کۆمەڵێک نوسەر و رۆشنبیر پەیامێک بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستای کوردستان بڵاودەکەنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 534 جار بینراوە

ستاندەر
کۆمەڵێک نوسەر و رۆشنبیری کوردستان پەیامێکیان بەناونیشانی (مانیفێستێک بۆ تێپەڕاندنی شکست) بڵاوکردەوە و تیایدا نەخشەڕێ ی تێپەراندنی دۆخی ئێستای کوردستان ڕادەگەیەنن، لەبەشێکی پەیامەکە ھاتووە “ھەموو ئەو ھێزانە کە بەشێک نین لەم نوخبە حوکمڕانە، لە پێش ھەمووشیانەوە بزوتنەوەی گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و لیستی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێ‌و ئەوانیتر، پێویستە لەم سستی‌و سڕبوونە سیاسییە دەرچن‌و لەدەوری بەرنامەیەکی نیشتیمانی کۆبنەوە کە ببێتە دەرچەیەکی سیاسیی لەم شکستە نەتەوەییە. ھەموو خۆ بە ئەلتەرناتیڤ زانینێک بە تاقی تەنھا‌و ھەموو شێوەکانی نارسیزمی سیاسیی جگە لە درێژەدان بەو دۆخە کارەساتاوییەی ئەمڕۆکە ھیچیتری لێ سەوز نابێت.”

دەقی پەیامەکە بخوێنەوە

مانیفێستێک بۆ تێپەڕاندنی شکست
ڕوداوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی لەکەرکوک‌و شارەکانی تری کوردستان، لەپێش ھەمووانەوە شکانی خێرا‌و بەرفراوانی ھێزی پێشمەرگەو بەھەدەردانی خوێنی دەیان‌و سەدان کەسیان، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی دەیان ھەزار ھاونیشتیمانی مەدەنیی‌و لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لە چەند کاتژمێرێکدا، شکست‌و ھەرەسێکی گەورەی تری مێژووی نوێی میللەتی ئێمەیە. ئەم ھەرەسە لە شێوەی ھەرەسی عەرەبە لە ساڵی ١٩٦٧دا لە بەردەم ئیسرائیلدا، ئیسرائیلیش لەماوەی شەش رۆژدا لەشکری سێ وڵاتی عەرەبی شکاند‌و ناچار بە تەسلیمبوونی کردن. وەکچۆن جەنگی ١٩٦٧ ی عەرەب نسکۆ‌و ھەستکردن بە وێرانبوونێکی سیاسیی‌و فەرھەنگیی‌و ڕۆحیی گەورەی لە دونیای عەرەبیدا بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەم شکانەی ئێمەش دەشێت دۆخێکی ھاوشێوە لە کوردستاندا دروستبکات.

