شێرزاد شێخانی
كاك مەسعود بارزانی تەمەنی گەیشتە 71 ساڵ ، رەنگە لەم تەمەنەیدا بیری لەوە كردبێتەوە كە دوا ساتەكانی ژیانی بە شانازییەكی گەورەی نەتەوەییەوە كۆتایی پێبێنێ، هاوشێوەی هەوڵی قازی محمەد بۆ دامەزراندنی كۆماری سەربەخۆی كورد، ئەویش ناوی خۆی لەمێژووی كورددا تۆمار بكاتو، لەو رێگایەشەوە ئاییندەی بنەماڵەكەشی مسۆگەر بكات بە ویراسەكردنی دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتەی لەمێشكیدا ئەخولایەوە..ئەمەش بیركردنەوەیەكی مەشروعەو هەمو سەركردەیەكی نەتەوەیی خەون بەسەربەخۆیی میللەتەكەی ئەبینێ، بەڵام خەونەكەی كاك مەسعود نەهاتەدی، لەجیاتی سەروەری كۆتا ژیانی، ریسوابونێكی بۆ خۆی وبنەماڵەكەی تۆمار كرد كە هەتا هەتا كورد نەعلەتیان لێبكەن چونكە بونە هۆكاری دواخستنی ئەم خەونە بۆ هەزار ساڵیتر. كاك مەسعود هەڵەی زۆری كرد، كە هەندێكیان كوشندە بون، ئەوەی دوای ریفراندۆم رویدا گەڕانەوە بو بۆ گۆشەی سەرەتاو، بەهەمو مانای وشەوە ئاشبەتاڵێكی تر بو لەشۆڕشی كورد بەدەست پارتییەوە، ئەگەر زروفی ئێستا بەم شێوەیە نەبوایە ئەبو سەرلەنوی دەستمان بەشۆڕشێكی نوێ بكردایە بۆ مافە رەواكانمان كە ئێستا بەدەست حكومەتی ئیتیحادیەوە رۆژ لەرۆژ لەكەمی ئەداتو، هەڕەشەی جیدیش هەیە لەسەر ئەو كیانەی هەرێمی ئێستای كوردستان، بەڵام شۆڕش وبەرەنگاربونەوە بە جیلی ئەمڕۆی ئایفۆنو فەیسبوك ناكرێ، تەنانەت كەس تاقەتی ئەوەشی نەماوە لەپێناو گەندەڵكارو دزو جەردەكان بێتە سەر شەقام. لێرەدا بەچەند خاڵێك هەوڵ ئەدەم هەڵە كوشندەكانی كاك مەسعودو حزبەكەی بخەمەڕوو بەڵكو ئەمانە ببنە پەندێك بۆ سەركردایەتی داهاتوی كورد، بەتایبەت كە سەركردایەتی ئێستا نەخوێندەوارو كاڵفام دەرچون و هیچكات سیاسەتێكی واقیعیانەیان پەیرەو نەكردوەو گوێشیان نەداوەتە نوخبە رۆشنبیرەكەی كورد، هیوادارین سەركردایەتی داهاتو تۆزێك لەمانە باشتر واقیعەكە بخوێنێتەوە لەئەزمونی گەلانی دونیاش پەندێ وەربگرن. هەڵەكانی پارتی :
1- پەرتەوازەكردنی ریزەكانی یەكێتی یەكێك لەبنەما سەرەكیەكانی هەر بڕیارێكی چارەنوسسازی وەكو دامەزراندنی دەوڵەت پێویستی بونی یەكریزی میللەتە لەناوخۆدا، چونكە بڕیاری چارەنوسساز بڕیاری سیاسی حزبێك نیە، بەڵكو بڕیاری میللەتە كە دەبێ بۆ زامنی سەركەوتنی ئەمجۆرە بڕیارانە یەكریزییەكی تەواو هەبێتو، میللەت بەگشتی ئامادە بێت بەرگری لێبكات. بەڵام لەوەتەی نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە پارتی و سەرۆكەكەی كەوتنە خۆیان بۆ لاوازكردنو دەستەمۆكردنی یەكێتی..