پێتان بڵێم ئەمە بۆچی ڕوودرا !؟

لەلایەن ستاندار Posted on 481 جار بینراوە

پێتان بڵێم ئەمە بۆچی ڕوودرا !؟

دلاوەر شێخ محمد

مێژووی خەباتی کورد بە گشت سەرکەوتن و نسکۆیەکانییەوە هۆکار گەڵێک هەبوون بۆ ئەوەی ڕێخۆشکەر و هەوێن بن بۆ بەردەوام بوونیان ، بۆ هەردوو ئاراستە کاریگەری سەرەکی خۆیان سەڵماندووە ، چەند ئیماراتێکی کوردی بە دەست تێکەڵکردنی نزیکترین کەسی سەرۆک و میری لەگەڵ دوژمن نسکۆ بە ئیماراتەکە هاتووە ، بە هەمان شێوە بە یەکڕیزی و تەبایی نزیکترین کەس و بنەماڵە توانراوە میرنشینێک درووست بکرێ و حوکمێکی خۆبەڕێوەبردن دروست ببێت .
لەلایەکی تریشەوە دیسان چەندین میرنشینی کوردی بە لایەنگیری سەفەوی یان عوسمانی نسکۆی بە میرنشینێکی تر هێناوە ، کە ناتوانین لێرە بچینە نێو باس و خواسی ڕووخانەکە و چۆنییەتی ڕوودانی نسکۆیەکان ، نوێنەری ئەوکاتی استعمار و پادشای بەرێتانیا کە دێت بۆ ئەم ناوچەیە سەردانی میر و بەگ و ئاغاکانی کورد دەکا داوایان لێ دەکا ببن بە یەک و یەکبگرن تەنیا میرێک یان کەسێک بکەن بەسەرکاریان بۆ ئەوەی بەرێتانیا بتوانێ مامەڵەیەکی باش لەگەڵیان بکا و قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێ ، دیسان ناتوانن ئەمە بکەن ، بەهۆی ناتەبایی و مەسلەحەتی بنەماڵەیی .
وتمان ناتوانین هەموو رووداوەکان باس بکەین ، تەنیا دەتوانین ناویان بنێین ، مەلا ئیدریسی بەدلیسی ناوێک و بابەتێکی تریشە کە سەرکەوتن و بوون بە قەوارەیەکی سەربەخۆ خەریک بوو دروست ببێ ، بەڵام دیسانەوە هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی کە ئەو کردی بەو وەعد و پەیمانانەی کە پێی درابوون گەڕا و سووڕا هەرهەموو میر و سەردارانی کوردی کرد ، کەچی دیسان سەری نەگرت ، ڕاستە لاینی خراپیش لە ڕێکەوتن و پەیمانەکەدا هەبوو ، بەڵام بوون بە یەک دەنگی و یەک قەوارەیی شتێکی زۆر باش بوو.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیست و دروست بوونی کۆمەڵە و حزب لە لایەن ڕۆشنبیر و کەسایەتییەکانی کورد و دواتر ئەمەش کەوتە ژێر ڕکێفی ناوچەگەریی و هەندێ بنەماڵە ، شەڕ و پیلان و ئاشتی و پلانەکانی حزبەکانمان شاهیدی ئەمەن ، تا ئیتر لە باشووری کوردستان بە یەکجاری تەوژم و ناوی ( مەلایی و جەلالی) خۆی خزاندە نێو ململانێیەکان ، شۆڕشی کورد بووبە دوولەت ، مەکتەبی سیاسی بەسەرکردایەتی ابراهیم ئەحمەد و هاوڕێیەکانی ، دەیان ویست بە هەڵبژاردن و بە دەنگی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی و هەندێ لە سەرکردایەتی هەڵبژاردن بکرێ بۆ سەرۆکی حزب و شۆڕش ، ئیتر ئەمەش ڕێگری لێ کرا و هەرجارە و ئەو دوولەتە بۆ خۆ بەهێزکردن موئامەرە و پیلانیان دەگێڕا ، ئەمە تا دەورووبەری ساڵی 1991 بەردوام بوو ، ڕاستە پێشتر بەرەی کوردستان نەشونمای کردبوو ، بەڵام بەری نەدابوو ، واتە هیچ شتێکی لێ بەرهەم نەهاتبوو ، کاتی بەهارە و دەبێ داری بەردار بەرداربێ ئەوەبوو لە بەهاری 1991 ڕاپەڕینی کوردستان دەستی پێکرد ، خاڵی سەرکەوتن یەک ڕیزی بوو ، یەکگرتن بوو ، تەبایی بوو ، هەموومان دەزانین پەرلەمان و حکومەت و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین هاتنە ئاراوە و هێڵی تەماس ( خەتی 36) لە ژێر چاودێری ئەمریکا دانرا و بنکەی ئەرجەلیک دامەزرا و هێڵی ئاسمانی دژی کورد چیتر نەیتوانی دژ بە کورد بەکاربهێنێت .
