چۆن دەچنەوە بەغدا ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 226 جار بینراوە

 

ھیوا سەید سەلیم

دوا بەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ئەو لێكەوتە سیاسیەی كە تووشی هەرێمی كوردستان بوو لەسەر ئاستی (سیاسی و ئابووری و دبلۆماسی و تەنانەت سەربازی) تاكە بژاردەیەك كە ئێستا باسی لێوەدەكرێت چوونەوەی هەرێمی كوردستانە بۆ بەغدا و  ڕێكەوتنە لەگەل ناوەند لەسەر چەندین پرسی هەڵواسراوی نێوانیان، ئەمەیان تاكە بژاردەیە كە بەسەر هەرێمی كورستان سەپاوە.

سەپاندنی ئەو بژاردەیەش لە ژێر كاریگەری ئەو قەیرانانەی سەرەوە دایە، واتا كورد بە خواستی خۆی نیە كە دەچێتەوە بەغدا.

چوونەوەی ئەمجارەی شاندی هەرێمی كوردستان زۆر جیاوازە لە شاندەكانی پێش 25 ئەیلوول، چونكە جاران نەك هەر دیاربوو  شاندی هەرێمی كوردستان چۆن  و بۆچی دەچوون بۆ بەغدا، بگرە ئەوەی كێشە نەبووە ئەوە بوو كێ دەچێتەوە بەغدا، بەلام لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و گۆڕانی هاوكێشەكان بە قازانجی ناوەند، ئێستا نەك هەر چوون بۆ بەغدا لە ژێر پرسیاردایە، بگرە پرسیاری جدی لەسەر ئەوەشە كە كێ دەچێت بۆ بەغدا و چۆن دەچن؟

جارى با بزانين كە شاندی هەرێمی كوردستان چۆن و لە چ بارودۆخێك دەچێتەوە بەغدا؟  ئێنجا قسە لەسەر ئەوە دەكەین بۆچی لە ئێستادا ئەو پرسە دەوروژێندرێت وە ئایا كە كێن ئەوانەی بە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەچنەوە بەغدا؟

لە بواری دبلۆماسی كات و شوێن بۆ گفتوگۆ و دانوستان گرنگی زۆری هەیە، كە لە ئێستادا ئەم دووانە هیچیان لە قازانجی كورد نین، كات بۆ ئێمەی كورد درەنگە زوو نیە ئەویش بەهۆی ئەو قەیرانانەی  لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوەن، هەمان شتیش سەبارەت بە شوێن ڕاستە ئەوەیش بەوەی ئەوە كوردە و دەچێتەوە بەغدا، چوونەوەیەك كە دەتوانین بڵێین لە ناچاریە.

بۆیە دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە ئەو پرسیارەی سەرەوە پرسیارێكی ڕەوایە بەتایبەت بۆ ئێمەی كورد كە مارانگازی دەستی ئەو دەسەڵاتەین  لەو جۆرە پرسانەداو خەرمانی هاتوچۆیان بۆ بەغدا ئاشكرایە.

سەیرەكەش لەوەدایە لەسەر ئاستی بەغداش نەك تەنیا ئەو پرسیارە دەكرێت، بگرە ئەوان مەرجیشیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە بۆ دانیشتن و گفتوگۆ بەوەی نایانەوێت لەگەڵ دەموچاوی جاران دابنیشن.

ئاشكرایە كە  لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان ئێستا دوو دەزگا ماون و كاری خۆیان بكەن،  ئەویش پەرلەمانی كوردستان كە دوای خەواندێكی زۆر بەم دواییانە بە نیوەناچڵی خرایەوە كار و تەمەنی  بۆ درێژكرایە، ئەوەی تریشیان  حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە ئەوشیان لەژێر فشاری لایەنە سیاسیەكانی كوردستانە بۆ دەستپێكێشانەوەی و دامەزراندنی حكومەتی راگوزەر یان ئەوەی پێی دەگوترێت (حكومەتی ئینقازی نیشتمانی)

جا ئەوە وەزعی دوو دەزگای نیمچە شەرعیمان بێت و حزبەكانی كوردستانیش لەو بارۆدخە ناتەباییە دابن كە سالانێكە نەك هەر سەریان لە خۆیان شێواندووە، بگرە میللەتیشیان رووبەرووی تەنگەژەی گەورەی سیاسی و ئابووری كردۆتەوە كە كافر گریانی بۆ حاڵی بێت ، چۆن بتوانین دەستنیشانی ئەوە بكەین كێ دەچێتەوە بەغدا و نوێنەرایتی میللەتەكەی بكات بۆ دەربازبوون لەو مەینەتیەی تێیكەوتووە.

 

بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە بلێین هەرێمی كوردستان بۆ جارێكیش بێت دەبێت  بە خوێندنەوەی درووستی هاوكێشە دولی و ئیقلیمی و ناوخۆیەكانمان هەنگاو بنێت، لەسەرتاشدا دەبێت هیچ كارێك نەكات تا بیرێك لە ماڵی ترازاوی خۆی نەكاتەوە وە دەبێت ئەو ماڵە بهێنێتەوە سەرخۆی،  ئەمەشیان بەوە دەكرێت كە دەرس وپەند لە كێماسیەكانی ڕابردوویان وەرگرن و پەنجە لەسەر كێماسیەكان دابندرێت و هەنگاوی درووست بۆ چارەسەری پرسەكان بنرێت نەك پەناببردرێتە بەر  پینەوپەڕۆ بۆ چارەسەری كێشەو قەیرانەكان .

ئەوەیان نەكرێت بۆ سەد جاری تریش بچنەوە بەغدا هەر بەو رێگایە دێنەوە كە چەند جاری تر پێیداچوون .

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.