بەم زوانەکەی عەبادی بۆ مووچە،لە لادانە کاتیەکەی خۆمان نەچێت

لەلایەن ستاندار Posted on 453 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

خەڵکی هەرێمی کوردستان هێندە کۆڵەواربوون بەدەست قەیرانە زۆروزەوەندەکانی دەسەڵاتی کوردی هەرلەقەیرانی سیاسی ، یاسایی ، سەربازی ، کۆمەڵایەتی و لەسەروهەموشیانەوە قەیرانی دارایی وپێنەدانی موچە بەفەرمانبەران وموچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کەجگە لەلێکەوتە خراپەکانی هاوڵاتیان وفەرمانبەرانی ئێجگار کۆڵەوارکردوەو بەتەواوی بڕسکی لێ بڕیوون .

هاوڵاتیان بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی لەلایەن ئەم حکومەت ودەسەڵاتەوە هێندە ستەم وزوڵمیان لێکراوەو هێندە یاری بەهەست وسۆزیانکراوە خەریکە ئەو پەیوەندییەزۆرکەم و لاوازەی کەهێندەی تاڵە مویەکی ماوەلەنێوانیاندا ئەویش بەپساوی لەپچڕانی تەواوی نزیکدەبێتەوە . حکومەتێک نەتوانێت لەبەرامبەر ئەو هەموو ئەرکە زۆرو زەوەندەی کە کارمەندەکانی پێشکەشی دەکەن چارەکە مافێکیان بداتێ لەکاتی خۆیدا ئیتر دەبێت چ ڕایەڵەیەک مابێت بۆ پێکەوەبەستنیان .

باشە حکومەت وبەرپرساکانی دەبێت چ هەستێکیان هەبێت کە فەرمانبەرەکانی خۆی بەهەواڵێکی بەمزوانەی ناردنی موچە لەلایەن حکومەتەکەی عەبادییەوە شاگەشکەدەبن و دەبێتە هەواڵی نێو هەموو کۆڕوکوبونەوە فەرمی ونافەرمیەکان لەفەرمانگەو ماڵ وتەنانەت کوچەو کۆڵان وگازینۆکانیش .

خەڵکی کوردسنان لەدوای بڕیاردانی سەربەخۆیی ئابوری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کودسنانەوە لەچاوەڕوانی ژیانێکی گەلێک ئاسودەو خۆشگوزەران بوون ،چونکە بەرپرسانی ئەم هەرێمە هێندە داتاو ژمارەی زل وقەبەیان ڕۆژانە ڕیزدەکردو دەیاندا بەگوێی خەڵکیدا هەموان لەمێشک وزیهنی خۆیاندا نەخشەو پلانیان بۆچەندین پڕۆژەی هەمەچەشن داڕشتبوو ، بەڵام سەربەخۆیی ئابوری نەک خەڵکی خۆشبەخت ودڵشاد نەکرد بەڵکو بەپێچەوانەوە جگە لە سەرگەردانکردنی هاوڵاتیان وموچەخۆان ، هەرێم و خەڵکەکەیان خستە ژێر قەزێکی قەبەو درێژ خایەن و وێرانکردنی سەرخان وێرخانی ئەم مەملەکەتە بەتەواوەتی . فەرمانبەران هیچ ئومێدو هیوایەکیان لەسەر ئەم حکومەتەی ئێستا هەڵنەچنیوەو ئەوەشی پێی دەوترێت متمانە پێیان نەماوە ، چونکە حکومەتێک لەکاتی فرۆشتنی (٦۰۰) هەزاربەرمیل نەوتی ڕۆژانەکەبە وتەی خۆیان گەر بەرمیلێکی بە ٤۰ دۆلاریش فرۆشرابێت ئەوا مانگانە دەکاتە ( ۷۲۰) ملیۆن دۆلارو سەدان وهەزاران تانکەرسوتەمەنی وداهاتی ناوخۆو زیادکردنی باج وڕسومات وتەعریفەی گومرگی بۆ چەندین هێندە لەنرخی پێشوتری ، نەیدەتوانی چارەک ونیوە موچە لەکاتی خۆیدا بداتە فەرمانبەرو موچەخۆرەکانی خۆی ، دەبێت لەدوای ڕوداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر چ چاوەڕوانیەکیان لەم حکومەت ودەسەڵاتە هەبێت کە لەمانگی تشرینی دووەمدا ببێت و هێشتا چارەکە موچەی مانگی ئابی وەرنەگرتبێت .

حکومەتی هەرێم خۆی باش دەناسێت کەچەندە موفلیس وبێ پلان وپڕۆژەیە هەربۆیەو لەو ڕوانگەشەوە بە زوویی پێشوازی لەلێدوانەکەی عەبادیکرد بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران . ئەوەی پێویستە ولای فەرمانبەرو موچەخۆرانی کوردستان گرنگ وجێی بایەخە دابینکردنی موچەو بەرکەوتەکانیەتی ئیتر کێ دابینیدەکات وچۆن دەنێردرێت لای ئەو مەقسەد نیە . بۆیە دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنرێت کە چەند شەرم وشورەییە سەر زەوی وژێر زەوی مەملەکەتەکەی خۆت پڕ پڕی بێت لەسامانی کانزایی وسروشتی ،بەڵام هاوڵاتیەکانی ناوی بێ نان وئاو بن . خوازیاریشم کە بەم نزیکانەکەی ناردنی موچەکەی عەبادیش وەک لادانە کاتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت کاتێک کە شەقامێکیان قیر یان نۆژەن دەکردەوەو لەتەنیشت شەقامەکەو لەسەر تابلۆیەک دەنوسرا ئاگادار بە لادانی کاتی هەیە ، کەچی گەر ساڵ زیاتری پێنەچوایە ئەوا لانی کەم چوار بۆ شەش مانگی پێدەچوو .

هەولێر ۲ ـ ۱۱ ـ ۲۰۱۷ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.