پیلانەكەی پارتی و یەكێتی و بەرپرسیارێتی لایەنەكانی تر

لەلایەن ستاندار Posted on 205 جار بینراوە

پ.ی.د. رعد رفعەت محمد

خوێندنەوەی وردی دۆخی هەرێمی كوردستان

هەرێمی كوردستان لەدوای شازدەی ئۆكتۆبەر جیاوازە لە پێش ئەم بەروارە بۆ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار –بەتایبەتی پارتی-. جیاوازیەكەش بریتیە لە:
لەدەستدانی شەرعیەتی یاسایی بەدرێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وحكومەت، نەمانی سەرۆك ودامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، لەدەستدانی زۆربەی سەرچاوەكانی داهات لەنەوت وخاڵە سنوری وباج وفرۆكەخانە وهتد…، ئەگەری نەتوانینی پێدانی موچەی فەرمانبەران-پێموایە دوو چارەگە موچەیتریان پێنادرێ-، سڕكردن وهەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم، لەدەستدانی نیوەی خاك وخەڵكی كوردستان، دابڕان لە جیهانی دەرەوە لەرووی دپلۆماسیەوە، روخانی روحی بەرەنگاربونەوەی سەربازی دژی حەشد وسوپای عێراقی، كردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم وهەڕەشەكردنی بەردەوام لە لێپێچینەوەی یاسایی بۆ سەرەگەورەكانی دەسەڵاتداران، لاوازبوون یان هەر نەمانی هاندانی ماددی ومەعنەوی بۆ كادیرو لایەنگرانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، كەوتنە ژێر دەسەڵاتی تەشریعی وتەنفیزی ودادوەری ویاساكانی عێراقی لە گشت سێكتەرەكان، بچوكبونەوەی هەرێمە سەربەخۆكەی كوردستان بۆ فیدراڵیەتیەكی پارێزگاكانی سنورداری كۆنترۆڵكراو لەلایەن بەغداوە.
سازش بەهەر شتێك لەپێناو مانەوە
هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لەهەرێم بۆ ماوەی بیستوشەش ساڵی رابردوو حاكمی موتڵەق وفعلی كوردستان بونەوە وهەرچی شێواز ئامرازی دیموكراتی ونادیموكراتیان پەیڕەو كردوە بۆ بەدەستهێنانی دوو ئامانجی سەرەكی، ئەویش: قۆرخكردنی پۆست وپارە بۆ كەس وبنەماڵكانیان. هەر ئەو دوو حزبەش خۆیانكردوە بە دەمڕاست و واجهەی فەرمی كوردستان لە گشت كۆڕو كۆبونەوەكان لەگەڵ دەوڵەت ورێكخراوە نێودەوڵەتیەكان. ئێستاش دوای گۆڕانكاریە عێراقی وهەرێمی ونێودەوڵەتیەكان –كەلەسەرەوە باسمان كرد- ئامادەی هەموو تەنازول وسازشێكن لەپێناو مانەوەی پۆست وپارە بەراستەوخۆیی لەدەستی خۆیان، وبوونی خۆیان دەبیننەوە لە بوونی پۆست (دەسەڵاتە تەنفیزیەكانی حكومەت) وپارە (ئابوری سەربەخۆیان نەك ئابوری سەربەخۆ).هەر ئەم تێگەیشتنە لە عەقلیەتی كاركردنی دەسەڵاتداران، هەڵسوكەوتی ئێستاو داهاتویانمان بۆ شیدەكاتەوە.
لەدەسەڵاتدارانی هەرێم تێدەگەین كاتێك رازیبون كەركوك وگشت خاكی ناوچە دابڕێنراوەكان -بەئاسایی وئاسانی- بەچەند سەعات وچەند رۆژێك لەدەستبدەن، بەڵام بەرگریەكی سەرسەخت دەكەن لە بیرە نەوت وداهاتی خاڵە سنوریەكان وباجو گومرگەكانی هەرێم ورازینینە بیخەنە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی ناوەند، بەڵكو ئامادەن پێشمەرگەشی لەسەر بەكوشت بدەن.
