د.كامه‌ران مه‌نتك
ریفراندۆم یه‌كێك بوو له‌و ئامڕازه دیموكراسیانه‌ی، كه تاوه‌كو 24\9\2017 كورد ده‌یتوانی زۆر سوودی گه‌وره‌ی لێببینێت و به سه‌ركه‌وتوویی له به‌رژه‌وه‌ندی كورد بیقۆزرێته‌وه، به‌ڵام كورتبینی و ناتێگه‌یشتوویی مه‌غروری سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، نه‌ك نه‌یتوانی ئه‌و ئامڕازه به شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیفانه به كار بێنیت، به‌ڵكو رێك به پێچه‌وانه‌وه ریفراندۆم بووه ئامڕازێك بۆ سووك كردن و تێكشكاندنی میلله‌تێك، ئه‌و زیانه‌ی له رێگای ریفراندۆمه‌وه به كورد گه‌یه‌نرا، له ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا هه‌رگیز زیانی وای لێنه‌كه‌وتووه، سه‌رباری ئه‌نفال و كیمیا باران … و…و … هتد
دیاره، كه‌هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و تێكشكانه، تێكشكانی سیاسه‌تی حزبه كوردیه‌كان بوو، ریفراندۆم هه‌وڵێك نه‌بوو بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، به‌ڵكو هه‌وڵێك بوو بۆ راكردن له شكسته حزبیه‌كان و رزگاركردنی ده‌ستكه‌وته كه‌سی و بنه‌ماڵه‌ییه‌كان، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایكرد، كه نه‌ك به ته‌نیا هیچ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پڕۆسه گه‌وره‌یه خۆش نه‌كرێت، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و ژێرخانانه‌ش تێكشكێنرابوو، كه تروسكه‌یه‌ك هیوای بۆ سه‌ركه‌وتن دروست ده‌كرد، له راستیدا حزبه‌كانی كوردستان له ماوه‌ی بیست و شه‌ش ساڵی رابردوودا هێنده زیانیان به مه‌سه‌له‌ی كورد گه‌یاند، له‌مێژووی نوێی و هاوچه‌رخدا هیچ دوژمنێكی كورد نه‌یتوانیوه ئاوا سه‌ركه‌وتووانه زیان به دۆزی كورد بگه‌یه‌نێت!
سه‌یره‌كه له‌وه‌دانیه، كه ئه‌و ماڵوێرانیه‌یان تووشی خه‌ڵكی كوردستان كرد، سه‌یر له‌وه‌دایه تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامن له سووك كردن و تێكشكاندنی كه‌سایه‌تی تاكی كورد‌و زیاتر ناشیرین كردنی كۆمه‌ڵگای كوردی! ئه‌گینا حزبه‌كان خۆیان تائێستا هیچ زیانێكیان نه‌كردووه، سه‌روه‌ت و سامانی بنه‌ماله‌كانی خاوه‌ن ئه‌و حزبانه وه‌كو خۆیه‌تی، هێزه‌كانیان تا راده‌یه‌كی زۆر پارێزراون ده‌توانن به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌وان بپارێزن، ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌رچی له رووی راگه‌یاندن و فه‌رمیه‌وه وا وێنا ده‌كرێت، كه به‌شێكی زۆریان له ده‌ست داوه، به‌ڵام له رووی پراكتیكیه‌وه تا ئێستا ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌من و به ئاره‌زووی خۆیان لێده‌خوڕن، هه‌تاوه‌كو ئه‌گه‌ر ئه‌و لێخوڕینه له‌سه‌ر حیسابی كڕنووش بردن بێت بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی شكست خواردووی عێراقیش! تاوه‌كو ئێستا وه‌ك ده‌ڵاڵێكی سه‌ركه‌وتوو و زۆرزان مامه‌ڵه به مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه، تاوه‌كو ئێستا كار له‌سه‌ر سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی 31 ئابه‌كان ده‌كه‌ن! ئه‌و ریفراندۆمه‌ی شانازیان پێوه‌ده‌كردو موزایه‌ده‌ی سیاسیان پێ ئه‌نجام ده‌دا، وا خه‌ریكه وه‌كو كه‌نیزه‌یه‌كی فرۆشراو به‌شه‌و سڕی ده‌كه‌ن و ده‌یگوێزنه‌وه!، شه‌رمنانه‌ش له ریگای پیرۆزكردنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌وه، ده‌یانه‌وێت هه‌ڵیده‌وه‌شێننه‌وه و خه‌ونه‌كانی میلله‌تێك ده‌كه‌نه قوربانی كورسیه قێزه‌ون و لیره ژه‌نگاوییه‌كانی سه‌ركرده ترسنۆك و بووده‌ڵه‌كانیان، هه‌مدیس هه‌ست به‌وه ده‌كرێت، كه له‌رێگای په‌رله‌مانه‌وه رای گسشتی خه‌ڵكی كوردستان فریو بده‌ن و به شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ ئاوی رووی خۆیان بپارێزن و ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه! به‌ڵام ئایا له ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان دایه كارێكی له‌م جۆره بكات؟
