حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێگای شانازی ھەموومانە

لەلایەن ستاندار Posted on 405 جار بینراوە

محمد محسن

وەک ھاونیشتیمانیەکی ئەم کوردستانە مافی خۆمانە کە چاوەدێری بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ھەرێمەکەی خۆمان بکەین و ھەڵسەنگاندنێکی بەویژدانانە بۆ ئەو حکومەتە بکەین کە لەژێر سیستمی حوکمڕانی ئەودا دەژین تا بزانین سیاسات و ھەنگاوەکانی ئەم حکومەتە بە چ ئاراستەیەکە و چەندە زانستی و نیشتیمانیانەیە و تا چەند لەخزمەتی خاک و خەڵکەکەی دایە. لەکوێ میللەت قەرزاری ئەو حکومەتەیەو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ نەکردووە وە لە کوێش حکومەت قەرزاری میللەتەو ئەرکی خۆی بەجێ نەگەیاندووە.
سەرەتا بەپێویستی دەزانم کە کە ڕۆل و وەزیفەی حکومەت(دەوڵەت) لە نێو کۆمەلگادا ڕوون بکەمەوە. وەک دەزانین کە لە سەردەمی کلاسیکیەکان ڕۆڵی حکومەت بریتیبووە لە سێ خاڵ لە نێو کۆمەڵگادا ئەوانیش ھەریەک لە (یاسادانان, بەرگری و ئاسایش) بەڵام ئەم قۆناغەی ئێمەی تێدا دەژین جیاوازەو ئەم پرانسیپانە کە دەوڵەتی لەسەر بینا دەکرا کۆتایی ھاتووەو ئێستا لە ھەموو دونیا مۆدێل مۆدێلی حکومەتی خۆش گوزەرانیە نەک حکومەتی پۆلسی وەک ئەوەی بینای حکومەتی کلاسیکی لەسەر دەکرا.
کەواتە بەرپرسیاریەتی حکومەت لە ئیستادا بەپێی ستانداردە نێو دەوڵەتیەکان بریتیە لەچەند خاڵێک:
١.بەرپرسیاریەتی یەکەمی ھەرحکومەتێک بریتیە لە پاراستنی خاک و خەڵکەکەی لە ھەر ھێرشێک کە بکرێتە سەریان.
٢.دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکان کە پێویستن بۆ بەردەوامی ژیان وەک ( ئاو, کارەبا, تەندروستی, پەروەردە, پاراستنی ژینگە و ھتد)
٣.دانانی یاسای نیشتیمانیانە و جێبەجێکردنی بەبێ لایەنگیری و لەبەرچاوگرتنی پایەو پێگەی ھیچ کەسایەتیەکی باڵا واتە یاسا بۆ ھەمووان.
٤. بەرجەستەکردنی دادپەروەری و یەکسانی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگادا.
٥. دۆزینەوەو دروست کردنی ھەلی کار بۆ ھاووڵاتیان.
ئەمانە بەکورتی چەند پرانسیپێکن کە بەھۆیانەوە دەتوانرێت ھەڵسەنگاندن بۆ حکومەت بکرێت تا بزاندرێت ئایا ئەو حکومەتەی ھەیە حکومەتی خەلکە یا حکومەتی نوخبەیەکی دیاری کراوەو بەس.
کەواتە بەپێی ئەم پێوەرانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو حکومەتەی ھەیە بەناوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو پیوەرەکان شکستی ھێناوە وە لەبەرامبەر ئەودا ھاونیشتیمانیان ئەرکەکانی خۆیان بەتەواوی بە جێگەیاندووە ھەر لە ئەرک و وەزیفە شارستانیەکان تادەگاتە ئەرکە بەرگریی و ئەمنیەکان.
کەواتە ئەو حکومەتەی ھەیە نە نیشتیمانیەو نە ھی خەلکە چونکە ھیچ یەک لەبنەماکانی حکومەتی تێدانیە بەڵکو ئەوەی ھەیە دەتوانین بەسەنتەرێکی بازرگانی ناوی ببەین کە گروپێکی زۆر بچوک لە پێناو تێرکردنی ئارەزوو ز بەرژەوەندییە ئابووریەکانیان بەکاری دێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.