هەر ئەم تێگەیشتەنەش وامان لێ دەكات رونتر لەناڕەزاییەكانی حكومەتی هەرێم تێبگەین بەرامبەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 كە رێژەی 12.67% بۆ هەرێمی كوردستان داناوە بەرامبەر بە رادەستكردنی سەرچاوەكانی داهات بۆ عێراق. حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی نەك بەم رێژەیە رازی نابێت بەڵكو ئەگەر هاتوو 20% بودجەی عێراقی پێبدرێ رازی نابێت ئەگەر هاتوو لەژێر چاودێری ورێنماییەكانی عێراق خەرج بكرێ، پێچەوانەكەشی هەر راستە، بارزانی رازی دەبێ ئەگەر هاتوو عێراق 6% بودجەكەی بدات بە هەرێم بەڵام رێنمایی ولێپێچینەوەی یاسایی وژمێریاری لەگەڵ نەكات وهەر تەنها خۆیی وستافەكەی بەئارەزو وبەرژەوەندیەكانی خۆیان خەرجی بكەن.
ئەم تێگەیشتنەش وامان لێ دەكات زیاتر لەهەڵسوكەوتی ئەو دوو حزبە تێبگەین كاتێك دەبینین لەگەڵ ئەوەی تاكە هۆكاری گشت شكست وقەیرانەكانی هەرێمی كوردستانن، بەڵام ئامادە نینە حكومەتێكی رزگاری نیشتمانی یان كاتیی پێكبهێنن كە خۆشیان بەشێك بن لەو حكومەتە؛ چونكە ئەوان باش لەوە تێگەیشتونە هەر كاتێك لە پارەو پۆست دوربكەونەوە، كەواتە لە حوكمڕانی كوردستان دوركەوتونەتەوە.
سەرگەردانی حزب ولایەن و ریفۆرمخوازان
هەوڵ وبیرۆكەو بۆچونی جیاجیا هەیە لەلایەن دڵسوازان وخەمخۆران ولایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوونی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانانەی تێیكەوتووە. هەر لە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت، حكومەتی رزگاری نیشتمانی، حكومەتی كاتیی، شۆڕش وراپەڕین، ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دوو ئیدارەیی، گەڕانەو بۆ عێراق، بەكارهێنانی هێزی سەربازی، چاڵاكی مەدەنی، خۆپیشاندان، بایكۆتكردن، هتد…
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە كەئەم هەوڵانە نەبۆنەتە پڕۆژەی گشتگیر ودیدگای هاوبەش وپاشان نەبونەتە پرۆسەی كاركردن. بەڵكو تەنانەت حزبە سیاسیەكانیش وەكو چاودێرو توێژەرە سیاسیەكان شیكردنەوەی بارودۆخی سیاسی دەكەن وخۆیان پابەند ناكەن بەهیچ دیدگاو پڕۆژەیەكی سیاسی. بەمانایەكی تر؛ ئێمە هەمومان دەخولێینەوە لە چارەسەری تیۆری وخۆمان بەدور دەگرین لە چارەسەری ریشەیی وكرداری.
دەرچەی سیاسی لەپێش گشت پڕۆژەیەكە لەهەرێم
هەرێمی كوردستان بەقەیرانی سەخت وقووڵ تێدەپەڕێ لەگشت سێكتەرەكانی ژیان بەبێ هەڵاوێكردن، بەتایبەتی سێكتەری ئابوری، سەربازی، كشتوكاڵ، پەروەردەو خوێندنی باڵا، هتد… هەروەها هەرسێ دەسەڵاتەكەی یاسادان وجێبەجێكردن ودادوەری بەرەو ئیفلیجبونی تەواو دەچن وناتوانن بەرۆڵی راستەقینەی خۆیان هەستن.
بەڵام سەرچاوەی گشت قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان بریتیە لە سیستەمی حوكمرانی سیاسی ودەسەڵاتدارە راستەقینەكانی كوردستان، ئەم تێگەیشتنە دروستە شكستی گشت هەوڵ وپڕۆژەكانی چاكسازی لەكوردستان شیدەكاتەوە ودەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی كە: گۆڕانكاری یان چاكسازی لە دەسەڵاتی سیاسی دەروازەیەكی جدیە بۆ راستكردنەوەی گشت سێكتەرەكانی ژیان لەهەرێمی كوردستان.
ناسینی قۆناغ وریزبەندیكردن لە پڕۆژەی گۆڕانكاری
ناسینی حاڵەتی سیاسی وئابوری وكۆمەڵایەتی قۆناغی ئێستای كوردستان پێش مەرجە بۆ دیاریكردنی پڕۆژەی گۆڕانكاری یان چاكسازی لە هەرێم.
لەژێر رۆشنایی ئەو خوێندنەوەی سەرەوە، گۆڕینی نەخشەی سیاسی كوردستان تاكە رێگایە بۆ چاكسازی لە سیستەمی حوكمڕانی ودەسەڵاتدارانی راستەقینەی هەرێم. بەڵام پێویستە ناوەڕۆك وكڕۆكی گۆڕانكاری ئەنجامبدەین نەك روكەش وئامرازو ئالیەت بكەینە ئامانج.
