پێویستە دیوە باشەکەی ریفراندۆمیش بنرخێنین

لەلایەن ستاندار Posted on 1545 جار بینراوە 0 سەرنج
Salah Zana

سەلاح زانا

       بێگومان ئەنجام دانی ریفراندۆم لەم هەلومەرجەی کە کوردستان تێی دابوو ، هەڵەیەکی سیاسی زۆر گەورە بوو . بەو هۆیەشەوە زیانێکی زۆر گەورە بەر بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی کورد کەوت لە عێراقدا . بەڵام لە هەمان کاتدا ئەنجام دانی راپرسی و لێکەوتەکانی ، بوونە هۆی هاتنە ئارای هەندێ دەسکەوتی سیاسی گرنگ بۆ هاوڵاتیانی هەرێم . هەوڵ دەدەین لەم وتارەدا ، تەنیا دیوە باشەکەی ریفراندۆم بخەینە روو .

   هەر بە تەنیا ئەنجام دانی ریفراندۆم ، ئەم دوو دەسکەوتەی لێکەوتەوە      ۱) کورد ئەو پەیامەی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ، کە نایەوێ لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە      ۲) ئەستەمە لەمەو دوا هیچ هێزێکی کوردی بتوانێ ، دەستبەرداری مافی سەربەخۆیی کورد بێ لە عێراقدا .

   ئەنجام دانی پرۆسەی راپرسی و لێکەوتەکانی ، بوونە هۆی هاتنە ئارای چەند دەسکەوتێکی گرنگ بۆ هاوڵاتیانی کوردستان . هەوڵ دەدەین بە کورتی لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا ئاماژەیان پێ بدەین ؛

۱_ دوای شکستی گەورەی کورد لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ، ئەم راستیە بە تەواوی دەرکەوت ، کە میلیشیای حیزبی ناتوانێ بەرگری لە سەروەری خاکی کوردستان بکات . ئەمش بووەتە هۆی بەرز بوونەوەی دەنگی نارەزایی خەڵک بەرامبەر بە هێزی میلیشیا لە کوردستاندا .

۲_ شکستی هێزە کوردیەکان بەرامبەر بە حکومەتی ناوەندی ، لێدانێکی جەرگ بڕ بوو بۆ هەردوو هێزی  باڵا دەست ( یەکێتی و پارتی ) لە هەرێمی کوردستاندا . بێگومان لاواز بوونی ئەم دوو هێزەش ، لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی دایە لە کوردستان .

۳_ لەدەست دانی زۆربەی سەرچاوەکانی داهات ، وەک بیرە نەوتەکان و دەروازە سنوریەکان و هەردوو فرۆکەخانەی ( هەولێر و سلێمانی ) ، کاریگەریەکی زۆری دەبێ لەسەر لاواز بوونی توانا ئابوریەکانی هەردوو هێزە باڵادەستەکەی کوردستان . بە تایبەتی کە ئەم سەرچاوە ئابوریانە ، سودێکی زۆر کەمیان هەبوو بۆ هاوڵاتیانی هەرێم .

٤_ ئەم شکستە گەورەیەی کە دەستەڵاتی سیاسی بەسەر هەرێمی کوردستانی هێنا ، بەهۆی ئەنجام دانی ریفراندۆمەوە ، ئاستی نارەزایەتیەکانی خەڵکی گەیاندۆتە لوتکە ، وە زەمینەیەکی زۆر لە باری بۆ یاخی بوونی جەماوەری خوڵقاندوە ، کە لە ئێستادا سەرەتاکانی دەرکەوتوون . وە لە دەرنجامی ئەم هەلومەرجەدا ، هەندێ ئاراستەی سیاسی دەرکەوتوون ، کە بە ئاشکرا داوای دوورکەوتنەوەی ئەم دوو هێزە دەکەن لە قۆرخ کردنی دەستەڵات .

