لە دەوڵەتی سەربەخۆوە بۆ ھەرێمێکی سەرکز

لەلایەن ستاندار Posted on 308 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری
بەداخەوەم کە بابەتی ئەم جارەم لە ژێر ئەم تایتلەدا دەنووسمەوە،و باس لە دۆخێک دەکەم کە ھیچ کەس و لایەنێک ئاواتی بۆ ناخوازێ و ئێرەییشی پێ نابات، ھاتنە ئارای دۆخێکی ئاوا نەخوازراو کە قەبارەی ئاوات و خواستەکانی کورد لە قەوارەیەکی سەربەخۆییەوە بگوازێتەوە بۆ چوارچێوەی ژیانێکی مەمرە و مەژییەی سەرکزانە، ناکرێ لە ئاستیدا چاو نووقاو بی و دەست لە ئەژنۆ بۆی دابنیشیت، بەڵکو پێویستی زیاتر بە ئیستیک کردن لەسەری و قسەو باسکردنی چڕ ھەیە بۆ ئەوەی ھەموو دیوەکانی دیراسە بکرێ و ھۆکار و ئەو دەرەنجامانەی لێی کەوتووەتەوە و بە وردی شیتەڵ بکرێ و رای گشتی لێ ئاگادار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی پەند و عیبرەتی لێ وەرگرین و بۆ ھەتا ھەتایی ئەو ھەڵە ستراتیژییە دووبارە نەکەینەوە بۆ ھەر بڕیاردانێکی چارەنوسساز، و چیتر نەکەوینە داوی حەز و بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکان و سواری سەری عینادی خۆمان نەبین و ھێندە بێ منەت نەبین لە ئاست کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
ئەوەی لەم چەند رۆژەی دوایی و بە تایبەتیش لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە روویاندا کە بەشێکی یەکجار زۆرمان لە خاکی ھەرێمی کوردستان لە دەستدا کە بەناوچەی جێ ناکۆک ناوزەدکرابوو، کە سنوورەکەی بە خوێنی پێشمەرگە و رۆلەکانی ئەم گەلە لەشەڕی دژ بە داعش نەخشێنرابوو، کەچی بەداخەوە زۆر بە ئاسانی رادەست کرایەوە و نەتوانرا پارێزگاری لێ بکرێ و بە حیکمەت و دوور بینیییەوە مامەلەی لەگەڵ بکرێ، ئەمەش دەرەنجامی نەبوونی عەقلانییەتی سیاسیی و نەگرتنەبەری ھەنگاوی راست و تەندروست و مەدروس بوو. بەداخەوە بڕیاردان لەسەر دیاری کردنی رۆژی گشتپرسی و دواتر ئەنجامدانی لە ٢٥ ی ئەیلول کەش و ھەوایەکی بارگاوی پڕ لە ھەڵچوون و تووڕەیی و نیگەرانی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی ھێنایە ئاراوە، کە بووە مایەی ئەوەی گەلی کوردستان نەک ھەر نزیکەی لە سەدا پەنجای خاکەکەی لەدەستبدا بەڵکو پشتیوانان و دۆستانی کوردیشی کە ئەمە بۆ ئەمرۆی ھەرێمی کوردستان گەورەترین دەستەکەوت بوو لە دەستبدا و بە تەنیا بیھێلێتەوە.