له راستیدا له رووی یاساییه‌وه په‌رله‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، چونكه خه‌ڵكی كوردستان به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌شداری ده‌نگدانی كردووه‌و ده‌نگی بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی داوه، ده‌نگدانی راسته‌وخۆ واته لێسه‌ندنه‌وه‌ی وه‌كاله‌ت له ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان و گه‌ل خۆی ئیراده‌ی خۆی پیاده كردووه، په‌رله‌مان له‌و پڕۆسه‌یه‌دا نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستانی نه‌كردووه، بۆیه ناشتوانێت ئه‌و پڕۆسه‌یه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، دیاره ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه بۆ په‌رله‌مانێك ده‌شێت كه شه‌رعیه‌تی مابێت و ماوه‌كه‌ی به‌سه‌ر نه‌چوو بێت، ئاشكرایه په‌رله‌مانی كوردستان شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
1- ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مان ته‌واو بووه‌و په‌رله‌مان خۆی ماوه‌كه‌ی بۆ خۆی درێژكردۆته‌وه، په‌رله‌مانیش له رووی یاساییه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه ماوه بۆ خۆی درێژ بكاته‌وه، چونكه ده‌نگده‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو نوێنه‌رایه‌تی به‌و به‌خشیوه، له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی ئه‌و ماوه‌یه پێویسته ده‌سه‌ڵاته‌كان سه‌رله‌نوێ بۆ ئیراده‌ی خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه، دیاره له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی حسێبی بۆ نه‌كراوه ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و رێسا یاساییه له‌به‌رچاو بگرین، كه ده‌ڵێت زه‌روورات ئه‌حكامی خۆی هه‌یه و دۆخه‌كه وایكردووه، كه بواری هه‌ڵبژاردن نه‌بێت، ئه‌وا له‌و حاله‌ته‌دا په‌رله‌مان ته‌نیا ده‌توانێت كاره‌كان به‌رێ بكات و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه بڕیار له مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووسسازو گرنگ بدات، بۆیه بڕیاردان له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم له ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان نیه، هه‌ر بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه‌ش بدات له رووی یاساییه‌وه هیچ به‌هایه‌كی نیه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم نابێت.
2- له‌ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵی رابردوو په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی داخراوه، له‌و رۆژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، به تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، رێگایان له سه‌رۆكی په‌رله‌مان گرت بێته ناو هه‌ولێرو ده‌رگای په‌رله‌مانیان گرت، له‌و رۆژه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان به كۆتا هات، ناكرێت ئیراده‌ی خه‌ڵك بكرێته دوكانی ده‌ستی سیاسیه نا سیاسیه‌كان و كه‌ی بیانه‌وێت بیكه‌نه‌وه و كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیشیان نه‌گونجا دایبخه‌ن! په‌رله‌مان، كه مانه‌وه‌ی جێگای گومان بێت چۆن ده‌توانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی وه‌كو ریفراندۆم بكا‌و رای خه‌ڵكی كوردستانی پێ پووچه‌ڵ بكرێته‌وه!
3- خاڵێكی زۆر پڕ شه‌رمه‌زاری تر، په‌رله‌مانێك چۆن ده‌توانێت مامه‌ڵه مه‌سه‌له‌یه‌كی وا گرنگ بكات، كه نه‌توانێت و ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌ی نه‌بێت رێز‌و به‌هاكانی ئه‌ندامه‌كانی خۆی بپارێزێت، لێدان و سووكایه‌تی كردن به ئه‌ندام په‌رله‌مانێك له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان، هیچ به‌هایه‌كی بۆ په‌رله‌مان نه‌هێشته‌وه، بۆیه هه‌رگیز نه‌ده‌بوایه ماوه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانه درێژ بكرێته‌وه، به‌ڵكو ده‌بوایه زۆر به‌خێرایی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدریت و ئه‌و ناشیرینیانه‌ی په‌رله‌مانیش وه‌كو ناشیرینیه‌كانی تری ئه‌و بیست و شه‌ش ساڵه‌ی رابردوو بخرایه‌ته ناو ره‌فه‌ی مێژووه پڕ شه‌رمه‌زاریه‌كه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌م ماوه‌یه مێژووییه‌دا به ناوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردیه‌وه” ئه‌م وڵاته‌یان هه‌ڕاج كرد.