ھەرەسی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی ئێمە لە پڕ‌و لە بۆشاییدا ڕووینەدا، بەڵکو بەرھەمی ساڵانێکی درێژیی شسکتی بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی‌و سیاسیی نوخبە حوکمڕانەکەی کوردستان‌و بەرھەمی درۆ‌و وەھم‌و خورافەتە یەک لە دوای یەکەکانیەتی. دەرەنجامی چەندان حیساباتی سیاسیی ھەڵەو نارسیزمێکی سیاسیی بیمار‌و ترسناکە کە بکەرە سەرەکییەکانی لەناو تەلەفیزۆنەکانیاندا خۆیان وەک قارەمانی کەموێنەی مێژووی ئێمەو سەرۆکی ھەمووشت زان‌و سیاسیی شارەزا‌و حەکیم، وێنادەکەن. ئەم شکستە شکستی ئەزموونێکی سیاسیی‌و عەقڵیەتێکی تایبەتی حوکمڕانیی‌و شێوازێکە لە ئیدارەدان کە جگە لە نسکۆی گەورەتر‌و قووڵتر، جگە لە کۆستی گەورەتر، ھیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئەم نوخبە حوکمڕانە زیاد لە نیو سەدەیە کۆمەڵگای ئێمە لەناوەوەو لە زیاد لە ئاستێکدا پارچەپارچە دەکات‌و لە قەیرانێکیشەوە بۆ قەیرانێکی قووڵتر‌و ترسناکتریش دەیبات. ھۆکاری ڕاستەخۆی شکستی ئەمجارە لاساریی‌و عینادی سیاسیی بارزانیی‌و پاشکۆکانێتی لە حیزبەکانی تر، کە بێباکانە ئاستی وێرانی بیرکردنەوەو ڕوانینی خۆیان خستە شوێنی ھەر بیرکردنەوەو ڕوانینێکی تر‌و گوتارە بەتاڵەکەی بارزانیشیان بۆ سەربەخۆیی کرد بە تاکە ئەلتەرناتیڤێک بەبێ ئەوەی ھیچ زەمینەیەکی سیاسیی‌و یاسایی‌و سەربازیی ناوخۆیی‌و ھیچ پشتیوانییەکی ئیقلیمیی‌و نێودەوڵەتیشی ھەبێت. بەسەریەکیشەوە ھەموو بەرخوردێکی لۆژیکی وعەقڵانییان وێرانکرد.

