کورد لە قۆناغـی ڕکەبەرەوە بۆ قۆناغـی پشتیوان یان پارسەنگیـر

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

ئاشکرایە ڕۆژھەڵاتـی ناوین یاریگایەو سیاسـی و دەسەڵاتدارەکانیشـی یاریپێکراو نەک یاریکەر! وە داڕێژەری پلانـی یارییەکان لەدەرەوەی سنورەکانـی ڕۆژھەڵاتـی ناوین نەخشەو پلانـی یارییەکە دائەڕێژن، سەرەتا ئەگەڕێن بەدوای گروپێک یان زیاتر کە ڕووبەڕووی یەکیان بکەنەوە خۆ ئەگەر نەبوو ئەوا خۆیان لەڕێـی جیاجیاوە خاڵـی ناکۆک و دژ لەنێوان ئەو گروپ و ھێزانەیا ئەوروژێنن کە لەمێـژەوە بوونـی ھەبووەو بێچارە ماونەتەوە، لەگەڵ ھەڵایسانـی ناکۆکـی و یارییەکەیا “جەنگ” ڕاستەوخۆ خۆیان وەک فریادڕەس و ناوبژیوان دائەبەزنە نێو گۆڕەپانەکەوەو تا دواین خاڵـی پلانەکەشیان جێبەجـێ نەکرێ فیکەی کۆتای لێنایەن. بەڵام ھەندێ جار ئەبینین کە “یاریپکراوێک” یاریزانێکـی باش بەتوانای خۆی سوود لەو پلانە وەرەگرێ کە بۆ گەمەکە داڕێژراوەو ھەندێ دەستکەوت بەدەستئەھێنـێ لە ڕێـی جوان یاری کردن و پشاندانـی ھەڵکەوتووی خۆی بۆ نمونە “دوبەی”، وە ھەندێ جاریش گروپێکـی یاریپێکراو ئەبێتە یەدەگ و لە ھەندێ شوێنا یاری پێئەکرێ بۆ بەرژەوەندییەک و کارێکـی تایبەت و ھەرگیـز ناتوانێ ببـێ بە یاریزانـی سەرەکـی بەھۆی ناکامڵـی جەستەو مێشک و سوود وەرنەگرتن لە ڕاھێنان و ئەزموون بۆ نمونە “کورد”.

کورد ستراتیـژی نیشتمانـی نیە بەڵکو لەبری ئەوە ستراتیـژی گەورەکردن و باڵادەستکردنـی حیزب و خێڵ و بنەماڵە و تاکە کەس بوونـی ھەیە جا بەھەر نرخێکیشبـێ، لەبەر ئەو ھۆکارە لەدوای پەیمانـی سایکس پیکۆو زۆر پێش ئەویش لەسەردەمـی مێرنشینە کوردییەکان و لە کاتەوەی “کۆرشـی ھەخامەنشـی” کوڕی مەندانەی کچـی ئەژدیھاک کە بە ھاوکاری ھارپاک کە یەکێک بوو لەسەرانی دەوڵەتی ماد ئەژدیھاکـی باپیرو چوارەم شای مادی کوشت و بنەی ئیمپراتۆریەتـی فارسـی دامەزراند، تاکو ھێرشـی ئەسکەندەری مەکدونـی و دەرکەوتنـی ئیسلام و دروست بوونـی ئیمپراتۆریەتـی عەرەب و پاشان ھێرشەکانـی تەتەرو ھۆلاکۆ و دەمەزرانـی ئیمپراتۆریەتـی تورکـی عوسمانـی،کورد تەنھا ئەوەی لەدەستھاتووە بەپێـی بارو ڕۆژ ھەرجارە و لەلایەکـی کوردستانا مێرنشینێکـی بچوکـی پێکھێناوەو ھێڵە ستراتیژییە مەزنەکەی تیۆری دامەزرانـی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژەڤـی ھیچ حیزب و گروپ و سیاسییەکا بوونـی نەبووە!

