ئەخلاق و یاسای ئاسنینی چێژ و ئازار

لەلایەن ستاندار Posted on 317 جار بینراوە

ئەخلاق و یاسای ئاسنینی چێژ و ئازار

محەمە ئەحمەد

سەرچاوەی ھەموو کردەیەکی مرۆڤ پاڵنەرەکەی چێژ یان ئازارە . ھەموو کردەیەک کە مرۆڤ دەیکات یان بۆ ئەوەیە لە ئازار دوور بکەوێتەوە یانیش لە چێژ نزیکبێتەوە .
( ھەر کردەیەک کە بە خەیاڵت دادێ بیھێنەوە ناتوانێت لە چێژ و ئازار بەدەریان بکەیت) ئیتر (حەز لە چێژ و ترس لە ئازار) سەرتاپای ھەموو بیرکردنەوە و کردەوەی مرۆڤی داگیرکردووە، وە سەرچاوەی ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و ململانێکانی مرۆڤە .

ھەموو جۆرە ھەوڵدان و ئیش و کارێکی مرۆڤەکان ، عیشق و نەفرەت ، ھاورێیەتی و دوژمنیاتی ، چاکە و خراپە تەنانەت کردەی خۆکوشتنیش لە پاڵنەری چێژ و ئازار بەدەر نیە ، ئەو کەسەی کە بریاردەدات خۆی بکوژێ گەیشتۆتە ئەو خاڵەی کەئیتر ھیچ چێژێک بۆ ئەو نەماوە لە دونیا ، وە تەواو لە چێژبینین بێ ئومێد بووە ھاوکات پێی وایە لە ژیاندابوونی یەکسانە بە ئازار و ئازار چەشتن ، وە تەنھا ئازاری بۆ ماوەتەوە. کەواتە خۆکوشتنیش راکردنە لە ئازار و نائومێدبوونە لە چێژ. بەم پێیە حەزی بەردەوامبوونمان لە ژیان یەکسانە بە ئومێدبوونمان بە چێژ بینین و دوورکەوتنەوە لە ترسی ئازارچەشتن.
ھەر وەھا ئەو کەسەی عیبادەتش دەکات ھەر لە پێناو دوورکەوتنەوە لە ئازار و بەدەستھێنانی چێژە. مەگەر ترس لە سزای خوا و بەھەشت و جەھەننەم جگە لە چێژ و ئازار چیترن . ئەگەر سزا و پاداشت لە ئایین دەرکەی چی تێدا دەمینێتەوە کە بە لای خەڵکەوە گرنگ بێت !!
بە کورتی دەمەوێ بڵێم مرۆڤ واتە چێژ و ئازار . چێژ و ئازار دوو بنەرەتیترین ھەست و سیفەتی مرۆیین . بەدەر لە چێژ و ئازار ناتوانین بە تەواوی لە مرۆڤ و کردەوەکانی تێبگەین .

بەڵام ئەی چی دەربارەی چاکە و خراپە ؟ یاخود کردەگەلی ئەخلاقی ؟ ئایا ئەخلاق چەمکێکی سەربەخۆیە یان لە چەمکێکی تر داتاشراوە؟ ئەگەر سەربەخۆ بێت کەواتە بە دەرە لە پاڵنەری ھەردوو سیفەت و ھەستە بنەرەتیەکە واتە چێژ و ئازار ! گەر سەربەخۆش نەبێ ئەوا چەمکی ئەخلاق دەکەوێتە ژێر پرسیار !

