەیان ھەڵەو تاوان لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا ئەنجامدراوە کە ھەندێکیان دەچنە چوارچێوەی تاوانە مەزنەکان و ھەڵەی سیاسی گەورە, وەلێ ئەوەی نا ئاساییە لە داواکاری ئەم بەڕێزانە ئەوەیە سەرکردەکان خۆیان تا مردن بە کورسی حیزبەکانیانەوە نووسان و بەریان نەدا لە کاتێکدا رۆڵی باڵایان ھەبووەو نەیان وێراوە بچوکترین رەخنە لەو سەرکردانەی خۆیانیان نەگرتووە, تا چووونە قەبرەوە ھەر خەریکی ماستاو بوونە بۆیان , دوای خۆشیان مومتەلەکات و حیزبەکانیان بۆ مناڵەکانیان بە میرات مایەوە , کەچی ئەوان لە گرتنەوەی ماستاوە چرکان بەردەوامن, ھاوکات ناوێرن ئازایانە دەست بخەنە سەر برینە قولەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر, کە ئەوەی لەناو رودوەکە نەبێت نازانێت خیانەتەکە چەندە گەورەو کەمەر شکێن بوو, شوێنەوارەکەی و شێوازەکەی کەمتر نەبوو لە ٣١ی ئاب .

لە کۆتادا من بەو بەڕێزانە دەڵێم تکایە لە حیزبەکان خۆتانەوە ھەموو دەست پێبکەن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی بە ھەموو رەنگ و ناوەکان ببەنە زبڵدانی مێژوەوە, ئاخر ئێمە تا کۆیلەیی ئێسک و پروسک و تارماییە مردووەکان بین و خۆمان رزگار نەکەین لەو کلتورە ناتوانین بە خەڵکێکی دیکە بڵێین بۆ ماڵەوە, با زیندووەکان بکەینەوە بە مرۆڤی ئاسایی و ئازادیان بکەین و مردووەکانیش بنێرینەوە بۆ گۆڕستانە گشتییەکان خۆمان لە تارماییە بێ روحەکانیان ئازاد بکەین, ئەوجا بە خەڵکی دیکەش بڵێین بۆ ماڵەوە, چونکە بڕیاری وا مەزن تەنھا بە مرۆڤی زیندوو دەدرێت نەک بە مرۆڤی کۆیلە, با ھەموویان بنێرینەوە بۆ ماڵەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.