٥_ بەهۆی پرۆسەی ریفراندۆمەوە ، پارتی ناچار بوو بێتە ژێر باری کارا کردنەوەی پەرلەمان . وە بەهۆی هێرش کردنە سەر حەرەمی پەرلەمان و سوکایەتی کردن بە ئەندامەکانی لە لایەن لایەنگرانی ( پارتی ) وە لە (۲٠۱۷/۱٠/۲۹) دا ، لەسەر ئاستی جەماوەری ، هاوسۆزی و رەوایەتیەکی زۆر بۆ ئەم دامەزراوەیە گەڕایەوە . کە لە رابردوودا بەهۆی کەم بوێری و رارایی لە هەڵوێستەکانیدا ، تارادەیەکی زۆر پێگە جەماوەریەکەی لاواز ببوو .

٦_ بارزانی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە پۆستی سەرۆک هەرێم مابوەوە ، دوای شکستی پرۆسەی ریفراندۆم ، بەهۆی فشارە دەرەکی و ناوخۆییەکانەوە ، ناچار بوو لە پۆستەکەی دوور بکەوێتەوە . ئەگەر چی تێبینی زۆر هەیە لەسەر شێوازی دەستبەردار بوونی لە پۆستەکەی ، بەڵام ئەمە بە سەرەتایەکی باش دادەنرێ بۆ لاواز بوونی هەژموونی سیاسی پارتی لە کوردستاندا .

   بەهۆی ئەم هەلومەرجەی کە لە دەرنجامی ئەنجام دانی ریفراندۆم هاتۆتە ئاراوە لە هەرێمی کوردستاندا ، پێشبینی چەندین گۆڕانکاری گرنگی تر دەکرێ لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمدا . هەوڵ دەدەین بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان بدەین ؛

۱_ بەهۆی فشارەکانی حکومەتی ناوەندی و هەندێ هێزی ناوخۆی هەرێمەوە ، پێشبینی دەکرێ دیاردەی میلیشیایی لە کوردستاندا کەم بێتەوە . ئەمەش تارادەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی دۆخی سیاسی و ئابوری و دیموکراسی دایە لە کوردستاندا .

۲_ پێدەچێ یەکێتی و پارتی ، هەژموونیان زۆر کەمتر بێتەوە لەسەر دۆخی ئابوری کوردستان . ئەمەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی گوزەرانی خەڵک و گەشە سەندنی هەرێم لە بواری ئابوریەوە .

۳_ بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی کە پێشبینی دەکرێ بێنە ئاراوە ، لەمەو دوا پرۆسەی هەڵبژاردن تارادەیەکی زۆر رێز و متمانەی جەماوەر بەدەست دێنێتەوە . هەروەها رادەی ساختە و پێشێلکاریەکان لە پرۆسەکەدا کەمتردەبنەوە .

٤_ لە دەرنجامدا هەموو ئەو گۆڕانکاریانە رێ خۆشکەر دەبن لە بەردەم ئەوەی کە پرۆسەی دەستاو دەست کردنی دەستەڵات تارادەیەک ئاسانتر بێت . بێگومان ئەمەش هۆکارێکی باش دەبێ بۆ دروست بوونی حکومەتێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستاندا .

   لە کۆتاییدا ئەم راستیەمان بۆ دەردەکەوێ ، کە هەرچەندە ریفراندۆم زیانێکی زۆری بە کورد گەیاند لە رووی شکۆ و دەسکەوتی نەتەوەییەوە ، بەڵام بە دیوێکی تردا بە قازانج شکاوەتەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم لە رووی بەگژا چوونەوەی گەندەڵی و گەشە سەندنی پرۆسەی دیموکراسیەوە . بە واتایەکی تر راستە بەهۆی ئەنجام دانی ریفراندۆمەوە ، کورد بەرامبەر بە نەیارەکانی دووچاری شکستێکی گەورەی سیاسی و سەربای هاتووە ، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ دەسکەوتی زۆر گرنگی لێکەوتۆتەوە ، بە تایبەتی لە رووی دژایەتی کردنی گەندەڵی و ستەمی دەستەڵاتەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *