لەسەرخەوشەکانی ڕەشنوسی بودجەی( ۲۰۱٨)

لەلایەن ستاندار Posted on 274 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەسەرخەوشەکانی ڕەشنوسی بودجەی( ۲۰۱٨) ، نابێت هەر لۆمەی عەرەب وعێراق بکەین ؛ ساڵێک ودوو مانگ بەرلەئێستا وبەدەقیقتر بیڵێین لە (۲۱ ـ ۹ ـ ۲۰۱٦ )وە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی متمانەی لە وشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق سەندەوە ،دواتروبۆماوەیەک ئەو پۆستە بەوەکالەت لەلایەن وەزیرێکی کابینەکەی عەبادییەوە بەڕێوەدەبراو ، پاش ماوەیەک وئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕاستەوخۆ حەیدەر عەبادی خۆی سەرپەرشتی وەزارەتەکە دەکات وبەڕێوەی دەبات ، پارتی دیموکراتی کوردستان کەئەو پۆستە لەنێو کوردا پشکی ئەوە لەجیاتی ئەوەی بەخێرایی وزوو بەزوو شوێنی وەزیرە متمانە لێسەندراوەکەی پڕبکاتەوە کەپۆستێکی گرنگ وسیادیشە کەچی جێگرەکەشی کە فازڵ نەبیە کشاندەوەو دواتر عەرەبێک لەشوێنی ئەویش دانراو دەستبەکاربوو، کەئەمەش دەرفەتێکی باشی دایە دەست هێزوگروپەعێراقیەکان کە هەرلەو ساتەوە خۆیان مەڵاس وسازوئامادە بکەن بۆ دانان و دەستکاریکردنی بودجەی عێراق بەگشتی وپشکی کورد بەتایبەتی بەوشێوازەی کەئێستا هەیە .

بۆیە ڕەخنەگرتن بەتەنها لەسەرانی عێراقی وعەرەبی بەس نیە لەسەر ڕەشنوسی بودجەی ساڵی( ۲۰۱٨ )کەپڕیەتی لەکەم وکورتی وکەلێنی گەورە بەتایبەت لەپشکی هەرێمدا ، و بەتەواوی پێشێلکردنی دەستورو زوڵمی گەورەی تێدا بەدیدەکرێت .

ئایا دەکرێت هەموو ڕەخنەو سەرنجەکان ڕووبەڕووی سەران وبەرپرسانی عێراقی بکرێنەوە لەسەر ئەو غەدرە گەورەیەی کەلەو ڕەشنوسی بودجەیەی( ۲۰۱٨) دا بەرامبەرکورد کراوە ؟ یان ئەوەبەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و بێباکی کورد خۆیی ولەنێو کوردیشدا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە( ۱٤) مانگە نەیتوانیوە یان نەیویستوە کەسێک دیاریبکات وبیکاتە شوێنگرەوەی وشیار زێباری وەزیری پێشوی متمانەلێوەرگیراو . بۆیە پێویستە پێش هەر ڕەخنەو تۆمەتبارکردنێکی هیچ لایەن و کەسێکی دیاریکراوی عەرەبی وعێراقی لۆمەو ڕەخنە ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت کەبۆچی هێشتویەتی ئەو ماوە دورو درێژە پۆستێکی گرنگی وا کە پشک وبەرکەوتەی کوردە بە بەتاڵی بهێڵێتەوەو شوێنگرەوەی بۆ دیارینەکردوە . گەر بیانووی پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستە ودیارینەکردنی کاندید بۆی بەهانەو بیانویەکیان لەپێشتردا ئەوە بووبێت کەدەیانوت هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی لەمەودوا دەبنە دوو دراوسێی باشی یەکدی ئەوا بەڕێزگرتن وپابەندبونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستوری عێراقی و یەک پارچەیی خاکی عێراق لەلایەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی (۲٥ ی ئەیلول )ی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە لەمڕۆدا واتا (۲۰-۱۱-۲۰۱۷) لەلایەکی دیکەوە ئەو بیانوەشی کۆتایی پێهێناو ئەرزشیشی نەما .

گەر پێشتریش بڕیاربووە پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لەعێراق بکات وبەنیازی کشانەوەی یەکجارەکی بوە ، بۆیە ئەو پۆستەی پڕنەکردۆتەوە خۆلەدوای متمانە وەرگرتنەوە لەوشیار زێباری هەوڵی وەرگرتنی چەندین پۆستی تریدا لەبەغداد ، یاخود نزیکترین بڕیاریش کەدایان گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیانە لە عێراق کەگەورەترین فراکسیۆنی کوردیە بۆ بەشداریکردن لەدانیشتنەکانی ئەنجومەنەکە کە بەوتەی خۆیان گەڕاندنەوەکەیان لەپێناو بەدیهێنانی داواوخواستەکانی کوردو بەدادگایگەیاندنی هەموو ئەو هێزە عێراقیانەیەکە لەدوای (۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) وە زوڵم وستەمیان لەخاک و خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچەدابڕێنراوەکان بەتایبەتی کردوە یاخود ئەنجامیانداوە .

بۆیە پێویستە پێش لۆمەکردنی هەرحیزب وکەسێک لۆمەی ئەو حیزب وکەسانەی خۆمان واتا کوردو لەنێویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت کە پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەرمانکراوە بەتایبەت لەڕووی داراییەوەو بەتایبەتتریش لەو ڕەشنوسی بودجەیەی کەبۆساڵی (۲۰۱٨) ی عێراق ئامادەکراوە ،کە دنیایەک بۆمبی چێنراوی تێدا دانراوە و ، بەتەقینەوەشیان تەنهاو تەنها هاوڵاتیانی هەرێی کوردستانی تێدا دەبێتە قۆچی قوربانی نەک بەرپرسانی بازرگانی تێرۆپڕ . ــ

هەولێر ۲۰ـ۱۱ـ۲۰۱۷ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.