كاراكردنەوەی پەرلەمانی ئێستا، تەعدیلكردنی حكومەت، دامەزراندنی حكومەتی رزگاری وكاتیی، سیستەمی پەرلەمانی سەرۆكایەتی هەرێم، سیستەمی بایۆمەتری فەرمانبەران، پێكهێنانی سندوقی نەوت وگاز، چاكسازی كارگێری، یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، كۆبونەوەی حزبەكان، كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاكان، هتد… ئەمانە هەموو سیماو شێوازی چاكسازین نەك خودی گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانی كوردستان. ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێ كە دەست بەرداری سیماو شێوازەكانی چاكسازی بین، بەڵكو پێویستە بە ناوەرۆك وناواخنی گۆڕانكاریە ریشەییەكانیان تێنەگەین.
اكسازی راستەقینە ئەنجامدەدرێ لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی هەرێم بەگۆڕینی پارسەنگی هێزەكان لە واقعی سیاسی كوردستان. ئەمە جگە لە پشتگیری نێودەوڵەتی كە هەردەم لەگەڵ مامەڵەكردن بوونە لەگەڵ ئەو هێزەی سەردەكەوێتە كورسی حوكمڕانی.
پارتی ویەكێتی ونێچیرڤان بارزانی تێگەیشتون
پارتی ویەكێتی ونێچیرڤان بارزانی لەو راستیە حاشا هەڵنەگرە باش تێگەیشتون لەئێستادا ناتوانن سیستەمی حوكمڕانی ودەسەڵاتەكەی خۆیان بپارێزن تەنها لە رێگای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی بەپەلە، بەتایبەتی لەهەوڵی ئەوەدان پێش كاتی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامبدرێ. ئەویش لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
– گەڕانەوەی شەرعیەتی یاسایی و عێراقی وجەماوەری كەلەدەستیان دابوو لەبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وزۆری وگەورەیی وقوڵیی قەیرنەكانیان.
– دەبێتە هۆكاری بەهێزكردن وداكوتانی پێگەی نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتی دژی مەسرور بارزانی وبەهەمان شێوە بەهێزكردنی پێگەی قوباد تاڵەبانی دژی نەیارەكانی ماڵباتی تاڵەبانی لەناو یەكێتی.
– گەڕانەوەیان بۆ گۆڕەپانی پەیوەندیە دپلۆماسیە هەرێمی ونێودەوڵەتیەكان؛ بەهۆی ئەو دابڕانەی توشی هاتن لە پرۆسەی ریفراندۆم.
– بەدەستهێنانی زۆرینەیەكی ساختە لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوو دیسان پارتی ویەكێتی دەكاتەوە خاوەن سەرچاوەی داهاتە ئابوریەكانی كوردستان.
– بەهێزبونی پێگەی دانوستانیان لەهەر گفتوگۆیەك كەلەگەڵ بەغدا ئەنجامی دەدەن؛ چونكە تەنها ئەوان هەرخۆیان هۆكاری ئەنجامدانی ریفراندۆم وشكستەكەی هەڵدەگرن ولەئێستاشدا هیچ كارتێكی بەهێزی تەنانەت لاوازی گفتوگۆشیان لەدەست نیە بۆ ئەوەی پرۆسەی دانوستانی پێ ئەنجامدەن.
