ئاگارداری پیلانێكی حزبەكانی دەسەڵات بن

لەلایەن ستاندار Posted on 522 جار بینراوە

ستاندەر

سكرتێری دەزگای ستاندەر پ.ی.د.رعد رفعە لەماڵپەری تایبەتی خۆی بانگەوازێكی بڵاوكردۆتەوە كە داوا دەكات پۆستی سەرۆكی هەرێم هەلنەوەشێندرێتەوە یان سڕنەكرێت. ناوبراو پێ وایە ئەو پێشنیارنەی دەكرێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم پۆستە پیلانێكی حزبەكانی دەسەڵاتدارنەو پێگەی یاسایی ودەستوری فیدراڵیەتی هەرێمی كوردستان زۆر بچوك دەبێتەوە بەم پێشنیارە.

دەقی ووتارەكەی پ.ی.د. رعد رفعە بخوێنەوە:

تكایە هەڵی مەوشێننەوە…
چەند رۆژێكە لە میدیاكان داوای هەڵوەشاندنەوە یان سڕكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكرێت. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەم داوایە لەلایەن چەند حزب وسیاسەتوان ورۆشنبیرێكی -زۆرینەی دڵسۆز وكەمینەی پیڵانگێر-ی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكرێت.
پاساوی ئەم بەڕێزانەش بریتیە لە:
– پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادە.
– مسعود بارزانی ئەم پۆستەی خراپ بەكارهێناوە.
– ئەم پۆستە سودی بۆ خەڵكی كوردستان نەبوەو تەنها كێشەی لەسەر هەبووە.
پێش هەر شتێك مەرج نیە كاتێك لێپرسراوێك یان فەرماندەیەك یان سەرۆكێك لە هەر پۆستێكدا شكست بێنێت مانای ئەوە بگەیەنێ كە پۆستەكە خۆی شكستەو زیادەو بێ كەڵكە، بەڵكو ئەوە كەسەكانن ناتوانن ئەركەكانیان وەكو پێویست جێبەجێ بكەن یان وەكو پێویست دەسەڵاتەكانیان بەكار بهێنن. لە كوردستان ورۆژهەڵاتی ناوەراست ئەم بۆچونە هەڵەیە زۆر باوە، هەر بۆیە هەوڵی نەهێشتن ولابردنی پۆستەكان دەدەن نەك كەسەكان.
هەڵوەشاندنەوە یان سڕكردنی پۆستی هەرێم دوو زیانی سەرەكی هەیە، ئەویش:
یەكەم: دوای ئەو شكستە سیاسی وسەربازی وئابوریە گەورانەی مسعود بارزانی وپارتی دیموكراتی كوردستان ویەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئێستادا ناتوانن كاندید وپرۆژەو بەرنامەی بەهێز بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم پێشكەش بكەن. هەر بۆیە لە ئێستادا پارتی زۆر كڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نیە؛ چونكە دەزانی ئەم پۆستە گەورەو گرنگەی جارێكی تر نایەتەوە دەستی، بەڵكو دەكەوێتە دەستی نەیارەكانی؛ هەر بۆیە باشترین پیلان ئەوەیە كە لە ئەصلدا ئەم پۆستە نەمێنێ، بۆ ئەوەی ئەگەر سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوانیش نەبێت ئەوا با بۆ نەیارەكانیشی نەبێ.
دووەم: ئێستا هەرێمی كوردستان لە شكستی گەورەی ئابوری وسیاسی وسەربازیدایە؛ لەهەموو شكستەكانیش گەورەتر ئەو شكستە دپلۆماسی وسیاسیەیە كە ئەم سەركردایەتیە شكستخواردوە بەسەر هەرێمی كوردستانیان هێناوە، بەجۆرێك كوردستان دابڕاوە لە چواردەورەكەی و وڵاتە زلهێزەكانی وەكو ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنسا وهتد… هەروەها پێگەی یاسایی ودەستوری ودیفاكتۆی كوردستان زۆر لاوازكراوە لەناوخۆی عێراق؛ تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی حكومەتی عێراق بەنیازە مامەڵەی ئاستی پارێزگای جودا لەگەڵ هەرێم بكات نەك هەرێمێكی فیدراڵی خاوە سیادەی خۆی.
ئەگەر هاتوو پۆستی سەرۆكی هەرێمیش هەڵبوەشێنرێتەوە ئەوكاتە مامەڵەی عێراق ودەوڵەتان تەنها لەگەڵ پەرلەمان وحكومەتی هەرێم دەبێت، بەمانایەكی تر هەردوو مەجلیسی تەشریعی وتەنفیزی حوكمی زاتی شیمالی عێراق. بۆیە پێویستە هەموو لایەك لە خەتەری ئەم بۆچونە ئاگادار بكرێنەوە لە داهاتووی هەرێمی كوردستان.
لەكۆتاییدا دەلێم ئەگەر كێشەمان لەگەڵ خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان هەیە با لەرێگای هەموار كردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم چاریسەر بكرێ وئەو حزب ولایەنانەی دڵسۆزن بۆ كوردستان هەوڵدەن یەك كاندیدی بەهێز پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی بتوانرێ لە سەروی هەرەمی دەسەڵاتەوە گۆڕانكاری ریشەیی ئەنجام بدرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.