کەمال چۆمانی
ئەگەر یەکێتیی لە کەرکوک نەکشابایەوە، یان کەرکوک دەبوە حەلەب و موسڵ، یان زیاتر لە پێنج هەزار پێشمەرگە و دەیان هەزار کەسی دی شەهید دەبون. ئەگەر ١٠ ساڵیش شەڕەکە هەر بەردەوامیی هەبوایە، رێککەوتنەکە هەر ئەوە دەبو کە ئێستا پێویستە لەسەری رێکبکەون چونکە جگە لە دەستوری عێڕاق بنەمایەکی دیکە نییە کە لە رابردودا هەردولا لەسەری رێککەوتبن. کشانەوە و رێککەوتنی یەکێتیی هەڵەیەکی ستراتیجیی نەبو، بەڵکو میکانیزمی کشانەوە و جێبجێکردنی بڕیارەکان، جۆری رێککەوتنەکان و شاردنەوەی لە خەڵک و هێزی پێشمەرگە، هەڵەیەکی ستراتیجیی بو. هەموشمان باش دەزانین هەر شکستێک لە ئێستا، هۆکارەکەی لە ئێستا نییە، بەڵکو هۆکاری تەواوی شکستەکان لە هەناوی حوکمڕانیی ٢٦ ساڵی رابردو دایە.
هەر بۆیە، تا کەی دەبێت باجی هەڵە سیاسیی و ستراتیجییەکانی مەسعود بارزانیی، پارتیی، نیوەی یەکێتیی، زۆربەی یەکگرتو، پێترۆ-قەڵەمەکانی ناوخۆ و دەرەوە بدەین. تا کەی دەبێت گەل باجی هەڵەتێگەیشتنەکان و بڕیارە نابەرپرسەکانیان بدات. کاتیەتی ناچاریان بکەین رێ بە سەرکردایەتییەکی نوێ بدەن -با خۆشیان بەشدار بن- لە دروستکردنی قەرار و رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، لە سەروی هەمویانەوە ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەڕیتانیا.
چاکسازیی راستەقینە بە گەندەڵکاری گەورە و مافیاکان ناکرێت. ئەو حوکمڕانیی و سەرکردایەتییە شکستخواردون، کۆتایییان هاتوە و دەبێت شکست و تێكشکانی خۆیان قبوڵبکەن بەر لەوەی ژیان بەتەواوی لە خۆیان و لە هەموان تێکبدەن. بەر لەوەی وەک ئۆپۆزسیۆنی سوریا حەلەب جێبهێڵن و شکست قبوڵبکەن، تکایە رێ لەوە بگرن کەرکوک و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ببێتە حەلەب، لێرە بوەستین و رێ لە شکستی زیاتر بگرین، گەورەترین سەرکەوتنە.
ریفراندۆم ژەهرێک بو خواردمانەوە، هێشتا پێی نەمردوین، چارەسەرەکەی لەناو خۆمان دایە.