ئەوندەی نەبرد بەڕژەوەندی حزبی و کورسی و دەستەڵات و داهاتی کوردستان بووە هۆکاری ناتەبایی و پچڕانی یەکڕیزی و درووستبوونی شەڕی ناوخۆ ، ئێمە ئەوەمان بەچاوی خۆمان بینی و دەزانین خوێنی کورد بە دەستی کورد ڕژا ، تا ساڵی1998 و ڕێکەوتنی واشنتۆنی نێوان یەکێتی و پارتی واژووکرا ، شەڕی گەرم کۆتایی هات ، نزیکەی دووساڵیش شەڕی سارد بوو خۆ بەهێزکردن و سەروەت و سامانی وڵات هەرزان فرۆشرا ، شەل و کوێر دامەزران ، بۆ ڕاکێشانی نفوزی خۆی ئەمە لە زوونی زەرد و زوونی سەوز بە شێوەیەک کرا کە وای لێهات لەم چەند ساڵەی دامەزراندنیش ڕاگیرا ، لەگەڵ ئەمەشدا گەندەڵی سەریهەڵدا ، سەروەت و سامانی وڵات چووە گیرفانی کۆمپانییەکانی حزب ، دەستەڵات خراپ بەکارهێنرا .
دوای 2003 و ڕووخانی بەعس دیسانەوە بەختی کورد و ڕۆژی کورد پڕشگدارتربوو ، ناوچەکانی سەر بە کەرکوک و دەشتی نەینەوا ـ موسل کەوتنەوە ژێر ڕکێفی بەڕێوەبردنی کورد ، سەرکردایەتی کورد چوونەوە بۆ بەغدا ، بەغدایەکی ڕووخا و بەهاوکاری هاوپەیمانان و کورد هێنرایەوە سەر خەت و بونیاد نرا ، دەستوریان دانا ماددەیەک بەناوی ماددەی 140 بۆ ئەوناوچانە دانرا کە کێشەی لەسەربوو لە نێوان هەرێم و بەغدا ، لێرەدا هەڵەیەک هەبوو ، ئەویش ئەوەبوو ، دەبوایە لە لاوازی و ڕووخانی حکومەتی بەغدا چۆن کورد خاکی کوردستانی زیاد کرد و چەند ناوچەیەکی ئازاد کرد ، دەکرا لەسەر مێزی گفتوگۆ لەبڕی ئەوەی داوای زیادکردنی ڕێژەی بودجە%17 داوای ئەوەبکەن کە هەرێمەکەیان بۆ بکەن بە دەوڵەت ، ئەمەیان نەکرد ، چاویان بڕییە پۆست و پارە .
ناتەبایی و نەبوونی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد بەردەوام بوو ، ڕاستە هەڵبژاردنەکان دەکران ، بەڵام تەزویری زۆردەکرا ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی حزبەکان ، لە زوونی سەوز حزبێک لەدایک بوو ، هەموو ئەو دەنگە ناڕازیانەی بە یەک هەڵبژاردن لە ساڵی 2009 بۆ خۆی ڕاکێشا ، بووە دووەم حزب ، لەساڵی 2011 و لەحەڤدەی شوبات و ڕۆژانی دوایی بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و نەهێشتنی گەندەڵی و نایەکسانی و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین خەڵک هاتە سەر شەقام ، بەڵام هیچ یەکێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرا ، بەمەش خەڵک بێ ئومێدبوو ، چونکە هەڵبژاردنەکان لەبەر تەزویر نەبوونە هۆکار بۆ ئاڵوگۆڕی دەستەڵات و گۆڕینی سەرکردەکان .
ئەمجار ئۆپۆزسیۆنیش نەما ، هەربەیەکجاری خەڵک و شەقام پشتگوێخرا ، حکومەتێکی بنکەفراوان دەمەزرا ، داوای ئابووری سەربەخۆمان کرد ، چارەگە مووچە درووست بوو . پڕۆژەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمان خرایە بەرنامەی کار ، کۆبوونەوەکانی ــ سازان ــ کران کە پڕۆژەی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ یەکخران بەرامبەر بە پارتی ، 9 کۆبوونەوەکران بەبێ ئەنجام ، خاڵی ناکۆک لەنێوانیان ئەوەبوو ، پارتی ڕازی نەبوو دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەمبکرێنەوە و سیستەمی وڵات بکرێ بە پەرلەمانی ، واتر گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو ، دیسان لەزوونی سەوز خەڵک هاتە سەر شەقام ، بارەگاکانی پارتی سوتێنران ، پارتی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی دوورخستنەوە .
بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕاگیرا ، لە 10/6/2014گروپی تیرۆریستی داعش خزایە نێو عیراق ، سەرەتا هەندێ ناوچەی تریشمان رزگار کرد ، سەرکردایەتی کورد وتی ماددەی 140 جێبەجێ کرا !
بەهاوکاری کورد و هاوپەیمانان داعش بەرەو نەمان چوو ، چەندین جار حکومەتی بەغدا بە کوردی وت .. دوای داعش سوپاس عیراق دەگەڕێتەوە بۆ سنووری هێڵی تەماس (خەتی 36) ، کورد گوێی پێ نەدا ، هەر حیسابیشی بۆ ئەم داوایەی بەغدای نەکرد ، بڕیاری ڕیفراندۆم کرا ، جیهان هەمووی وتی کاتی ریفراندۆم نییە ، وەزیری دەرەوە نامەی نوسی بۆ سەرکردایەتی کورد ، گوێ پیێنەدرا ، مەکگۆرگ هاتە لای بارزانی پشتگوێخرا ، لەناوخۆش حزبی گۆڕان و کۆمەڵ و جوڵانەوەی نەخێر ، هەروەها لەگەڵ هەندێ لە سەرانی نێو یەکێتی ، دژی ریفراندۆ بوون ، ئیتر ریفراندۆ کرا ، هەندێ لە سەرانی یەکێتی وتیان با لە کەرکوک نەکرێ ، دیسان بەقسەیان نەکرا ، پێش ئەوەی بکرێ دیسانەوە بەشێک لە سەرانی یەکێتی نامەیان نوسی و ناڕازایەتی خۆیان دەربڕی ، هەموو ناڕازییەکان بە ئەمریکا و ئێران و و تورکیا و عیراق و ناوخۆی کوردیش وتیان توشی شەڕ دەبین ، بەڵام ئەوحزبانەی کە کۆمیتەی ڕیفراندۆمیان پێکهێنا ڕازی نەبوون ، ئەمەش بە خواستی تایبەتی بارزانی ناونرا ، بارزانی وتی هەرشتێک ڕووبدا من تەحەمولی مەسئولیەت دەکەم .
مام جەلال کۆچی دوایی کرد بارزانی لەپرسەکەیدا لەگەڵ هەندێ سەرکردەی بەغدا دانیشت گفتوگۆیەک کرا بۆ ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆم هەڵبواسێ ، بەڵام دیسان بارزانی رازی نەبوو ، کاتێ بینیمان بارزنی لەگەڵ هەندێ سەرکردەی بەغدا دانیشتووە هەڵەیەک یان شتێک ڕوودەدا، چونکە بە شاهیدی نوێنەری هاوپەیمانان و نوێنەری بەغدا داواکرابوو ، کە تەنیا بۆ ماوەی یەک ساڵ ریفراندۆم دوابخرێ و گفتوگۆ بکرێ ، کەچی بارزانی ڕازی نەبوو ، ئائەمە نیشانەیەکی بوو ، ئاخر بەناوبژیوانی هاوپەیمانان ریفراندۆم دوابخرێ لەکوێ و دانیشتن دوای ریفراندۆم بۆ هەڵپەرستنی ئەنجامەکە چەند لێکەوە دوورە !
قاسمی سولەیمانی هاتە سلێمانی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی بینی و دواتر لە دوکان یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە و داوای گفتوگۆیان کرد لەگەڵ بەغدا ، بەڵام کاتەکە درەنگ ببوو ، چونکە ئەمە چەندین ساڵە هەموو بڕیار و کارەکان بە دڵی پارتی و هەندێ سەرکردەی تری یەکێتی بووە ، بەشەکەی تری سەرکردایەتی یەکێتی توشی قەبزبوونی سیاسی ببوون ، هیچ کاتێک دەنگی ئەوان وەرەقەی ئەوان ، ڕاو و بۆچوونی ئەوان قبول نەدەکرا ، وتیان نەوتی کەرکوک دەڕوا نازانین داهاتەکەی بۆ کوێ دەڕوا ؟ کەس وەڵامییانی نەداوە ، وتیان باڕێکەوتنی دەباشان جێبەجێ بکرێ ، نەکرا ، وتیان با پەرلەمان بەبێ گۆڕان کارانەکرێتەوە ، هەر کرا ، وتیان ـــــ وتیان هتد .
هەر پشتگوێخران ، لەوسەرەوە هەموو بڕیارەکان بەدڵی پارتی و ڕازیکردنی هەندێ سەرکردەی یەکێتی و حزبەکانی کۆمیتەی ڕیفراندۆم کارەکان بەڕێوە دەچوون .
ئەمریکا لە شەوی 16/10/2017گڵۆپی سەوزی داگیرساند و پێکرد ، سوپاس عیراق و هەموو گروپەکانی حەشد هاتن کەرکوکیان داگیرکرد ، ئێران و تورکیاش ئاگاداربوون ، ئا ئەمانە بەڕەکەیان لە بن پێی حزبەکانی کۆمیتەی ڕیفراندۆم دەرهێنا و خستیانە سەر بەغدا ، ئەمەش بە دڵی سەرکردە ناڕازییەکانی یەکێتی بوو ، قسەی هاوپەیمانان و وڵاتانی ئیقلیمی و بەغدا و دەنگە ناڕازییەکانی نێوخۆ هاتە جێ ، کە دەیان وت دوای ریفراندۆم توشی شەڕ دەبین ، ئیتر توش بووین و گەڕاینەوە بۆ پێش ساڵی 2003.
ئەم وتارە لە 21/10/2017 وا دەنوسم و دڵم لای شەهیدەکانی پردێیە ، شەڕێکی قورسە لەوێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.