تیۆری حیزبایەتـی کوردی لە سەد ساڵی ڕابردووا ئەوەمان لا ڕژدو بێگومان ئەکاتەوە کە ئەو تیۆرەی حیزبـی کوردی لەسەر دامەزراوە لە مەودای دوورو نزیکا نیشتمانـی نەبووەو لە ستراتیژی ھیچ یەکـێ لەحیزبە کوردییەکانـی کوردستانـی گەورەیا بەکردار کار بۆ تیۆرییە نەتەوەی و نیشتمانییەکان نەکراوە جا ئەگەر ئەوە لە کۆنگرەو بەنوسراویش لای ھەندێ لە حیزبەکان بوونـی ھەبـێ، لە ئێستایا و لەم سات و کاتە ھەستیارو پڕ بایەخەدا کاتـێ کورد نیوەی خاکەکەی بەزیاوە لە باشوری کوردستان لەدەستاوە و ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە ئەچن کە ھەمان شت لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دووبارە بێتەوە کەچـی ئەبینین ھەر حیزبەو بەتەنیا یان لەگەڵ یەک دوو حیزبیتـرا خەریکـی جێبەجـێ کردنـی ستراتیـژێک و سیاسەتێکـی تایبەت بە بەرژەوەندی حیزبەکانیان کە ئەبوو لە ئێستایا ستراتیـژی نیشتمانـی زاڵبـێ و کۆی حیـزبە کوردییەکان دوور لە بەرژەوەندی حیزبایەتـی بە دوای ڕێگەچارەیەکا بگەڕانایەو خیتابێکـی یەکگرتوویان بایە بە گوێـی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیا کە ئەوە ئەبێتە پەیامێک بۆ ھێـزە ھەرێمییەکان کە چیتـر نێوماڵـی کورد بـێ سەروبەرو پاشەگەردان نیە وە بۆ پشت شکان و بەرژەوەندی حیـزبی و کەسـی دوای ئەجندای داگیـرکەرانـی کوردستان ناکەون و یەک و یەکگرتوو کار بۆ ئامانجە نیشتمانییەکان ئەکەن، وە ئەبێتە ھەنگاوی یەکەمیش بۆ ھێـزە نێو دەوڵەتییەکان تا لە داڕشتنەوەی سیاسەت و نەخشانـی جوگرافیای ناوچەکەیا وڵاتێک بۆ کورد بەھەند وەرگیـری چونکوم زلھێـزەکان ھەمیشە بۆ پاراستنـی بەرژەوەندییە ئابوری و ستراتیـژە درێژ خایەنەکانیان ھاوپەیمانـی لایەنێک ھەڵەبژێرن کە یەک دەنگ و کۆبن بۆ جێبەجێکردنـی پلانەکانیان بە کەمتـرین تێچوو کورتیـن ترین کات.

لە مێـژووی شانۆی سیاسـی کوردییدا ھەمیشە ئێمە ئەکتەرێک بووین بەرجەستەی ئەو ڕۆڵەمان کردووە کە سیناریۆکەی وەرگیـراو بووەو دەرھێنەری کارەکەش بێگانەیەکـی شارەزا لە کەسایەتـی سیاسـی کورد و ئاشنا بە عەقڵـی خێڵەکـی کۆمەڵگەی کوردی و زانا لە دابەشکردنـی ڕۆڵ لە بەرژەوەندی دراودسێکانمان لە کێشوەرەکانیتـر و دراوسـێ سنور پارێزە پارچەکراوەکەی کوردستان!

لە دوای کۆتای ھاتنـی شەڕی سوریا شەڕی زلھێـزەکان دەست پێئەکات لەسەر داڕشتنەوەی سنورو شوێن پێـی خۆیان وە بەتایبەت ھەر سـێ زلھێـزی ھەرێمـی ئێـران و تورکیاو سعودیە، ئەمە وێڕای ھەڵبـژاردنـە پەرلەمانییەکەی داھاتووی عێـراق کە کورد جارێکیتـر شانسـی ڕۆڵ بینینـی ئەبـێ بۆیە گرنگە ڕۆڵـی ئەمجارەی کورد سینارستێکـی پرۆفیشناڵ بینوسـێ و ئەکتەری بەتوانای نیشتمانـی و خۆماڵـی ڕۆڵـی تیا بگێڕن و دەرھێنەرێک لە ئاستـی ھۆلیودا سەرپەرشتـی کارەکان بکا و ڕێگە بە ھیچ ئەکتەرێک نەیرێ لە تێکستـی نوسراو لابات و لە حیوار بچێتە دەرەوە..

