یەکگرتوو لەنێوان ئـێستا و ڕابردودا

لەلایەن ستاندار Posted on 268 جار بینراوە

کامەران خدر

لەماوەی ڕابردوودا یەکگرتوو وەک ھێزێکی ریفۆرم خواز لەپرۆسەی حوکمرانی و میانڕەوی لەدیندا بەدەرکەوت، ئـەم ھێزە جگەلەوەی کە ھێزێکی سیاسی قبوڵکراو بوو لەلایەن کۆمەڵگادا لەھەمانکاتدا دەزگایەکی گەورەی مرۆیی بوو بۆ بێ نازەکانی کۆمەڵگای کوردەواری. یەکگرتوو ھێزێک بوو لەجێی کاردانەوە بەردەوام خۆی کار بوو، بەردەوام پرۆژەی ئـاشتیانەی بۆ ڕزگار کردنی نیشتمان لەشەڕی رۆڵەکانی پێشکەش دەکرد، ئـەوھێزە سەربازێکی داکۆکی کاریش بوو لەپرۆسەی دیموکراسیدا. مێژوو بۆمان باس دەکات کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان لەخیانەتی ٣١ی ئـابدا کەگاردی کۆماری ھێنا سەر پەرلەمان، یەکگرتوو ئـەوکات دوای روداوەکان بەپارتی ڕاگەیاند کە ئـەم کورسیانەی یەکێتی لەپەرلەمان خاوەنیان ھەیە و ڕۆژێک دێت کە بەشێوازی دیموکراسی دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.

ھەمووئـەوھەڵوێستانەی یەکگرتوو لەماوەی ڕابردوودا بریتی بوو لەمومارەسەکردنی سیاسەت لەسەر بنەماکانی کاری دیموکراسی و چاکەخوازی، بەڵام بەداخەوە لە ئـێستادا دەبینین ئـەم ھێزە سیاسیەی کەبروای بەدیموکراسی و یاسا ھەبوو لەرێگەی رێکەوتنی حیزبی لەگەڵ پارتی و بەشێکی زۆری یەکێتی تەمەنی پەرلەمان بەدەر لەھەموو یاسا کارپێ کراوەکان و عورفی دیموکراسی درێژ دەکەنەوە و یاساو دیموکراسیەت لەم وڵاتە ئـەتک دەکەن. ڕاستە یەکگرتوو دەنگی نەداوە بەم یاسایە بەڵام بەشداری کردووە لەدانیشتنەکەو بەرێکەوتنی حیزبی پرۆسەکەی تێ پەڕاندووە ئـەگینا دەیتوانی نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو نەکات وەک چۆن بۆ ھەمواری یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم کردی. ھۆکاری سەرەکی لەھەڵوێستەکانی ئـەم دوایەیی یەکگرتوو بۆ ئـەوە دەگەرێنمەوە کە بەداخەوە باڵێکی دەست رۆیشتوو ناو ئـەم ھێزە ھێندەی بروایان بە پرۆسەی ئـەمری واقع ھەیە ھێندە بروایان بە یاسا و دیموکراسیەت نیە، ئـەم جۆرە تێروانینە بۆ ھاوکێشەی سیاسی زیانی گەورەی بەم ھێزە گەیاندووەو بەرەو لاوازیەکی کوشندەی بردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.