– لەگەڵ ئەوەی هەژانێكی گەورە توشی پارتی ویەكێتی هاتووە، بەڵام تاكو ئێستاش جومگەكانی دەسەڵاتی هەرێمیان هەر بەدەست ماوە (كەخۆی دەنوێنی لە پارە، پایە وپۆستە كارگێریەكان، هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش وپۆلیس، دادگاكان، راگەیاندن). نێچیرڤان بارزانی باش لەوە تێگەیشتوە كە ناتوانێ تا ماوەیەكی زۆر كۆنترۆڵی ئەو جومگانە هەر لەدەستی خۆیان بمێنێ؛ بۆیە هەوڵدەدات بەزووترین كات هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدەن وسود وەرگرن لەو جومگانەی دەسەڵات بۆ تەزویرو بەكارهێنانی سیاسەتی پاداشات وسزا بۆ گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژرادن لەبەرژەوەندی خۆیان. بەتایبەتی زۆر سود لەلاوازی ونەشارەزایی ودووبەرەیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم وەردەگرن لەبەكارنەهێنانی سندوقی دەنگدانی ئەلیكترۆنی وپاك نەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
دەبێ گۆڕان وكۆمەڵ وهاوپەیمانیەتیش تێبگەن
چۆن پارتی ویەكێتی تێگەیشتونە دەبێ نەخشەی سیاسی ئێستای كوردستان بپارێزن لە رێگای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەرپێی وساختە، بەهامان شێوە بەڵكو زیاتریش دەبێ گۆڕان وكۆمەڵ وهاوپەیمانیەتەكەی د.بەرهەمیش لەوە تێبگەن ئەمجارە بەبێ دەستكاریكردنی نەخشەی سیاسی وگۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی كوردستان لەرێگای هەڵبژارنێكی پاكوبێگەرد ناتوانن چاكسازی راستەقینە ئەنجام بدەن. پێویستە نەكەونە ناو پیلانەكانی پارتی ویەكێتی لە هێنانەپێشەوەی كاتی هەڵبژاردنەكان یان كات كوشتن بە ئەنجام نەدانی ئامادەكاری پێشوەختەی یاسایی ودارایی ولۆجستی وفەرزكردنی ئەمری واقع بە ئەنجامدانی لەناكاوی هەڵبژاردنێكی كرچ وكاڵ وبەكەموكورتی ورێگەخۆشكراو بۆ ساختەو كڕینی دەنگی هاوڵاتیان یان ترساندن وبەكارهێنانی هێزە چەكدارەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
دەبێ زۆر ئاگاداربن كە هەرچی گفتوگۆو دانوستان وبەڵێنێكیش ئێستا دەیدەن بەو هێزانە بریتیە لە سیاسەتی كات كوشتن؛ چونكە دەسەڵاتدارانی هەرێم باش دەزانن چەند لە كاتی هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیك ببنەوە ئەوا پێگەی حكومەتی عێراقی لاواز دەبێ وخۆیان بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقی ئامادەدەكەن بۆ ئەوەی مەرجەكانی خۆیان بەسەر لایەنە عێراقیەكان بسەپێنن تایبەت بە پایەو پارەكانی هەرێم.
ئەرك وبەرپرسیارێتی گۆڕان وكۆمەڵ وهاوپەیمانیەتی
پێویستە بەزووترین كات ئەم هەنگاوانەی خوارەوە ئەنجام بدەن:
1-پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی لەو سێ لایەنەو كەسایەتی ودامەزراوەی كاریگەری كوردستان بۆ چونە ناو هەڵبژاردنی داهاتوو بەیەك لیست یان بەلایەنی كەمیەوە بەیەك هەڵوێستی سیاسی ویەك بەرنامەی هەڵبژاردن.
2-بەئاشكراو بەفەرمی گفتوگۆ بكەن لەسەر ئاییندەی هەرێمی كوردستان وپرۆسەی چاكسازی سیاسی هەرێم وعێراق بە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتیەكی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسیە عێراقیە میانڕەوەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق.
3- بەهیچ شێوەیەك رێگا نەدرێ هەڵبژاردنەكانی كوردستان پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدرێت؛ ئەمەش لەبەر ئەو هۆكارانەی كەلەسەرەوە باسمان كرد. بەڵكو پێویستە لەهەمان رۆژ وبەهەمان كۆمسیۆنی عێراقی وبەچاودێری نەتەوەیەكگرتوەكان ئەنجامبدرێ نەك بەكۆمسیۆنەكەی كوردستان كە لاوازەو چاوپۆشیكەربووە لەساختەكاریەكانی پرۆسەی ریفراندۆم.
4- زۆر گوێ نەدرێ بەهەندێ لەو وەزیرانەی گۆڕان وكۆمەڵ كە لەبەرژەوەندی پارتی ونێچیرڤان بارزانی كاردەكەن وبونەتە دەڵالی پارتی لەناو حزبەكەیان بۆ جێبەجێكردنی ئەنجێندای پارتی ویەكێتی، كەهەندێ جار زۆر بە ئاشكرا لێدوان وهەڵوێست دەنوێنن دژی سیاسەتی حزبەكانیان.
5- رێگا نەدرێ دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەڵبوەشێنرێتەوە یان سڕبكرێ، پارتی ویەكێتی دوای ئەوەی كەسە كاریزماكانی خۆیان لەدەستداوە هەوڵ دەدەن ئەم پۆستە نەچێتە لای حزبەكانی تر بۆیە لەهەوڵی هەڵوەشاندنەوەیدان. بەڵكو پێویستە سێ لایەنەكە یەك كاندیدی بەهێزی جەماوەرییان هەبێ بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.