نەدەبوو بارزانی دەست بۆ دارگەنمەکەی باوکە ئادەم بەرێ

لەلایەن ستاندار Posted on 405 جار بینراوە

سەڵاح زانا

مام جەلال قسەیەکی هەبوو زۆرجار دووبارەی دەکردەوە ، دەیگوت نابێ لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتن خەوتان لێ بکەوێ . ئەم قسەیە بۆ هەموو ئەو کەسانە راست دەردەچێ ، کە بەهۆی سەرکەوتن و شانازی بەخۆ کردنەوە ، لەخۆبایی دەبن و هەڵەی زۆر گەورە ئەنجام دەدەن . بەو هۆیەشەوە ئەو سەرکەوتنە کاتیەی کە بەدەستیان هێنابوو لە دەستی دەدەن . وە لە بری چێژ وەرگرتنی بەردەوام لەو بەهەشتەی بۆیان فەراهەم بووە ، خۆیان دووچاری تاڵاوی شکست دەکەن .
ئەم راستیەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردوە ، بەر لە هەموو کەس لەسەر حەزرەتی ئادەم جێبەجێ دەبێ . دواتر ئەم خووە خراپە بە میراتی گوزراوەتەوە بۆ رۆڵەکانی . بۆ زیاتر روون بوونەوەی مەبەستەکەمان ، بە کورتی ئاماژە بە سەدام حوسێن دەدەین . دواتریش دۆخی بارزانی تاوتوێ دەکەین ، دوای ئەوەی ریفراندۆمی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدا .
پەروەردیگار ئادەمی لە قوڕ دروست کرد . هەرچەندە فریشتەکان لە ئاگر دروست کرابوون ، بەڵام خودا فەرمانی پێکردن کە کڕنووش بۆ ئادەم بەرن . وە یەزدان ئادەمی لە بەهەشتدا جێنشین کرد . وە بۆ دڵنەوایی و چێژ وەرگرتنی زیاتر لە ژیان ، خودا حەوای لە پارچەیەک لە لەشی ئادەم دروست کرد . ئادەم لە بەهەشتدا هەموو خواست و حەزەکانی بەدی هێنرا بوون ، تەنیا خودا لەوە ئاگاداری کردەوە کە لە ( دار گەنم ) ەکە نەخوات . بەڵام ئادەم کە مەست ببوو بە خۆشی و لەزەتەکانی بەهەشت ، وە لەخۆبایی ببوو بەو رێز و نازە زۆرەی کە خودا پێی بەخشی بوو ، نەیتوانی لە پێگە راستەقینەکەی خۆی تێبگات ، وە بیری لەوە نەکردەوە کە ئەو چۆن دەتوانێ بەرگەی سزا و توڕەیی یەزدان بگرێ . بۆیە گەورەترین تاوانی ئەنجامدا و سەرپێچی فەرمانی خودای کرد . خوداش لە تۆڵەی ئەم بێ باکی و بێ نمەکیەدا ، باوکە ئادەمی لە بەهەشت دەرکرد و فڕێی دایە سەر زەوی . بەمەش مرۆڤایەتی لەم بەروارە بە دواوە ، تووشی دەردەسەری و دژواریەکانی ژیانی سەر زەوی بوەوە . بەڵام لە هەموو کەس زیاتر ، باوکە ئادەم تاڵاوی ئەم شکستەی نۆشی . چونکە ئەو هەم فیردەوسی پان و بەرینی لەدەست چوو ، هەمیش لە بەرامبەر خودادا دووچاری ئازارێکی گەورەی ویژدان بوەوە .