چاکە و خراپە

تا ئێستا زۆرێک پێیانوایە چاکە و خراپە دوو سیفەتی مرۆیین ، یاخود ھەندێک پێیانوایە مرۆڤ بە سروشت چاکەکارە ھەندێکیتریش پێیانوایە مرۆڤ بە سروشت خراپەکارە . بەڵام مرۆڤ بە سروشتی خۆی نە چاکەکارە نە خراپەکاریش ، وە چاکە و خراپە دووسیفەتی بنەرەتی سروشتی مرۆیی نین بەڵکو چێژ و ئازار دوو سیفەت یاخود ھەستی بنەرەتی مرۆیین . ھەر چێژ و ئازاریش پاڵنەی کردەی چاکە و خراپە و کردەگەلی تریشن.
بەمانایەکیتر ئەوەی وا دەکات ھەندێک مرۆڤ خراپە بکەن و ھەندێکیش چاکە ، ئەوە جۆری قەناعەتیتیان بۆ گەیشتن بە چێژ و دوورکەوتنەوە لە ئازار .
واتە ھەندێک پێیانوایە بە رێگەی خراپەکاریش دەتوانن چێژ بەدەستبێنن و ئازار لە خۆیان دوورخەنەوە ، ھەندێکیتریش بە پێچەوانەوەن تەنھا قەناعەتیان بە رێگەی چاکەکاری ھەیە بۆ ئەو مەبەستە. ( بێگومان ئەم جۆرە کەسانەی قەناعەتیان بە رێگەی خراپ ھەیە یان ئەوەتا چێژ کوێری کردوون یاخود ترسی ئازارچەشتن زۆری بۆ ھێناون بۆیە ئامادەن رێگەی خراپەکاریش بگرنەبەر بۆ ئەو مەبەستە چونکە ھەموو کەسێک حەزدەکات بە رێگەی چاک و باش بگات بە چێژەکانی نەک لە رێگەی خراپ و توندوتیژی ئەمەش لەبەر ئەوەی کە خودی بەکارھێنانی رێگەی خراپ بۆ چێژ و یاخود دوورکەوتنەوە لە ئازار خۆی لە خۆیدا سەرکێشیەکە بۆ چەشتنی ئازارێکی تر ) . کەواتە کە مرۆڤ خراپە دەکات لە دوو شت تێناپەرێت یان ئەوەتا بە قەناعەتی خۆی چاکە دەکات کاتێک کە خراپەیەک دەکات ( کە ئەمەش چێژە بۆ ئەو)، یانیش دەزانێت خراپەیە بەڵام حەزی چێژ و ترسی ئازار ناچاری دەکات.

سەرەرای ئەوەی کە چاکە و خراپەش دەوەستێتە سەر جۆری تێگەیشتنی کەسەکە ئەویش دەوەستێتە سەر جۆری ئایدۆلۆژی و ئەو بەھا و باوەرانەی کە لەسەری پەروەردە بووە و راھێنراوە چونکە رەنگە کردەیەک بەلای کەسێکەوە چاکەکاری بێت بەڵام بەلای کەسانی ترەوە خراپەکاری بێت. نەوەک ھەر ئەوەندە تەنانەت زۆرێک لە مرۆڤەکان لە یەک کاتدا ھەم چاکەکاری ئەنجامدەدەن ھەم خراپەکاری لە ھەمان کردە و رەفتاریشدا !!!

باشە چۆن و چی وادەکات مرۆڤ ھەم چاکەکاربێت ھەم خراپەکاریش ؟!
بێگومان ئەوەی وا لە مرۆڤ دەکات کە بەم شێوەیە بێت جۆری تێگەیشتن و قەناعەتیان بۆ چاکەکاری و چێژوەرگرتن لێی ، بۆنموونە کردەگەلێکی وەک گوشتنی بێ باوەران لە پێناو پاراستنی و سەرخستنی باوەرەکەی خۆت( کە ھەردووکیان ھەر باوەڕن بەڵام بەرگریکردن لە یەکێکیان لای تۆ چاکەیە ، وە لە ناوبردنی ئەویتریش لای تۆ ھەر چاکەیە !!) یاخود سەلامکردن و سەردانیکردن و یارمەتیدان …….. ھتد ، ئەمانە بەلای تێگەیشتنی کەسانێکەوە لە ھەندێک باردا چاکەن بەڵام لە ھەندێک باریتردا خراپەن !!! لە ھاودین و ھاومەزھەب و ھاوبیر و ھاونەتەوەکانت چاکەن بەڵام لە دژە دین و مەزھەب و نەتەوەکەت خراپەن !!! ئەمە لە کاتێکدا ھەمان کردەیە !!! ئاخر گەر بریاربێت کردەیەک لە خودی خۆیدا چاکە بێت دەبێت پەیرەوکردنی لە ھەمبەر ھەموو کەسێک چاکە بێت . بەڵام لەبەر ئەوەی چاکە و خراپە دەوەستێتە سەر جۆری تێگەیشتن و قەناعەتمان بۆی، وە جۆری تێگەیشتن و قەناعەتیشمان دەوەستێتە سەر کات و شوێنێک و بیروباوەرێکی دیاریکراو و ئەزموونێکی سنوردار دواجار چۆنیەتی چێژبینمان و ئازارچەشتنمان ، بۆیە ناتوانین لەسەر چەمکی چاکە و خراپە کۆکبین و تێگەیشتنێکی جیھانیانەی لەسەر دروست بکەین.

بەم پێیە ھیچ رێسا و بنەمایەکمان نیە بۆ چاکە و خراپە جگە لە چێژ و ئازار . چونکە گەر پرسیاری ئەوە بکەین کە بۆچی مرۆڤ چاکە دەکات؟ چی وا لە مرۆڤ دەکات کە یارمەتی کەسانیتر بدات و چاکەیان لەگەڵ بکات؟ بێگومان لەم دوو وەڵامە دەرناچێت :

یەکەمیان کە مرۆڤێک چاکە دەکات یان بۆ ئەوەیەتی کە چاکەی بێتەوە رێ واتە چاوەڕێی پاداشتی چاکە دەکات جا ھەر جۆرێک بێت کە خۆی مەبەستیەتی و چاوەڕێی دەکات . بەمەش واتە چاوەرێی چێژێک دەکات کە بێتەوە رێی. لە دووەمیاندا مرۆڤ چاوەرێی ھیچ و چاکە و چێژ و پاداشتێک ناکات لەبەرامبەر ئەو چاکەیەی کە دەیکات. ئەمەیان رەنگە وا دەرکەوێت کە لە خودی خۆیدا چاکە بێت بە مانا (کانتیەکەی) واتە ھیچ پاڵنەرێکی وەک چێژ و ئازار و بەرژەوەندی خودی لە دواوە نەبێت بەڵام گەر قوڵتر لێی بڕوانین ناتوانین ئەمەشیان لە چێژ و ئازار بەدەر بکەین ، چۆن ؟
کاتێک تۆ دەوێت چاکەیەک لەگەڵ کەسێک بکەیت یان یارمەتی کەسێک بدەیت ھیچ نەبێت تۆ ئەم کەسە بە شایەنی یارمەتیدان دەزانیت واتە بەزەیت پێیدا دێتەوە . ھەر بۆیە گەر یارمەتی نەدەیت ئەوا ویژدانت (ئازارت) دەدات . کەواتە ئێمە گەر لە پێناو پاداشت و چاکەی چاوەروانکراویش چاکە لەگەڵ ئەوانیتر نەکەین ئەوا بێگومان لە پێناو دورکەوتنەوە لە ئازاری ویژدان دەیکەین. جگە لەوەی نەکردنی ئازارێکی دەروونی بە دواوەیە ، کردنیشی چێژێکی دەروونی بەدواوەیە .
کەواتە کردەی ئەخلاقیش بە مانا (کانتیەکەی )ھەر لە چوارچێوەی چێژ و ئازار دەخولێتەوە. گەر کردەی ئەخلاقی ھەڵگری رەزامەندی و ئارامی و چێژێکی ناوەکی نەبێت ھەرگیز ئەنجامی نادەیت چونکە کردە نابێتە ئەخلاقی گەر رەزامەندیەکی ناوەکی لەگەڵدا نەبێت(چونکە بێ رەزامەندی ناوەکی دەبێتە جۆرێک لە ئیجباری ) ، وە بوونی رەزامەندی ناوەکی لە ھەر کردەیەکیشدا چێژھێنەرێکی خۆیی و ناوەکیە، ئەم رەزامەندیەش زادەی چێژی ئارامی ناوەکیە . بەم پێیە لێرە دا ئەوەی پێی دەوترێت ئەخلاقی کانتی دەکەوێتە ژێر پرسیار و رەھەندێکی خەیاڵاوی وەردەگرێت. کەواتە چاکە و خراپەش ھەر لەسەر بنەمای چێژ و ئازار ئەنجام دەدرێت.