لەسەرەتاوە بارزانی ویستی خۆی وا نمایشكات كە دوای مام جەلال ئەو برا گەورەی یەكێتیشە، بەدەر لەتێگەیشتن لەجیاوازیە فیكریەكانو ململانێی یەكیًَتیەكان لەگەڵ ماڵی مەلامستەفا كە رەگی مێژوویی دورودرێژی هەیەو بۆ ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردو ئەگەرێتەوە،پارتی ئەم هەوڵەیدا. بۆ ئەمەش بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی چ بە پارەو ئیمتیازات ، چ بەهەڕەشەو گوڕەشەی پاراستنی پارتی بۆ لای سیاسەتو هەڵویستەكانی راكێشا، هەوڵی لێكترازانی ریزەكانی یەكێتی دا، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی بەفیعلی یەكێتی ناو یەكێتی و مەركەزیەتی قەراری تێدا نەمێنێو، بێجگە لەباڵە تەقلیدیەكانی ناو یەكێتی باڵیتریش بێنە سەر ساحەكە. ئەمە ئەگەر چی كاریگەری زۆر خراپی هەبو بەسەر یەكێتییەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی یەكێتی حزبێكی جەماوەرییە وبنكەكەی پتەوو بەهێزو یەكگرتوە كاریگەریەكی ئەوتۆی نەبو بەسەر بنكەكەی، بەڵام زۆرترین كاریگەری لەسەر پارتیو دەسەڵاتەكەی هەبو، بەوەی كەوا بریاری یەكگرتو لەناو یەكێتیدا نەما، ئەمەش یەكێك بو لەهەڵە كوشندەكانی پارتی، چونكە لەمەسەلە چارەنوسسازەكاندا یەكێتی نەیتوانی وەكو هاوپەیمانێكی ستراتیژی پشتگییری هەنگاوەكانی پارتی بكات، هەر ئەمەش بوە هۆی ئەو روداوەی لەكەركوك رویداو خەونی دەوڵەتەكەی پارتی بۆ هەتا هەتا لەبار برد. ئەگەر یەكێتی خاوەن یەك بریار بوایە ئیلتیزامی بەهاوپەیمانییەكەی ئەكردو لەكۆبونەوەكەی دوكان تاسەر لەگەڵ پارتی ئەرۆیشتو، حكومەتی بەغداش حیسابێكی گەورەی بۆ هەر روبەروبونەوەیەكی لەگەڵ هێزی ئەم دو حزبە ئەكردو، دوور نەبو هاوكێشەكان بە قازانجی كورد تەواو بونایە، تەنانەت لەدوای پرۆسە سەربازییەكانیش حكومەتی بەغدا نەیئەتوانی زۆر بێتە پێشەوە، ئەگەر هەردولا بەیەك دەنگ لەبەرامبەر بەغدا بوەستنایە، یان بەیەكەوە شەڕیان بكردایە لەسەر كەركوك، ئەوسا شەڕ درێژەی ئەكێشاو هاوكێشەكان ئەگۆڕان چونكە ئەوكات هێزە دەولیەكان ئەهاتنە سەر خەت و پرۆسەی سەربازی فەشەلی ئەهێناو لەرێگەی سازانو گفتوگۆوە كێشەكان بەئاقارێكیتردا ئەرۆشتن.