سەدام حوسێن لە جەنگی هەشت ساڵەی بەرامبەر بە ئێراندا سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو ، توانی بووی حیزبە کوردیەکان دووچاری شکستێکی کەمەر شکێن بکات . بەمەش عێراق ببووە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی ناوچەکە لە رووی سەربازیەوە ، وە لەنێو عەرەبدا سەدام ببووە پاڵەوانێکی نەتەوەیی . کاتێ لە (۱۹۹٠) دا کێشەی نێوان ( عێراق و کوێت ) گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار ، سەدام بە توندی هەڕەشەی سزادانی لە کوێت کرد . کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی ، هەوڵی زۆریاندا بۆ پاشگەز کردنەوەی سەدام لە جێبەجێ کردنی هەڕەشەکانی ، وە ئامۆژگاریان کرد لەوەی کارێکی هەڵەشانە ئەنجام نەدات . بەڵام سەدام کە دووچاری لەخۆبایی بوونێکی زۆر ببوو ، گوێی بە داواکاریەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدا و لە (۱۹۹٠/۸/۲) دا وڵاتی کوێتی داگیر کرد . سەدام کە بە شێوەیەکی ساویلکانە ، هەڵسەنگاندنێکی هەڵەی بۆ هاوکێشە سیاسیەکان کردبوو ، پێی وابوو کە بە ئاسانی ئەم سەرپێچیەی بۆ دەچێتە سەر . بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی رووبەڕووی بوەوە ، وە وڵاتانی هاوپەیمان بە رێبەرایەتی ئەمریکا ، بە زەبری هێز سوپای عێراقیان لە کوێت وەدەرنا . عێراق تەنیا لە ( کوێت ) دا شکستی نەهێنا ، بەڵکو زۆربەی ژێرخانە ستراتیجیەکانی لە دەستدا . وە بەهۆی کاریگەری سزا نێودەوڵەتیەکانیشەوە ، وڵات دووچاری دارووخانێکی گەورەی ئابوری بوو . ئەمە سەرەڕای لەدەست دانی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان ، کە کەوتنە ژێر دەستی حیزبە کوردیەکان . سەدام حوسێن گەورەترین زیانی لەم شکستەدا بەرکەوت ، کە هەم دەستەڵاتەکەی دووچاری لاوازیەکی زۆر هات ، هەمیش لە پاڵەوانێکی نەتەوەییەوە ، بوو بە دیکتاتۆرێکی بێزراو .
لە دوای ئەوەی بارزانی بوو بە سەرۆکی هەرێم لە (۲٠٠٥) دا ، رۆژ لە دوای رۆژ باڵا دەستی پارتی لە کوردستاندا زیاتر پەرەی سەند ، تا لە کۆتاییدا زۆربەی جوگە سەرەکیەکانی دەستەڵات ، کەوتنە ژێر دەستی ئەم حیزبەوە . ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم تەواو بوو ، بارزانی پۆستەکەی چۆل نەکرد و بۆی چووە سەر . بزوتنەوەی گۆڕان ویستی لە رێگەی پەرلەمانەوە دەستکاری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بکات ، پارتی پەرلەمانی پەکخست و ( گۆڕان ) یشی بە توندی سزادا . لە دوای هاتنی ( داعش ) بۆ عێراق ، پێشمەرگە توانی لە زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکاندا باڵا دەستی خۆی بسەپێنێ . ئەمە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان بە کردەوە بوو بە بەشێک لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ، بەو هۆیەشەوە بوو بە خاوەنی چەک و تەقەمەنیەکی زۆر . وە دوای ئاڵۆز بوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ، هەرێم نەوتی بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەناردەی دەرەوە کرد ، وە دەستی بەسەر زۆربەی داهاتەکانی دەروازە سنوریەکان و ناوخۆدا گرت . لە راستیدا دەستەڵاتی کوردی وەک نیمچە دەوڵەتێک پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و رێکخراو و کۆمپانیاکاندا دەبەست . وە بەهۆی گەندەڵی و دزینی سامان و داهاتی وڵاتەوە ، پارتی بووەتە هێزێکی ئابوری گەورە لە وڵاتدا ، وە لەو رێگەیەشەوە توانیویەتی هەژموونی سیاسی خۆی بەسەر زۆربەی حیزبەکانی تری کوردستاندا بسەپێنێ .
لە راستیدا ئەو دەستەڵاتەی کورد لە هەرێمدا هەیبوو ، زۆر لە دەستەڵاتی هەرێمێکی فیدڕاڵی زیاتر بوو . بەڵام بارزانی بۆ زیاتر سەپاندنی دەستەڵاتی خۆی و بنەماڵەکەی لە کوردستاندا ، وە بۆ هێنانە دی شانازیەکی مێژوویی بۆ خۆی ، پرسی ریفراندۆمی هێنایە ئاراوە ، بەبێ ئەوەی ئامادە سازیی پێویست بکرێ لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا . هەرچەندە بەهۆی لەبار نەبوونی دۆخەکە ، دەنگێکی زۆر لە ناخۆ و دەرەوەدا بەرز بوەوە و داوای دواخستنی پرۆسەکەیان کرد ، بەڵام بارزانی سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی . ئەگەر چی بەر لە وادەی بەڕێوە چوونی پرۆسەکە ، لە لایەن وڵاتانی هەرێمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە چەندین پێشنیاز و دەستپێشخەری باش خرانە بەردەم بارزانی ، بە مەبەستی وازهێنان لە ئەنجام دانی پرۆسەکە ، بەڵام بارزانی کە دووچاری وەهمی لەخۆبایی بوونی سیاسی ببوو ، نەیتوانی خوێندنەوەیەکی دروست بۆ دۆخی سیاسی هەرێم و هاوکێشە سیاسیەکان بکات . بۆیە بە شێوەیەکی زۆر بێ باکانە پرۆسەکەی ئەنجامدا .