لێرەدا پرسیارێکیتر دێتە پێشەوە ، ئەی ھەر ئەم ھەستکردنە بە ئازاری ویژدان لە خودی خۆیدا ھەستێکی ئەخلاقی نیە کە مرۆڤ ھەیەتی لە ھەمبەر ئەوانیتر ؟ بە مانایەکیتر گەر مرۆڤ ھەستی ئەخلاقی نەبێت چۆن ھەست بە ئازاری ویژدان دەکات؟ بەڵێ مرۆڤ ئازاری ویژدانی ھەیە کە گوزارشتە لە ھەستێکی ئەخلاقی بەڵام ئازاری ویژدان دەوەستێتە سەر جۆری تێگەیشتنمان لە چۆنیەتی چێژبینین و لە چۆنیەتی ئازار چەشتن. واتە ھیچ بنەمایەکی گشتیمان لەسەر ئازاری ویژداندا نیە کە دواجار ھەستێکی گشتی ئەخلاقیمان بۆ دروست بکات. چونکە ئەو شتەی کە ئازاری ویژدانی مرۆڤێک دەدات ھەمان شتە کە مرۆڤگەلێک نەک ھەر ھەست بە ئازاری ویژدان ناکەن بەڵکو چێژیشی لێ دەبینن. بۆ نموونە ئێمە ھەست بە ئازاری ویژدان دەکەین کاتێک دەبینین کە کۆمەڵە کەسێک بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن چەند کەسانێکەوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن ، ئەمە لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە ئازاریان دەدەن وەکو ئێمە مرۆڤن بەڵام ئەوان نەک ھەر ویژدانیان ئازاریان نادات بەڵکو چێژیش لە ئازاردانیان دەبینن. ئەمەش مانای ئەوە نیە کە ئەوان ویژدان و ھەستی ئەخلاقیان نیە ، بەڵێ ھەیانە. چونکە ھەر ئەو کەسەی کە رەنگە چەندان کەسی بە دەستی خۆی ئازار دابێت و کوشتبێتی و چێژی لێ بینیبێ بەڵام کاتێک کەسێکی نزیک و خۆشەویستی خۆی دەبینێت کە ئازار دەدرێت یان گوشتویانە ئەوا ئەوەندە ئازار دەچێژێت رەنگە وەک منداڵ بگرێت بۆی. کەواتە ھەر ئەو مرۆڤەیە لە ئازاردانی ھەندێ کەس چێژدەبینێ ، وە لە ئازاردانی ھەندێکیتر ئازار دەچێژێ !!!