2- هەڵەی دبلۆماسی كاتێك بارزانی بەیاوەری وەفدێكی باڵاوە رووی لەبرۆكسل كرد بۆ كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا،لەوێ حەقیقەتی فەشەلی دیبلۆماسی حزبەكەی بۆ دەركەوت كە نەیتوانیوە پشتگییری نێودەوڵەتی بەدەستبێنێ بۆ ریفراندۆمەكەی كوردستان، ئەبو هەر ئەو كاتی بیر لەدواخستن یاخود هەڵوەشاندنەوەی بكردایە وخۆی نەخستایە ناو سەركێشییەك كە ئایندەكەی دیار نیە. هەڵەی تریشی لەبواری دیبلۆماسیدا ئەوەیە كەوا بارزانی بەقسەی بەشێك لەراوێژكارە بیانیەكانی هەڵخەڵەتا، كاتێك پشتی بە چەند سەفیرو جەنەرالی خانەنشینی ئەمریكی بەست، نەیزانی كەوا ئەمانە لەدوای خانەنشیبونیان هیچ دەسەڵاتێكیان لەئیدارەی ئەمریكادا نامێنێ، تەنانەت بیری بۆ ئەوەش نەچو كە ئیدارەی ئەمریكی بریار لەكۆشكی سپی وەرئەگرێ ئەویش بەئاشكرا دوژمنایەتی خۆی بۆ ریفراندۆم راگەیاند،بەڵام راوێژكارەكانی بارزانی بەدرۆ باسیان لەوە ئەكرد كەوا ئەمریكا دوو سیاسەتی هەیە، یەكیان ئەوەیە وەزارەتی دەرەوە دەریئەبڕێ، یەكێشیان نهێنیەو دەزگای هەواڵگری كاری بۆ ئەكات، لەبیریان چو ئەمریكا وڵاتێكی دیموكراسییەو میدیای ئەمریكا گەورەترین رۆڵی هەیە لەچاودێری دەسەڵات وتەنانەت لەدارشتنی سیاسەتەكانی ئەمریكاش، چەندینجاریش ئەو میدیایە روبەروی سەرۆكانی وڵاتەكەشیان بۆتەوە تا حەدی ئەوەی بدرێنە دادكاش، چۆن ئەم میدیایە بێدەنگ ئەبێ كاتێك ئیدارەی ترامپ لەروو سیاسەتێك دەرببڕێ و لەژێرەوەش لەبەرژەوەندی پارتی و مەسعود بارزانی سیاسەتێكی دژ بە كۆشكی سپی؟!. هەروەها دوور نیە بیرنارد لێفیش بارزانی دەسخەڕۆ كردبێ بەوەی ئیسرائیل پشتگییری دەوڵەتەكەی ئەكات، بەڵام بارزانی بیری چو، كە ئیسرائیل ئێستا ناتوانی روبەروی حزبێكی بچوكی وەكو حزبوڵڵای لوبنانی ببێتەوە لەخواروی لوبنان، چۆن زاتی ئەوە ئەكات فرۆكەكانی بنێرێتە سەر عیراق ولەگەڵ سوپای عیراق بكەوێتە شەر بۆ بەرگریكردن لەدەوڵەتی بارزانو 22 دەوڵەتی عەرەبی لەخۆی هار بكات؟. جیا لەمە بارزانی بیری لەوەش نەكردەوە كەوا ئەمریكا كە باوكی ئیسرائیلە خۆی دژی ریفراندۆم بێت چۆن ئیسرائیل زاتی ئەوە ئەكات پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریكا پشتگییری ئەم پرۆسەیە بكات؟.
3- هەڵەی ئابوری یەكێك لەپێویستیەكانی دامەزراندنی دەوڵەت، بونی ئابورییەكی بەهێزو یەدەگێكی گەورەی ئابورییە، چونكە بێگومان هیچ دەوڵەتێك بەبێ كێشەو ململانێی سیاسیو هەندێ جاریش بەبێ شەڕو ئابلۆقە بەئاسانی دانامەزرێ، بارزانی بەبێ ئەوەی یەك دیناری پاشەكەوتی هەبێ، بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ دەوڵەتێكی وەكو توركیا بكات كە هەزار ساڵە دژی دامەزراندنی هەر كیانێكی سەربەخۆی كوردەو ئێستا قوڕگی كوردی بەدەستەوەیە بە تەحەكومكردنی بە بۆڕی نەوتەكەی كوردستان، لەلایەكی تریشەوە میللەتێكی برسیو بێ موچە چۆن ئەتوانێ خۆی رابگرێ، ئەوەتا ئێستا بەگرتنەوەی بۆڕییە نەوتەكانی كوردستان بۆ دوو مانگە ناتوانن روبعە موچەیەكیش بدەن، باشە ئەگەر دەوڵەت دابمەزرایەو ئابلۆقەی بەغداو ئیقلیم بۆ دوو ساڵ درێژەی بكێشایە ئەو میللەتە بەچی ئەژیا؟.