ئەگەر بارزانی پێشنیازەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمریکای جێبەجێ کردبا ، ئەوا هەم پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا زۆر بەهێزتر دەبوو ، هەمیش بارزانی وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی بەهێز ، دەیتوانی هەژموونی دەستەڵاتی خۆی زیاتر بسەپێنێ لە کوردستاندا . بەڵام بارزانی تا دوای ئەنجام دانی پرۆسەکە ، لە مەترسی دۆخەکە تێنەگەیشت . نەک تەنیا حکومەتی ناوەندی و ئێران بە توندی لە دژی پرۆسەکە هاتنە سەر هێڵ ، بەڵکو تورکیاش زۆر بە توندی لە دژی هەنگاوەکەی بارزانی وەستایەوە . بە هۆی ئەو رێکەوتنە نهێنیەی لە نێوانیاندا ئەنجام درابوو سەبارەت بە پرسی نەوت ، تورکیا بۆ بارزانی ئومێدێکی زۆر گەورە بوو . بەڵام کە تورکیا هەرگیز لەگەڵ دروست بوونی قەوارەیەکی کوردیدا نیە ، بۆیە هەڵوێستێکی زۆر توندی لە دژی بارزانی و هەرێمی کوردستاندا گرتۆتە بەر . بە هۆی ریفراندۆمەوە بارزانی نەک هەر دۆستێکی بەهێزی وەک تورکیای لە دەستدا ، بەڵکو هاوسۆزی ئەمریکا و هاوپەیمانانیشی لەدەست چوو . بە هۆی ئەم دۆخە دژوارەی کە هەرێمی کوردستان تێیکەوت ، دەرفەتێکی زێرینی دایە بەغدا کە ژمارەیەک رێکاری تەمبێ کردن لە دژی هەرێم بگرێتە بەر ، کە ترسناک ترینیان گەڕاندنەوەی هێزەکانی بوو بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان بە رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی . وە بڕیار وایە حکومەتی ناوەندی بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ ئێران و تورکیا ، کۆمەڵێ سزای توند لە دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن . کە ئێستا هەندێکیان چوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە ، وەک داخستنی هێڵی ئاسمانی بە رووی هەرێمی کوردستان و ، داخستنی دەروازە سنوریەکان ، وە بڕیار وایە تورکیاش رێگە لە هەناردە کردنی نەوتی هەرێم بگرێ .
حکومەتی ناوەندی هەوڵ دەدا بە بیانووی جێبەجێ کردنی بەندەکانی دەستوری عێراقی بەسەر هەرێمی کوردستاندا ، کۆمەڵێ دەسکەوتی سیاسی لە کورد وەربگرێتەوە ، بە تایبەتی لە ناوچە کێسە لەسەرەکان و دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوریەکان . وە هەرێمیش بە هۆی ئەم دۆخە دژوارەی کە تێی کەوتووە ، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چەندین سازشی گەورە ، لەوانە سڕ کردنی دەرنجامی ریفراندۆم و وتوێژ کردن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوری عێراقی ، کە ئەمەش پاشەکشێیەکی گەورەیە لەو دەسکەوتە نەتەوەییانەی کە کورد بە دەستی هێنابوو . لە راستیدا بارزانی بەهۆی ئەنجام دانی ریفراندۆمەوە ، هەم پێگەی هەرێمی کوردستانی دووچاری لاوازیەکی زۆر کرد ، هەمیش دەستەڵاتی خۆی بنەماڵەکەی رووبەڕووی ئایندەیەکی زۆر ترسناک کردۆتەوە .
باس کردنی چیرۆکی حەزرەتی ئادەم لە قورئاندا ، بۆ ئەوەیە کە مرۆڤایەتی پەندێکی زۆری لێ وەربگرێ . وە تاکوو هەرگیز رۆڵەکانی ئادەم بوێری ئەوەیان نەبێ ، دەست بۆ قەدەغە کراوێک بەرن کە لە سەرووی توانای خۆیانەوە بێ . بەڵام بارزانی کە نەیتوانی لە راستی پێگە و توانای خۆی تێبگات ، هەڵەیەکی زۆر گەورەی ئەنجامدا و دەستی بۆ دار گەنمەکەی باوکە ئادەم برد . کە بەو هۆیەوە دوور نیە هەم بەهەشتەکەی خۆی لەدەست بچێ ، وە هەم میللەتی کوردیش دووچاری کارەساتی گەورەتر بکات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.