پارتی دەبێت تێبگات ئەمریکا گۆڕان نییە

لەلایەن ستاندار Posted on 207 جار بینراوە

كەمال چۆمانی

بە پێی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، لە ئەمریکایە و داوای لە ئەمریکا کردوە تا نوێنەرێکی تایبەت دیاریبکات بۆ ئەوەی نێوندگیریی لەنێوان حکومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بکات لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

پارتیی دیموکراتیی کوردستان هەمیشە کێشەکان دەبەستێتەوە بە کەسێک، جا چ لە کاتی ئەوەی رەخنەی لێ بگریت یان ئەوەی کە پرسێکی هەبێت. تەواوی رەخنەکانی گۆڕانیان لە سیستەمی سیاسیی و قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم بە دژایەتیی مەسعود بارزانیی تێدەگەیشتن. تەواوی رەخنەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیان دەبەستەوە بە نەوشیروان مستەفاوە.

BN-WF998_USKURD_GR_20171120174952

بە هەمان عەقڵییەت دەیانەوێت لەگەڵ ئەمریکادا مامەڵە بکەن و دژایەتییەکانی ئەمریکا بۆ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەبەستنەوە بە برێت مەکگێرک، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش کە وڵاتەکەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکە دەکات، واتا خۆی سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکە دەکات.

ئەو عەقڵییەتە خێڵەکییە لە پەیوەندیی ناودەوڵەتییدا جێی نابێتەوە. ئەمریکا ستراتیجێکی نەگۆڕی هەیە بۆ عێڕاق، رونیشیکردۆتەوە لە چوارچێوەی دەستوردا پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەو هەوڵەی پارتیی ئەگەر سەرنەگرێت، لەوانەیە کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق و برێت مەکگێرک توڕە بکەن بەوپێیەی بە حیسابنەکردن بۆ خۆیان تێدەگەن و وەک هەوڵێکیش دژ بە کەسایەتیی مەعنەویی و دیپلۆماسیی و سیاسیی خۆیان دەزانن.

BN-WF999_USKURD_M_20171120175034

ئەو جۆرە سیاسەتەی پارتیی لەگەڵ گۆڕان سەرکەوتو نەبو و دواجار دەرکەوت رەخنەکانی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان دژ بە پارتیی و بارزانیی نین، بەڵکو رەخنەی جدیی بون لە سیستەمی سیاسیی و قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم کە مەسعود بارزانیی لە کاتی بانگەشەی ریفراندۆمدا خۆی دانینا بەوەی کە پێویستە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی پارلەمانیی هەبێت. لەگەڵ ئەمریکادا، هەرگیز ئەو سیاسەتە سەرناکەوێت بەتایبەت ئەگەر ئەمریکا نوێنەرێکیش دیاریبکات، هێشتاش کێشەکان هەر دەبێت لەسەر بنەمای دەستور چارەسەربکرێن، بۆیە؛ چاکترە دۆستایەتیی کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و برێت مەکگێرک پتەوتر بکەین نەک ئەوان هێندەی تر توڕە بکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.