تاکەی تەنازول کردن لە مافەکانمان؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 432 جار بینراوە

سوهەیب جەمیل
لەناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دانووستانی دا لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ڤێتانم و، داوای لێکردن وەفدێک بۆ دانووستان رەوانەی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بکەن تاوەکو کۆتایی بە کێشەی نێوانیان بێت چونکە ئەمریکا دڵنیابوو کە زۆربەی سەربازانی وڵاتەکەی لەناودەچن!.
ڤێتنام بە داواکەی ئەمریکا رازی بوو و، وەفدێکی رەوانە کرد کە لە دوو پیاوو دووژن پێکهاتبوون، بەر لە گەیشتنیان دەزگای هەواڵگری ئەمریکا خۆشترین و گرانبەهاترین هوتێل و چێشتخانەو شوێنی مانەوەی بۆ ئامادەکردن!
هەرکە وەفدەکەی ڤێتانم گەیشتنە فڕۆکەخانەی پاریس باشترین جۆری ئۆتۆمبیل لەچاوەڕوانیاندابوو تاوەکو بیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوەو، ووتیان: نەپێویستیمان بە گەیاندنی شوێنی مەبەستە بەم جۆرە ئۆتۆمبیلە گرانبەهایەو، نە پێویستیمان بە هوتێل و ئەو هەموو خزمەتگوزارییە هەیە!!بەڵکو دەچینە لای قوتابیەکی وڵاتەکەمان کە لە بەشە ناوخۆییەکی ئەو شارە دەخوێنێت و دواتر دەست بە گفتوگۆکانمان دەکەین و ئینجا راستەوخۆ دەگەڕێینەوە وڵاتەکەمان!.
ئەو بەرپرسە ئەمریکیەی لەگەڵ ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکە لە فڕۆخانە لە پێشوازی وەفدە ڤێتنامیەکەدا بوو ووتی: شتی وا چۆن دەبێ، ئێمە گرانبەهاترین و ڕاقیترین شوێنی حەوانەوەمان بۆ ئێوە دابینکردووە؟!
ئەوانیش ووتیان: ئێمە ساڵانێکە لەگەڵ ئێوە دەجەنگین، لەشاخەکان نیشتەجێ بووین، ئەگەر خواردنمان دەستنەکەوتایە ئەوا پەنامان بۆ گژوگیاو دڕک دەبردو دەمانکرد بە ژەمە خۆراک و سەرینی شەوانەشمان تاشە بەردی شاخەکان بووە!خۆ ئەگەر بە داوای ئێوە ڕازی بین ئەوا مەبدەئو ویژدانمان لەدەست دەدەین!تکایە بڕۆن و وازمان لێبێنن!!!!
پاشان وەفدە ڤێتنامییەکە بەرەو ماڵی قوتابییەکە بەڕێکەوتن و، دوای پشووێکی چەند کاتژمێری لەگەڵ وەفدە ئەمرکییەکە کۆبوونەوەو، توانیان بەهۆی فشارەکانیان سوپای ئەمریکا لەوڵاتەکەیان وەدەربنێن!.
لە ئێستاشدا کە زیاتر لە سەدا پەنجاو یەکی خاکی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر پۆستاڵی رەشی سوپای عێراق و میلیشای حەشدی شەعبی، ئاخۆ وەفدی حکومەتی هەرێم کە بەردەوام تەنازول لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکات و بەهەموو داوکارییەکی حکومەتی ناوەندی و دەستپێشخەرییەکانی عەببادی رازییە، دەبێ بیر لەوە نەکاتەوە ئەم نموونەیەی وەفدە ڤێتنامییەکە بێنێتە بەرچاوی و، ئەمجارەیان لەبری هوتێلی پێنج ئەستێرەیی و شوێنی ڕاقیی بۆ حەوانەوە روو لە ماڵە قوتابیی یاخود ماڵە هەژارێکی کورد نەکاتەوە کە لە بەغدا نیشتەجێن و بە وەفدی حکومەتی عێراقیش بڵێن: ئێمە زیاتر لە شەست ساڵە لووتکەی شاخەکان ماڵ و شوێنی حەوانەوەمان بووەو تاشە بەردی چیاکانیش سەرینمان و، ئەگەر گژوگیای شاخەکانیشمان دەستنەکەوتبێ وەک سواڵکەرێک لەدەرگای ماڵە هەژارو شوانێکی گوندو دێهاتەکانی کوردستانمان داوە تاوەکو قاپێک ماست و لەتە نانێکمان پێبدەن!!!ئەمڕۆش هاتووین و، پێداگری لە ماف و ئیستحقاقاتی ئەوان دەکەین و چیتر تەنازول لەماف و داواکارییەکانیان ناکەین..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.