ھەڵبژاردنـی ئەمجارەی عێراق وەک پێشووتر نابێ ھیچ کاتێک ھێندەی ئەم ھەڵبژاردنەی ئەمجارە گرنگ نابـێ و گرنگیشـی پێنایرێ چونکوم جەنگـی کۆتایـی داعش بەرەو تەواو بوون ئەچـێ و ھەردوو بلۆکـی ئێرانـی و ئەمریکـی شەڕیکـی سەخت ئەکەن بۆ سەرخستنـی کاندیدی دڵویستـی خۆیان و سەرکەتن و بردنەوەی ھەر بەرەیەک لەو دوو بەرەیە بەواتای یەکلای بوونەوەی عێراق دێت بۆ یەکێک لەو دوو جەمسەرە دژ بەیەکە بە پێچەوانەشەوە بە شکت بۆ ئەویتریان ئەژمارەکەرێ کە یان ئەبـێ گۆڕەپانی یاری کردنی سیاسـی و ئابوری عێراق بەجێبھێـڵـێ یان ئەبـێ بە ڕۆڵێکـی لاوەکـی بـێ توانا ڕازی بێت ھەر لەبەر ئەو ھۆکارە پێش ئەوەی کورد ھەر ھەنگاوێک ھەڵگرێ بە ئاڕاستەی نزیک بوونەوە لە ھەر یەکێک لەو دوو بلۆکە ئەبـێ ووردو درشت و باش و خراپ و لەدەستدان و دەستکەوتی ئەو ھەنگاوانە بە ووردی دراسەبکرێ خۆ ئەگەرنا ئەوا دوورنیە دوای ھەڵبژاردن کۆتای بە حوکمی ٢٦ ساڵەی کورد لە ھەرێمێکـی نیمچە سەربەخۆیا بھێنرێت و بگەڕێینەوە سەردەمـی ئۆتۆنۆمـی.

ھەڵبژاردنـی ئەمجارە ڕکابەرایەتـی لە نێوان سونەو شیعەو کوردا نابـێ چونکە کورد و سونە کەم تا زۆر پاشەکشێـی سیاسیان کردووە و ئێستا قۆناغی ڕکابەرایەتیان بەجێھێشتووە بۆ قۆناغێکی نوێ کە ئەکرێ ناوزەند بکرێ بە “قۆناغی پشتیوانی یان پارسەنگ گیـری”، ھەڵبژاردنـی ئەمجارە لە نێوان دوو باڵـی شیعە مەزھەبایە کە یەکێکیان شیعە مەزھەبێکـی توندڕەوە کە بە مەنتقـی ھێز خواستەکانـی بە ئەنجام ئەگەیەنـێ و یەکێکیتریان شیعە مەزھەبێکـی کەمێک میانڕەوترە کە مەنتقـی گفتوگۆ یەکێکە لە بژاردەکان بۆ بەئەنجام گەیاندنی خواستەکانیان.. باڵـی یەکەمـی شیعەگەری توندڕەو بە سەرۆکایەتـی نوری مالکـی سەرۆک وەزیرانی پێشوو وە جێگری سەرۆک کۆماری ئێستا و لەژێر چەترو فەرمانـی ئێرانا ئەبن، ھەرچـی باڵی دووەمیشە شیعەگەرێکـی مام ناوەندوو کەمێک میانڕەو ئەبن کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانـی ئێستا سەرۆکایەتـی ئەکا و لەژێر چەتری ئەمریکا ئەبن.

ئەوەی کە ئەبێ کورد بیکا و گرنگە لەم ھەڵبژاردنانەیا ئەوەیە کە کورد دوور کەوێتەوە لە کێشمە کێش و شەڕی بۆماوەی سونە و شیعە وە شیعەی توندڕەو شیعەی کەمێک میانڕەوتر بەڵکو ڕاکێشانـی سەرنجـی ھەر لایەکە بەلای خۆیا لەڕێـی خوێنەوەی ستراتیژ و پلانەکانی ھەر لایەکیان، گەڕان بەدوای بۆشایـی و خاڵی لاوازی ھەر یەکێک لەو لایەنانە، کەشف نەکردنی ڕۆژەڤی کورد بۆ ھەڵبژاردنەکان، یەکگرتووی و یەک دەنگی کورد، دروستکردنی دەستەیەکـی ھاوبەش لە کۆی حیزبە کوردییەکان کە ھیچ دەموچاوێکـی کۆنـی تیانەبـێ کە پێشتر کاری ھاوبەشـی لەگەڵ ھێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراقا کردبـێ تا لایەنـی بەرامبەر بە ئاسانـی نەتوانـێ کار لەسەر خاڵە لاوازەکانیان بکات بۆ نمونە گەندەڵـی، خیانەت نەکردن لەیەکتر کە ئەمە ترۆپکـی لاوازی کوردبووە لە کۆن و لە ئێستاشا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.