زیاد ڕەشاد قادر
ھەموومان دەزانین لە ماوەی پتر لە چارەگە سەدەیەک حوکمڕانی، دەسەڵاتی سیاسی کوردستان نەک ھەر نەیتوانیوە ژیانێکی خۆشگوزەران دابین و حوکمێکی ڕەشید پەیڕەو بکات، بەڵکو لە مشەخۆری و نابەرابەری و بەھەدەردانی سامانی گشتی، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و چی بکرێت و چی بگوترێت، نابێتە پاساوی ئەو ھەموو بێسەروبەری و ناڕۆشنی و ناشەفافیەتەی لەم ھەرێمەدا دەگوزەرێت، وەک دەگوترێت وەھا نەدڕاوە بتواندرێ بە ئاسانی پینە بکرێت.
بەڵام ئەمە ھەرگیز لەجێگەی خۆیدا نییە، بکرێتە بیانووی ستایشکردنی سیستمی ئیداری و فەرمانڕەوایی حکومەتی ناوەندی و بە گوڵ پێشوازی لە بڕیار و فەرمانەکانی ئاغای عەبادی بکرێت لە کوردستان، لەبەرئەوەی عێراقی تازە، یا بەغدای دوای (٢٠٠٣)، بە ھەموو کایە و جومگە و نێوەند و دامەزراوەکانییەوە، یەکێکە لەو وڵاتە سەیرانەی سەر ئەم ھەسارەیە، قەت ئەو مەئوا سەقامگیر و جێگە ئومێدە نەبووە، منی کورد شەرم لەوە نەکەم، کە ھاووڵاتیی سەر ئەو پارچە زەمینەم. ھیچ کات بەغدا نەبووەتە وڵاتێکی موئەسەساتی و لەسەر بنچینەی یاسا و دەستوور و ھاووڵاتیبوون مامەڵە لەگەڵ گەلانی وڵاتەکەی بکات و ڕەچاوی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بکات، ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی لە دروشمەوە بگوازێتەوە بۆ کردار. ھەر بۆ نموونە ئەو کاتەی کە نە شەڕی داعش ھەبوو و نە پرسی ڕیفراندۆم لە ئارادا بوو و نە ھەرێم نەوتی دەفرۆشت، بەغدا ئامادە نەبوو بەشە بودجەی ھەرێم وەکوو خۆی بنێرێت کە ١٧% بوو.
ئەگەر عێراقی پێش (٢٠٠٣) عێراقی سەرکوتکردن و داپڵۆسین و حیزبی قائید و قائیدی زەرورە و کۆماری ترس و تۆقاندن و سێدارە… بووبێ، ئەوا عێراقی دوای (٢٠٠٣) بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگا و نێوەندە فەرمی و نافەرمییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، لە ڕێزی پێشەوەی دەوڵەتە ھەرە گەندەڵەکانی دونیایە، ھەروەھا بەپێی چەندین داتا و ئامار، عێراقی تازە لە ڕووی خراپی ژینگە و پیسی شارەکان و ناجێگیری دۆخی ئەمنی و بەربادی لەڕووی ئابووری و بەرخۆری و بێ بەرھەمی، لە یەکەمەکانی وڵاتانی دونیایە. ھەروەھا کێشەی کورتھێنانی ساڵانەی بودجە و ساڵ بە ساڵ کەڵەکەبوونی زێتری قەرزی وڵاتان، ئەگەر ئێستاش کارکردی ڕاستەوخۆی نەکردبێتە سەر گوزەرانی خەڵکەکەی، ئەوا بێ شک دوای چەند ساڵێکی دی، زۆر بە ڕۆشنی، ماک و شوێنەوارە خراپەکانی ئەو دۆخە ترسناکە دەردەکەوێت. ئەمە جگە لەوەی نەزعەی مەزھەبگەرایی و دابەشکردنی پۆستەکانی نێوەندی دەسەڵات، لەسەر بنچینەی تائیفی و زیادبوونی میلیشای چەکدار و سوپای نانیزامی، لەباتی پێشخستن، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم وڵاتە دەگەڕێنێتەوە دواوە.
لەبەرئەوە بەکورتی وەک چۆن عێراقی پێش (٢٠٠٣)، ھەرگیز عێراقێک نەبووە منی کورد شانازیی پێوە بکەم و بە وڵاتی ڕاستەقینەی خۆمی بزانم، بە ھەمان شێوە عێراقی تازە، ھەر دڕکەکەی جارانە، بەربادیی ئەزموونی ھەرێم و بیماریی باخی کوردستان، ھەرگیز وام لێناکات پێم وابێ ئەو دڕکەی بەغدا ڕۆژێ لە ڕۆژان ترێ دەگرێت!