کوردەواری دەڵێت بەردی گەورە نیشانەی نەھاوێشتنە، لەسەر و بەندی ریفراندۆمدا ئیدیعای ئەوە دەکرا ئیتر دوای ریفراندۆم دەوڵەتی کوردستان رادەگەیەنین و بە عێراق دەڵێین خوا حافیز و ئیتر لەمەودوا لەگەل ئێوە دەبین بە دوو دراوسێی ی باش لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتی جیاوازدا، بەڵام کەچی ئەم ریفراندۆمە نەک ھەر سەربەخۆیی نەھێنادی بەڵکو بووە سەرەخۆرە و لە دەرھاوێشتەکەیدا بووین بە ھەرێمێکی سەرکز و رۆژ بە رۆژ فشاری توندی دەخرێتە سەر و مەرجی تازەی لەلایەن بەغداوە بۆ زیاد دەکرێ،و بگرە وەڵامی داواکارییەکانی ھەرێمیش نادرێتەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستان، بەڵکو ئەوەی عێراق داوای دەکات گفتوگۆیەکە لێوان لێوە لە مەرج و بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێم کە دەبێ لە چوارچێوەی دەستوور و بە پێی خواستەکانی ئەو ئەنجام بدرێت، لێدوانی ئەم دواییەی وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی عێرق لە بەرامبەر گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئەمانەی وتمان ھەمووی پشت راست دەکاتەوە، کە کۆمەڵێک پێش مەرجی ئەنجامدانی گفتوگۆی خستە روو، لەوانیش یەکپارچەیی خاکی عێراق، دەستوور، رادەستکردنەوەی دەروازە سنوورییەکان،و فرۆکەخانەکان،و سامانەکانی وڵات، و ھێزەکانی پیشمەرگە، و دەزگا ئەمنییە کوردییەکان،و سەپاندنی یاسا لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و رێگرتن لە ھەر ئاکارێکی پێچەوانەی دەستوور لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە. ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا کە بە ھیچ شێوەیەک قسەکردن لەسەر گشتپرسی و ئەنجامەکانی ناکرێت، ھەروەھا وتی لە رێگەی سەپاندنی ئاسایش ئەنجامەکانی گشتپرسی و سەرجەم ئیمتیازە سەروەرییەکانی ھەرێم بەشێوەیەکی کردەیی ھەڵدوەشێنێتەوە.
ھەموو ئەو کارەساتە نەتەوەیی و مرۆییەی کە بەسەر گەلی کورداھات کە بووە ھۆی شکاندنی شکۆی گەلی کورد و پێشمەرگە و داڕووخانی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە و تێکچوونی جۆرێک لە ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دردۆنگ بوونی ھاووڵاتیان لە ئایندەی خۆیان و بێزابوونی تەواوەکی شەقام لەو دەم و چاوانەی کە ساڵەھایە ئەم ھەرَیمە بە ڕێوەدەبن، گشتی بەرھەمی ئەو بڕیارە سیاسییە ھەڵە و سەقەت و نا مەدروس و شەخسییە بوو کە لایەن سەرکردایەتی سیاسی نێو لێژنەی باڵای ریفراندۆم دەرچوو بوو. بەداخەوە لەلایەن زۆرێک لە سەرکردایەتی و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ھاوار کرا و تکا و رەجا کرا با ئەم ریفراندۆمە نەکرێ یان لایەنی کەم بۆ کاتێکی تر دوابخرێ چونکە دۆخەکە لە بار نییە و یارمەتی دەر نییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەیەکی ئاوا، جا یەکێک لەو سەرکردە سیاسییانەی کە بەردەوام و بێ پسانەوە ھەر لە رۆژی بریاردانی ریفراندۆم لە میدیاکان لە رێی وتار و پەیامەکانییەوە، بڕیاردەرانی ریفراندۆمی لەو بڕیارە سەقەتەی داویانە ئاگادر دەکردەوە و ھەوڵی بەر پێگرتنی دەکرد، ئەویش مامۆستا عەلی باپیر بوو کە چەند رۆژێکی کەم بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە وتارێکی دا دەڵێت ((بڕیارێک کە جێگا ناگرێت و زەرەری لە قازانجی زیاترە، بڕیارەکە بکەوێت نەک ھەرێمەکەمان بکەوێت))، بەداخەوە رێک قسەکەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ھاتەدی،و دەبینین کە چۆن ھەرێمەکەمان لە لێواری کەوتن نزیک بووەتەوە و خەریکە گلۆلەی دەکەوێتە لێژی، ئەویش دوای ئەوەی پارچەیەکی گرنگی لە جەستەی کرایەوە و ئەو پارچەیەی ماوەتەوەش خوێنی لەبەر دەچۆڕێ و لە ژێر مەترسی و ھەڕەشە و فشاری بەردەوام و پەڕوباڵ کردن و مەرج خستنەسەر دایە، ئەمەش بێگومان وامان لێ دەکات بۆ لە مەودوا لە بری ھەبوونی خەونی سەربەخۆیی، خەمی لەدەستنەدانی ئەو پارچەیەی ھەرێمەکەمان بێت کە نەکەوێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.