4- هەڵەی ئەمری واقیع سەرباری ئەوەی میللەت بەعام هیچ متمانەیەكی بەدەسەڵاتی كوردی و بەتایبەتیش بە دەسەڵاتی پارتیەوە نەماوە بەهۆی ئەو كارەساتی گەندەڵی و دزی و تاڵانی سامانی نەوتو گومرگەكان، سەرباری ئەوەی پێشمەرگە وەكو هێزی بەرگریكار هیچ چەكو تەقەمەنییەكی ئەوتۆی پێ نیە، سەرباری لێكترازانی ریزی حزبەكانی كوردستان، سەرەرای سەركەوتنە گەورەكەی حكومەتی بەغدا لەشەڕی موسڵ وناوچەكانیتر، بەڵام بارزانی ویستی ئەمری واقیع بەسەر حكومەتی بەغدا بسەپێنێ بەبێ ئەوەی هیچ ئەدەواتێكی بەهێزی بەدەستەوە بێت بۆ راكێشانی سنوری خوێن بەرامبەر بەغدا. بارزانی بیری چو كەوا ئەمری واقیع لایەنی سەركەوتو لەشەڕ فەرزی ئەكات نەك لایەنی دۆڕاو، لەجەنگی جیهانی دووەمدا ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی سەركەوتو بون، بۆیە توانیان ئەمری واقیع بەسەر یابانو ئەڵمانیادا بسەپێننو بیانكەنە كۆیلەی خۆیان، تەنانەت شكستی دەوڵەتە دۆڕاوەكەی ئەڵمانیا گەیشتە پارچەپارچەكردنیشی. ئەم ئەمری واقیعەی بارزانی لەخەیاڵیدا ئەیوست فەرزی بكات بەگەیاندنی سنوری كوردستانی سەربەخۆ بەسەر چیاكانی حەمرین و لەو لاشەوە بۆ نزیك پارێزگای كوت، ئەبێ چەند واقیعیەتی تێدا بوبێت؟. ئەو خەونەی بارزانی بەدامەزراندنی دەوڵەتێكی ویراسی سەربەخۆ، لەخەونی شاعیرانیشدا جێگای نەما، هەمو هۆیەكەشی ئەوەیە بارزانی وەكو سیاستمەدارێك هیچكات واقیعیانە بیری نەكردۆتەوە هەمیشە بەمەنتیقی هێزو عەقلیەتی عەشایەری ئەم هەرێمەی بەڕێوە بردوە، بەهێزی دەبابەكانی بەعس خۆی بكاتە كێخوای كوردستان، بەزەبری هێزی پاسدارانی ئێران لەهەشتاكاندا خۆی بكاتە سەركردەی بەرەی كوردستانی، بەزەبری فرۆكەكانی توركیاشەوە خۆی بكاتە سەرۆكی نەتەوەیی، ئەمانەش هەموی هەڵەی سیاسی بارزانی بون. زۆر جار وتومە سەركردەی سەركەوتوی سیاسی ئەو سەركردەیە كە گوێ لەنەیارەكانی ئەگرێ نەوەك لەراوێژكارو چڵكاوخۆرەكانی، چونكە نەیارەكانی راستگۆیانەتر دەست ئەخەنە سەر هەڵەكانی، راوێژكاریش بەدرۆ وپیاهەڵدانەوە سەرۆكەكانیان لەخشتە ئەبەن، لەنەتیجەشدا باجە گەورەكە هەر خودی سەركردەكە ئەیداتو، راوێژكاریش بەدوای كاسبیتردا ئەگەڕێ، لەم وڵاتە شەرقیانەی ئێمەشدا سەركردە بودەڵە ئەوەندە زۆرن كە بازاڕی ئەم درۆزنو سەرەخۆرانە گەرم بكەن.