ھۆکارە ڕاستەوخۆکەی ئەم شکستە بە ئاستی بیرکردنەوەو تەماح‌و خواستە شەخسییەکانی بارزانییەوە پەیوەستە، ھۆکارە ناڕاستەوخۆ‌و قووڵەکانیشی لەھەناوی ئەو ئەزموونە شکستخواردوەوە دێتەدەر کە چارەکەسەدەیەکە لە ھەرێمدا سەروەرە. ئەم شکستە یەک شتمان پێدەڵێت: گەلی کورستان شایانی ئەوە نییە نوخبەیەکی دەبەنگ‌و نابەرپرسیار بەرامبەر بە ژیان‌و ئاساییشی خەڵکەکەی فەرمانڕەوایەتی بکات‌و بڕیار بۆ ئێستا‌و ئایندەی نەوەکانی بدات. ئێمە ئەو ڕاستییە باش دەزانین کە ئەم نوخبانەی کوردستانیان گەیاندە ئەم داڕمانە سیاسیی‌و سەربازیی‌و ئیداریی‌و ئەخلاقییە، ھەرچیەک بن پاڵەوانی دروستکردنی نیشتیمانێکی ھاوبەش‌و ھاونیشتیمانییەکی خاوەن ماف‌و سەروەرییەکی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی نین بۆ کوردستان. بە پێچەوانەوە ئەمانە پاڵەوانی شکاندنی بەھا ئینسانییەکان‌و بکەری وێرانکردنی کەرامەتی تاکەکەسیی‌و نیشتیمانیی ئێمەن. لە دوای ئەم شکستە گشتگیرەوە بارزانی‌و ڕەعییەتە گوێڕایەڵەکەی لەحیزبەکانی تر نە مافی ئەوەیان ھەیە بەناوی گەلی ئێمەوە قسەبکەن‌و نەدەشتوانن لەمەودوا نوێنەرایەتی ئەو گەلە لەناوەوە دەرەوەی کوردستاندا بکەن. ئەمانە یەک شوێنیان شایستەیە، دەرەوەی کۆمەلگا‌و مێژوو‌و سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا. کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم بڕیاردانێکی ستراتیژی گەورەدایە. یان دەبێت ئەم نوخبە فاشل‌و نابەرپرسیارە خۆیان سزای خۆیان بدەن، بەزووترین کات دەستبەرداری دەسەڵات ببن‌و شکستی ئەخلاقیی‌و سیاسیی خۆیان بەڕاشکاوانە بۆ ڕای گشتیی کوردستان‌و جیھان ڕابگەیەنن، یان ئەوەتا خەڵک پێیان بڵێت ئیتر بەسەو سزایان بدات. ھەموو بژاردەیەکی دەرەوەی ئەم دوو بژاردەیە بڕیاردانە بۆ درێژەدان بە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان.
بە بڕوای ئێمە بۆ دەرچوون لەم قەیرانە پێویستە لە سەر سێ ئاست کاربکرێت:
ئاستی یەکەم: ھەموو ئەو ھێزانە کە بەشێک نین لەم نوخبە حوکمڕانە، لە پێش ھەمووشیانەوە بزوتنەوەی گۆڕان‌و کۆمەڵ‌و لیستی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێ‌و ئەوانیتر، پێویستە لەم سستی‌و سڕبوونە سیاسییە دەرچن‌و لەدەوری بەرنامەیەکی نیشتیمانی کۆبنەوە کە ببێتە دەرچەیەکی سیاسیی لەم شکستە نەتەوەییە. ھەموو خۆ بە ئەلتەرناتیڤ زانینێک بە تاقی تەنھا‌و ھەموو شێوەکانی نارسیزمی سیاسیی جگە لە درێژەدان بەو دۆخە کارەساتاوییەی ئەمڕۆکە ھیچیتری لێ سەوز نابێت.
ئاستی دوھەم: ئێمە دڵنیاین کە لەناو ئەندام‌و کادیرە گەورەو بچووکەکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا بە یەکێتی‌و پارتیشەوە کەسانێکی خەمخۆرو دڵسۆز ھەن کە وەک ئێمە توڕەو ناڕازین‌و بەم شکستە نیشتیمانیی‌و نەتەوەییە بریندارن. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ھەڵوێستێکی روون‌و دیاریان بەرامبەر ئەو سەرکردانە ھەبێت کە بەرھەمھێنەری ئەم شکستەن‌و کار بۆ گۆڕینیان لە شوێنگەی دەسەڵاتدا بکەن.
ئاستی سێھەم: لەسەر ھەموو ھێزە سیاسیی‌و مەدەنییەکان پێویستە کە ڕێگریی لە دواخستنی ھەڵبژاردن‌و درێژکردنەوەی زیاتری تەمەنی پاڵەوانی شکستی ئەمجارەو سەرۆکایەتیی نایاسایی بارزانیی‌و پەرلەمانە کارتۆنییەکەیان بکەن‌و دەستبەجێی دەزگای بەدناوی ”ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان“ ھەڵبوەشێنرێتەوە. داوا لە ھێز‌و دەزگا نێودەوڵەتی‌و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین سەرپەرشتی ھەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەرد لە ھەرێمدا بکەن، بۆئەوەی خەڵک بڕیاری مەدەنیی‌و دیموکراسییانەی خۆی بدات‌و حکومەتە نوێکەی ببێت بە نوێنەری ڕاستەقینەی لە ھەرێمی کوردستان.
رەئوف بێگەرد
ئاسۆس ھەردی
ئاراس فەتاح
مەریوان وریا قانیع
شێرکۆ کرمانج
مەسعود عبدولخالق
نەجیبە مەحمود
چۆمان ھەردی
نیاز عەبدوڵڵا
ھیوا فایەق
ھیوا قادر
روناک شوانی
شوان محەمەد
ئەحمەد میرە
سەردار محەمەد
رێبین ھەردی
عەزیز رەئوف
رێواس ئەحمەد
کەمال چۆمانی
ئارام سەعید
دانا ئەسعەد
فەرمان رەشاد
شوان حەمە
نیاز نەجمەدین
ئاری ئازاد
عەدنان عەلی
نالیا ئیبراھیم
ئاسۆ جەبار
خالید حاجی شەریف
دانا کەریم
ئالان رەئوف
دڵشاد ئەنوەر
جەزا محەمەد
ئازاد عوسمان
خالید عبدولکەریم
بێستون ژاژەڵەیی
ئاریان رەووف

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.