ئەمە بۆ کردەگەلی ئەخلاقی تریش ھەر راستە وەکو رێزگرتن ، راستگۆیی و درۆ نەکردن ، جێبەجێکردنی بەڵێن ، دەستدرێژی نەکردن ، ماف زەوت نەکردن و گێرانەوەی ….. ھتد .
ئێمە بۆیە رێز لە ئەوانیتر دەگرین تاوەکو ئەوانیتریش رێز لە ئێمە بگرن و ، بە کەسێکی بەرێز ناو دەربکەین ئەمەش چێژ بینینە، بە پێچەوانەوەش گەر رێز لە ئەوانیتر نەگرین ئەوانیش رێز لە ئێمە ناگرن و بە بێ رێز ناو دەردەکەین ئەمەش ئازارێکی دەروونی بە دواوەیە. کەواتە رێزگرتن لە یەکتر کردەیەکی ( ھاورەفتاریە نەک ھەستێکی پەتی ئەخلاقی ) چونکە ھەرچەندە بە ڕووکەش ئەخلاقی دیارە بەڵام لە راستیدا لەسەر بنەمایەکی بەرژەوەندی دوولایەنەیە.
ھەروەھا ئێمە بۆیە درۆ ناکەین تاوەکو پێمان بڵێن راستگۆ یاخود ھەر ھیچ نەبێت پێمانەڵێن درۆزن چونکە ئازارێکی دەروونی بە دواوەیە درۆزنی .بەم پێیە دەتوانین بڵێن کەسێک کە بەردەوام درۆ دەکات وەک پیشەی ھەمیشەیی ، وە بێ باکە لەوەی پێشی بڵێن درۆزن ئەوا ئەم کەسە ھەست بە ھیچ ئازارێکی دەروونی ناکات کاتێک پێی دەڵێن درۆزن ، بۆیە بەردەوامە لە درۆکردن و بێ باکە لە بە درۆزنبوونی .
ئەمە بۆ دەستدرێژکار و مافخۆر و دیکتاتۆرەکانیش ھەر راستە ، گەر کەسێک بە ئاشکرا و لەبەرچاوان و بێ باکانە مافی خەلک زەوت بکات و دەستدرێژی ئەنجامبدات ئەوا بێ باکە لەوەی پێی بڵێن گەندەڵ و مافخۆر و زاڵم چونکە ھەست بە ئازاری دەروونی ناکات گەر ئاواشی بڵێن .

بەگشتی ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بڵێم ئەوەیە کە چەمکی ئەخلاق یان ھەستی ئەخلاقی لە مرۆڤدا سەربەخۆ نیە وەک ئەوەی (کانت ) و ھەندێکیتر باسی لێوە دەکات یاخود وەک ئەوەی (جۆن راولز) لە جیاکردنەوەی چەمکی عاقڵ و مەعقوڵ دەیکات کە پێی وایە چەمکی مەعقوڵ وەک چەمکێکی ئەخلاقی سەربەخۆیە لە چەمکی عاقڵ.
بەڵکو چەمکی ئەخلاق لەسەر بنەمای چەمکی (بەرژەوەندی) لە نێوان کەسەکان دارێژراوە ، کە ئەویش دەوەستێتە سەر چێژ و ئازار . بە مانایەکیتر چەمکی ئەخلاق جۆرێکە لە رێککەوتنێکی بەرژەوەندی عەقڵانی لە نێوان کەسەکان . کە بە پێی عەقڵ لە بەرژەوەندی ھەمووان دا ھەیە کە رێز لە سەر و ماڵی یەکتر بگرن، تاوەکو مرۆڤەکان جۆرێک لە متمانە و ئارامی لە نێوان خۆیان بنیادبنێن . ئەمەش بۆ ھەر کەسێک پێش ئەوەی سوود بێت بۆ ئەویتر ئەوا سوودە بۆ خۆی . نەک ئەوەی ئەو مامەڵە جوانە لە ھەستێکی بێگەرد ئەخلاقیەوە سەرچاوەی گرتبێت.

بە کورتی کە ئێمە کردەیەکی ئەخلاقی دەنوێنین پێش ھەموو شتێک لە سود و بەرژەوەندی خۆمانە چونکە پێمانوایە چێژ لەو کردەیە دەبینین و لە ئازاریش دوورمان دەخاتەوە.

محمد احمد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.